27وتار

پێکدادانی ئێران - ئیسرائیل لەنێوان بەریەککەوتنی ویلایەتی فەقێ و ڕەوتی ڕاستڕەوی توندڕەو !

7/12/2025 2:27:00 PM
نیاز سه‌عید عه‌لی

یەکەم/ کڵپەی ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی بۆ ئیسرائیل 

 لەدوای شۆڕشی گەلانی ئێران و دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەچەند قۆناغێکدا و بەهۆی تێڕوانینی جیاواز و ناکۆک؛ بەتایبەتی بەهۆی پەلهاویشتنی دەرەکیی ئێران و بەئامانجکردنی ئیسرائیل تیایدا، هەروەها بەهۆی چەندین دۆسیە و ناکۆکی و کێشەی تر؛ ململانێ و تەنگژە و دژایەتیکردن؛ لەنێوان ئێران و ئیسرائیل سەریهەڵداوە.

بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێی نێوانیان؛ تاکو ئێستا چەندین قۆناغی هەڵکشان و داکشان و تەسەنەشەندن و پێکدادانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەخۆیەوە بینیوە.

بەدەر لەبوونی ناکۆکی و دژایەتیی ڕابردووی دامەزراوەی ئایینیی لەئێران، بەتایبەتی لەلایەن گەورە ئایەتوڵڵا ئیمام خومەینی؛ لەدژی دانپیانان و مامەڵەی شای ئێران بە ئیسرائیل و هەڵوەشاندنەوەی ئەو دانپیانانە لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران؛ لەپێشهاتێکی تردا ئێران توانی لەڕێگەی دامەزراندنی حیزبوڵڵای لوبنان، لەساڵی (١٩٨٢)؛ هەنگاوێکی گەورە بنێت، بە ئامانجی پەلهاویشتنی دەرەکیی سیستەمی ویلایەتی فەقێ و بڵاوکردنەوە و بەگشتاندنی شۆڕشی ئیسلامی لەدەرەوە؛ لەسەر ئەو بنەمایەی کە سنووری سیستەمی ویلایەتی فەقێ بەگوێرەی تیۆرەکەی ئیمام خومەینی؛ تەنها لەچوارچێوەی ئێراندا قەتیس نابێت؛ بەڵکو پرۆژەیەکە بۆ هەموو جیهانی ئیسلامی، بەڵام لەیەکەمجاردا پەل بۆ وڵات و کۆمەڵگا شیعەکان ئەهاوێت.

یەکێک لەڕەهەندەکانی کارکردنی ئێران، بۆ ناردنە دەرەوەی پەیام و ئەزموونی شۆڕشی ئیسلامی و پلان و هەنگاوەکانی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە فراوانخوازیەکەی لەناوچەکەدا، بریتیبوو لەهەراسانکردن و تەنگپێهەڵچنینی ئیسرائیل و کەسبکردنی دوژمنەکانی ئەو وڵاتە؛ بەلای خۆیدا.

ئێران لەپێشهاتێکی تردا، لەسەر بنەمای پشتبەستن بە دەستوورەکەی؛ کە ڕێی پێئەدات و دەستی ئاوەڵا ئەکات، بۆ پشتگیریی و هاوکاریی ڕێکخراوە ئیسلامی سیاسیە دەرەکیەکان؛ توانی هەڵوێست و بڕیاری ڕەتکردنەوە و دژایەتیکردنی ڕێکخراوی حەماس و جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین؛ لەدژی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆی (١٩٩٣)ی نێوان ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین و ئیسرائیل بقۆزیتەوە و ڕایانکێشێت بەلای خۆیدا و بیانگرێتەخۆ، هەروەها هاوکاری و پشتگیرییان بکات، بۆ ئەوەی شانبەشانی حیزبوڵڵا بیانخاتە پاڵ خۆی؛ بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ لەبەرامبەر ئیسرائیل.

حیزبوڵڵای لوبنان؛ بە یەکێک لەپارتە دامەزراوە سەرەتاییەکان لەقەڵەمئەدرێت، کە لەسەر بنەمای گەڕانەوە و وەلائیبوون؛ بۆ وەلی فەقێ لەئێران، وەکو مەرجەعی فیقهی؛ لەلایەن باڵیۆزی ئێران لەسووریا، لە(١٩٨٢)دا دامەزرا.

لەئێستادا حیزبوڵڵا؛ وەلی فەقێی سیستەمی ویلایەتی فەقێ، کە ئەکاتە گەورە ئایەتوڵڵا عەلی خامەنەئی؛ بە پێشەوای ئایینیی و مەرجەعی فیقهی و موفتی و خاوەن بڕیاری خۆی ئەزانێت.

هاوکات حەماس و جیهادی فەڵەستینییش؛ بە دوو هێزی ئیسلامی سیاسیی سووننە ئەژمارئەکرێن، کە لەسەر بنەمای دوژمنی هاوبەش؛ لەئێران نزیکبوونەتەوە و چوونەتە ناو (بەرە)ی ئێران، دواتر ئێران (بەرە)کەی وەرچەرخاند؛ بۆ (میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانیی) و ئەوانیش بوونە ئەندام تیایدا. 

شایەنی باسە لەکۆتایی (١٩٨٢)، یەکەم زەبری ناڕاستەوخۆی ئێران؛ لەڕێگەی حیزبوڵڵا لەدژی ئیسرائیل لەباشووری لوبنان ڕوویدا و درێژبووەوە بۆ قۆناغی هەنووکەیی، یەکەم زەبری ڕاستەوخۆی ئیسرائیلیش لەدژی پێگەی ئێران، لەناو سووریا لە(٢٠١٣) ڕوویدا و درێژبووەوە بۆ کۆتاییەکانی هەڵهاتنی بەشار ئەسەد لەسووریا و ڕووداوەکانی لوبنان و غەززە و باکووری یەمەن، دواترینیشان لەحوزەیرانی ڕابردوو، کاتێک بە بۆردوومان کەوتنە هێرشی ئاسمانیی لەدژی یەکتر، ئەمە لەکاتێکدا لەقۆناغی پێشووی فەرمانڕەوایی پاشایەتیی ئێراندا؛ هیچ بنەما و هۆکار، یان زەمینە و پێشینەیەکی مێژوویی، جوگرافی، ئابووری، ئایدیۆلۆژیی، ئایینیی و ستراتیژیی؛ بۆ دروستبوونی ناکۆکی و ململانێ و تەنگژە لەنێوانیان؛ لەئارادا نەبووە، بەڵکو بەپێچەوانەوە پەیوەندیەکانی نێوانیان؛ بەهێز و دۆستانە و هاوسەنگ بوو.

دووەم/ فراوانخوازیی ئێران و بڵێسەی بەریەککەوتن لەگەڵ ئیسرائیل

 ئەتوانین بڵێین یەکەم پێکدادان و ڕووبەڕووبوونەوەی ناڕاستەوخۆ و شەڕکردنی ئێران بە هێزە بریکارەکان لەدژی ئیسرائیل؛ لەلوبنان دەستیپێکرد، ئەویش لەناو ڕووداوەکانی شەڕی ناوخۆی لوبنان و لەدوای لەشکرکێشیی سوپای ئیسرائیل؛ بۆ باشووری لوبنان لەساڵی (١٩٨٢).

ئەم ڕووداوە لەدوای چەند مانگێک لەدامەزراندنی حیزبوڵڵای لوبنان و بەدیاریکراوی لەڕۆژی (١١/١١/١٩٨٢) دەستپێئەکات؛ ئەو کاتەی حیزبوڵڵا بە ئەنجامدانی تەقینەوەیەکی گەورە، توانی بنکەیەکی سوپای ئیسرائیل لەباشووری لوبنان؛ بکاتە ئامانج، ئەوە بوو لەو کردەوەیەدا؛ (٨٩) ئیسرائیلی گیانی لەدەستدا.

ڕۆڵ و بەشداریی حیزبوڵڵا، لەململانێ و شەڕ لەدژی ئیسرائیل، بە هاوکاری و پشتیوانیی  ئێران؛ چەندین قۆناغ و پێکدادان و شەڕی گەورەی بەرەیی لەباشووری لوبناندا، بەخۆوە بینیوە و درێژبووەتەوە بۆ ناو ڕووداوەکانی سووریا.  

حیزبوڵڵا لەقۆناغی کۆتایی ململانێ و شەڕکردن لەدژی ئیسرائیل؛ لەمانگەکانی ڕابردوودا، تووشی شکستی گەورە و قوربانیی زۆر بووەوە، لەناویاندا لەدەستدانی دوو ئەمینداری گشتی، دەیان فەرماندە و لێپرسراو و سەدان کادر، هەزاران ئەندام و جەنگاوەر، سەرەڕای بەرتەسکبوونەوەی ڕۆڵ و قەبارە و کاریگەریی؛ لەناو پرۆسەی سیاسیی لوبنان، هاوکات لەدەستدانی گۆڕەپانی سووریا و نەمانی دەروازە کراوەکانی سووریا لەبەردەمیدا؛ بەرەو عێراق و ئێران، لەلایەکی تر نەمانی هاوکاریە لۆجستیکیەکان و کەمبوونەوەی سەرچاوە داراییەکان، دواترینیان دروستبوونی فشار و گووشاری نێودەوڵەتی و ئقلیمی و ناوخۆیی لەسەری؛ بۆ خۆداماڵین لەچەک و بوونی بە ڕێکخراوێکی سیاسیی ناچەکدار.

لەلایەکی تر لەناوەڕاستی نەوەدەکان بەدواوە؛ حەماس و جیهادیی ئیسلامیی لەفەڵەستین؛ کە لەململانێیەکی پڕ لەتوندوتیژی و چەکدارییدا بوون، لەدژی ئیسرائیل، بەتوندی لەدژی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ ڕاوەستان و چوونە سەر هێڵی ئێران؛ بۆ درێژەپێدان بە ئەنجامدانی کردەوە سەربازی و تەقینەوە خۆکوژیەکان؛ لەدژی ئیسرائیل.

لەسەر شانۆی ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل؛ حەماس بە پلەی یەکەم و بە جیاوازیەکی زۆر گەورە، بە بەراوورد لەگەڵ جیهادی ئیسلامی، بە چڕی و قوورسی کەوتە ناو بازنەی بەریەککەوتن و پێکدادان لەگەڵ ئیسرائیل، دیارە هۆکاری ئەوەش ئەگەڕێتەوە بۆ بوونی حەماس؛ بە پارتی فەرمانڕەوا لەکەرتی غەززە، لەپاش هەڵبژاردنی گشتیی (٢٠٠٦).

حەماس بەهۆی ناکۆکی و نەگونجان، لەگەڵ بزووتنەوەی فەتح لەغەززە؛ ساڵی دواتر بە زەبری هەڕەشە و بەکارهێنانی هێز؛ توانی دەست بەسەر هەموو فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەتی فەڵەستین لەغەززە بگرێت و بکەوێتە پاکسازیی لەدژی فەتح؛ لەئەنجامدا خۆی بە تاکە دەسەڵاتداری ڕەها و خاوەن بڕیاری یەکەمی شەڕ و ئاشتی لەغەززە مایەوە.

حەماس لە(٢٠٠٧)ەوە تاکو ئێستا؛ لەکایەی فەرمانڕەوایی، ئەمنی، سیاسی و سەربازیدا، تاکڕەوانە لەغەززە باڵادەست و زاڵ و بە هەژموونە، قەوارەی غەززەی کردۆتە گۆڕەپان، بۆ بەڕێوەبردنی شەڕ و پاکتاوکردنی ناکۆکی و ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل، بێ ئەوەی پرس و ڕاوێژ و هەماهەنگی؛ لەگەڵ حکومەتی فەڵەستین، لەشاری ڕامەڵڵای کەناری خۆرئاوا بکات.

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حکومەتی حەماس لەغەززە، کە حەماس لەئۆکتۆبەری (٢٠٢٣)دا، بە بێ لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگیی هێز و ئەنجام و دەرهاویشتە و لێکەوتەکان هەڵیگیرساند ؛ بیانوو و پاساوی خستە بەردەم ئیسرائیل، تا لەکاردانەوەدا زۆر بەسەختی بەرەنگاری حەماس و قەوارەی غەززە ببێتەوە و هێرش و پەلامارێکی گەورەی فراوانی بەردەوامی بکاتە سەر، تیایدا تەڕ و وشک پێکەوە بسووتێنێت و بیقۆزێتەوە بۆ خاپوورکردنی و جینۆسایدکردن و ئاوارەکردنی دانیشتوانەکەی.

لەئێستادا ئەو شەڕە گەیشتووەتە، ڕەوشێکی دژوار و ئاڵۆسکاو و بنبەست، سەرەڕای دەیان هەزار قوربانیی هاوڵاتیان؛ لەکوژراو و پەککەوتە و بریندار و بەکەلاوەبوونی غەززە و پەککەوتنی سەرجەم دامودەزگا خزمەتگوزاریەکان و نەمانی هیچ بنەمایەکی ژیانکردن تیایدا؛ هێشتا ڕۆژانە لەغەززە خوێنی زیاتر ئەڕژێت، بەڵام ئەمجارەیان لەپێناوی بەدەستهێنانی بڕێک ئازووخە، یان ژەمە خواردنێک.

شایەنی باسە زەبری کوشندەی ئیسرائیل لەبریکارەکانی ئێران، هەر تەنها بە حەماس و حیزبوڵڵاوە نەوەستا، بەڵکو پەلیهاویشت بۆ بەشداریکردن لەسیناریۆی ڕووخانی سیستەمی بەشار ئەسەد و زەبر وەشاندن لەحوسیەکانی یەمەن؛ کە هەردوو لایان هاوپەیمان و ئەندامی (میحوەری مقاوەمەت) بوون. 

ئیسرائیل لەپاش زەبروەشاندنە کاریگەرەکانی لەبریکارەکان، هەروەها بەهۆی ڕووخانی سیستەمی بەشار ئەسەد و نەمانی پێگە و هەژموونی ئێران لەسووریا؛ بەهەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا، کەوتنە تەنگپێهەڵچنین بە ئێران، بۆ ئەم مەبەستە دۆسیەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی ئێرانیان قۆستەوە، ئەویش بۆ گوشار و ئابڵۆقەدان و ملپێکەچکردنی ئێران، دیارە ئامانجی گەورەش لەم دۆسیەیەدا؛ بریتیە لەڕەواندنەوەی ترسی ئیسرائیلیەکان، لەچەکی ئەتۆمیی ئێران و گۆڕینی هاوسەنگیی هێز، بە بەرژەوەندیی ئیسرائیل؛ بۆ ئەوەی ببێتە میحوەر و ناوەندێکی بەهێزی بێ ڕکابەر لەناوچەکەدا.

ئەوەی مایەی گەڵاڵەکردنە ئەوەیە؛ پاش شکستی دانوستانی نێوان ئەمریکا و ئێران؛ لەسەر بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران؛ بە هاوکاری و بە بەشداریی ئەمریکا و بە دەستپێشخەریی ئیسرائیل؛ شەڕی ڕۆکێتهاویشتن و بۆردوومانی ئاسمانیی (١٢) ڕۆژە، لە(١٣-٢٤/٦/٢٠٢٥)؛ لەنێوان (ئیسرائیل- ئەمریکا)؛ لەدژی ئێران دەستیپێکرد.

ئەوەی جێی هەڵوێستە و تێڕامانە؛ ئەو شەڕە بە سینارۆیەک و لەکاتێکی خێرادا، کۆتایی پێهێنرا، بەڵام بە تەمومژیی و ناڕوونی، هەروەها بە بێ دەرکەوتن و درککردن؛ بە هاتنەدی ئامانجەکانی (ئیسرائیل- ئەمریکا). 

سێیەم/ بووژانەوەی ڕەوتی ڕاستڕەوی توندڕەو لەئیسرائیل

 لەبەرامبەر پەلهاویشتنی ئامانجدارانەی ئێران، لەدژی ئیسرائیل و بەهۆی بەردەوامیی کردەوە سەربازیەکانی ڕێکخراوە ئیسلامی سیاسیەکانی پاڵ ئێران، لەدژی ئیسرائیل؛ بەتایبەتی لەدوای شکستی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ؛ ڕای گشتی و فەرمانڕەوایانی ئەو وڵاتە درکیان بە هەڕەشە و مەترسیی جدی کرد؛ بۆ تێکچوونی ڕەوشی گشتی و باری ئاسایشی ناوخۆ.

پێیانوابوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرگریکردن و سەرکەوتن؛ پێویستیان بە حکومەتێکی بەهێز هەیە، تاکو بتوانێت بە باسکێکی ئەستوور و چەپۆکێکی پۆڵایین، لەبری سازشکردن و سەرنەویکردن؛ ئامادە بێت بۆ تۆقاندن و گورز وەشاندن و لێدانی زەبری کوشندە؛ لەدوژمن.

خواست و ویستی ئیسرائیلیەکان، بۆ بوون بە خاوەنی حکومەتێک بەو مەرج و خەسەڵەتانە؛ لەلایەک بووە هۆی بووژانەوە و تەشەنەسەندنی ڕەوتی ڕاستڕەوی توندڕەو بەگشتی؛ لەلایەکی تریش بووە هۆی بەهێزبوونی جەماوەریی پارتێکی ڕاستڕەوی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ بەتایبەتی؛ بە ناوی پارتی لیکۆد، بە سەرۆکایەتیی نەتانیاهۆ.

بوونی لیکۆد بە پارتی فەرمانڕەوا؛ بووە خاڵی وەرچەرخان بۆ ئاڵۆزکردنی پرۆسەی ئاشتی و شکستپێهێنان بە ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ، لەلایەکی تریش بووە ئاراستەکەری پرۆسەی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێکانی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیەکان؛ بەرەو گرژی و تەشەنەسەندنی زیاتر، هاوکات بووە هۆی زەمینەخۆشکردن بۆ بەریەککەوتنی ئێران و ئیسرائیل، لەقۆناغەکانی دواتر. 

شایەنی باسە لەدوای باڵادەستبوونی   ئەو  ڕەوتە؛ لەناو ناوەندی بڕیاری ئیسرائیل،  ناکۆکی و ململانێی ئەو دوو وڵاتە زەقبووەوە، بەدوای خۆیدا پێشبڕکێی خۆپڕچەککردن بە چەکی ئەتۆم و ڕۆکێتی پێشکەوتوو و دوورهاوێژی لێ هاتەبەرهەم؛ کە لەڕووی ستراتیژیەوە کار لەسەر گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لەنێوانیان و دروستکردنی هەڕەشە و مەترسی؛ لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەر دوو وڵات دروست ئەکات.

چوارەم/ درەوشانەوەی ئەستێرەی بنیامین نەتانیاهۆ

 نەتانیاهۆ بەهۆی هەڵویستی توند، لەدژی ڕێککەوتننامەکە؛ ئەستێرەی درەوشایەوە و بوو بە سەرکردەی یەکەمی ئۆپۆزسیۆن لەقۆناغی (١٩٩٣-١٩٩٦)، پاشان وەکو یەکەمین سەرکردەی گەنج؛ توانی لەهەڵبژاردنی (١٩٩٦)دا، بە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ؛ ببێتە سەرۆک وەزیران.

نەتانیاهۆ چ وەکو سەرۆکی لیکۆد، چ وەکو سەرۆکی یەکەمی ئۆپۆزسیۆن، چ وەکو سەرۆک وەزیران و وەزیر؛ هیچ کات باوەڕی پتەو و جدی بە پرۆسەی ئاشتی، لەگەڵ فەڵەستینیەکان نەبووە، مەگەر بە سنوورداری و پچڕپچڕی.

ناوبراو لەقۆناغی ئۆپۆزسیۆن و لەکاتی فەرمانڕەوایی؛ بە پەیام و بە هەڵوێست، بە بڕیار و بە کردار؛ لەدژی پرانسیپی (زەوی لەبەرامبەر ئاشتی) ڕاوەستا؛ کە ڕێککەوتننامەکەی لەسەر بنیاتنرابوو.

نەتانیاهۆ لەگەرمەی گفتوگۆکانی ڕێککەوتننامەکە، وەکو سەرکردەی یەکەمی ئۆپۆزسیۆن؛ بە کردار لەدژی حکومەتی پارتی کاری چەپڕەوی فەرمانڕەوای ئیسرائیل ڕاوەستا، کە ئیمزاکەری لایەنی ئیسرائیلیی ڕێککەوتننامەکە بوو، ڕەخنەی لێگرت و تاوانباریکرد بە پاداشتکردنی فەڵەستینیەکان؛ بە ئاشتی و بە پێدانی زەوی و دروستکردنی دەوڵەت بۆیان؛ وەکو خەڵات لەبەرامبەر درێژەپێدان بە کردەوە سەربازی و توندوتیژی و خۆکوژی و تەقینەوەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی و بۆردوومانەکانی حیزبوڵڵا لەدژی ئیسرائیل؛ کە لەکاتی دانیشتنەکانی گفتوگۆکانی ڕێککەوتننامەکەدا؛ بە بێباکی و خەمساردانە، بێ لەبەرچاوگرتنی دەرهاویشتە و لێکەوتەکان، بێ درککردن بە ئاراستە و ئاسۆ و ئاییندەی کێشە و ململانێکە؛ ئەنجامیان ئەدا و بووە هۆی لێکەوتنەوەی سەدان قوربانی؛ لەکوژراو و بریندار، کە زۆرینەیان هاوڵاتیی ئاسایی بوون.

بەهۆی بەردەوامیی کردەوەکان و زۆریی قوربانیەکان و دروستبوونی ڕەوشێکی نائارام و ناسەقامگیر و کەشێکی نائاسایش لەئیسرائیل؛ میدیا و ڕای گشتی لەو وڵاتە وروژا وکەوتە ژێر کاریگەریی لیکۆد و زەمینە ڕەخسا؛ بۆ تەشەنەسەندن و بەهێزبوونی لەناو کۆمەڵگای ئیسرائیل.

سەرەنجام جۆرێک لەکۆدەنگی، لەسەر بنەمای زۆرینە لەناو شەقامی ئیسرائیل دروستبوو؛ بۆ ڕاگرتن و  هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەکە؛ بە بەرژەوەندیی ڕەوتی ڕاستڕەو و لیکۆد.

جێی باسە ڕەوش و ئاراستەی چەقبەستوویی ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆ و بەردەوامی کردەوە سەربازی و خۆکوژیەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی و بۆردوومانەکانی حیزبوڵڵا لەدژی ئیسرائیل؛ بووە کاریگەرترین و باشترین هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ناڕاستەوخۆ و خۆڕایی، بۆ لیکۆد و  نەتانیاهۆ، چونکە     کاریگەریی بەرچاوی دروستکرد؛ لەسەر گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنی گشتیی (١٩٩٦)؛ بە بەرژەوەندیی لیکۆد و نەتانیاهۆ و باڵی ڕاستڕەو.

نەتانیاهۆ پاش دەستبەکاربوونی بە سەرۆک وەزیران، وەکو پاداشتێک بۆ دەنگدەرەکانی؛ یەکسەر گفتوگۆکانی ئاشتی ڕاگرت و شکستی بە ڕێککەوتننامەکە هێنا، هاوکات لەدژی کاردانەوەی توندی فەڵەستینیەکان؛ کەوتە بەکارهێنانی هێز و زەبروزەنگ.
جێی ئاماژەیە لەساڵی (١٩٩٦)ەوە؛ لەکۆی (١١) حکومەت؛ ڕەوتی ڕاستڕەوی توندڕەو بەگشتی و لیکۆد بەتایبەتی، لە(٨) حکومەتدا؛ لەناویاندا حکومەتی ئێستا؛ فەرمانڕەوا و دەسەڵاتدار و خاوەن هەژموونن؛ بەسەر داڕشتنی هەڵوێست و بڕیار و سیاسەتی ئیسرائیل.

لەسایەی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی ئەم ڕەوتەدا؛ ئیسرائیل سەختترین و توندوتیژترین و ئاڵۆزترین، قۆناغەکانی شەڕ و ململانێی لەگەڵ فەڵەستینیەکان، حیزبوڵڵا، سووریا، ئێران و حوسیەکانی یەمەن بڕیوە.

ئەتوانین بڵێین لەو مێژووەدا و بەدرێژایی (٢٩) ساڵی ڕابردوو؛ ڕەوتی ڕاستڕەوی توندڕەو لەئیسرائیل؛ بە لیکۆد و پارتی کادیمای جیابووەوە لەلیکۆد؛ زیاتر لە(١٩) ساڵ پارتی فەرمانڕەوا بوون، پشکی لیکۆد و نەتانیاهۆ؛ لەو (١٩) ساڵە؛ بریتیە لەزیاتر لە(١٧) ساڵ، کە تیایدا نەتانیاهۆ بە شەش خولی سەرۆکایەتی؛ دەوروبەری (١٧) ساڵ سەرۆک وەزیران و لەدوو خولی تریشدا؛ سێ ساڵ وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی بووە، تا هەڵبژاردنی ساڵی داهاتووش، بە سەرۆک وەزیران ئەمێنێتەوە؛ ئەگەر ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە و هەڵبژاردنی پێشوەخت نەکرێت. 

شایەنی باسە لیکۆد لەدامەزراندنیەوە لە(١٩٧٣)؛ پارتێکی ڕاستڕەوی ناسیۆنالیزمی توندڕەو بووە، باوەڕی بە پرۆژەی (ئیسرائیلی گەورە) و (یەکێتیی نەتەوەیی جوو) هەیە، ئەگەر باوەڕی بە ئاشتی و ڕێککەوتن هەبێت لەگەل فەڵەستینیەکان؛ ئەوا ئەبێت ئیسرائیل تیایدا براوە و سوودمەندی یەکەم و خاوەنی بەرژەوەندیی پارێزراو و ئامانجی بەدیهاتوو بێت. ئەگەر ئەنجام بەو شێوەیە نەبوو، ئەوا بڕوای بەگرتنەبەری بژاردەیەکی تری ئەلتەرناتیڤ هەیە؛ ئەویش بریتیە لەپرانسیپی بەزۆر سەپاندنی دیفاکتۆ و ناچارکردنی فەڵەستینیەکان و دوژمنەکانی تر بۆ ملکەچپێکردن؛ ئەویش بە پشتبەستن بە گوشار و هەڕەشە و بەکارهێنانی هێز و بەرپاکردنی شەڕ.

پێنجەم/ نەتانیاهۆ و تێزی (بەتیرۆرکردن)ی کێشەی فەڵەستین

 نەتانیاهۆ پێش ئەوەی بچێتە ناو جیهانی سیاسەت و بەشداریی ڕاستەوخۆ و پراکتیکی تیا بکات، لەڕێگەی دەزگایەکی توێژینەوەوە؛ چەندین کاری توێژینەوەیی لەسەر کێشەی فەڵەستین کردوە و خستویەتیە خزمەتی تێزی بەتیرۆرکردنی کێشەکە؛ ئەویش بە ئامانجی پووچەڵکردنەوە و داماڵینی کێشەی فەڵەستین، لەهەموو ناوەرۆک و ئاراستە و خەسڵەتێکی سیاسی.

لەڕوانگەی ئەم تێزەوە و لەدیدی نەتانیاهۆوە؛ ناکۆکی و ململانێ لەگەڵ فەڵەستینیەکان و هێزە دوژمنەکانی تر؛ کێشەیەکە لەچوارچێوەی دۆسیەی ئاسایشی دەوڵەتی ئیسرائیل و بە گەورەترین هەڕەشە و مەترسی لەقەڵەمئەدات؛ لەسەر ڕەوشی سەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆ و ئاسایشیی نەتەوەیی دەوڵەت، پێیوایە ئەبێت وەکو دیاردەی تیرۆر، خوێندنەوە و مامەڵە لەگەڵ کێشەی فەڵەستین بکرێت؛ نەک وەکو کێشەیەکی مرۆیی و سیاسی.

هەرچەندە ڕەگوڕیشە و پێشینەی تێزی بەتیرۆرکردنی کێشەی فەڵەستین؛ ئەگەڕێتەوە بۆ پێش سەرهەڵدان و دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی و حیزبوڵڵا؛ بەڵام ئەتوانین بڵێین کردەوە سەربازی و خۆکوژی و توندوتیژیەکانی ئەوان لەدژی ئیسرائیل و چوونیان بۆ ناو (بەرە) و (میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانی)ی ئێران لەدژی ئیسرائیل و ئەمریکا؛ بووەتە هاندەر و پاڵنەر، بۆ دروستبوونی کۆدەنگیەکی زۆرینە، لەناو کۆمەڵگای ئیسرائیل؛ بۆ پشتیوانیکردن و ڕەواییپێدان بە کارکردن، بە تێزەکەی نەتانیاهۆ. 

بەگوێرەی تێزی بەتیرۆرکردنی کێشەی فەڵەستین؛ نەتانیاهۆ چ وەکو توێژەر، چ وەکو سەرۆکی پارتی لیکۆد؛ چ ئەو کاتەی بۆ دووجار ئەبێتە سەرکردەی یەکەمی ئۆپۆزسیۆن، چ ئەو کاتەی بۆ شەش جار ئەبێتە سەرۆک وەزیران؛ بە تیۆری و بە پراکتیکی؛ بە پاڵنەری دەمارگیریی ئایدیۆلۆژیی و بە زەبری دەسەڵات و بە بەکارهێنانی هێز و بەرپاکردنی شەڕ ؛ پشتی بەم تێزە بەستووە و کەمتر ئامادەبووە؛ بۆ دیالۆگ و دانوستان و ڕێککەوتن.

لێرەدا بە پێویستی ئەزانم، بۆ تێگەیشتن و شارەزابوون، لەدید و بیرکردنەوەی نەتانیاهۆ؛ بۆ بەتیرۆرکردنی کێشەی فەڵەستین، ئاماژە بە دوو خاڵ بکەم:

١- پێشینە و مێژووی نەتانیاهۆ، بۆ دروستکردنی کاریگەریی و بەشداریکردنی ناڕاستەوخۆ لەدروستکردنی بڕیار و سیاسەت و هەڵوێستی پەیوەست؛ بە پرۆسەی بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ لەگەڵ فەڵەستینیەکان، لەسەر بنەمای بەتیرۆرکردنی کێشەکەیان؛ ئەگەڕێتەوە بۆ دامەزراندنی (پەیمانگای توێژینەوەی یۆناتان نەتانیاهۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر)، کە خۆی لە(١٩٧٨)دا دایمەزراند و تاکو (١٩٨٠)؛ بەڕێوەبەری بوو.

ئەم پەیمانگا چەندین ڕاپۆرت و توێژینەوەی لەسەر بەتیرۆر ناساندنی سەرجەم ڕێکخراوە  فەڵەستینیەکان؛ بە سیکۆلاریست و ئیسلامی سیاسیەکان و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەیانی ئامادەکردوە و خستویەتیە بەر دەستی ناوەندەکانی دەرکردنی بڕیار و داڕێژەرانی سیاسەت ؛ لەحکومەت و پەرلەمان (کنێست)، دامەزراوەی ئایینیی (حاخامیەی گەورە لەئیسرائیل)، دەزگا هەواڵگریەکان، پارتە سیاسیەکان، لووبی فشاری جوو لەڕۆژئاوا، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، میدیا و ڕای گشتی.  

٢- نەتانیاهۆ بۆ خستنەڕووی دید و جیهانبینی و شیکردنەوەکانی؛ بۆ چۆنیەتیی تێگەیشتن لەکێشەی فەڵەستین و چۆنیەتیی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە؛ کە گرێیداوە بە دیاردەی تیرۆر، چەندین کتێبی بڵاوکردۆتەوە؛ لەناوەرۆکی کتێبەکانیدا هەوڵیداوە، تێزی بەتیرۆر ناساندن بکاتە پێوانە و مەحەک؛ بۆ ناسنامەی هێز و ڕێکخراوە فەڵەستینیەکان و دوژمن و نەیارەکانی تری ئیسرائیل، بەتایبەتی حیزبوڵڵا، ئێران، حکومەتی پێشووی سووریا. 

ناوونیشانی بەشێک   لەکتێبەکانی نەتانیاهۆ، بریتین لە(تیرۆری نێودەوڵەتی- بەرەنگاربوونەوە و بەرپەرچدانەوە)، (تیرۆر- چۆن ڕۆژئاوا سەرکەوتن بەدەست ئەهێنێت بەسەر تیرۆردا ؟)، (قەڵاچۆکردنی تیرۆر- وڵاتە دیموکراسیەکان چۆن ئەتوانن شکست بە تیرۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بهێنن؟)، (شەڕ لەدژی تیرۆر)، (ڕیشەکێشکردنی تیرۆر)، (جێیەک لەنێوان نەتەوەکان- ئیسرائیل و جیهان)، (جێیەک لەژێر خۆر)، (بیبی- چیرۆکی من).

نەتانیاهۆ لەم کتێبەی دوایاندا؛ بەدەر لەگێڕانەوەی بیرەوەری و مێژووی خۆی؛ ئاماژە بە ڕۆڵ و بەشداریی خۆشی ئەکات، لەبەرەنگاربوونەوەی تیرۆری دوژمنەکانی ئیسرائیل.

شایەنی باسە تێزی بەتیرۆرکردنی کێشەی فەڵەستین؛ هاوشێوەی تێزی بەتیرۆرکردنی کێشەی کوردە لەتوورکیا؛ نەتانیاهۆ لەئیسرائیل ئەو تێزەی لەدژی فەڵەستینیەکان داڕشتوە، بەڵام کە لەگەڵ توورکیا تووشی شەڕە لێدوان ئەبێت؛ ڕەخنە لەتوورکیا ئەگرێت، لەسەر مامەڵەی زەبروزەنگ و توندوتیژ؛ لەدژی کورد.

شەشەم/ میکانیزم و ئامرازەکانی فراوانخوازیی ئێران

 لەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، بەهۆی بەهێزیی پێگەی جەماوەریی و ڕۆڵ و هەژموونی پیاوانی ئایین؛ بە ڕابەرایەتیی گەورە ئایەتوڵڵا ئیمام خومەینی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای چەسپاندنی سیستەمی ویلایەتی فەقێ دامەزرا؛کە پشتبەستووە بە پراکتیزەکردنی تیۆری ویلایەتی فەقێی ناسراو بە (حکومەتی ئیسلامی)، کە لەلایەن ئیمام خومەینی داڕیژراوە.

بەگوێرەی تیۆری ویلایەتی فەقێ و دەستووری ئێران، پێویستە گەورەترین پلەدار و پایەداری ئایینیی لەناو مەرجەعیەتی قووم؛ بە پلەی زانستیی گەورە ئایەتوڵڵا و بە مەرجی کۆدەنگی و پشتیوانیی (ئەنجوومەنی شارەزایانی سەرکردایەتیی ئێران)، شانبەشانی بوونی چەندین مەرجی تری پێویست، لەناویاندا تەندروستیی بەرز و بوونی سەلامەتیی هۆش و عەقڵ؛ بە پلەی وەلی فەقێ، لەبری (ئیمامی بزر)، کە ناسراوە بە ئیمامی مەهدی؛ پیادەی دەسەڵاتی دنیایی بکات، تا دەرکەوتنی ئیمامی مەهدیی؛ ئەو کاتەشی کە (ئیمامی بزر) دەرئەکەوێت؛ ئەبێت دەمودەست وەلی فەقێ، بەیعەت بە ئیمامی دەرکەوتوو بدات و دەسەڵاتەکەی خۆی ڕادەست بکات.

وەلی فەقێ لەڕووی پیادەکردنی دەسەڵاتی ئایینییەوە؛ ئەبێتە مەرجەعی ئایینیی یەکەمی (مەرجەعیەتی قووم)، هاوکات پۆستی (ڕابەری باڵای شۆڕشی ئێران)یش وەرئەگرێت.  لەڕووی دەستووریەوە پێویستە وەلی فەقێ کار بۆ چەسپاندن و جێبەجێکردنی دەستوور بکات، بەگوێرەی دەستووری ئێران، ناردنە دەرەوەی شۆڕشی ئیسلامی؛ کراوەتە ئەرکی سەرەکیی دەوڵەت، لەمڕووەوە چەندین ناوەند و دامودەزگا، کاریان بۆ بەجێهێنانی ئەم ئەرکە کردوە، توانیویانە بە چەند قۆناغێک و بە هەوڵ و کار و کۆششی زۆر، شانبەشانی تەرخانکردنی بوودجەی تایبەت، هەروەها بە خستنەگەڕی ئامراز و گرتنەبەری ڕێگای جیاجیا؛ ئەزموون و کاریگەریی شۆڕشی ئیسلامی بنێرنە دەرەوە و سوودی لێوەربگرن بۆ پەلهاویستن و فراوانخوازی، ئەویش لەڕێگەی:

١/ دروستکردن و هاوکاری و پشتگیریکردنی پارت و هێز و ڕێکخراوی ئیسلامی سیاسی، بە پلەی یەکەم لەناو ئایینزای شیعە و کردنیان بە هێزی وەلائیی پابەند بە مەرجەعیەتی وەلی فەقێ لەئێران، هەروەها هەوڵدان بۆ کەسبکردن و پشتگیری و هاوکاریی هێز و پارتی ئیسلامی سیاسیی ئایینزای سووننە و ئاراستەکردنیان.

٢/ خستنەگەڕی پرۆژەی (بەشیعەکردنی سیاسی و چەکداریی شیعە) لەدەرەوەی ئێران، بۆ خزمەتی فراوانخوازیی سیستەمی ویلایەتی فەقی، هەروەها بۆ خزمەتکردنی سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی ئێران؛ لەناویاندا چەسپاندنی پرۆژەی کەمەربەندیی شیعە؛ کە ناسراوە بە (هیلالی شیعە).

٣/ کارکردن بۆ جێبەجێکردنی تیۆری (ئوم ئەلقورا)؛ بۆ بەناوەندکردن و کردنی ئێران بە مەرجەعێکی باڵادەست و خاوەن بڕیار لەجیهانی ئیسلامیدا، ئەمەش ئەبێتە کۆڵەکە و سایە و سێبەر؛ بۆ ڕەواییپێدان و فراوانبوون و پاراستنی سیستەمی ویلایەتی فەقێ.

٤/ دامەزراندن و تەرخانکردنی هێزی قودس لەناو سوپای پاسداران؛ بۆ جێبەجێکردنی نەخشە و هەنگاوە فراوانخوازیەکان  لەدەرەوەی ئێران؛ لەڕێگەی بنیاتنانی پێگەی سەربازی و دروستکردنی هێزی وەلائیی دەرەکی و کەسبکردنی هێزی تری ئیسلامی سیاسی؛ بە هەردوو ئایینزاکەیەوە، لەپاڵ کۆمەککردن و ئاراستەکردن و بەکارهێنانیان؛ بۆ شوێنکەوتنی سیاسەت و ئامانج و ستراتیژی ئێران؛ لەناو ململانێکاندا.

هێزی قودس لەساڵی (١٩٨٩)؛ لەئەنجامی یەکخستنی چوار دەزگای پەیوەست بە چالاکیە سەبازیەکانی ئێران لەدەرەوەی سنوور دامەزرا؛ کە ئێران لەسەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیەوە دایمەزراندبوون و خستبونیەگەڕ و بریتین لە؛ (یەکەی بزووتنەوە ڕزگاریخوازیە ئیسلامیەکان، یەکەی هێزە شەڕکەرە نانیزامیەکان، پاسەوانی لوبنان، بارەگای ڕەمەزان)

٥/ دامەزراندنی (میحوەری مقاوەمەتیی ئیسلامیی جیهانی)، لەدژی ئیسرائیل و ئەمریکا.

٦/ چەندین هەوڵ و میکانیزم و ئامراز و هۆکار و هەنگاوی تر؛ لەڕێگەی هێزی نەرم و هێزی زیرەک، لەگەڵ نەخشە و پلانی جۆراوجۆر؛ لەکایەکانی دیبلۆماسی و سیاسی، هەواڵگری و سەربازی، کەلتووری و میدیایی، خوێندنی ئایینیی و...هتد، کە ئێران بەکاریهێناون بۆ خزمەتی سیاسەتی پەلهاویشتن و فراوانخوازی و دروستکردنی پێگە و هەژموونی گرنگ؛ لەجیهانی ئیسلامی، جیهانی عەرەب، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقیا.

حەوتەم/ درکی ئیسرائیل بە مەترسیی پەلهاویشتنی ئێران 

 سەرەتای ناکۆکی و ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل، لەڕووی مێژووییەوە؛ ئەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی تازەی فەرمانڕەوایی پیاوانی ئایین لەئێران، لەساڵی (١٩٧٩)و بەدواوە؛ هاوکات لەڕووی ڕەهەندی ئایدیۆلۆژی و ئایینییەوە، ڕیشە و پێشینەی ئەگەڕێتەوە بۆ پەیامەکانی گەورە ئایەتوڵڵا ئیمام خومەینی، بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی فەڵەستین و ناساندنی ئیسرائیل بە شەیتانی بچووک و پچڕاندنی هەموو پەیوەندیەکان لەگەڵ ئیسرائیل و هەڵوەشانەوەی دانپیانان پێی و بەخشینی بارەگای نێردەی دیبلۆماسیی ئیسرائیل لەتارانی پایتەخت؛ بە ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەڵەستین و کردنی بە باڵیۆزخانە بۆ قەوارەی فەڵەستین؛ لەگەڵ دەستنیشانکردنی چوارەمین هەینیی مانگی ڕەمەزانی هەموو ساڵێک، بە (ڕۆژی هاوپشتیی جیهانیی بۆ ڕزگارکردنی قودس)؛ لەلایەن ئیمام خومەینی و...هتد.

لەدوای تێپەڕبوونی چەندین قۆناغی ناکۆکی و ململانێ؛ ئیسرائیل لەدوای سەرهەڵدانی ڕووداوەکانی سووریا لە(٢٠١١)، زیاتر هۆش و درکی بە هەڕەشە و مەترسیی پەلهاویشتنی ئێران و هێزە بریکارەکانی ئێران لەسووریا کرد؛ کە پەیوەستن بە سێ هەنگاوی ئێران : 
١/ ئێران توانی سوود لەسنوورە کراوەکانی عێراق و سووریا وەربگرێت؛ بۆ دروستکردنی هێڵێکی کراوەی ڕاستەخۆی مسۆگەر، بۆ هاتوچۆ و گەیاندنی کۆمەکی لۆجستیکی و بەیەکگەیشتن لەگەڵ حیزبوڵڵا لەناو سووریا و لەسووریاشەوە؛ پەلهاویشتن بۆ ناو لوبنان.
٢/ ئێران توانی ڕووداوەکانی سووریا بقۆزێتەوە؛ بۆ ناچاربوون و قایلبوونی بەشار ئەسەد، بۆ بوون بە هاوپەیمانی ئێران و بوون بە ئەندامی (میحوەری مقاوەمەت). 

٣/ ئێران توانی گۆڕەپانی سووریا بکات بە مەیدانی (میحوەری مقاوەمەت) و تیایدا پێگە و هەژموونی سەربازیی خۆی لەو وڵاتەدا بەهێزبکات، ئەوە بوو لەچوارچێوەی ئەرکەکانی ئەو میحوەرەدا و بۆ بەرگریکردن لەمانەوەی سیستەمی بەشار ئەسەد؛ بەدەر لەحیزبوڵڵا، هێزێکی زۆری ئیسلامی سیاسیی شیعەی وەلائیی؛ سەر بە ویلایەتی فەقێی گواستەوە بۆ ناو سووریا. 

 

هێزەکان لەشیعەی عێراقی، پاکستانی، ئەفغانستانی، وڵاتانی کەنداو پێکهاتبوون؛ کە لەژێر جڵەو و فەرمانی ئەفسەرە باڵاکانی هێزی قودسی سوپای پاسداراندا بوون لەسووریا.

ئیسرائیل لەکاردانەوەدا و بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەلهاویشتنی سەربازیی ئێران لەسووریا، لە(٢٠١٧)ەوە بەچڕی کەوتە زەبروەشاندن لەحیزبوڵڵا لەناو سووریا؛ کە بۆ بەرگریکردن لەبەشار ئەسەد؛ بەشێکی زۆری هێز و چەکە قوورسەکانی گواستبووەوە بۆ ناو سووریا، لەوێ شانبەشانی سوپای سووریا و هێزە وەلائیەکان؛ بە سەرپەرشتیی فەرماندەکانی سوپای پاسداران، لەدژی میلیشیا و هێزە ئۆپۆزسیۆنە چەکدارەکانی سووریا و داعش و قاعیدە ئەجەنگا.

ئیسرائیل بۆ بەرگرتن لەبەهێزبوونی پێگەی (میحوەری مقاوەمەت) لەناو سووریا،کەوتە بەئامانجگرتنی بنکە و فەرماندەکانی سوپای پاسداران لەناو سووریا، بەهەمانشێوە کەوتە بۆردوومانی بەردەوامی هێزە شیعە چەکداریە وەلائیەکانی ئێران، بەتایبەتی ئەو هێزە چەکدارە وەلائیە عێراقیانەی کە کۆنتڕۆڵی دەروازە و خاڵە سنووریەکانی (عێراق-سووریا) یان لەژێردەستدا بوو؛ ئەویش بۆ ڕێگرتن لەگواستنەوەی هێزی تر و گەیشتنی کۆمەکی سەربازی و لۆجستیکی ئێران؛ بۆ حیزبوڵڵا و هێزە وەلائیەکانی تر لەناو سووریا. 

ئەتوانین بڵێین لەدەسپێکی (٢٠٢٠)ەوە و لەپاش بەئامانجگرتنی قاسم سلێمانیی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و هاوەڵەکانی، ناکۆکی و ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل وەرچەرخا، بەرەو ڕکابەریی توند و دوژمنایەتی و زەبروەشاندن لەیەکتری، بەتایبەتی لەدوای کەڵەکەبوونی دەرهاویشتە و لێکەوتەی ڕووداو و گۆڕانکاریەکانی زیاتر لە(٢٠) ساڵی ڕابردووی عێراق، سووریا، فەڵەستین، لوبنان، یەمەن، کە ئێران قۆستنیەوە بۆ پەلهاویشتن، لەڕێگەی پێکهێنانی (میحوەری مقاوەمەتی ئیسلامیی جیهانی).
بەم هەنگاوە ئێران  لەسنووری باکوورەوە، گەیشتنە سەر سنووری ئیسرائیل و نزیکبووەوە لەمەیدانی زۆرانبازیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل.

ئیسرائیل ڕۆژ لەدوای ڕۆژ؛ ئاستی هۆش و درککردنی بە هەڕەشە و مەترسیی ئێران، زیاتر بەرزئەبووەوە، ئەویش لەبەر سێ هۆکاری سەرەکی و بریتین لە: 

 ١/ گەیشتنی (میحوەری مقاوەمەت) بۆ سەر سنووری ئیسرائیل؛ لەسنوورەکانی سووریا، لوبنان، غەززە، لەگەڵ دروستبوونی هەڕەشەیەکی تر؛ لەسەر سنووری (عێراق-ئەردەن)، بەهۆی بوونی هێزی حیزبوڵڵای عێراق و هێزی تری چەکداریی وەلائیی ئێران لەو سنوورە و چەکداربوونیان بە درۆن و ڕۆکێتی دوورهاوێژ، لەلایەکی تر دروستبوونی هەڕەشەیەکی تر لەباکووری یەمەن و دەریای سوور، لەلایەن قەوارەی حوسیەکان، بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل، لەڕێگەی هاویشتنی ڕۆکێتی دوورهاوێژ، بۆ بۆردوومانی فڕۆکەخانە و ئامانجی تر لەناو ئیسرائیل.

حوسیەکان بەدەر لەدروستکردنی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ناوخۆ، توانیویانە هەڕەشە لەسەر جموجۆڵی بازرگانیی دەریایی و بەرژەوەندیەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا؛ لەدەریای سووردا دروستبکەن و زیانی گەورەیان لێبدەن.

٢/ ئەم پەلهاویشتنەی ئێران بۆ گەمارۆدانی ئیسرائیل و تەنگپێهەڵچنینی؛ هاوتەریب و هاوکات بوو لەگەڵ هەنگاوەکانی ئێران، بۆ پێشخستنی بەرنامەی ئەتۆمی و ڕۆکێتە دوورهاوێژەکان. 

٣/ میانڕەویی و سیاسەتی نەرم و چاوپۆشیی ئیدارەی پێشووی دیموکراتەکان لەئەمریکا و سەرۆک جۆ  بایدن،   لەقۆناغی چوار ساڵی فەرمانڕەوایی؛ لە(٢٠/١/٢٠٢١-٢٠/١/٢٠٢٥)، لەبەرامبەر پەلهاویشتنی (میحوەری مقاوەمەت) و پەرەسەندنی بەرنامەی ئەتۆمیەکەی ئێران. 

هەشتەم/ زەویی میعاد و پرۆژەی ڕێککەوتننامە ئیبراهامیەکان 

 نەتەوە و ئایینی جوو، خۆیان بە خاوەنی بەڵێنێکی یەزدانیی دێرین و مێژوویی ئەزانن؛ بە ناوی (زەویی میعاد)، کە هاوکات بە (زەویی کەنعان)، یان بە (زەویی ئیسرائیل)یش ناو ئەبرێت، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەی کە لەکتێبە پیرۆزەکانیاندا؛ لەلایەن یەزدانەوە بەڵێنی ئەو زەویە بە (یەعقوب)ی پەیامبەر و پەیامبەرەکانی تری دوای ئەو دراوە؛ بۆ ئەوەی ببێتە نیشتمان و خاکی ڕەسەنی شوێنکەوتووانی ئایینی جوو.

ناکۆکی و بۆچوون و زانیاریی جیاواز، لەسەر سنووری جوگرافیی (زەویی میعاد) هەیە، بەڵام زۆرینەی جووەکان کۆکن؛ لەسەر ئەوەی کە سنوورەکەی لەڕووباری نیلەوە درێژ ئەبێتەوە؛ بۆ ڕووباری فورات و وڵاتانی ئێستای میسر، ئیسرائیل، فەڵەستین، ئەردەن، لوبنان، سووریا و عێراق. 

جووەکان بەدرێژایی مێژووی ئایینەکەیان؛ ئەم خەونەیان لەگەڵ خۆیان نوێکردۆتەوە و گواستوویانەتەوە بۆ نەوەکانیان، بەردەوام لەمەراسیم و جەژن و بۆنە ئایینییەکان و بانگەشە و پەروەردەی ئایینییدا؛ ئاماژەیان پێکردوە و نەوەکانیان پێ هۆشیارکردۆتەوە.
هەرچەندە بەگوێرەی دەقی ئایینیی جوو؛ ئەبێت ڕزگارکەرێکی نێردراو لەلایەن یەزدان، (زەویی میعاد) بگەڕێنێتەوە بۆ جووەکان؛ بەڵام ئەمە بەو مانایە نایەت، کە جووەکان  لەچاوەڕوانی ئەو ڕزگارکەرە یەزدانییەدا؛ دەستەوسان و بێ هەوڵ بووبێتن، بەڵکو چەندین ئاراستە، لەناو پیاوانی ئایینی، کەسایەتیی دەستەبژێر، پەیڕەوکەرانی ئایینی جوو، بەتایبەتی لەقۆناغی مێژووی هاوچەرخدا؛ هەوڵیانداوە بەپشتبەستن بە توانا و کۆششی خۆیان؛ کار بۆ گێڕانەوەی (زەویی میعاد) بکەن، لەم ڕووەوە ئەتوانین بڵێین دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل؛ ئەچێتە خانەی چنینیەوەی بەرهەمی هەوڵ و کاری ئەو ئاراستە بەهێزەی ناو ئایینی جوو؛ کە باوەڕی پتەوی بە دروستکردنی قەوارەیەک بۆ نەتەوە و ئایینی جوو؛ لەچوارچێوەی سنووری جوگرافی (زەویی میعاد)دا هەبووە.

جووەکان لەپێناوی بووژانەوەی پرۆژەی گێڕانەوەی (زەویی میعاد) و دروستکردنی قەوارە و سیستەمێکی فەرمانڕەوایی بۆ (بەنی ئیسرائیل)؛ خاوەنی چەندین تێز و بیرۆکە و پرۆژە و هەوڵی پراکتیکین، لەناویاندا تێزی (پرۆتۆکۆلەکانی پیاوە داناکانی سەهیۆنیزم- ١٩٠١)، هەروەها هەوڵی باڵادەستبوونی جووەکان؛ لەناو بزووتنەوەی ماسۆنیزمی جیهانی؛ کە بە نهێنی کاری شاراوەیان بۆ هێنانەدی ویست و ئامانجەکانی جووەکان لەجیهاندا کردووە؛ یان هەوڵی دروستکردنی گروپە کاریگەرەکانی لووبیی فشاری جوو لەئەوروپا و ئەمریکا، بۆ خزمەتی کێشەی جوو.

ئەم سێ فاکتەرە، بەشێوەیەکی سەرەکی شانبەشانی فاکتەری ئابووری و چەندین زەمینە و هۆکاری تر؛ ڕۆڵ و نەخش و کاریگەریی هەبوو، بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و دواتر بەهێزکردنی و پاراستنی لەشەڕی دوژمنەکانی.

لەقۆناغی ئێستادا لەئیسرائیل، چەندین کەسایەتیی دیار و کاریگەر و دەستڕۆیشتوو؛ لەپیاوانی ئایینیی، لەفۆندەمێنتالیزمی ئایینیی، لەسەرمایەداری گەورە، لەسیاسەتکاری ناسیۆنالیستی ڕاستڕەو و دەمارگیر، لەگەڵ ژمارەیەک پارت و ڕێكخراوی سیاسی، چەندین ناوەندی میدیایی و سۆشیال میدیایی، ئایینیی، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و سەنتەرەکانی توێژینەوەی زانستی؛ کاری جدی و ورد بۆ سەرخستنی تێزی (نەتەوەی هەڵبژێردراوی یەزدان) ئەکەن، لەدەوڵەتی ئیسرائیلەوە، بۆ فراوانخوازیی پێگە و بنیاتنانی بەرژەوەندیی گەورە و ستراتیژی؛ لەناوچەکانی (زەویی میعاد)، بەڵام بە میکانیزم و شێوازی کارکردنی جیاواز.

کەمایەتیەکان و گروپەکانی جوو لەجیهان؛ لەناویاندا سەرمایەدار و گەورە بازرگان و خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان لەئەمریکا و ئەوروپا، سەنتەرەکانی توێژینەوەی ستراتیژی و ناوەندە میدیاییە فراوان و کاریگەرەکان؛ ناوەندەکانی بڕیار، گروپەکانی لووبیی فشار؛

  هەموویان کۆدەنگ و خاوەن هەڵوێستن، بۆ داکۆکیکردن و بەهێزکردن و بەرگریکردن لەو قەوارەیەی جوو؛ بە ناوی دەوڵەتی ئیسرائیل؛ لەسەر بەشێک لەخاکی (زەویی میعاد) بووژێنراوەتەوە.

ئێستا زۆرینەی پارتە سیاسیەکان و ناوەندی بڕیار و دەسەڵات لەئیسرائیل؛ لەگەڵ ئەوەی کە زۆرینەی ڕەهایان لەڕووی تیۆری و پرانسیپەوە؛ باوەڕی پتەو و نەگۆڕیان بە پرۆژەی گێڕانەوەی (زەویی میعاد) هەیە، بەڵام لەڕەهەندی پراگماتیکی و لەڕووی جێبەجێکردنەوە ؛ بە پێویستی نازانن بیوروژێنن، پێیانوایە خستنەڕووی ئەم پرۆژەیە؛ ئیسرائیل لەناوچەکەدا، بەرەو گۆشەگیری و دابڕان و گەمارۆ و زۆرکردنی دوژمن ئەبات، یان تووشی ئاڵۆزی و تەنگژە و ململانێی توندی ئەکات لەناوچەکەدا، ڕەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕیش؛ لەگەڵ وڵاتانی (زەویی میعاد).

ئەگەر سەرنج بدەین، هەموو ئەم ئەگەر و بژاردانە؛ ئەگەر ڕووبدا، بە بەرژەوەندیی ئێران ئەشکێتەوە و ئەبێتە هۆی تێکچوونی هاوسەنگیی هێز بە زیانی ئیسرائیل؛ هەر بۆیە لەبری خۆتووشکردن بە شەڕی گەلەکۆمەکێی دەوروبەر، کە ئەزموونی دەوڵەمەندی هەیە لەگەڵی ؛ ئیسرائیل کار بە ئەلتەرناتیڤی تر ئەکات، ئەویش تەبایی و پێکەوە ژیانی ئاشتی، لەگەڵ وڵاتانی (زەویی میعاد) و لەخۆگرتنیان و کردنی ئیسرائیل؛ بە (سەرناوەند)ی میحوەرێکی بەهێز لەناوچەکەدا.

ئەتوانین بڵێین جووەکان، بەناو ئەم قۆناغە مێژووییانەی خوارەوەدا تێپەڕیوون و گەیشتوون بەم دۆخ و ئاستەی ئێستا:
١/ لەدوای هەڵکەندنیان لەزادگەی خۆیان، تا دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل؛ نەیانتوانی لە(زەویی میعاد)دا یەکبگرنەوە و کۆببنەوە، بەڵکو لەبەر چەندین هۆکار؛ لەناویاندا شەڕ و پەلاماردان، داگیرکاری و زەوتکردن، ئەشکەنجەدان و ستەم و چەوساندنەوەی ئایینیی؛ کە لەدژیان بەرپاکراوە و گیراوەتەبەر، بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە.

بەدەر لەمانەوەی بەشێکی کەمیان بەپچڕپچڕی؛ لەناوچەکانی (زەویی میعاد)، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە تیایدا؛ کەمتر ڕووبەڕووی ستەم و زەوتکاری ئەبوونەوە، بەشی زۆرینەیان بەناو ڕووسیا، ئاسیای ناوەڕاست، ئێران، باکووری ئەفریقیا، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکادا بڵاوبوونەوە.

جووەکان لەکۆچکردن و بڵاوبوونەوەیاندا بە جیهان؛ زیاتر ئەو ناوچانەیان هەڵئەبژارد بۆ نیشتەجێبوون، کە دوور بوو لەدەسەڵاتی سیاسیی ئیسلامی و دادگاکانی پشکنینی سەر بە دەوڵەتی ئایینیی کەنیسە.

خۆگرتنەوە و خۆڕێکخستنەوەی جووەکان، پاش پەڕتەوازەبوون و پەرشوبڵاوبوونیان بە جیهاندا؛ لەیەکەم هەنگاودا ئەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی سەرهەڵدان و گەشەکردنی قۆناغی سەرمایەداری لەئەوروپا؛ جووەکان تیایدا کەوتنە کۆکردنەوەی سەرمایە و دروستکردنی پێگە و دەسەڵاتی ئابووریی بەهێز، ئەوە بوو لەناو سیستەمی سەرمایەداریدا، بوونە خاوەنی سەرمایەی گەورە و هۆیەکانی بەرهەمهێنان؛ پاشان لەسەدەی نۆزدە و نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا، بەهۆی زۆری و گەورەیی سەرمایەکەیانەوە، بوونە هێزێکی ئابووریی کاریگەر؛ لەسەر ناوەندەکانی بڕیار و حکومەتەکانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا ، بۆ پشتیوانیکردن و هاوکاریکردنی جووەکان؛ بۆ بوون بە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی و ئایینیی خۆیان.

٢/ نۆبەرەی بەرهەمی هەوڵ و کۆششیان بۆ یەکخستنی نەتەوە و ئایینی جوو و گەڕانەوەی  (زەویی میعاد)؛ بریتیبوو لەدامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەسەر بەشێک لە(زەویی میعاد)، لەساڵی (١٩٤٨).

٣/ جووەکان لەڕۆژئاوا و لەنیوەی دووەمی سەدەی بیستدا، زیاتر درکیان بە گرنگیی میدیا و سەنتەری توێژینەوەی ستراتیژی و دروستکردنی لووبییەکانی فشار کرد، لەمسۆنگەیەوە خۆیانکردە خاوەنی چەندین ناوەندی میدیایی و سەنتەری توێژینەوە و لووبیی فشار؛ بۆ دروستکردنی کاریگەریی و زیاتر پەرەپێدان بە بووژانەوەی بیرۆکەی یەکێتیی نەتەوە و ئایینی جوو و پاراستنیان لەجینۆسایدێکی تر؛ لەپاش ڕووداوەکانی هۆلۆکۆست؛ کە تیایدا هیتلەری سەرکردەی نازیەکانی ئەڵمانیا، لەکاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا؛ نزیکەی شەش ملیۆن هاوڵاتیی جووی، بە سووتاندنی بەکۆمەڵ لەکوورەکاندا لەناوبرد.

٤/ لەدوای ڕاگەیاندنی دەوڵەت؛ بەهۆی بووژانەوەی مەیل و ویستی گەڕانەوە بۆ (زەویی میعاد)، توانیان کار بۆ گواستنەوە و گەڕانەوە و نیشتەجێکردنی؛ سەدان هەزار خێزانی جوو لەجیهاندا بکەن، لەئیسرائیل.

٥/ لەدوای ڕاگەیاندنی دەوڵەت، ئیسرائیل تووشی چەندین ناکۆکی و ململانێ و شەڕبوو لەگەڵ وڵاتانی عەرەب، توانی لەچەندین شەڕی گەورەدا؛ بە هاوکاریی ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریکا، سەرکەوتن بەدەستبهێنێت بەسەر وڵاتانی عەرەبدا، هاوکات وەکو دیفاکتۆی ئەنجامی شەڕیش، توانی چەند هەنگاوێک بنێت؛ بۆ هێنانەدی ئامانجی فراوانخوازیی، بۆ گێڕانەوەی زیاتری (زەویی میعاد) بۆ سەر دەوڵەتەکەیان؛ بەتایبەتی داگیرکردن و دابڕینی چەند پارچەیەک لەخاکی فەڵەستین، سووریا و لکاندنیان بە ئیسرائیل.

٦/ هەوڵی بێووچانیان دا، بۆ چەسپاندن و پاراستن و بەهێزکردنی دەوڵەتەکەیان؛ لەڕووی دیبلۆماسی، سەربازی، سیاسی، ئابووری، زانستی و ...هتد.

٧/ لەوێستگەیەکی تردا؛ ئیسرائیل توانی بە هاوکاری و گووشار و فشاری ئەمریکا؛ بگاتە ڕێککەوتن و ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندی و بنیاتنانی سیاسەت و بەرژەوەندیی هاوبەش، لەگەڵ میسر، بەدوایدا حکومەتی فەڵەستین لەڕامەڵڵای کەناری خۆرئاوا، ئەردەن ، قەتەر.

٨/ ئیسرائیل لەم قۆناغەدا، لەسایەی جێبەجێبوونی پرۆژەی ئایینی ئیبراهامی و ڕێککەوتنی ئیبراهامیی بۆ ئاشتی؛ توانی لەساڵی (٢٠٢٠)دا، ڕێککەوتننامەی ئیبراهامی بۆ ئاشتی لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین و مەغریب و سۆدان ئیمزا بکات؛ ئێستا هەمان ویست و مەیلی هەیە، بۆ چەندین وڵاتی تری ئیسلامی؛ لەکەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی ئیسلامی، بەتایبەتی سعودیە، لوبنان و سووریا.

ئیسرائیل وەکو هێزی نەرم، ئەڕوانێتە پرۆژەی ئایینی ئیبراهامی و ئەیەوێت سوودی لێ وەربگرێت؛ بۆ زەمینەخۆشکردن و ڕەخساندنی کەشوهەوای لەبار، بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی و ئیمزاکردنی ڕیککەوتننامەی تری ئیبراهامی؛ لەگەڵ وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکانی تر.

ئیسرائیل ئەیەوێت ئەم پرۆژەیە سەربگرێت و بچەسپێت، بۆ ئەوەی ببێتە هۆکار و میکانیزمی کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و ململانێی گرژ و مێژوویی نێوان ئایینی ئیسلام و ئایینی جوو، تاکو هەردوو ئایین، هاوتەریب لەگەڵ ئایینی سێیەمی ناو پرۆژەکە؛ کە بریتیە لەئایینی کریستیانی، پێکبێن لەسەر پەسەندکردنی یەکتر و بڕوابوون و کارکردن بە فرەیی ئایینیی، گرتنەبەری دیالۆگ بۆ تێگەیشتنی هاوبەش، پەیڕەویکردنی لێکبووردن و تەبایی و پێکەوە ژیانی ئاشتی لەگەڵ یەکتر؛ تاکو بەدوایدا و لەسایەیدا؛ زەمینەی تەواوەتی خۆش بێت بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئاشتی و ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامەی ئیبراهامی؛ نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتە عەرەبی و ئیسلامیەکانی تر.

ئیسرائیل پێیوایە، بەچوونەپێشی پرۆژەی تەبایی و پێکهاتنی نێوان سێ ئایینە ئیبراهامیەکە؛ ئێران تووشی گۆشەگیریی و دابڕاو ئەبێت لەگەڵ دەوروبەر، چونکە لەبنەڕەتەوە پرۆژەکە ڕەتئەکاتەوە و یەکپارچە بە پرۆژەیەکی ئیسرائیلی لەقەڵەمئەدات؛ بۆ ئامانجی زیادکردنی دۆست و هاوپەیمان و پەلهاویشتن بۆ دروستکردنی پێگە و بنیاتنانی بەرژەوەندیی گەورە لەناوچەکەدا، ئەمە بەدەر لەترس و نیگەرانیی ئێران؛ لەنزیکبوونەوەی ناڕاستەوخۆی ئیسرائیل لەسنوورەکانی و ئەگەری ئەوەی لەقۆناغەکانی داهاتوودا؛ ئیسرائیل لەگەڵ هەندیک لەو وڵاتانە، ڕێککەوتننامەی هاوبەشی ستراتیژیی و هاوپەیمانیی سەربازی پێکبهێنێت و ئێرانی تیا بکرێتە ئامانج.

لەدوای شەڕی (١٢) ڕۆژەی نێوانیان و خۆڕێکخستنەوە و خۆئامادەکردنی هەر دوو وڵات؛ بۆ بەڕێوەبردنی گەڕێکی تری ناکۆکی و ململانیی داهاتووی نێوانیان؛ پێشبینی ئەکرێت هەر دوولا قوورسایی و فۆکس بخەنە سەر پرۆژەی ئایینی ئیبراهامی؛ ئیسرائیل بۆ ئامانجی پێشخستنی و بەگەرخستنی و فراوانکردنی، لەڕێگەی هەوڵ و گووشارەکانی ئەمریکا، ئێرانیش بۆ دژایەتیکردن و بەرتەسککردنەوە و دروستکردنی کۆسپ و لەمپەر لەبەردەمیدا.

شایەنی باسە ڕێککەوتننامەی ئیبراهامی؛ لەنیوەی دووەمی ساڵی (٢٠٢٠) و لەکۆتایی ئیدارەی پێشووی سەرۆک ترامپدا؛ بە پشتیوانیی ترامپ و حکومەتی ئیسرائیل و گروپەکانی لووبیی فشاری جوو لەئەمریکا، لەلایەن جارید کۆشنەری زاوای ترامپ؛ وەکو پرۆژەیەک خرایەڕوو، ئەوە بوو لەماوەی کەمتر لەچوار مانگدا؛ چوار ڕێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و چوار وڵاتی عەرەبی لێهاتە بەرهەم، ئێستا ترامپ لەم خولەی تری ئیدارەکەیدا؛ ئەیەوێت تەکانێک بە ڕێککەوتننامە ئیبراهامیەکانی ئاشتی بدات، لەمڕووەوە چاوەکان زیاتر لەسەر سووریا، لوبنان، سعودیە و سەڵتەنەی عوممان گیرساونەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن