لەدوای هەڵوەشانەوەو چەکداماڵینی پەکەکە ! چارەنووسی قەندیل و سوپای توورکیا، لەکوردستان بەرەو کوێ؟
5/13/2025 11:18:00 AM
نیاز سهعید عهلی
بەگوێرەی دوایین ڕاگەیەندراوی ئەنجامی کۆتایی کۆنگرەی
دوانزەیەمینی پەکەکە؛ کە لەهەفتەی ڕابردوودا سازدرا، پەکەکە بڕیاری
خۆهەڵوەشاندنەوەو ڕەتکردنەوەی خەباتی چەکداری و خۆداماڵین لەچەکی ڕاگەیاند .
ئەم بڕیارە چارەنووسسازەی پەکەکە؛ ئەگەر وەکو خۆی
جێبەجێبکرێت و هیچ لێکەوتەو کاردانەوەو دەرهاویشتەیەکی نەخوازراو؛ بەدوای خۆیدا
نەهێنێت و نەبێتە هۆی سەپاندنی دیفاکتۆیەکی تراژیدیی نەتەوەیی؛ ئەوا ئەتوانین
بڵێین ئەبێتە یەکێک لەڕووداوە گەورەکان؛ کە چەندین گۆڕانکاری و وەرچەرخان بەدوای
خۆیدا ئەهێنێت، بەڕێژەی جیاجیا، چ بە بەرژەوەندیی کوردو کوردستانی باکوور، چ بە
بەرژەوەندیی دەوڵەتی توورکیا، چ بە بەرژەوەندی خودی ئەردۆگان و پارتەکەی؛ (پارتی
دادو گەشەپێدان) !
یەکەم/ کاریگەریی فاکتەری دەرەکی لەسەر توورکیا
دیارە چەندین هۆکارو زەمینە، چەندین پاڵنەرو فشارو
گوشار؛ لەدەرەوەو لەناوەوەی توورکیا، لەئارادا بووە لەسەر توورکیاو پەکەکە، بۆ
کۆتاییهێنان بە ناکۆکی و شەڕو ململانێی چەکداریی لەنێوانیان .
لەناو فاکتەرە دەرەکیەکاندا، دیارترین پاڵنەر بریتیە لەترس
و نیگەرانیی دەوڵەتی توورکیا؛ لەبووژانەوەو گەشەسەندنی کێشەی کورد لەهەردوو کوردستانی
باکوورو ڕۆژئاواو درککردن بە خۆدزینەوەی پەیمانی ناتۆ؛ لەپابەندبوون بە هەڵوێست و
بە کردار، لەدژی پەکەکە؛ وەکو هێزێکی تیرۆرکار، کە توورکیا تیایدا ئەندامەو
لەڕابردوودا زۆر پێوەی ئەنازی و پشتی پێئەبەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە،
توورکیا پێیوایە چیتر ناتۆ بە کردەوە؛ وەکو هێزێکی تیرۆرکار مامەڵە لەگەڵ پەکەکە
ناکات و مەترسیی هەڵوێست و سیاسەتی تازەی چاوەڕواننەکراویش دێتەئارا !
جێی ئاماژەیە ڕۆڵ و بەشداریی سەرەکی و بنەڕەتیی پەکەکەو
هێزەکانی سووریای دیموکراسیی لەسووریا، لەتێکشکانی دەوڵەتی ئیسلامیی داعشدا؛ یەکێکە
لەو هۆکارە سەرەکیانەی کە بووە هۆی گۆڕینی جیهانبینی و تێڕوانین و تێگەیشتن و
هەڵوێستی دەوڵەتانی ڕۆژئاواو جیهان، لەسەر پەکەکە؛ لەهێزێکی ناسێندراو بە
تیرۆرکار؛ بۆ هێزێکی دژە تیرۆری خاوەن قوربانیی زۆر و خاوەن سەروەری و شانازی
گەورە، لەشەڕی دژی تیرۆر؛ لەعێراق و لەسووریا .
شایەنی باسە ئەردۆگان لەڕابردوویەکی نزیکداو لەیەکێک
لەلێدوانەکانیدا، کە ئاماژە بوو بۆ بوونی نیگەرانی و بێزاریی و مەترسی؛ لەبەرامبەر
گۆڕینی هەڵوێستی ناتۆ لەسەر پەکەکە، بە تەنزەوە پرسی؛ من تێناگەم ئایە پەکەکە
ئەندامی ناتۆیە، یان توورکیا ؟!
لەلایەکی تر درککردن بە ئاراستەگرتنی توورکیا؛ بەرەو
لاوازبوونی ڕۆڵ و هەژموون و پێگەی لەناوچەکەو لەسەر ئاستی ئقلیمی، لەبەرامبەر
ئیسرائیل، ئێران، سعودیە، ئیمارات، میسر، یەکێکی ترە لەهۆکارە سەرەکیە دەرەکیەکان
و توورکیا ترسی هەیە، لەپشتیوانیی کێشەی کورد لەکوردستانی باکوورو کۆمەک و هاندان
و بەکارهێنانی پەکەکە؛ لەلایەن ئێران و ئیسرائیل لەدژی توورکیا؛ بەتایبەتی لەدوای هەرەسهێنانی
سیستەمی فەرمانڕەوایی بەشار ئەسەد لە(٨/١٢/٢٠٢٤)، کە یەکێک لەڕەهەندەکانی بریتیبوو
لەڕیشەکێشانی ڕەگ و پێگەو هەژموونی ئێران لەسووریاو لەلوبنان .
لەم پێودانگەوە توورکیا سڵ لەتۆڵەو سزای ئێران ئەکاتەوەو
پێیوایە ئێران لەکاردانەوەی ڕووداوەکانی سووریاد،ا پەکەکە بەهێزتر ئەکات؛ لەڕووی
بەخشینی چەکی قوورس و درۆن و دژە درۆن و فراوانکردنی بەرەکانی شەڕ لەدژی توورکیاو
...هتد .
ڕەهەندی دووەم بریتیە لەناکۆکی و ململانێی پێگەو
هەژموون؛ لەنێوان توورکیاو ئیسرائیل لەسووریای نوێدا، لەم ڕەهەندەشیاندا توورکیا
سڵ لەپەلهاویشتن و مانۆڕ و سیناریۆکانی ئیسرائیل ئەکاتەوە و پێیوایە؛ پەکەکەو
هەسەدە ئەبنە میکانیزم و ئامراز، بۆ بەڕێوەبردنی ناکۆکی و ململانێ لەنێوانیان .
شانبەشانی ئەو دوو ڕەهەندە؛ نامتمانەیی توورکیا بە پەیمانی ناتۆو گۆڕینی تێڕوانین لەسەر ڕۆڵ و ئەرکی ناتۆ، یەکێکی ترە لەفاکتەرەکانی گۆڕینی جیهانبینی توورکیا لەدارشتنی سیاسەتی دەرەوەیدا، ئەویش پاش پەراوێزبوون و ناکاریگەربوونی پەیمانی ناتۆ، لەناو ڕووداوو گۆڕانکاری و ململانێکانی جیهان و ناوچەکە؛ بەتایبەتی پاش ئەوەی کە ترامپی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند؛ چیتر باوەڕێکی ئەوتۆی بە ڕۆڵ و پێویستیبوونی مانەوەی پەیمانی ناتۆ نەماوە، هەروەها دەستەوسان و لاوازبوونی هەڵوێستی ناتۆ، لەبەرامبەر شەڕی ڕووسیاو ئۆکرانیا؛ کە ناتۆ تاکو ئێستا نەیتوانیوە؛ ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕێت؛ ئەگەر بۆ ناوبژیوانی بێت، یان بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەشکرکێشیی ڕووسیا؛ کاریگەریی هەبووە لەسەر بەخۆداچوونەوەی توورکیا؛ بە سیاسەت و بەرژەوەندیەکانی لەناو ناتۆدا .
لەمڕووەوە توورکیا پێیوایە؛ ناتۆ ئەو ڕۆڵ و بایەخە
جیۆسەربازی و جیۆستراتیژیەی جارانی نەماوەو چیتر ناتوانێت پشتی پێ ببەستێت بۆ
دژایەتیکردنی پەکەکە .
دووەم/ چارەنووسی قەندیل و سوپای توورکیا لەهەرێم
لەچوارچێوەی هەردوو بڕیاری خۆهەڵوەشانەوەو خۆداماڵین لەچەک، لەلایەن پەکەکە؛ دوو دۆسیەی هەستیاری هەنووکەیی و ستراتیژیی گرنگ هەیە، کە پەیوەستن بە ئاسایش و سنوورو جوگرافیای هەرێمی کوردستان و بریتین لەچارەنووسی شاخی قەندیل، لەگەڵ پێگەو بنکە سەربازیەکانی سوپای توورکیا لەکوردستان .
لەدوای جێبەجێبوونی ئەو دوو بڕیارە، چارەنووسی قەندیل بەچی ئەگات و کام هێزو چ سوپایەک لەقەندیل، شوێنی پەکەکە ئەگرێتەوە؟
ئایە چارەنووسی دەیان بنکەو سەربازگەو هێزی سەربازیی
سوپای توورکیا؛ لەهەرێمی کوردستان بەچی ئەگات؟ ئەکشێنەوە، یان ئەمێننەوە؟
ئایە توورکیا ئەزموونی لەشکرکێشیی سوپاکەی بۆ سەر قوبرس،
لەساڵی (١٩٧٤)داو نەکشاندنەوەی سوپاکەی تاکو ئێستا؛ بە بێ هۆکارو پاساو تیایدا؛
لەکوردستاندا درێژەپێئەدات؟
یان توورکیا بە چەشنی لەشکرکێشیەکانی ساڵانی (٢٠١٦ –
٢٠١٨)ی؛ بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، لەباکووری سووریاو مانەوەو جێگیربوونی سوپاکەی
تاکو ئێستا؛ بە هاوکاری هێزە میلیشیا وابەستەو بریکارەکانی لەو ناوچانە؛ لەکوردستانی
باشوور دووبارە ناکاتەوە؟
ئایا توورکیا بە بیانووو پاساوی بەرپێگرتن و ڕەواندنەوەی
ترس و نیگەرانی و خۆپاراستن؛ لەسەرهەڵدانەوەو بووژانەوەی پەکەکە، قەندیل
داگیرناکات؟، لەکاتێکدا لەڕابردووداو بە ئێستاشەوە؛ توورکیا هەندێک وڵات تاوانبار
ئەکات، بە کۆمەککردن و پشتیوانیکردن و بەکارهێنانی پەکەکە لەدژی خۆی؟
ئایە توورکیا بۆ ئامانجە جیۆسیاسی و ستراتیژیەکانی؛ یان
بۆ پەلهاویشتن و بووژانەوەی خەونی پرۆژەی پان توورکیزم و سیستەمی سەڵتەنەتی عوسمانلیی
نوێ؛ هێزی کرێگرتەو نۆکەری وابەستە بە خۆی لێ جێگیرناکات، وەک چۆن لەسووریاو لیبیا
کردویەتی؟
ئایە لەچوارچێوەی ڕێککەوتننامەی نێوان توورکیاو پەکەکە؛
لایەنی توورکی پێداگری و داوای ڕادەستکردنی بنکەو بارەگاکانی پەکەکەی لەقەندیل و لەبادینان
نەکردوە؛ وەکو یەکێک لەمەرجەکانی ڕێککەوتننامەی نێوانیان؟، ئەگەر توورکیا داوایەکی
لەو جۆرەی لەپەکەکە کردبێت؛ ئەبێت هەڵوێستی پەکەکە چی بێت؟!
بەدەر لەتوورکیا، لەلایەکی تر؛ ئایە ئێران لەترسی قۆستنەوەو
جێگیربوونی هێزە چەکدارە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات؛ پلان بۆ دەستبەسەراگرتنی
قەندیل داناڕێژێت؟، یان بە هەماهەنگیی و کاری هاوبەش، لەگەڵ حکومەتی عێراق؛ سوپای
عێراق، یان هێزە وەلائیە عێراقیەکانی پابەند بە ویلایەتی فەقێی لێ جێگیرناکات؟!
ئایە حکومەتی هەرێم، یان یەکێتی و پارتی؛ مەترسیی
داگیرکردنی قەندیل، لەلایەن توورکیا، یان ئێران، یان هێزی تری چەکدارەوە؛
لەبەرچاوگرتوەو خۆیان بۆ بەرپێگرتن و ڕووبەڕووبوونەوە ئەم هەنگاوە ئامادەکردوە؟
شایەنی
باسە چارەنووسی قەندیل و پێگەو هەژموونی سەربازیی سوپای توورکیاو مانەوەی سوپاکەی لەکوردستان؛ دوو دۆسیەی
گرنگی سیاسی و ئەمنی و جوگرافی و ستراتیژیین و پەیوەست و کاریگەرن، لەسەر چارەنووسی هەرێمی کوردستان؛ دۆخەکە زۆر هەستیار
و ئاڵۆزە، لەمسۆنگەیەوە پێویستە یەکێتی و
پارتی؛ هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پلان
دابڕێژن بۆ داگیرنەبوونی قەندیل و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە لەقەندیل دروست
ئەبێت، شانبەشانی گووشارکردن بۆ کشانەوەی سوپای توورکیا لەهەرێمی کوردستان .