لالەزار و چاڤی لاند
11/5/2025 1:57:00 PM
مەریوان عەلی
كێشەی هێزە معارەزەكان ئەوەیە كە نازانن معارەزبوون یانی چی؟ چۆن میكانیزمەكانی دژ بە دەسەڵات تەوزیفدەكرێت؟ چۆن مومارەسەی ئوپوزسیونبوون دەكرێت؟
لەبەرامبەر بەعس و داعش، یەكێتی و پارتی رۆڵی معارەزەبوون دەگۆرێت، لە زەمەنی بەعس و داعشدا نەدەكرا باسی كۆمەڵگای مەدەنی و حزبی سیاسی و پەراوێزێك بۆ دیموكراسی و ئازادی بكرێت گوایە لەم رێگایانەوە دەكرێت باسی مافی هاوڵاتیبوون و هاوكێشەكانی دەسەڵات و ئاڵوگۆری ئەنزیمەی حوكم بكرێت. پێكهاتەی بونیادی بەعس و داعش جگە لەوەی قوڵاییەكی ترسناكی فاشیزمانەی هەبوو، لە هەمانكاتدا ڕەگێكی قوڵی لە نێو توێژە هەرە توندرەوەكانی كۆمەلًَگادا چەقاندبوو، ئەندامە توندرەوە فاشی عەرەبی و ئاینیەكان لە فەلەكی ئەواندا كارا و چالاك بوون، لەشكرێك لە كەسانی زۆر نائینسان و بێڕەحم لە كوشتن و برین و تاوانكاری و وێرانكردن لە مكینە گەورەكەی بەعس و داعشدا خۆنەویستانە وەك حەز و ئارەزوو بۆ كوشتن و تاوانكاری كاریان كردووە، وەك ئاماژەم پێدا عنصرە ترسناكەكانی نێو كۆمەڵگا زوو دەیانتوانی ببنە بەشێك لەو پێكهاتەیەی بێ موراڵیانە وەفاداری خۆیان وەك سەربازی خۆنەویست لەم ئەنزیمە سەركوتكەرانەدا دووپاتبكەنەوە، لە راستیدا بەعس و داعش سیستەمیان نەبوو، جۆرێكن لە پێكهاتەیەكی ناسیستەمیانە دژ بەو سیستەمە ئاساییانەی لانیكەم دەتوانێ كاروباری گشتی و دەوڵەتداری بە سروشتی ئاسایی خۆی رێكبخات، پێكهاتەیەكی رێكخراون بوون كەلە ناوەوەڕا دژ بە سیستەمی نوێی جیهانیی دەوەستانەوە، كاری ئەوان هەوڵێكی بەردەوامبوو بۆ تێكشكاندنی دەزگا مەدەنی و كارەكتەرە دیارەكانی نێوكۆمەڵگا، بەم جۆە تێكشكاندنە ئەو رووبەرەیان دەخنكاند كە نەفەسێك بۆ بەڕەنگای دروستدەكرد، بۆ نمونە رۆڵی سیخورێك یان پولیس و مجاهیدێك لەو دوو جۆر دەسەڵاتەدا سەد بەرامبەری رۆڵی مامۆستایەكی زانكۆ بووە، لەو لایشەوە هیچ دەزگایەكی حكومی و مەدەنی نەیتوانیوە لەبەرامبەر دەزگا سیخوری و سەربازیەكاندا رۆڵێكی لاوەكیان هەبێ، بەعس و داعش جۆرە دیدێكیان تایبەتیان بۆ كۆمەڵگا هەبوو، كە ئەگەر نەتوانن كۆنتروڵی كۆمەڵگا و پێكهاتە جڤادیەكەی بكەن ئەوا لانیكەم دەتوانن وێرانی بكەن، نمونەی كارەساتی ئەنفال و جینوسایدی رقعە و موصل ...دەیان تاوانی تر هەیە، لەبەرامبەر ئەم جۆە هێزانەدا تفكیری گۆڕانكاری و فشاری كۆمەڵگای مەدەنی و چالاكی حزبی سیاسی كارێكی نەكردە و خۆكوژی بووە.
ئەو هێزەی كە بتوانێ عرشی یەكێتی و پارتی بەلەرزێنێت كە هێشتا پایەكان بە بەهێزی و خۆڕاگری راوەستاون بوونی نیە. ئەوەی پارتی و یەكێتی تووشی راچڵەكین و لەرزین ناكات ئەوەیە كە معارەزەیەكی جنێوفرۆش و كوڕوزاوی ناتوانێت تەماسی ئەو پایانە بكات كە پێكهاتەی پارتی و یەكێتی لەسەر بیناكراوە، نائومێدی هێزەكانی معارەزە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە پارتی و یەكێتی لایەك هەرچی دامودەزگای سەربازی و ئەمنی و ئابوری و اعلامی و مەدەنیە كۆنتروڵیان كردووە، لەلایەكی ترەوە بوونەتە دوو هێزی بنەرەتی لە معادەلە ئیقلیمیەكاندا، بە گوتەی معارەزەچیەكان هیچ مساحە و ئیمكانێتێكان بۆ ئەوان نەهێشتۆتەوە تابتوانن دەستی پێوەبگرن و كاری خۆیان بكەن، ئەمە راستە تۆی معارەزەیش كە چوویتە سەر عەرشی حوكم هەمان ئەو دەزگا و ئیمكانیەتە مادی و بەشریە دەگریتە دەست كە ئێستا لەژێر ركێف و فەرمانڕەوایی ئەواندا كاردەكەن، معارەزە ناتوانێت لەوە تێبگات كە ئەو دەبێت هیچی بەدەستەوە نەبێت بۆ بەدەستهێنانی هەموو شت، هێزی نەبێت بەڵام دەست بەسەر ئەو هێزە جیاوازەكاندا بگرێت كە بوونەتە پایەیەك لە پایەكانی پارتی و یەكێتی، دامودەزگای حكومی نەبێت بەڵام ئەو دامودەزگایانە لەژێر دەست و فەرمانی حزبی ئەواندا دەربهێنێت.
چوارچێوە گەورەكەی تفكیری معارەزەبون ئەوەیە لە هیچەوە ببیتە هەموو شت، لەو پەری لاوازی و پەراوێزخراویەوە ببیتە گەورەترین هێز و جەمسەری كاریگەر لە توخمە سەرەكی و هاوكێشەكانی گۆڕانكاری لە نێو كۆمەڵگادا.
كاتی خۆی كاك نەوشیروان مستەفا ئەو جۆرە بیركردنەوە و كارەكتەرەی هەبوو، بەچ دەردێك چوو ئەوە بابەتێكی ترە، بەڵام ئەو ئەیزانی چۆن كاری معارەزەبوون ئەنجامبدات. دەیتوانی ئەو پایانەی پارتی و یەكێتی لەسەر راگیراون بلەرزێنێت تا ئاستی رماندن، هەر جوڵەیەكی ئەو لەلای پارتی و یەكێتی بەوپەری جدیبوون و ترسەوە تەماشادەكرا و سەدان حسابی بۆ دەكرا.
لالەزار و جاڤی لاند توخمی معارەبوون نین و نابن، كۆمەڵ و یەكگرتوو عنصری گۆڕانكاری و لەرزاندنی پایەكانی یەكێتی و پارتی نین و نابن، ئەوان بریتین لە چەند بروغو پارچەیەكی بچوك لەو ماشێنە زەبەلاحەی كە یەكێتی و پارتی پێدروستكراوە.
نە لالەزار و نە جاڤی لاند ناتوانێت رۆڵی ئوپوزسیونی كارا بگێرن، ئەویان بۆ لاشە سوتێندراوەكانی دەگری ئەویتریان بۆ داگیركردنی سەروەتوسامانەكەی، ئەویان هێزێكی سەربازی مدربی هەبوو كە پارچەیەك بوون لە ناشرینیەكانی دەسەڵات، ئەمیان ئیمبراتۆریەتێكی مالی و اعلامی هەبوو كەلە هەناوی گەندەڵیەكانی دەسەڵاتەوە جوقابوو، لەولایشەوە هەردووكیان بە تۆمەتی كوشتن و ئەخلاقی لە سجندابن، سیناریوی دروستبوون و دامركاندنەوەیان یەك دەرهێنەری هەیە كە دەسەڵاتە، لالەزار و جاڤی لاند كە خۆیان دەرئەنجامی خراپترینی بەكارهێنانەكانی دەسەڵاتن لەو زەلكاوە گەندەڵكارییەوە خوڵقاون كە كائنی جیاوازای وەك خاوەنی لالەزار و جاڤی لاندی خوڵقاندووە، ئێستا بێین ئیمان بەوە بهێنین ئەمانە دەتوانن عەرشی یەكێتی و پارتی بلەرزێنن، ئەوان لە بنەرەتدا سەربازی وونی سیستەمەكەن ئیدی چۆن ئەتوانن دژ بەو سیستەمە بوەستنەوە كە خۆیان عنصری ئەساسی دروستكردن و دروستبونیان بوون.