16وتار

سێ سەرنج و لێكدانەوە لەسەر دۆخی ئێستا

7/6/2025 3:21:00 PM
د.یاسین تەها

_ بژاردەی بەردەست و ئەگەری ڕێتێچوو ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدایە لەسەر مووچە، لانیکەم بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە. بژاردەی دووەمیش ڕاکێشانی کارتی کشانەوەی بەغدایە کە لانیکەم هەولێر نیەتی جددی لێهێناوە. کشانەوە لە پرۆسەکە بۆ هەردوولا قەیران و ڕیسکە، دەربارەی هەرێم گەڕی دیکەی سکگوشینی پێویستە و ئەمەش بۆ خەڵک سەختە، بۆ عێراقیش لە بوارەکانی هەڵبژاردن و باڵانس و پێگەی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی عێراق کێشەیە، ئەمەش وادەکات لانیکەم ئەگەرێکی قورس بێت.

هەموو کات مەترسی هێرشی گرووپی چەکدار لە عێراقەوە بۆ سەر هەرێم لە ئەگەرە دوورەکاندا هەر هەیە و بە هەندێکیان بێت ئەمڕۆ ڕوودەدات پێش سبەی، بەڵام لە ئێستادا کە هێشتا ئاگربەستی ئیسرائیل ئێران دەڵەمەیە و ئەمریکا چاوی لەسەر عێراقە و سەربازگەکانی حەشدیش چۆڵکراون لە ترسی بە ئامانجگرتن، ئەو ئەگەرە لەگەڵ پێشهات و نەخشەی هێز و کەشی ناوچەیی و جیهانیدا دژ و ناتەبایە و قەبەکردنی نالۆژیکییە مەگەر هەندێک جموجوڵی ناوچەی تەماس کە لە سەردەمی زێڕینی هەرێمیشدا هەر هەبووە، نەک ئەم داتەپینەی ئێستا (فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی دیجلە لە 2012 بەنموونە).

_ عێراق هیچ حاڵی لە هەرێم باشتر نییە، ئەگەر خراپتر نەبێت و ئەوە چیرۆکێکی درێژە. بەڵام لە سایەی نادادی دابەشکردنی داهات و جیاوازی زۆری ئاستی خەڵک و توێژاڵێکی سوودمەند لە کوردستان گرەو لەسەر پشوودرێژی و ددانبەخۆداگرتنی زیاتری خەڵک نامسۆگەر و مەترسیدارە. زۆر ئەستەمە لەم دۆخەدا باری خەڵک قورستر بکرێت و ئەگەر ڕێککەوتن هەندێک سازیشی تێدابێت هەر قازانجە. لە کاتێکدا بەغدا هەر نەوت دەفرۆشێت و هەرێمیش هەر نەوت ئیدی بازاڕکردن بۆ ئەوەی ئەوان ستەمکارن و بودجەی هەرێم نادەن و ستەمکارن کارێکی زۆر زۆر قورسە، ئەگەر لە مەحاڵەوە نزیکتر نەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن