چۆن شتەكان تێكەڵ بەیەك نەكەین
8/6/2023 7:12:00 PM
مەریوان عەلی
مەزنترین پێشکەوتن کە مرۆڤ بەدەستیهێنا ئەوە بوو
فێری بیرکردنەوەی
ورد بوون، ئەمە شتێکی ئاسایی نەبووە و نابێت
هەروەك ئەوەی شۆپنهاور گریمانەی دەکات
و دەڵێت
"هەموو مرۆڤەکان توانای بیركردنەوەیان هەیە
بەڵام كەمێكیان توانای
حوکمدانیان هەیە"
نیتچە
بیكردنەوە
بیركردنەوە لە شوێنێكدا كە تەمەڵەكان سەركردایەتی بكەن شتێكی
قورسە، ئەوان نە توانای ئاراستەكردنیان هەیە نە خوڵقێنەری جوڵەی نوێ و نە گۆرانكاری
پێچەوانەن، بۆ تەمەڵەكان ئەوانەی گەمژەن باشترین توخمن لەو لەشكرەی تەنها بەرژەوەندی
كورت مەودا بەیەكیانەوە كۆیاندەكاتەوە.
لەم بازنەیەدا شتێك نامێنێ بەناوی بیركردنەوە، یانی فكر تا
دواهەمین سنور غائبە لە تەفسیركردنی ئەو واقعەی هەیە، ئەو گۆرانكاریانەی بە تەنیشتماندا
روودەدەن لای ئەمانە هیچ ئەرزشێكی
گەورەی نیە، شتەكان روودەدن بێ ئەوەی پرسیاری قورسمان لا دروستبكەن، كەسیش نەتوانێ
وەڵامێكی لۆژیكیانەی پرسیارەكان بداتەوە لە كۆتایدا دەڵێن هیچ نیە ئاساییە رووداوەكان
هەر روودەدەن، لەسەروبەندی پێنانە نێو جیهانێكی ئاڵۆزين، بزۆك و گۆڕاو و فراوان بێ
ئەوەی هیچ بەردێكی ئێمە خستبێتمانەسەر دەستكەوت و داهێنانەكان، یانی ئەوەی هەیە ئێمە
بەرخۆرێكی ترسناكین بەوەی ئەوەی هەیشمانە وردە وردە لەدەستمان دەچێت، لە كاتێكدا بیركردنەوەی
ئەقڵانی و ڕەخنەیی قوڵ توانای گۆڕانكاری نەبێت ئەوە مانای وایە بیركردنەوە لە گۆڕانكاری
ئەستەم و قورسە، ئەو واقعەی ئێستا هەیە دەرئەنجامی ئەو بەریەكەوتنانەیە كە رووداوەكان،
كارەكتەرەكان، گروپ و ئەحزابەكان ..بەرهەرمیان
هێناوە، بەردەوامیان هەیە بە هەمان تۆن و نۆرم، ئاساییە چونكە هیچ بەرهەڵستكارییەك
روونادات، گوتاری جاد و جدی، ڕەخنەی قورس و بەهێز لە ساحەكەدا بێ ئەرزش كراوە ئەمە
كارەسات و كەوتنە، وەك ئەوەیە بەرلەدایكبون مردبێتی، فكر و گەمژە دوو بەرە و دوو رووبەری
جیاوازن. هەموو مەعریفەیەك بەرهەمی گومان و بیركردنەوە و تێرامانی قوڵە، فكر شتێكی
بەرجەستە نیە، ئەندامێك نیە لە دەماغی مرۆڤەكاندا سێتب كرابێت بەڵكو پرۆسیسە، راستی
كردەیەكی ئەقڵانی ئاڵۆزە كەلە بەریەكەوتنی شتەكانەوە بۆ زانیاری پێشوەختە و داتا و شیكاری گومانەكان دەخوڵقێ.. یانی
لە گومانەوە بۆ بەكارهێنانی كەرەستەكانی زانین و دواتر بۆ گومانێكی دی.
فكری ڕەخنەیی
شیكاری واقعە بە ئامانجی بریاردان، واتە لە سەرچاوەكانی بیركرنەوە بۆ شیكاری توخمە
جیاوازەكانی واقع و بریاردان، ... ئەم پرۆسیسە ئاڵۆز و بەردەوامە و لە چەند توخمێكی
بنەرەتیەوە سەرچاوە دەگرێت كە بریتیە لە واقع، هەستەوەرەكان، زانینی پێشوەختە و دەماغ
.... بیركردنەوەی پەتی لە دەرەوەی رووداوەكان، وەك جۆرێك خەیاڵ دێتەپێشچاو بۆ ناشوێن
بۆ جێگەیەك كە بونی نیە یانی یاریكردن بەو تۆن و توخمانەی لەبنەرەتدا بیركردنەوە پێویستی
پێیەتی، پەتیبوون لێرەدا مەبەست لێی گەرانە بۆ واقعێكی بەراوردكارانە كە ناتوانین
بە ئاسانی وێنای بكەین.
با كورتر و روونتر قسەبكەین، توانای بیركردنەوە، بینینی شتەكان
و وێنەكان و رووداوەكانە لە چوارچێوەیەكی
گەورەتر لەوەی هەیە، لە بنەرەتدا بریتیە لە توانای مرۆڤ بۆ زانین و شیكاركردنی پرسی
ئەوەی بۆ روودەدەن، چۆن روویاندا، چ لەسەرزەمین یان بۆشایی ئاسمان، ئامانج لەم پرۆسیسە
گەیشتنە بە جۆرێك راستی كە تا ئەندازەیەكی زۆر لە نامعقول دوورماندەخاتەوە.
گەمژە
تەنها ئەو تەمەڵانە ناگرێتەوە كە ناتوانن سەرەداوی رووداوەكان
بەیەكەوە گرێبدەن، ناتوانن بیبركەنەوە، ناتوانن تێگەیشتنیان هەبێت بۆ ئاراستە و سەرچاوەی رووداوەكان، زهنیەتیان خاڵیە
لە هەر چالاكیەكی ئەقڵانی، بەڵكو كەسانێكیتریش دەگرێتەوە كە پرن لە
توندوتیزی و نائومێدی، لە رووی دنیابینەوە سەرەتایترین زانیاری زانستی و مەعریفیان
نیە لەسەر دونیا و شتەكان و رووداوەكان، ئەوەی هەیە لای ئەمان دەبێت رووبدات، واتە
رووداوەكان لەسەرو توانا و دنیابینی و ئیرادەی ئەمانەوەیە، هەروەك خۆیان ماندوو
ناكەن بەو پرسیارانەی گومان دروستدەكەن ئامرازەكانی پرسیاكردن ( بۆ، چۆن، كەی كە
گوزارشتن لە هۆكار و دەرئەنجام و كات) نابنە توخمی جوڵاندنی هۆش، ئەوانەش دەگرێتەوە
كە سنوری بیركردنەوە و خوێندنەوە و دنیابینی خۆیان دەبستنەوە بە جۆرێك فكر و باوەر
كەوەك ئایدۆلۆژستێك سەرسەختنە دفاعی لێدەكەن، هەر بەراستی گەمژەكان جیهانێكی تایبەت
بە خۆیان هەیە كە سەچاوەكەی تەمەڵی و نەزانین و بەرخۆرییە، جیهانی ئەمانە سەرزەمینێكە
دماغ بۆ تەنها جارێك هیلاك نەبووە پێوەی، مەراقی شیكاری شتێكیان نەبووە كە تەماسی
راستەخۆی بە ژیانی خۆیانەوە هەیە.. یانی ژیان لای گەمژەكان تا ئەندازەیەكی زۆر
كورتدەبیەوە بۆ خواردن و خواردنەوە و سێكس .
لە كۆمەڵگایەكدا تەمەڵەكان لەلوتكەی دەسەڵات و بەرپرسیارێتی و
ئیدارەدانی دەزگا هەستیارەكاندابن دەبێت چاوەرێی چی بكەين، چەقبەستن و خنكاندن لە
خاڵێكدا كە بریتیە لە وەستاندن، ئیدی ئەوەی باسی گۆڕانكاری و ڕەخنەی جاد و بیركردنەوە
دەكات ڕەنج بەخەسار دەچێت.