819وتار

ئەفغانستان

8/21/2021 11:32:00 AM
دانا حەمەعەزیز

لە ڕوی دەریاوە، ئەفغانستان  یەکێکە لە شوینە بەرزەکانی سەر زەوی.  ڕوبەرەکەی ٦٥٢ هەزار کیلۆمەتر دوجایە واتە نزیکەی ئەوەندە و نیوی عێراقە، دانیشتوانەکەی ٤٠ ملیۆنە. نیوەی خاکەکەی شاخ و تاشە بەردە، زنجیرە شاخەکانی بە چەندین لوتکەی بەرزی سەر و حەوت هەزار مەتریی سەرنج ڕاکێش بەرەو ئاسمان هەڵکشاون، (نەو شاخ)  بڵند ترین  لوتکەیە کە بەرزیەکەی ٧٤٩٢ مەترە.

ئەفغانستان، هەرچەندە هەژار و بێ دەرامەتە، بەڵام جوگرافیایەکی سیاسی گرنگی هەیە، ئەکەوێتە نیوان پاکستان و ئێران و سێ کۆماری سۆڤێت ی جاران(تاجیکستان و ئۆزبەکستان و تورکمانستان)، لە خۆرهەڵەتیشەوە بە درێژایی ٧٦ کیلۆمەتر لەگەڵ چین دا هاوسنورە.

ئەفغانستان پێکهاتەیەکی دیمۆگرافی ئاڵۆزی هەیە،  لە ٤٢% پەشتون، لە ٢٧% تاجیك(فارس)، لە ٩%هەزارە(فارسی زمان)، لە٩% ئۆزبەکی، لە ٤% ئەیماقی، لە ٣% تورکومان، لە ٢% بەلوج، لە ٤% پێکهاتەی تر. لە ٩٩.٨%  خەڵکی ئەفغانستان موسڵمانن، کەمینەیەکی بچوکی هیندۆس و سیخ و بودی هێشتا لە ئەفغانستان ماون.  فارسی و پەشتون (هەردوکیان سەر بە گروپی زمانی ئاری ن) زمانی فەرمی وەڵاتن. هەموو  دانیشتوانی ئەفغانستان فارسی ئەزانن. فارسی ئەفغانستان کە بە(داری) ناسراوە، چ لە ڕوی وشە و چ لە ڕوی فۆنەتیك و دەربڕینەوە، لە فارسی ئێران نزیکترە لە زمانی کوردی یەوە. 

هەزارە، مەزڵومترین پێکهاتەی ئەفغانستانە، مەزهەبیان شیعەیە و ڕوخساریان خڕە و لە شیوەی خەڵکی خۆرئاوای چینن. روخسار و مەزهەبیان بۆتە مایەی کەساسی بۆیان، هەمیشە وەك هاوڵاتی پلە دوو مامەڵەیان لەگەڵ ئەکرێ، بەردەوام سوکایەتیان پێئەکرێ و چەندین جار دوچاری لەناوبردن بونەتەوە. 

ئەفغانستان،  بەدریژایی مێژووی نوێ، مەیدانی ململانێ ی نێوان بریتانیا و ئیمپراتۆریەتی ڕوس بوە، هەرچەندە وڵاتێکی ناجێگر بوە لەڕوی سیاسی یەوە، بەڵام سەر بە هیچیان نەبوە. لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەوە ئەوکاتەی کەریم خانی زەند حوکمی ئێرانی گرتە دەست، ئەفغانستان بوو بە شانشین و تەنانەت بۆ ماوەیەك حوکمی پارێزگای خوراسانی ئێرانیشی ئەکرد. تا سەدەی هەژدە، ئەفغانستان ناوی خوراسان بوو.  دوای کۆتایی سێەم شەڕی ئەفغان و بریتانیا، ساڵی ١٩١٩ ئەفغانستان بو بە شاننشینێکی تاڕادەیەك جێگیر،  ئەمانوڵا خان بۆ ماوەی دە ساڵ،  نادر شا بۆ  چوار ساڵ و حەمە زاهیر شا بۆ چل ساڵ  پاشای ئەفغنستان بوون.  ساڵی ١٩٧٣ حەمە داود خان کودەتای بەسەر حەمە زاهیر شای ئامۆزایدا کرد و ئەفغانستانی کرد بە وڵاتێکی کۆماریی، داود خان  کابرایەکی دکتاتۆر بوو بە پشتیوانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤێت، بانگەشەی ئەوەی ئەکرد کە ئەفغانستان ئەکاتە وڵاتێکی مۆدێرن! 

نیسانی ١٩٧٨ نور موحەمەد تەرەقی سەرۆکی پارتی دیمۆکراتی گەل، بە پشتیوانی یەکێتی سۆڤێت، کودەتایەکی خوێناوی بەسەر داود خاندا کرد و خۆیی و بنەماڵەکەی لەناو برد. دوای ئەوە یەکێتی سۆڤێت بۆ جێگیرکردنی ڕژێمکی کۆمۆنیستیی، گەورەترین هێزی سەربازیی لە ئەفغانستان جێگیر کرد و وەك کۆماری شانزەیەمی یەکێتی سۆڤیت مامەڵەی لەگەڵ ئەم وڵاتە ئەکرد، لەبەرامبەردا ئەمریکا بەپارە و بەچەك پشتیوانی گروپەکانی موجاهیدین ی ئەکرد. موحەمەد نەجیبوڵا دوا سەرکۆماری کۆمۆنیستی سەر بە مۆسکۆ بوو. 

ساڵی ١٩٨٩ دوای پاشەکشەی سوپای سۆڤێت لە ئەفغانستان، کۆمارە کۆمۆنیستی یەکە سەرباری پشتیوانی ماددی و سەربازیی سۆڤێت و دواتر ڕوسیا، بەرەو ڕوخان ئەڕۆیشت. ساڵی ١٩٩٢ کە هیزی موجاهیدەکان بەسەرکردایەتی بورهانەدین ڕەبانی سەرۆکی حیزبی جەماعەتی ئیسلامیی و گوڵبەدین حیکمەتیار سەرۆکی حزبی ئیسلامی گەیشتنە کابۆل، نەجیبوڵا دەستی لەکار کێشایەوە، ویستی بەرەو هیندستان بفڕێ بەڵام بۆینەکرا، بۆیە هەر لە بارەگای نەتەوە یەکگرتوەکان لە کابۆل مایەوە تا سالی ١٩٩٦، کە ساڵی ١٩٩٦ تالیبان هاتنە سەر حوکم، یەکەم کەس نەجیبوڵا یان کوشت.

زۆرینەی دانیشتوانی ئەفغانستان لەخوار هێڵی هەژارییەوەن. ئەم وڵاتە جگە لە کشتوکاڵێکی سەرەتایی و خراپ، خاوەنی سەرچاوەیەکی ئابوری نیە، سامانە سروشتیەکانیشی بەردەست نین یان دەرهێنانیان  گرانە. بەدرێژایی سەد ساڵی ڕابردوو هەر لەسەر پشتیوانی دارایی وڵاتان ژیاوە. ئێستا، سەرچاوەی دارایی ئەفغانستان، کۆمەکی ئەمریکا و ئەوروپایە. بەپێی ڕێکەوتنی ئەمریکا و تاڵیبان، ئەگەر تاڵیبان لاساریی و ناجسنی نەکات، ئەو کۆمەکانە ئەشێ بەردەوام بن!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن