گریانی نیشتمان لە سەردەمی کۆرۆنا
3/8/2020 9:33:00 PM
چیا عەباس
نوسەری بەناوبانگی کۆڵۆمبی جابریل گارسیا مارکێز
براوەی خەڵاتی نۆبڵ رۆمانێکی ناوداری هەیە بە ناوی " خۆشەویستی لە سەردەمی کۆلیرا
" ، باسی خۆشەویستی پیاوێک بۆ ئافرەتێک دەکات کە پاش چاوەروانی نیو سەدەی پیاوەکە
بە خۆشەویستەکەی دەگات و بەیەکەوە کەشتێکی دەریایی دور و درێژ دەکەن، پیاوەکە کە
خاوەنی کەشتیەکەیە نیشانەی نەخۆشی کۆلێرا لە کەشتیەکەی هەڵدەکات تا کەس کەش و هەوای
خۆی و خۆشەویستەکەی تێک نەدات.
کوردی ئەم بەشەی کوردستانەکەمان، لە سایەی
حوکمرانی رژێمەکانی بەغدا کە سەدام درندەترینان بو و لە سەردەمی فیدرالی کە کورد لە
لوتکەکانی ئەو حوکمرانیەدا بونی هەبوە و هەیە ، مافە رەواکانی لێ زوەتکرابو و ئەوەشی
بەدەستی هێناوە پچڕپچڕ و بە جورعە وەک خێرێک پێێ " دەدرێت "، ئارامی و سەقامگیری
و دڵنیایی و گەشەکردنی دروستی کۆمەڵایەتی و ئابوری بە خۆیەوە نەبینیوە، زۆربەی کات
لە دوریانی هات و نەهاتدا گیرساوەتەوە و لە سایەی مەترسی و هەرەشەدا گوزەری کردوە.
تا راپەرین ماڵوێرانی و دەربەدەری و تەعریب و ئەنفال
و کیمیاباران و کوشتن و برین پشکی کورد بوە لە دەوڵەتی عێراق. نیشتمان و نەتەوە دەیان
ساڵ چاوەروان بون، راپەرین بوە وێستگەی وەرچەرخاندنی ئەو چاوەروانیکردنە، مەخابن لە
دوای راپەرینیشەوە ساڵانێکی درێژی شەری ناوخۆ، دابەشکردنی نیشتمان و نەتەوە، دۆخی
ئاڵٶزی ئابوری، پێشێلکردنی یاسا و ئازادی، کوشتن و گرتن و نانبرین و سزای سیاسی،
دواتریش قرتاندنی موچە و گەندەڵی، بەخشینی نیوەی نیشتمان بە ناحەز و داگیرکەر و...
تاد جومگە هەستیارەکانی ژیانی هاوڵاتی کوردیان هەراسان کردوە، بێئومێد و دەستبەستراو
و لە سایەی زەبر و زەنگی دەسەڵاتداران و گروپەکانی مافیادا ئێستا و ئایندەیان
نائارام و نادیارە.
نیشتمان لە سەرهەڵدان و شۆرشەکانی دوای شکستی شۆرشی
ئەیلول لە لایەک بەدەست رژێمی بەغداوە کرابو بە دۆزەخ و لە لاکەی تریشەوە نەتەوە بۆ
ماوەی نزیکەی١٣ ساڵ بە دەست شەری حزب و هێزە " شۆرشگیرەکانی " خەباتی
شاخەوە دەیناڵاند و کرابونە سوتەمەنی مەرگەپانی ئەو شەرە خۆخۆریانە.
نیشتمان ناهەقی نەبو دەگریا، لە گەڵ ئەوەشدا
چاویشی بریبوە رۆڵە دڵسۆزەکانی و دەیلاواننەوە، بۆیە هیوا و ئومێد لە گەڵ فرمێسکی
نیشتمان بزوێنەری جەنگی خۆشەویستی کورد بو بۆ نیشتمان و مانەوەی لە سەر زێدی باو و
باپیران، وێرای هەوڵە درندەکانی دوژمن و داگیرکەران نیشتمان کەوتەوە دەستی رۆڵەکانی.
نیشتمان ناهەقی نیە لە سایەی دەسەڵاتی بەشێک لە
رۆڵەکانی دوێنێدا بگری، فرمێسکی گریانی ئەمجارەی نیشتمان بە زاخاوی بێ ئومێدی و لەباربردنی
خەون و چاوەروانیەکانی و رادەستکردنی نیوەی جەستەی بە ناحەز و داگیرکەر چێژ و رەنگێکی
تاڵ و قەترانی لە خۆ گرتوە.
جاران کە نیشتمان دەگریا گوێبیستی دایكی رۆڵەکانی
بو دەیگوت: کورم قەت نەکەی پۆستاڵی دوژمن لە پێکەی و بەسەر خاکی نیشتماندا برۆیت،
برۆ بۆ شاخ و دۆڵ و ئەشکەوتەکان زەماوەندی شۆرش بەرپابکە، نیشتمان ئاهێک بە دڵیدا
دەهاتەوە و هیوا و ئومێد لە ئاسۆیدا دەدرەوشانەوە.
لە گەڵ یەکەم هەناسەی ئازادیدا نیشتمان بینی رۆڵەکانی
بە پەرۆشیەکی بێ وێنە دەنگ بە شتێک بۆ ئایندە دەدەن، سەرلەنوێ روخساری نیشتمان دەدرەوشایەوە،
دواتر بینیشی حزب و بەرپرس کەوتنە کوشتنی یەکتر و رۆڵەکانیان فێرکردوە دەنگ دژ بە
شتێک بدەن کە ئایندەیان ئاڵۆز و نادیار دەکات، نیشتمان دڵتەنگ بوەوە و تەوژمی گریان
ناخ و دەرونیان دەکوڵان.
نیو سەدەیە نیشتمان دەگری، چاوەکانی ماندو و جەستەی
زامدار، کۆرپە و رۆڵە بەئەمەکەکانی چاویان بریوەتە هەر تروسکاییەکئ ئومێد، نیشتمانی
دایک بە فرمێسکە تاڵ و سوێرەکانی تینویەتی و برسیەتی و هەڵچون و تورەیی ناخ و دەرونی
رۆڵەکانی کە چاوەروانن دەلاوێنێتەوە.
نیشتمان چٶن نەگری کاتێک پەرژینەکانی بونەتە
درک و داڵ و خرنۆک، رۆح و هەناویان زامدار کردوە، کاتێک کەنزەکانی و کەرامەت و رەسەنی
گڵ و ئاو و هەواکەی بە ئاسانی لە بازاری عەکازی سیاسیدا موقایەزەیان پێوە دەکرێت،
کاتێک دەبینێت ئەویان کردۆتە قەڵغانێک بۆ ئەو کارانە و بە ناویەوە و لە سایەیدا هەناو
و رۆحی هەراج دەکەن و ... تاد.
ئێستا نیشتمان زیاتر لە جاران هەقیەتی بە دڵ و
بە کوڵ بگری کاتێک دیموکراسیەت کە بەناویەوە بێ ژمارە بەکارهێنراوە و سەدان هەزار
کۆرپەی بۆ ئەو خەونە بەخشیوە کراوەتە کۆت و بەندێک لە گەردن و رۆحی ئاڵاندراوە.
دیموکراسیەکی کۆنترۆڵکراو، بێدەنگ کراو و کۆیلە
کراو دەنگی رۆڵەکانی خەفە و بێ بەها کردوە.
نیشتمان: سەردەمی کۆرۆنایە، مەترسی گەورە و زۆر
لە ئایندەدا چاوەروان دەکرێن، نیشتمان: تێر تێر بگری، بەدڵ و بەکوڵ بگری، ئەوەندە
کۆرپە و رۆڵە لە کۆشی گەرم و پر سۆزی خۆتا چاویان کردۆتەوە و گۆشەکراون کە ئۆقیانوسێکن
لە خۆشەویستی بۆ تۆ، بۆیە چاوەروان بە....
نیشتمان: بێگومان رۆژێک دێت ئەوان دێنە دەنگ و
خەمخۆری ئایندەی تۆن و بەخۆشەویستیان ئاسودە و بەختەوەریت پێ دەبەخشنەوە.