426وتار

سەرنجێكی كورت دەربارەی ئۆپوزسیونبون!

5/6/2023 10:44:00 AM
مەریوان عەلی

 

پەیوەندی ئۆپۆزسیون بە دەسەڵاتەوە پەیوەندییەكی ئاڵۆز و پر كێشەیە، مەسەلەكە تەنها ئەوە نیە بەریەكەوتنی هێزبێت لە نێوان كەمینە و زۆرینەدا، باش و خراپ، یاخود لە دیدیی راستودروستدا كورتبكرێتەوە، مەسەلەكە پەیوەندی بە دەرفەتی جێگۆركێی دەسەڵاتەوە هەیە، لە فكری سیاسیدا خراپترین دۆخ كە هێزێكی سیاسی پیایدا گوزەر بكات دۆخی ئۆپوزسیون بوونە.

 ئۆپوزسیون دەسكاری ئەو شتانە دەكات كە لای دەسەڵات ناكرێت دەسكاری بكرێت، ئۆپزسیون بوون ئیرادەیە، تێگەیشتنە لە دەسەڵات، خوێندنەوەی واقعە لە گۆشەیەكەوە كە دەسەڵاتدار نایەوێت بیبینێت یاخود مكیاجی دەكات بە ڕەنگێكی جیاواز لە ڕەنگە ڕەسەنەكەی واقع.

رایەك هەیە كە ئۆپوزسیون پەیوەندی بە سیستەمی سیاسی و دیموكراسیەوە هەیە واتە توخمێكە لە نێو كایەی سیاسیدا دەخوڵقێت.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی دەشێت ئوپوزسیونێك هەبێت شكلی بێت خۆی مادەی فابریكەكراوی دامەزراوە سیاسیەكان بێت، ئەم جۆرە لە ئوپوزسیونبوون هیچ نیە جگەلە دەنگە دەنگێكی ناپەسەند كە دەشێت دەنگەكانی دی بشێوێنێت، توخمێكن لەسەر گەمە و گرێو و كارێك دەژین كە هیچ پەیوەندییەكی بە ئوپوزسیونەوە نیە، خاڵی بەهێز بۆ ناسینەوە ئوپوزسیونی راستەقینە بریتیە لە دۆزینەوەی رووبەرێك بۆ تەحەداكردنی دەسەڵات، پابەندبوونە بە گوتارێك كە دەسەڵات رادەچڵەكێنێت، ئەم دیوەی ئوپوزسیون لەوباوەرەدام پەیوەندی بە ئیرادەی سیاسیەوە هەیە بۆ بەشداربوون لەو فەزا سیاسیەی كە داگیركراوە، واتە كاركردن لە فەزایەكدا كە دەسەڵات بەهی خۆی دەزانێت، ناراستەوخۆ لێدانە لە ترپەی دڵی دەسەڵات، یەكێك لەو كارانەی ئوپوزسیون دەبێت ئەنجامی بدات شكاندنی ئەو تەوقەیە  كە بە دەوری فەزای گشتیدا دروستكراوە.

 هەمی ئۆپوزسیون بەرگریكردن نییە لە دامەزراوە مەدەنیەكان، نەخێر تیشكخستنەسەر ئەو لەمپەر و كێشە و گرفتانەیە كە دەسەڵات دەخوازێت ئەم دامەزاروانە بكاتە بەشێك لە دامەزراوە سیاسیەكانی خۆی واتە بیانكاتە پاشكوی دەسەڵات، دەسەڵات كاردەكات بۆ ئەوەی ئەم دەزگا مەدەنیانە لە چوارچێوەی سروشتی خۆیاندا هەڵبكەنێ لە دامەزراوەی كۆمەڵگای مەدەنیەوە بیانكاتە پاشكۆیەكی گوێرایەڵی دەسەڵات، ئۆپوزسیون ئەم فەزایە وەك خۆی بەكاردەهێنێت بەڵام بە ئامانجێكی سیاسی، ئۆپوزسیون نە لە هەوڵی مۆنوپولكردنی دەزگامەدەنیەكاندایە، نە رێگەش دەدات دەسەڵات ئەو دەزگایانە بۆ خواستی خۆی داگیر بكات، كاری راستەقینەی ئویوزسیون گەمارۆدانی دەسەڵاتە، دەبێت ئوپوزسیون رۆڵبگێرێت لە بیناكردنی فەزایەكی لیبرالیزمانە، ئۆپەزسیون بوون قۆناخێكی دژواری سیاسیە كە زۆر هێز نایەوێت توخنی بكەوێت. مەسەلەكە ئەوەیە چ هێزێك توانای تەحداكردنی دەسەڵاتی هەیە، پرسیاری سەرەكیش هەر لەو بوارەدا دەسورێتەوە كامە هێزی سیاسی و بە چ میكانیزمێك دەتوانێت دژ بە هاوكێشەكانی دەسەڵاتدار بوەستێتەوە؟

دیدی ئۆپوزسیون بوون لە مەسەلەی ئەلتەرناتیف و چاكسازی و بەرێكردنی بارودۆخەكەدا چەق نابەستێت، بەڵكو ئۆپوزسیونی راستەقینە چاوی لە دەسەڵاتە، چاوی لەسەر ئەوەیە دەسەڵاتداران لەسەر عەرشی دەسەڵات بهێنێتەخوارەوە.

ئۆپوزسیونی بەهێز بە ژمارەی لایەنگران، یان كورسی پەرلەمان، یاخود سامان و كارەكتەرە دیارەكانی نێو بزوتنەوەكەی ناپێورێت، بەڵكو لە بەهێزی گوتار و ئیرادە و دۆزینەوەی كەلێنەكانی دەسەڵاتدا تواناكانی دەردەكەون. ئۆپوزسیون بۆ ئەوەی رابەرایەتی قۆناغێكی گۆڕانكاری بكات، دەبێت هەنگاو بە هەنگاو قۆناغەكە لە نەخشەرێگایەكی گشتیدا سەرلەنوێ فۆرمەلە بكاتەوە، دەبێت توانای ئەوەی هەبێت باوەرەی ئەوە لای هەمووان دروست بكات كە كات كاتی گۆڕانە لە دەسەڵاتدا، ئامانج لەم كارە قڵپكردنەوەی دۆخەكەیە بەسەر دەسەڵاتدرانی ئێستادا.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن