کۆکردنەوەی پارەی خێرخوازی لەنێوان ئەرکی ئایینی و بازرگانیکردن بەئایین!
8/7/2025 12:15:00 PM
نیاز سهعید عهلی
جێی ئاماژەیە خودی دامەزرێنەر و پێشەوای قاعیدە؛
کە بریتیبوو لە ئوسامەی کوری لادن؛ سەرمایەدارێکی دەوڵەمەند و خاوەن پرۆژەی
بازرگانیی گەورە بوو؛ سەرمایەکەی تەرخانکردبوو بۆ فراوانکردنی بنکە و تۆڕەکانی ڕێکخراوەکەی
و کۆمەککردنی ئەو هێز و گرووپانەی کە بەیعەتی پێ ئەدەن و ئەکەونە ئەنجامدانی کردەوەی
تیرۆر، بە خزمەتی ئامانجەکانی قاعیدە و لەدژی ئەمریکا و هەندیک لەو وڵاتانەی کە لەدید
و تێڕوانین و ئەدەبیاتی قاعیدەدا؛ بە پاشکۆ و نۆکەری ئەمریکا و ئیسرائیڵ لەقەڵەمئەدران.
لەم قۆناغەدا لەلایەک سوودێکی زۆر لەداهات و سەرچاوە
داراییەکانی ڕێکخراوی قاعیدە وەرگیرا، بەهەمانشێوە سوود لەو داهات و کۆمەکە داراییانەی
تریش وەرگیرا؛ کە بە ناوی خێرخوازیەوە، لەدوای ڕاگەیاندنی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی
قاعیدە لەئەفغانستان؛ بە ناوی (بەرەی جیهانیی بۆ جیهادکردن بەسەر خاچپەرستان و
جوو- شوباتی ١٩٩٨)، لەناو وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی تری ئیسلامی و لەناو ڕەوەندی
موسوڵمانان لەڕۆژئاوا کۆکرایەوە.
ئەزموونی دووەم/ بەپێچەوانەی ئەزموونی یەکەم، لەژمارەیەکی زۆری وڵاتان،
بەتایبەتی لەڕۆژئاوا و لەبەشێک لەوڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان؛ لەڕێگەی سەپاندنی ڕێکاری
یاسایی و بانکی و کارگێڕیی و چاودێریی وردەوە، تا ڕادەیەکی زۆر توانراوە ئەم دیاردەیە
کۆنتڕۆڵ بکرێت و پابەند بکرێت؛ بە شەفافکردنی بڕ و سەرچاوەکانی داهاتی کۆکراوە و چۆنیەتیی
بەکارهێنانی؛ ئەمەش لەپێناوی چوار ئامانج؛ کە بریتین لە :
١- بەرەنگاربوونەوەی
گەندەڵی و دزیکردن بە ناوی خێرخوازی.
٢- ڕێگریکردن
لەسپیکردنەوەی پارەی ڕەش.
٣- ڕێگریکردن
لەبەکارهێنانی پارەکان، بۆ خزمەتی دیاردەی تیرۆر.
٤- ڕێگریکردن
لەبەکارهێنانی پارەکان، بە بەرژەوەندیی پارت و گرووپەکانی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم.
ئەو چوار ئامانجە بوونە هۆی پیاچوونەوە و خستنەژێر
چاودێری و بەدواداچوون؛ بۆ هەر هەوڵێک کە ئەدرێت، بە ئامانجی کۆکردنەوەی پارە بە
ناوی خێرخوازی؛ بەتایبەتی لەناو ڕەوەندی موسوڵمانان لەڕۆژئاوا، وڵاتانی کەنداو، میسر،
ئەردەن، توورکیا، مالیزیا، تونس، جەزائیر، مەغریب و ... هتد.
شایەنی باسە چەندین بانگەوازکاری ئایینی و
گرووپ و ڕێکخراوی ئیسلامی سیاسی و سەلەفیزم، لەژمارەیەک لەو وڵاتانەدا، ڕووبەڕووی
لێپێچینەوە و هەڵدانەوەی ئابرووچوونی گەورەی دارایی بوونەوە.
ئەتوانین بڵێین بەشێک لەوڵاتان، هەنگاوی گەورە و ڕیشەییان
نا، بۆ سنووردارکردن و بەیاساییکردن و کۆنتڕۆڵکردنی کاری کۆکردنەوەی پارەی خێرخوازی
و توانیان خۆیان لەو پاشاگەردانیە ڕزگاربکەن؛ بۆ ئەوەی چیتر بانگەوازکار و گرووپە
ئایینییەکان، نەتوانن لەدەرەوەی ڕێنمایی و ڕێکارە یاساییەکان و دوور لەشەفافیەت؛ مینبەری
مزگەوت و سەکۆکانی سۆشیال میدیا و ناوەندەکانی میدیا، بە ناوی فریاکەوتن و بەهاناوەچوونی
موسوڵمانانی لێقەوماوی جیهان بقۆزنەوە؛ بۆ کۆکردنەوەی پارەیەکی گوماناوی و دەمامکدار
بە ناوی خێرخوازی.