559وتار

گۆڕان پرۆژەیەكی بەردەمەوامە

10/6/2020 2:46:00 PM
مەریوان عەلی


ئەوەی دەخوێنێتەوە و تێدەگات دەمدوێنێ
ئەوەی دەخوێنێتەوە و تێناگات، پیاماهەڵدەشاخێ‌
ئەوەی نا خوێنێتەوە و تێناگات..
بەسەرمدا سەردەكەوێ... د. فرج عەلی فودە



بەكردەوە ئەو كارانەی وادەكات كۆمەڵگا لە دۆخێكەوە بگوازێتەوە بۆ دۆخێكی تر دەبێت تیوریزە و دەستوپەنجە لەگەڵ چەمكی گۆڕاندا تێكه‌ڵاوبكات، هەر ئایدیا و هەوڵێكی سیاسی خواست و كەڵكەڵه‌ی گۆڕانكاری نەبێت ناتوانێت ببێتە كارەكەتەرێك لەنێو ئەو واقعەی گۆڕانكاری تێدا دەخوڵقێت، بابەتەكە پێیەكی لە تیوریزەكردنی چەمكی گۆراندایە و پێیەكی تری لە واقعدایە، دیوێكی پەیوەندی بەو قەناعەت و تەفسیرانەوە هەیە كە باوەر لای ئەوانی دی دروستدەكات كە دەبێت ئەم دۆخە دەسكاری بكرێت و جومگە ئەساسی و ناوەندەكانی بریاردان سەرلەنوێ بینابكرێنەوە، تیوریزەكردنی ئەم روئیایە شتێك نییە لەسەر خەیاڵات و دنیابینی كەسەكان بۆ ئایندە بینابكرێت، بەڵكو لە بنەرەتدا دەستگرتنە بە لۆژیك و ئەرگومێنتی ئەوەی دۆخێكی خنكێنەر هەیە كە دەبێت تێپەرێندرێت و بە نێو مفردەی گۆڕانكاریدا یەكاڵابكرێتەوە ... بەوەی ئەوەی گۆڕانكاری بریتی نیە لە پینەكردنی دیوارێكی رووخاو ئاوا بریتیش نیە لە هەڵچنینی دیوارێك لەسەر كەلاوەیەكی رووخاو... فكرەكە بریتیە لە هەستانەوە لە نێو وێرانەیەك كە بەكەڵكی پینەكردن نایەت، بەدەر لەم دیدە هەموو گۆڕانكاریەكی رووكەش هیچ نیە جگە لە دروستكردنی كۆڵەكەیەكی نوێی راگر بۆ دەسەڵات، ئەم راگرە كاتیانە هەم چەكی گۆڕانكاری دەشێوێنن هەم هەڵە تەفسیكردنێك دێنێتە ئاراوە دەربارەی گەلێك چەمكی دی كەلە فەلەكی گۆڕانكاریدا جارجار دەردەكەون، وەك چەمكی ریفۆرم و نوێبونەوە .. ئەم چەمكانە كۆمەكی دەسەڵاتی باو دەكەن تا تەمەنی فەرمانڕەوایەتی خۆی درێژبكاتەوە، جۆرێكە لە بەهاناوەچوون بۆ درێژدان بەو فەسادە سیاسی و ئەخلاقی و ئابوریەی بەرۆكی كۆمەڵگای گرتووە.
یەكەمین لێدان لە چەمكی گۆڕان لە خودی چەمكی ریفۆرمەوە سەرچاوە دەگرێت، لەبەرئەوەی ریفۆرم جۆرێكە لە درێژكردنەوەی تەمەنی ئەو دەسەڵاتەی كە پێویستە بگۆردێت، هەروەك تەسلیمبوونە بەو واقعەی كە هەیە و دەبێت بە هەمان دارودەستەوە بەردەوامبین، هەڵبەت ریفۆرم پاراستنی ئەوەیە كە لە واقعدا هەیە، جۆرێكە لە بێدەسەڵاتی و غیابی تیوریزەكردنی گۆڕانكاری گەورە، ریفۆرم لەو سیستەمە سیاسیدانە گرنگن كە كێشە لە ئیدارەدانی سیستەم و كۆمەڵێك لەمپەری لاوەكی هەیە كە كار لەسەر پرسی گەشەسەندن و بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگا دەكەنەوە، جۆرێك لە دەستكاری رووكەش و رۆتینیانە كە ناكاتە دەستكاری بنچینەیی و گۆرینی جومگە ئەساسیەكانی دەسەڵات، ریفۆرم لەو شوێنەدا گرنگە كە دامەزراوەكان تەمسیلی خودی خۆیان دەكەن، شتێك نیە لەدەرەوەی دامەزراوەكان كۆنترۆڵی دۆخەكەی كردبێت، ریفۆرم پرسی چاكردنە لەو شتنەی لە نێو سیستەمە تەندروستەكەدا توشی لادان بووە لە هێڵە گشتیەكان سیستەم. گۆڕانكای تا ئەو شوێنە پێویستی بە چەمكی ریفۆرمە كە دەلاقەیەك بكاتەوە بەسەر كۆی سیستەمە خراپەكاندا. ئیدی ئەم چەمكە (گۆڕان) دەیان هەنگاو بەسەر ریفۆرمدا دەنێت و دەستدەكات بە ئەنجامدانی پرۆسێسێك كە ریفۆرم كەم تا زۆر نزیكی ناكەوێتەوە.
لە سێ دەیەی رابردوودا بارودۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و سەربازی هەرێم لە خراپەوە بەرەو خراپتر رۆیشتوە، هەنگاوەكانی ریفۆرم لە پێناو بونیادنانی دەسەڵاتێكی نیشتمانی و دەستوری و یاسایی بە روونی شكستیخواردووە.
هەموو بیناكردنێك لەسەر ئەم شكست و وێرانەیە بریتیە لە نوسینەوەی شكستێكی نوێ.

ئەم دۆخە كە بە تەنها یەكێتی و پارتی بەرپرسیاری یەكەمن لێی، وردە وردە بەرپرسیارێتیەكە هاورێی نوێی بۆ دروستدەبێت، كە لە ئێستادا یەكێك لەو هاورێیانە بزوتنەوەی گۆڕانە.
هەڵبەت لایەنەكانی تریش بە تایبەت یەكگرتوی ئیسلامی و كۆمەڵ پشكی ئەو هاورێیەتیان بەردەكەوێ، هەر یەك بە بارستایی خۆی.
ئێستا لە دۆخێكداین عومرێكی درێژی بریوە، برینێكە سارێژكردنی بەو هاورێیانە دەكرێت كەلە ئێستادا بە تەنیشت هەردوو حزبی دەسەڵاتدارەوەن وەك تەماشاكار یاخود پینەكار رۆڵدەگێرن، ئەمەش لە باشترین حاڵەتدا درێژەپێدانی هەمان پرۆسەیە لە خراپەوە بەرەو خراپتر، بۆیە دەبێت لەو قۆزاغەیە دەربچین، راستی پشتكردنە ریفۆرم گەراندنەوەی ئیرادە و بریار و توانای سیاسیە بۆ بكەرە سیاسیەكانی كوردستان، جۆرێكە لە ركابەری راستەقینە و روبەروبونەوەی توانای هێزەكان بەرامبەر یەكتر، وەلادانی شاگردی سیاسی و پینەكارە، بەڵكو پێداگریە لەوەی كە دەبێت ئەوەی ئێستا هەیە بگۆردرێت... ئەم بریارە لە قوڵایدا بریتیە لە ئیرادە.

لە راستیدا لە رووی كۆنسێبتەوە دەبێت جیاوازی بكەین لەنێوان دەسەڵاتدار و بەشداریكار لە دەسەڵات، لە نێوان بەرپرسیاری راستەوخۆی دۆخەكە و هاورێیانی دۆخەكە، لە نێوان بێدەنگی و ژاوە ژاوی هەندێك كەس كە رووناكی چارەسەرەكان و پاڵەپەستۆ و هێزی فشار بۆ سەر ئەم دوو دەسەڵاتدارە كەم دەكەنەوە.
گۆڕان وەك بزوتنەوەیەك لە كوێی پێناسی گۆڕانكاریدایە؟ ئەم بزوتنەوەیە كۆتایی بە ئەركەكەی هاتووە وەك پرۆژەیەكی ناكامڵ بۆ گۆڕانكاری، یاخو هێشتا نەفەسی ئەوەی تێداماوە كە لە گۆڕەپانەكەدا بتوانێت دەستكاری جومگە سەرەكیەكانی دەسەڵات و دۆخە چەقبەستوەكە بكات، گۆڕان بەوە رازیە وەك هاورێیەكی لاوەكی لەگەڵ ئەم مۆدیلەی دەسەڵاتدا بەرێبكەوێت، تا بەدوا نەفەسی خۆی دەگات كە ئیدی بەیەكجاری دەپوكێتەوە، یاخود داینەمۆی ئەو ئیرادە بەهێزەیە كە ماكینەی گۆڕانكاری كارپێدەكات.

ئەو پرسیارانەی پێش هەر شتێكی دی رووبەرومان دەبێتەوە ئەوەیە، ئەم سەركردایەتیەی ئێستای بزوتنەوەی گۆڕان ئیرادە و توانا و وزەی ئەوەیان پێیە رووبەری دۆخەكە ببنەوە، ئایا ماتریاڵی راستەقینەی شەرە گەورەكەن لەگەڵ دەسەڵاتدا، یان لەشكرێكی بێ‌ سەركردەی پەرشوبڵاون؟ ئایا لە دۆخی ئێستا تێگەیشتوون؟ ئایا دەزانن بەشداریكردن لە دەسەڵاتدا بریتی نیە لە دەسەڵاتدارێتی؟ ئایا درك بەوەدەكەن ئەو هالە جەماوەریەی بە دەوری بزوتنەوەی گۆڕانەوە بوو لێیان توڕەن؟ ئایا بۆ چەند پۆستێك بزوتنەوەكە و خەونی گۆڕانكاری دەمرێنن؟ ئایا بەوە دەزانن ریفۆرمی سیاسی و ئابوری و سەربازی و ئیداری و یاسایی لە فەرهەنگی یەكێتی و پارتیدا نییە؟ بەڵكو سەرچاوەیەی وزەی مانەوەی ئەوانە لە دەسەڵات، ئایا ئەو راستیە مێژوویە دەزانن كە نەوەی دووەمی ینك و پدك لە صنفی نەوەیەكی قورمارچی و مغامر و تەماحكارن كە خواستە هەنوكەیەكانیان خواستە دوورەكانی میللەتەكەمان وێران دەكات؟
ئەم سەرنجانە پەلكێشمان دەكات بۆ دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا، بەرەیەك بزوتنەوەی گۆڕان وەك پرۆژەیەكی شكستخواردوو تەماشادەكات، ئەرگومێنتی ئەوەیان پێیە كە گۆڕان نەیتوانی پارێزگاری لە سێ شت بكات:
1.  كلتوری بەڕەنگای و یەكبەرەیی دژ بە ستەمی هەر دوو هێزە دەسەڵاتدارەكە.
2.  كوشتنی خەونی گۆڕانكاری، لە ئومێدەكانی ریفۆرمدا.
3.  پاڵپشتیكردن لە بەها مەعنەویەكانی ئینسانی كوردی، لە پێناو ملكەچ نەكردن.
لەمەدا ئەم بەرەیە پێوایە كە بزوتنەوەی گۆڕان مەستی شتێكی ترە كە بزوتنەوەی گۆڕانی بۆ كەنارێكی تر گواستۆتەوە:
1.  كێكی دەسەڵات و پشكی بزوتنەوەكە لەو پۆستانەی بە گۆڕان دراوە.
2.  هەڵچنینی خەونێكی بەتاڵ لەسەر ئەو چاكسازیانەی جوت حزب ئەنجامی دەدەن.
3.  خەباتی پەرلەمانی و چارەسەری كێشەكان بە ریفۆرم لە هەیكەلیەتی دەسەڵات.
بەرەی دووەم بریتیە لەو كەس و ئایدیا و دنیابینیانەی كە پێیان وایە بزوتنەوەی گۆڕان پرۆژەیەكی بەردەوامە، پرۆژەیەكە لە پێناو دەسكاریكردنی جومگە سەرەكی و هەستیار و تاپۆكراوەكان دەسەڵات، ئەم بەرەیە بریتی نیە لە سەركردایەتی ئێستای گۆڕان، بەرەیەكن بە دەوری گۆڕانەوەن، پێیەكیان لە شانە رێكخراوەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندایە و پێیەكی تری لەو كوچە و كۆڵان و شوێنە دوورە دەستانەیە كە خەون بە گۆڕانكاریراستەقینە و ژیانێكی شەرفمەندانەی باشتر لەوەیئێستا دەخوازن.

هێزی راستەقینەی ئەم بەرەیە بریتیە لە باوەربوون بە گۆڕانكاری ریشەیی، ئەم هێزە جارێك لە خۆپیشاندانە خۆرسكەكاندا خۆی دەبینێتەوە، جارێك لەو لێدوان مانگرتن و بایكۆت و هەڵوێستانەدا خۆی نمایشدەكات كە تێدا هەر بارودۆخ و سیستەمێكی تریان پێ قبوڵە جگەلەوەی یەكێتی و پارتی، دەسەڵاتی شەیتان و نەیارەكانیان پێباشترە لە دەسەڵاتی ئەم دوو هێزە.
 ئەم سەرنجە مانای وایە ئەم بەرەیە هێشتا رێكنەخراوە، هێشتا خۆرسكانە داوای گۆڕانكاری دەكەن، لای ئەوان هێشتا ئەو سێكتەر و جومگە و كایانە دیارینەكراوە كە دەبێت گۆڕانی ریشەیی تێدارووبدات، بۆیە دەبینین پرسی موچە دەبێتە پرسێكی مانگانە و كوشتنی رۆژنامەنوسان دەبێتە رووداوێكی تێپەر و كەسی، تۆخكردنەوەی سنورەكانی زۆرنی زەرد و سەوز دەبێتە كێشەی حزبایەتی و هوتافی لامەركەزی، بە تاڵانبردنی سامانی سەرزەوی و بن زەوی دەبێتە قەیرانی دارایی، لە دەستدانی نیوەی خاكی هەرێم و هەڕەشەی جدی لەسەر نیوەكەی تر دەبێتە كێشەی بڵانسی هێز،..... تێگەیشتن بۆ دوو مەسەلە بە خراپی گۆڕانی بەسەردا هاتووە، یەكەمیان چەقی ململانێكان زیاد لە پنت و دابەشكاریەكی بەخۆە بینیوە، دووەمیان گرفتی تێگەیشتن و تەفسیركردن هەیە، كە ئەمەش دەمانباتەوە سەر ئەو وتەیە د. فرج علی فودە كەلە سەرەتای ئەم وتارەدا ئاماژەمان پێداوە، بۆیە داواكاریەكان بە حەجمی كارەسات و رووداوەكان نین، هەڵبەت ئەمە ئەو حاڵەتەیە كە هاوڵاتیان بوونی گۆڕانیان لە دەسەڵاتدا پێ هەزمناكرێت.

پرسیارەكە ئەوەیە، گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی رێكخراو لە كوێی ئەم دوو بەرەیەدایە؟
ئەو بەرەیەی پێی وایە گۆڕان پرۆژەیەكی بەردەوامە، خاوەنی هەر ئەرگومێنت و پاڵنەر و خولیایەكی تایبەت و سۆزێك بن بۆ خاوەنی پرۆژەكە، لەوە كەم ناكاتەوە گۆڕان وەك بزوتنەوەیەك بە بەرپرسیاربزانن بەرامبەر پاشەكشێی هێزە نەیار و سەرسەختەكانی دژ بە دەسەڵاتی شكستخواردوو، لە راستیدا ئێمە لە نێوان دوو بەرەی جیاواز لە یەكیتر بیردەكەینەوە كە چارەنوس و ئایندەی هەرێم تا ئاستێكی زۆر لەم دوو هەڵوێست و دنیابینیە جیاوازەدا یەكاڵادەبێتەوە. بەرەیەك داوای گۆڕانكاری دەكات لەم دۆخە نالەبارەی هەیە دەكەوێتە دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، هالەیەك لە هاوڵاتیان پێیانوایە بزوتنەوەی گۆڕان ئامرازی راستەقینەی گۆڕانكاریەكانە لە هەرێمدا، هاوتایی و یەكسانی نێوان ئەم دوو هێزە ئەوەندە نزیكن لە یەكەوە هێزی گۆڕانكاری یەكسان كردووە بە سفر.

لەراستیدا لە كوێدا بزوتنەوەی گۆڕان خاڵێكیان دانا وتیان لێرەوە یەكەمین هەنگاوی چاكسازی دەنێین لەگەڵ برایانی دەسەڵاتدار ئەوا ئەم هەنگاوە یەكەم لێدانە لەو هەنگاوە راستەقینانەی كە ماكینەی گۆڕانكاری دەخاتەكار.

بێگومان واقعێكی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازی... بەدی ناكەین لەوەی ئێرە زیاتر پێویستی بە گۆڕانكاری بێت، تەنها پێویستمان بە چركردنەوەی پرسیارەكانە، دانانی خاڵی سەرەتا و رێكخستنی هێزەكانە،روونكردنەوەی ئامانجەكانە.

لە ماركسەوە ئەو ئایدیایەمان وەرگرت گەر هەوڵی فەیلەسوفان بۆ تێگەیشتن بوبێت لەو وقعەی هەیە، هەنگاوە جدیەكە ئەوەیە گۆڕانكاری تێدا بخوڵقێنین، لە پشتی ئەم تێگەیشتنەوە جۆرێك چالاكی و قودرەت بەدیدەكرێت كە سەرسەختانە پێداگری لە گۆڕانكاری دەكات، یانی شۆرشێك لە نێو بۆڵە بۆڵی با بیگۆریندا دەكاتە كردار و خاڵ دەخاتە سەر پیتەكان.

ئامادەباشی كۆمەڵگا بۆ گۆڕانكاری گرێدراوە بەو هێزانەی جدین لەسەرپێخستنی گۆڕانكای، ئەمە مێژووە و بریتیە لە ئەزموونی گەلانی دونیا.

پرسیاری ئەوەی گۆڕان پرۆژەیەكە كۆتایهاتووە یاخود هێشتا لەسەرەتای هەنگاوە گەورەكانیدایە، پرسیارێكە دۆست و لایەنگران و نەیارەكانی بەشوێن وەڵامەكەیەوە سەرقاڵكردووە، لە پاڵ ئەم پرسیارەدا راستیەك هەیە كە بەڵگەنەویستە ئەویش ئەوەیە خەونی گۆڕانكاری و دیتنی دونیایەكی باشتر لەوەی ئێستا زۆر بە بەهێزی ئامادەگی لە كۆمەڵگای ئێمەدا، بەڵام ئەم خەونی گۆڕانكاریە بە باڵای هەموو هێزێكدا هەڵناواسرێت كە هوتافی گۆڕانكاری دەكێشێت، خودی پرسەكە ئەوەیە گۆڕانكاری پرۆژەیەكی تەواو نەكراوە لە نێو كۆمەڵگای ئێمەدا، پرۆژەیەك ئەندازیارەكەی بەهامان خەون و خولیاوە سەرینایەوە. هەڵبەت لەبەردەم بزوتنەوەی گۆڕانیشدا یەك تەحدی هەیە كە نابێتە دووان، ئەویش گەڕانەوەیە بۆ پرانسیپەكانی پرۆسێسی گۆڕانكاری.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن