گەنیوەکانی مێژو
7/31/2023 11:53:00 AM
چیا عەباس
مێژو وەک مریشکێک
ریقنە و هێلکەش دەکات، ئەم راستیە مێژوی کورد لە خەبات و سیاسەت و خۆشی و ناخۆشی دەگرێتەوە
لەسەر ئاستی حزب، گروپ، خانەوداە و تاکەکانیش. کەسێکی بەویژدان ناتوانێت نکۆڵی لە
لایەنە گەشەدارەکانی ئەو مێژوە و پێکهاتەکانی بکات، سەری نەوازش بۆ قوربانی و شەهیدەکان
دانەنەوێنێت.
بەکورتی و کوردی
لەم دۆخەی ئێستای باشوری نیشتمان بەشی هەرە زۆری هاوڵاتیان هاوران لەسەر هەڵە و گەندەڵی
و نادەدپەروەری شێوازی حوکمرانی و کار و کرداری دەسەڵاتداران و پاشکۆکانیان، ئەمە
زۆر زۆری لەسەر وتراوە و نوسراوە و خەڵک تا قوڵایی ناخ لێیان تێگەیشتون. ئەم نوسینە
لەسەر گەنیوەکانی ئەو مێژوەیە، ئەوانەی دو رو دەرچون لە گەڵ مێژو و ئێستایان.
یەکێک لە کارەکانی
دو هێزی دەسەڵاتدار ئاوردانەوەیەکی مادی بو لەو بژاردانە لە تێکۆشەر و کادرەکان،
تایبەت ئەوانەی بەدڵی ئەوان بون، لەگەڵ بەرپابونی شەری ناوخۆ ئەم ئاوردانەوەیە زۆر
خەستتر و بەرفراوانتر بو. لە گەڵ روخاندنی سەدام و رشتنی پارە بۆ هەرێم ئیتر کەوتنە
خۆیان بۆ بەیاساییکردنی ئەم کارە، دەرئەنجامەکەی لای هەمو ئاشکرایە: سەردیوار و نیودیوار
و چارەکەدیوار و بندیوار، تێكۆشەر و خائین، هەق و ناهەق لەدەوری مێزی دەسەڵات دەسورانەوە
و چاوەروانی پارویەکی چێشتە مجەورەکە بون، بەرادەیەک ئیتر بۆنی دەهات، بۆیە دەسەڵات
بچێک بەو پرۆسەیەدا چاوی خشاندەوە. لەگەڵ سەرهەڵدانی کێشەکانی موچە و بودجە لە هەرێم،
هاوکاتیش بەرفراوانبونی خەستی نارازی خەڵک بەشێک لەم پاروخۆرانە (سەرەرای ئەوەی تێكۆشەر
و پێشمەرگە دێرینەکان لێێان مافی رەوای خۆیانە ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان
دابین کراوە، باقیەکەی لە کۆنە جاش و تەواری و سیخور و کوردکوژ پەڵەیەکی ئێجگار رەشی
قێزەوەنە لەو پرۆسەیەدا) سواری شەپۆلی نارازی خەڵک بون و بە قسە و وشە کەوتنە هێرشکردنە
سەر دەسەڵات، تەنانەت لەمانە کەمیش نین ئەوانەی رێکخراوەیی و ئاشکرا هەزار و یەک تۆمەتی
درۆ بۆ دەسەڵات دروست دەکەن و داوای روخاندن و لەناوبردنیان دەکەن.
ئەم تاقمانە سەرپشكن
چۆن هەڵسەنگاندن بۆ دەسەڵات دەکەن و بیری لێدەکەنەوە، بەڵام هەرگیزا و هەرگیز نابێت
بوارێان بدرێتی تورەیی و نارەزایی خەڵک بۆ سپیکردنەوەی خۆیان بەکاربهێنن. ئەوان بەشێکی
هەستیاری ئەو سیستەمە نایاسایی و نارەوایەبون و دەهۆڵیشیان بۆی لێداوە، بێجگە لە
شایستە رەواکانی خۆیان بە سەدان ملیۆن دۆلار سودمەندی شاردراوە و ژێربەژێر بون، ئێستاش
دەیانەوێت لەسایەی نارازیبوندا وسڵی خۆیان دەرکەن. کورد وتویەتی: بانێکە و دو هەوا،
بەڵام بەلای ئەمانەوە بانێکە دەیان هەوا.
بەشێکی بەرچاوی
ئەوانەی دەنوسن و زۆر دەڵێن بەردەوام تیری کەوانەکانیان ئاراستەی دەسەڵات دەکەن و
زۆر بێ نمەکیش دەرچون بەرامبەر بە سەرکردە و بەرپرسانی پێشویان کە لە ئاوی زەمزەمیان
هەڵکێشابون، بۆ جارێکیش ئاور لەوە نادەنەوە کە خۆیان لەسەر و دەوری مێزە چەورەکەی
دەسەڵات چ زەرەر و نائومێدیان بەخەڵک بەخشیوە و چۆن سەروەت و سامانی نیشتمانیان هەڵلۆشیوە،
وەک وتراوە: کە ماڵی خۆت لە شوشە بو بەرد مەگرە کەس.
مەخابن ئەمجۆرە
مرۆڤانە لە مێژو و ئێستا و ئەو دنیا تەرە بون و بونەتە نمونە زیندوەکەی گەنیوەکانی
مێژو.