9وتار

ئێران لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختی عقائدی و ئابوریدا

4/13/2026 12:26:00 PM
مەریوان عەلی

هیچ ئاماژەیەکی روون لەبەردەستدا نیە وەک کەرەستەیەکی شیکاری یارمەتی ئەوەمان بدات هۆکارەکانی ئەم جەنگە گرێبداتەوە بە جیاوازی تێروانینی ئایدولۆژی و عقائدی، ئەم جەنگە دەرئەنجامی جیاوازی فکری یان دنیابینی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لەلایەک و ئێران لەلایەکی ترەوە نیە.

ئەوەش روونە کە جەنگەکە بەپلەی نایاب لە قوڵایی هێز و توانای ئابوری و نفوزی هەرێمایەتیدا سەرچاوە دەگرێت، ئەوەی بارگرانی لە ئیدارەدانی ئەم جەنگەدا دروستدەکات تەنها بری تێچووی رۆژەکانی جەنگ نیە، بەڵکو کاریگەری سلبی بری تێچونی جەنگەکەیە کەوادەکات هێز و توانای ئابوری و کونتروڵکردنی هەرێمایەتی بەرەو لاوازبوونێکی بێ پێشینە بدات، ئەم حاڵەتە بۆ هەردوو لایەنی شەرکەر راستە.

ئەگەر ئێران قوڵایی هێزی خۆی لەبەرنامە ئەتومیەکەیدا ببینێتەوە لەبەرئەوەی هێزە ئابوریەکەی نیمچە پەکخراوە، ئەوا ئەم بەرنامە ئەتومیە دەکاتە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ ژیاندنەوەی هێزی ئابوری و هەرێمایەتی خۆی هەر ئەم بەرنامەیە ئەتۆمیەیە دەبێتە توخمی سەرەکی شوێنپێی ئێران لە جیهانی نوێدا، واتە بەرنامە ئەتومیەکەی ئێران بریتیە لە بوونی فیزیکی ئێران لەسەر خەریتەی جیهانی، ئەوەش دەزانین کە چەند دەیەیەکە رێژەیەکی زۆری سامانی ئێران لەم بەرنامە ئەتومیەدا خەرجکراوە، بە هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتومیەکە نەک تەنها بونیادی ژێرخانی ئێران مایەپوچ دەکات، بەڵکو دەبێتە هەرەشەی جدی بوونی ئێران وەک کیانێکی بەپێوە وەستاوی عقائدی شیعە مەزهەب.

بۆ ئێران بەرنامە ئەتومیەکە بریتیە لە بوونی فیزیکی ئێران، بۆ ئیسرائیل دووبارە ئەم بەرنامە ئەتومیە بریتیە لە بوونی فیزیکی، ئەی چارەسەر؟

لە چەند ئەگەرێک تێپەرناکات، یان هەڵوەشاندنەوەی نیزامی کۆماری ئیسلامی کە مغامەرەیەکی ترسناکی هەرێمایەتیە، چونکە رووبەری جوگرافی ئێران رووبەرێکی فراوانە و کۆنترولکردنی سەرجەم سنورەکانی کارێکی نەکردەیە.

یاخود قەرەبوکردنەوەی ئێران لەبەرامبەر لە دەستدانی بەرنامە ئەتومیەکەیدا بەوەی وەک هێزێکی زەبەلاحی ئابووری و سیاسی و عقائدی خۆی مانفێست بکات، ئەوەش بە هەڵگرتنی سزا ئابوریەکان و دەستکراوە کردنی ئێران چۆن بیەوێ ئاوا پەلبهاوێت، هەڵبەت ئەمەش ئێران دەکاتە هەرەشەیەکی جدی بۆ ئیسرائیل و ناوچەکە.

ئوپشنێکی تر لاوازکردنی ئێرانە وەک نەخۆشێکی پەکەوتوو کە تەواوی بەرنامە ئەتومیەکەی و هێزە ئابوری و نفوزی هەرێمایەتی و بەرەی مقاوەمەی لەدەستدابێت. ئەم مانەوەیەش مانەوەیەکی ڕەزیل و مایەپوچکراوە.

کەواتە ئێران لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی قورسدایە کە بوونی کۆمارەکەی بەستۆتەوە بە بەرنامە ئەتومیەکە، بە جۆرێک لە جۆرەکان ژیاندنەوەی سەرجەم سێکتەرەکانی ژیانی خۆی لەم بەرنامەیەدا بیناکردووە.

ئەو قومارەی دەسەڵاتدارانی ئێران دەیکەن ئایندەی وڵاتەکەی بە تاریکی و نادیاری هێشتۆتەوە، پرسیارەکەش ئەوە باڵەکانی مقاوەمە و بەرنامە ئەتومیەکە و عقیدەی شیعە کامیان دەتوانن ئایندەی ئێران ئاراستە بکەن، ئەگەر ئەوەش بزانین هەر سێ توخمەکە لەبەردەم هەرەشەی جدیدان.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن