712وتار

مەترسیەکانی بەشداربوونی گۆڕان لە حوکمرانیدا

2/1/2019 2:42:00 PM
چیا عەباس

بەشداری پێکردنی گۆڕان و نەکردنی لە کابینەی نۆ، بۆتە بابەتێکی گەرمی نێو بزوتنەوەکەو دۆخی سیاسی هەرێم. بەرەی ناڕەزایی ناو گۆڕان زۆر بەرفراوان و گەورەترە لە لایەنگرانی بەشداربوون، ئەم بەرەیە بۆ بەهێزکردنی هەڵوێستی ئەزموونەکانی رابردووی کردۆتە پێوەری سەرەکی بۆ هەڵوێستی. 


لە دوای راپەڕینەوە زۆربەی رێککەوتنە سیاسیەکانی نێوان هێزە کوردیەکان، جا ئەوانەی لە گەڵ یەکتر شەڕیان کردووە، جا ئەوانەی لە حوکمڕانی بەشداربوون و چی رێککەوتنە سیاسیەکانیشە پێشێلکراون، نیوەچڵ جێبەجێ کراون، بێ ساختە و فروفێڵکردن بەڕێوە نەچوون و بە میزاجی سیاسی رۆژانە مامەڵە کراون.


ئەو کەسەی مێژووی هەموو رێککەوتنەکان و واژۆ زل و خەستەکان و دیباجە بریقەدارەکانی رێککەوتنەکان بخوێنێتەوە، تێدەگات سیاسەتی کوردی لەم بەشەی کوردستان لەنێو خۆیدا چەند خۆخۆرو خۆپەرستەو چەند تەنراوە بە تولەڕێ و لاڕێ و درک و داڵ و خرنۆک و داو و چاڵ.


تەنها رێککەوتن تا ئەم چرکەیە بڕی کردووە رێککەوتنی واشنتۆنە بۆ راگرتنی شەڕی ناوخۆ، ئەمەش بە زەبری ئەمریکا بوو و ئێستاشی لە گەڵدا بێت هەر بە چاوسورکردنەوەی ئەو پارتی و یەکێتی پێوەی پابەندن. رێککەوتنی ستراتیژی پارتی و یەکێتی هەر لە یەکەم چرکەی واژۆکردنیەوە بە کێشەو ئاڵۆزی گەورە تەنرابوو، چارەنووسی رێککەوتنی گۆڕان و یەکێتیش سەلماندی کە هیوا هەڵچنین بە رێککەوتنەکان خەیاڵ پڵاوییەو وەهمێکە خاوەنەکانی توشی هەڵوەستە دەکات. 


گۆڕان ئەزموونێکی تاڵی لە حوکمڕانیدا هەیە، لە سیاسەتدا ناشێت ئەوە بکرێت بە پێوەری بنەڕەتی بۆ ئێستاو ئایندە. بەڵکو دەبێت وانەی لێ فێر بین و بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ پرسی حوکمڕانیدا بکرێت، چونکە لەلایەکەوە هێزە سەرەکیەکانی دەسەڵات ئێستا گەورەترن لە جاران و گۆڕان بچوک بۆتەوە، لەلاکەی ترەوە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە سروشتی ئەو هێزانەدا روویان نەداوە تا کوێرانە شایەتمان بێنین، هاوکات ئەوەی گرنگەو تایبەت لە غیابی کاک نەوشیرواندا، گۆڕانکاری لە سروشتی دەسەڵاتدارانی گۆڕان روویان داوە، ئەو گۆڕانکاریانەی کە ئەم دەستەو تاقمەی گۆڕان کە وێڵی کورسیەکی حکومەتن بێ ئیرادەو لاوازو پەرتەوازە کردووە، نامۆی کردووە بە بەها بەرزەکانی گۆڕانبوون و بە پرەنسیپەکانی گۆڕان. بە کورتی و کوردی تاقمێکی خۆپەرستی لەکەدارکەری هزری گۆڕان، بەهیچ شتێک تێر نابن و بەشێکیان دەمێکە ژێربەژێر بوونەتە بازرگان و لەگەڵ ئەم و ئەو چاوبازی سیاسی و ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن.


مەترسی بنەڕەتی لە بەشداربوونی گۆڕان نیە لە حکومەت. بەڵکو لەو کاراکتەرانەیە کە بە ناوی گۆڕانەوە بەشدار دەبن و گوایە بە خەیاڵی خۆیان نوێنەرایەتی گۆڕان دەکەن، خەیاڵیکی نەزۆک کە بە یەقینەوە هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان لێیان دێنە دەنگ. 


ئەزموونی گۆڕان لە حوکمڕانیدا بۆمان دەردەخات چەند لەو کاراکتەرانە بازرگانی سیاسی بوون و هەن، چۆن تۆڕی بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان لەگەڵ چەند جومگەیەکی دەسەڵات گرێداوە، چۆن چۆکیان داداوەو لەبەر تەماعی پارەو دەسەڵات چەماونەتەوە.


با ئەم باسە هەڵگرین بزانین پرسەکە بە کوێ دەگات، ئەوکات قسەمان دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن