بزوتنەوەی گۆڕان بە ڕەخنەگرتن بەهێز دەبێت
6/27/2020 4:20:00 PM
مەریوان عەلی
ئەوەی وادەکات گۆڕان
بکەوێتە بەر ئەو لێشاوە ڕەخنەییە توندەی لایەنگران و دۆست و نەیارانی ئەم بزوتنەوەیە،
دەرئەنجامی ئەوە نیە کە گۆڕان بەشداری حکومەتی هەرێمی کردووە، یاخود تیمی گۆڕان لە
حکومەتدا کارەساتیان خوڵقاندووە، ئەگەرچی بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەتدا بریتیە لە
ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان بەباش و خراپیەوە،
کە ئەمە بۆ گۆڕان نە تاوانە و نە فەساد و نە دزیە، بەڵام لە بنەرەتدا گۆڕان بۆ
ئامانجێکی گەورەتر بەشداری حکومەتی کردووە، کە تێدا لە رێگەی حکومەتەوە بەشێک لەبەرنامە
چاکسازیەکهی، جێبەجێ بکات، گەر بەشداریکردن لە حکومەتدا عەیبەبێت، دەبێت هەموو
حزبەکانی دی ببنە سەندیکا و کۆمەڵەی خێرخوازی، ئەمە تەبری ئەوە نیە کە بێدەنگی گۆڕان
یەکسان بێت بە بەشداریکردن لە حکومەتدا، دۆخەکە چۆنە؟ بۆچی گۆڕان بە ئامانجگیراوە؟
لە دوای ڕاپەرینەوە
تا دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان تەنها رۆژێک لە رۆژان یەکێتی و پارتی درکیان بەوە نەکردووە
هێزێک هەیە دەتوانێت ببێتە بەدیلی راستەقینەی ئەوان، هێزێک خاوەنی هەموو توخمە سەرەکیەکانی
شوێنلێژکردنی ئەوانی تێدا بێت، ئەوەی وایکرد یەکێتی و پارتی ترسی راستەقینەیان لێبنیشێت
ئەو 25 کورسیە بوو کە لە یەکەم هەڵبژاردندا گۆڕان توانی بەدەستی بهێنێت، ئەم زەنگەنە،
مەترسی راستەقینە و گڵؤپە سەوزەکەی بەدیلی ئەوان بوو، بزوتنەوەی گۆڕان بە جۆرێک خۆی
کرد بە دنیای سیاسی ئێمەدا کە سێ شتی سەرەکی ئەنجامدا:
1.مانایەکی نوێى بەخشى بە ژیانی سیاسی، کە تێدا
خەڵک ئەو بروایەی لا دروستبوو کە سیاسەتکردن بریتیە لە ئومێد بۆ گۆڕینی دونیا.
2.جوڵەیەکی ناسروشتی رێکخراوی دژ بە گەندەڵکاران
رێکخست، کە هەمووان کۆک و تەبابوون لەسەر گۆڕانکاری ریشەیی.
3.بە فعلی هێزێک هاتە گۆڕەپانەکە کە هەموو خەسڵەتەکانی
شوێنگرەوەی یەکێتی و پارتی تێدابوو.
ئەمەی دواییان
رووبەروبونەوەکەی توندکرد و زلەیەکی بەهێزبوو لە یەکێتی و پارتی کە دەبێت فریای خۆیان
کەون، ئیدى دەستیانبرد بۆ هەموو کارتەکان، کارتی کرینی کەسایەتیە دیارەکانی گۆڕان،
کێشە دروستکردن لە ناو بزوتنەوەکە، تا کار گەیشتە ئەوەی ئەو دەوڵەمەندانەی رۆژگارێک
لە بەردەم رەحمەتی گەندەڵی ئەواندا پێگەیشتبوون، خوێندکارە دڵسۆز و بەوەفاکەی خۆیان
کە وەک فریادڕەس تەماشایان دەکرد لە پرۆسەیەکی فابریکەکراودا برێک لە دروشم و سلایدی
کاری بزوتنەوەی گۆڕانیان پیاهەڵواسی و وەک بەکرێگیراوێک کە ساڵانێک بەخێودەکرێت بۆ
رۆژگارێکی ئاوا، هێنایانە ساحەکە ئەوە کورە بەوەفاکەی ینک و پدک بوو کە شاسوای نەوەی
نوێیان لێخوڵقاد.
قسەکە لەسەر کۆی
ئەم پرۆسەیە نییە، ئەوەی مەبەستە رووناکی بخەمە سەر، گۆڕان بۆ ڕەخنەباران دەکرێت؟،
ئایا ئەم ڕەخنانە بۆ شکاندنە یان بۆ بەهێزکردنی گۆڕانە.
واز لە هەڵگەراوە
گۆڕاوەکانی گۆڕان بێنە کە دوای نا ئومێدیان لە پۆست و پلەی حکومی و حزبى و پەرلەمانی
پەلاماری بزوتنەوەکە دەدەن، لە نەیار و رکابەرە سەرسەختەکانی بزوتنەوەی گۆڕان
توندتر و ناشرینتر هێرشدەکەنە سەر گۆڕان. ئەمانە ئەگەر کاریان لە ناو بزوتنەوەکەدا
بە جۆرێکی تر برۆیشتایە هەڵبەت ئێستا هەر گۆڕانی عەیارە بیستوچواری نێو بزوتنەوەکە
دەبوون.
بزوتنەوەی گۆڕان
لە واجەی هێرشەکاندایە، ئامانجەکە زۆر روونە شکاندنی ئەو ئەلتەرناتیفە بەهێزەیە کە
دەتوانێت ینک و پدک تێپەرێنێت. ئەگەر لە ئێستادا ئەم بزوتنەوەیە زامدار و هیلاک و
شەکەتکرابێت، بەڵام هێشتا ئەو ماتەوزەیەی تێدایە کە هەڵسێتەوە و ببێتەوە بە ئەلتەرناتیفە
بەهێزەکە. کەواتە نە وەزیفەی دەوڵەمەندە هەڵتۆقیوەکە تەواو بووە نە ئەو هێرشەی
توندەی دەکرێتەسەر گۆڕان وازوو رادەگیرێت.
جۆرێک ڕەخنە هەیە
کە بزوتنەوەی گۆڕانی پێى بەهێزدەبێت، هەڵبەت ئەو ڕەخنانەیە کە تەقیمی پێرفۆمانس و
دید و کارى بزوتنەوەکە دەکات، لە خاڵە باش و خراپەکان ئاگاداری دەکاتەوە، گۆڕان لە
هیچ هەڵوێست و بەرنامە و دنیابینی دامەزرێنەرەکەی و پرنسیپە بنەرەتیەکان لاى نەداوە،
ئەوەی گۆڕاوە دەبێت بەروونی بخوێندرێتەوە کە ئامانجی سەرەکی نەیارەکانی ئەم بزوتنەوەەیە
تێکشکاندنی ئەلتەرناتیفەکەیانە بە جۆرێک هەر پارچەیەکی لە شوێنێک بێت، ئەوان ئامادەن
باجی گەورەبدەن لەو پێناوەدا کە تێکشکاندنی گۆڕانە، بۆ نمونە کەسایەتیە دیارەکانی
نێو بزوتنەوەى گۆڕان پۆستی گەورەیان دەدەنێ بەمەرجی وازهێنانیان لە گۆڕان، حاجیەکان
و حەملانەکان حهیدەرەکان نمونەی زیندوون، دواجار پارە و پۆست بەخشینەوە بەو هەڵسوراوانەی
لە ئێستادا بە رووی گۆڕاندا قسەی نەشیاو و بوختان دادەتاشن.
بزوتنەوەی گۆڕان
بە بەهێزی دەمێنێتەوە گەر نەکەوێتە ئەو گەمەیەی کە دەسەڵات زۆر بە زیرەکانە پلانی
بۆ دارشتوە، دەمکوتکردنی گۆڕان کرۆکی پلانەکەیە، پابەند نەبوونی گۆڕان بە هەر سەقفێکی
زەمەنی بۆ چاکسازی پلانێکی ترە دژ بە گۆڕان، ریزکردنی کادرانی خۆیان لە نێو خۆپیشاندانە
خۆرسکەکانی سلێمانی و هوتافکێشان و قسەوتن بە گۆڕان پلانێکی ترە، بە ئامانجگرتنی
کورەکانی نەوشیروان مستەفا پلانێکی ترە، زەقکردنەوەی لاوازی تیمی گۆڕان لە حکومەت
و پەرلەمان پلانێکی ترە، غیابی میدیای گۆڕان بەهۆکاری وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی
گۆڕان پلانێکی ترە، یەکسانکردنی گۆڕان بەو مەینەتباریەی بە هۆی ینک و پدکەوە بەسەر
هاوڵاتیاندا هاتووە پلانێکی ترە، هێرشی ناڕەوای هەندێک رۆشنبیر نا راستەوخۆ دەچێتە
خزمەت پلانی شکاندنی گۆڕان.
گۆڕان دەبێت چی
بکات؟ ئاسانترین وەڵام دەستگرتنە بەو پرنسیپ و بنەمایانەی نەوشیروان مستەفا دایرشتوە،
هیچ ئەستەم و قورس نیە، نەوشیروانیانەبیربکەوە و گۆڕانکاری بەئەستەم مەزانە ئەوا بێگومان
گۆڕان بەهێزتر دەبێت لە سەردەمی خودی نەوشیروان مستەفاش.