610وتار

دەربارەی رێككەوتنی سیاسی و پێكهێنانی حكومەت

2/21/2019 8:38:00 PM
مەریوان عەلی

جیاوازییەكی زۆر هەیە لەنێوان ئەوەی پێی دەوترێت رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ ئەوەی پێی دەوترێت پێكهێنانی حكومەت، یەكەمیان تێكەڵاوكردنی هەموو روئیا سیاسیەكانە لەگەڵ لایەنێكی دی، بۆ ئەوەی لە رووی پرنسیپ و هێڵە گشتیەكانی ئیشكردنی سیاسیانەوە لەیەكتری بچن، سەرلەنوێ لە قاڵبێكدا دابڕێژرێنەوە ببنە یەك ماتریاڵ و یەك هێز، كە بە هەموو باشەو چاكەكانی یەكتر بڵێن ئامین، لەماوەی رابردوودا یەكێتی ئیشی بۆ ئەوە دەكرد كە رێككەوتنی سیاسی یان وەك خۆیان دەڵێن ستراتیژی سیاسی نوێ لەگەڵ پارتی مۆرو ئیمزا بكەن.


بزوتنەوەی گۆڕان وەك هێزێكی سیاسی كە لەماوەی رابردوو و ئێستاشدا سورە لەسەر دەستگرتن بە پرنسیپەكانی خۆیەوە، سورە لەسەر ئەوەی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بێت یان دەسەڵات، لە پرنسیپەكانی خۆی لانادات، هەردوو ئەزموونی ئۆپۆزسیۆنبوون و چوونە ناو دەسەڵاتەوە ئەو راستییەیان سەلماندووە، كە گۆڕان ئۆپۆزسیۆن بوو رۆحێكی یاخی و بەهێزو ناڕازی بە بەری سیاسەتدا كردەوە، لە حكومەتیشدا هێزێكی داكۆكیكاربوو لە بەرژەوەندی خەڵك و گۆڕانكاری و دژە گەندەڵی، بۆیە باجی ئەو هەڵوێستەی دا، ئەوە روویدا كە روویدا.


ئێستا وەك هێزێكی سیاسی بێ بەرژەوەندی مادی و گروپ گروپێنە، بێ پشكی نەوت و غاز، بازرگانی جگەرەو دەرمان و ئۆتۆمبیل و... دەچێتە حكومەت. دەرگای چوونە نێو حكومەت چەند گەورەو فراوانبووە، دەرگای هاتنەدەرەوە دە هێندە گەورەترە.


ئەوەی هەیە، ئەم هێزە دەخوازێت بە بەرنامەیەك بچێتە ئەم كابینەیە، كە شتێك گەر زۆریش نەبێت لەم سیستەمە سەقەتە چاكبكرێت، شتێك لە گوزەرانی خەڵك بگۆڕێت، شتێك لە دیدی حوكمی رەشید جێبەجێ بكرێت.
گۆڕان هێزە تەماشاكەرە ئازاكە نییە، هەرچی ینك و پدك خواستیان هەبوو ئەنجامی بدەن، دواتر بڵێن فەرموون ئێمە یاساو پارەو هێزو ئیدارەمان هەیە چی دەكەن بیكەن.


ئەم ئەزموونە كەس لێی رازی نییە، هەندێ كەس بە ئاشكرا تەمەنای سەردەمی حکومڕانی پێش 1991 دەكات، كێ وای لەم دۆخە كردووە، كێ بەم ئاستە ناشرینەی گەیاند، كێ گەمە سیاسیەكەی وا قێزەونكرد بە هەموو شتێك بڵێین درۆ.


گۆڕان لەم ئەزموونەدا سەركەوتوبێت و ئەو ئەجێندەیەی هەیەتی جێبەجێ بكرێت، سەركەوتنە بۆ ئیرادەی بەرەنگاری دژ بەو دوو بنەماڵە مشەخۆرە، گەر سەركەوتوویش نەبوو واتا دەبێت گۆڕان بە هەمان نەفەسی جاران كۆڵنەدات..... بەردەوام بێت، بەردەوام.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن