چەند تەوەرێکی هەستیار لە هەرێم
9/22/2025 2:09:00 PM
چیا عەباس
-درۆن
درۆن لەم سەردەمەدا کاریگەریەکی بێئەندازەی هەیە بۆ لاوازکردنی بەرەکانی شەر و یەکلاییکردنەوەی ئاکامەکانی، زیانێکی گەورەی مرۆڤێش ئەنحام دەدا.
بۆ نمونە هەزاران هاوڵاتی ئۆکرانیا بە درۆنەکانی روسیا کوژرا و بریندار بون لەگەڵ کاوڵکردنی ماڵ و شوێنی کار و کاسبی. لەم نمونەیەدا درۆن وەک چەکێکی کوشندە ناتوانێت بریار لە ئەنجامی جەنگەکە بدات بەڵکو بۆ لاوازکردنی مرۆیی و سەربازی و مەعنەوی کاریگەری گەورەی هەیە ئیسرائیڵ و ئێرانیش بۆ هەمان ئەو مەبەستانە لە جەنگدا بەکاریان هێناوە.
تورکیاش بۆ تێرۆرکردنی تێکۆشەرەکانی باکوری کوردستان لە باشور و رۆژئاوا بەکاریان دەهێنی. میلیشیا شیعەکانی عێراقیش درێغیان نەکردوە لە بەکارهێنانی درۆن بۆ کاولکردنی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستان.
هەرێمی کوردستان کیانێکی لاواز و ناجێگیر و لەتبوە، لە جیۆپۆڵیتیکی ناوچەکە بە ناحەز و دوژمن گەمارۆ داروە، بۆیە بەکارهێنانی لەلایەن دنیا و دەوروبەریش راستیەکی مێژوە و ئێستاش بۆتە واقعێکی مەترسیدا چونکە ئەمریکا و هاوپەیمانانی کاری جدی دەکەن بۆ ئیحتواکردن و لاوازکردنی ئێران لە عێراق و ناوچەکە، تا رادەیەکی زۆریش سەرکەوتو بون، هاوکاتیش بە خەستی چاودێری تورکیا دەکەن. هەرێمی کوردستانیش لەژێر کاریگەری ئەم دو وڵاتە گوزەر دەکات، زو یاخود درەنگ دەبێت ئەم واقعە یەکلابکرێتەوە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەم هەمو داگیرکەر و دوژمنانەی کورد لە بەکارهێنانی درۆن دژ بە کورد دەوەستن؟ ئەگەرێکی دور نیە دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ئایندەدا ببنە ئامانجێکی ئاسان بۆ زلهێزەکانی درۆن....!
-ئۆتۆکرات
ئەفلاتون دەڵێ: ئەگەر لە ئاسمانەوە ئازادی ببارێ، كۆیلەكان چەتر هەڵدەدەن.
ئۆتۆکرات autocraat حاکمێکە دەسەڵاتی نارەوای هەیە کە حکومەتیك یا کیانێک بەرێوەدەبات کە بە ئۆتۆکراسی ناسراوە. ئەم حاکمە دەسەڵاتی رەهای هەیە و بێ گەرانەوە بۆ دەسەڵاتی سەربەخۆی یاسا و رێساکان بریار دەدات.
لە خەسڵەتەکانی ئۆتۆکرات:
-دەسەڵاتی رەهای هەیە،
-پێچەوانەی سەرکردەیەکی دیموکراسە
-دژ بە میدیای سەربەخۆ و سیستەمی سەربەخۆی داد دەوەستێت و بیرورای جیاواز سەرکوت دەکات.
نمونەکانی ئۆتۆکرات کەم نین، زیاتر لە نیوەی سەرکردە و دەسەڵاتدارانی وڵاتان و کیانە جیاکان کە زۆربەیان بەهەڵبژاردن دەسەڵاتیان وەرگرتوە، ئۆتۆکراتن. سەرجەم سەرکردەکانی کوردی باشور لە دوا نیو سەدەدا لە ناسنامەی ئۆتۆکراتیەوە نزیکن. جا چ لە سەردەمی شەر یاخود بێ شەر، ناڵێم ئاشتی چونکە لەو دەیان ساڵەدا باشور نێوان شەر و بێدەنگکردنی چەکدا گوزەری کردوە، لە زۆربەی ئەم روداوەنەدا سەرکردە ئۆتۆکراتەکانی کورد پاشكۆی ئۆتۆکراتە گەورەکانی ناوچەکە بون و هەن. ئۆتۆکراتەکانی باشور، تایبەت دوای راپەرین، خەسڵەتێکی هاوبەشیان هەیە، ئەویش گورایەڵی بێگانە و شێر لەگەڵ میللەت.
-موچە
هۆکارێکی سەرەکی قەیرانی موچە لە بنەرەتدا دەسەڵاتی هەرێمە، لەگەڵ پرسی سەربەخۆیی ئابوری پشتئەستور بە ئۆردۆگان سەری هەڵدا. ئاکامەکانی زەلیلکردنی هاوڵاتی کورد و سەرقاڵکردنی بە پرسەکانی ژیانی رۆژانەی ماڵ و منداڵ و دامرکاندنەوەی پرۆتێستە سیاسیەکانی. شۆڤینزمەکانی بەغداش ئەمەیان قۆستۆتەوە بۆ زاڵبون بەسەر هەرێمدا. ئەم قەیرانە رەواجترین کاڵای سیاسی، راگەیاندن وموزایەدەکردنە، وەک فەریزەی نوێژ لایەنی کەم رۆژانە پێنج جار لە ئاستی باڵادا لەلایەن موریدەکانی دەسەڵاتەوە لە حوجرەکانیانەوە باس دەکرێت: موچە بەرێگایەوە، دێت، چەقی بەستوە، نایەت، لەوانەیە.ئەم هەفتەیە بگات....!
-ئۆپزسیۆن
لە هەرێم ئۆپزسیۆنێکی دروست لە پەرڵەمان و لە دەرەوشی بونی نیە، ئەوەی هەیە یاخیبو و دڵگرانەکانن لە دەسەڵات کە بە رتوشی سیاسی میکیاژیان کردون. دەسەڵاتی یەکێتی لە پارتی فێربوە هیچ بوارێک بە ئۆپزسیۆنی دروست لە زۆنەکەی نەدات، ئەم تەوەرەش بەخراپی بەکار دەهێنێت بۆ یەکلاییکردنەوەی کیشەکانی نێوان وارسەکانی بنەماڵەی دەسەڵاتدار و دەور و بەریان.
روداوە قێزەوەەکانی لالەزار سەلماندیان کە دەسەڵاتی زۆنی کەسکی کاڵبو، جوتە برا، تێروانینی سادەیان بۆ پرسەکانی کوردایەتی و دیموکراسی هەیە. ئەمە سەرەرای ئەوەی ئامۆزایەکان لەوان باشتر نەبوە، دەکرا بەهێمنی و بێ هەزاران چەکدار و کوشتن و ماڵوێرانی ئامۆزاکەیان لە زیندان جێنشین بکەن.
مەخابن سەرجەم سەرکردە دەسەڵاتدارەکان باشور دەیان ساڵە زۆن، هێزی چەکداری تایبەت، دەزگای هەواڵگری تایبەت و راگەیاندنی تایبەتیان هەیە.
کێشەی بنەرەتی پرسی ئۆپزسیۆن و دەسەڵات ئەوەیە هەر دو لای ئەم پرسە لە ئاستی بەرپرسیاریەتی پرۆسەکەدا نین، هاوڵاتیش نرخەکەی دەدات.