22وتار

چۆن هاوکاری دەگاتە غەززە؟ هۆکاری سەرەکی قەيرانەکە چييە؟

7/30/2025 1:31:00 PM
رەنج نەوزاد

ئەوە پارە و هاوکارييەیی بۆ غەززە کۆ دەکرێتەوە لە جيهان، چ لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتييەکان و دەزگا فەرمی و دەوڵەتان، یاخود لە ڕێگەی هاوکاری ڕێکخراوە لۆکاڵیيەکان و هاوکاری تاکەکەسی، لەوانەیە مانگانە بگاتە سەدان مليۆن دۆلار. ئەم بڕە پارەیە تەنيا بۆ هاوکاری مرۆیی وەک خواردن و دەرمان و پێداويستييە سەرەکييەکانە، ئەم بڕە پارەیە دەتوانێت نەک ٢ مليۆن مرۆڤ تێر بکات، بەڵکو لەوانەیە بەشی ٢٠ مليۆن مرۆڤ بکات. بۆ نموونە تەنيا لە هەرێمی کوردستانەوە بە مليۆنان دۆلار هاوکاری دەچێتە غەززە، بەڵام وەک لە ڤيديۆکان دەبينرێت، تەنيا دەيان یان چەن سەد کەسێکن بە قاب و مەنجەڵەوە وەستاون چاوەرێی ژەمێک خواردنن یان بڕێک ئاو! ئایا ئەو هاوکارييە سادەیە و ئەو ديمەنە پڕ لە سووکایەتی و شکاندنی کەرامەتی مرۆڤی غەززە لەبەردەم کامێراکان، پێويستی بە ملیۆنان دۆلار هەیە؟ ئایا مەعقولە مانگانە بە دەیان مليۆن دۆلار خەرج بکرێت بە پاساوی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە، بەڵام هەر خودی ئەو کەسانەی هاوکارييەکان کۆ دەکەنەوە دەڵێن خەڵکی غەززە لە لێواری مردنی بە کۆمەڵن بە هۆی برسێتييەوە، کەواتە ئەو سەدان مليۆن دۆلارە بۆ کوێ دەڕوات؟ 

 

وەک هەميشە هاشوهوشی ئيسلامييەکان و درۆ و پڕوپاگەندە و درووشمبازييەکانيان ڕای گشتی هەرێمی کوردستانی کۆنتڕۆڵ کردووە، لەبەرانبەردا ميديا و لایەنێکی تر نييە کە لە ڕووی مەعريفە و زانيارييەوە بەهێز بێت و بتوانێت ڕاستييەکان ئاشکرا بکات و ڕای گشتی ڕزگار بکات لەو تەوژمە ئيسلامييە تيرۆريستييە گەندەڵی درۆزنی بازرگانی خوێنە، کە هيچ سنوورێکی نەماوە لە بەدڕەوشتی و لەبەر کۆمەڵێک ئامانجی سياسی و ئايدۆلۆژی ٢ مليۆن مرۆڤی کردووە بە سووتەمەنی و ڕۆژانە دەياندات بە کووشت یان لەبەردەم کامێراکان کەرامەتيان دەشکێنێت و بازرگانی و سياسەتيان پێوە دەکات؛ بێ ئەوەی وەڵامی ئەوە بدەنەوە، باشە بۆچی دەبێت لە ئوومەتێکی ٢ ملياری، تەنيا ئەو دوو مليۆن مرۆڤە داماوی لاوازە شەرەفی ئومەت بپارێزن و ئەو قوربانييە گەورەیە بدەن؟

 

بۆچی نابێت داوا بکرێت حەماسی تيرۆريست چەک دابنێت و بارمتەکان ئازاد بکات؟ بۆچی ئازادکردنی قودس تەنيا دەبێت بە خوێنی ئەو دوو مليۆنە غەززاوييە بێت؟ 
وەک هەميشە، لێرە هەوڵدەدەم ڕاستييەکان بۆ خوێنەران بخەمەڕوو و پڕوپاگەندە و درۆکانی ئيسلامييەکان هەڵبوەشێنمەوە.

 

چەند ڕێگایەکی سەرەکی هەیە بۆ گەياندنی هاوکاری و پارە بۆ غەززە: ١.  لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتييەکان، بە تايبەت ئەوانەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانن. یان ڕێکخراوە فەرمييەکانی دەوڵەتان، بۆ نموونە هيلالی سووری ميسری و وڵاتانی تر. ٢. هاوکاری ناردن لە ڕێگەی تەنسيق، واتە دەوڵەتێک بە تەنسيقکردن لەگەڵ حکومەتی ئيسرائيل، مۆڵەت وەردەگرێت بڕێکی دياريکراو هاوکاری دەگەيەنێتە ناو غەززە. بۆ نموونە ئيماڕات و ئوردن ئەم ڕیگایە زۆر بەکاردەهێنن، زۆر کات بە فڕۆکە هاوکارييەکان هەڵدەدەنە خوارەوە. ئەم دوو ڕێگایە هەردووکی پێويستی بەوەیە سوپای ئيسرائيل سنووری وشکانی یان ئاسمانی بکاتەوە لەبەردەم هاوکارييەکان، ماوەی پێشوو زۆربەی کات ئەم سنوورانە داخرابوون. 

 

لە سەرەتای جەنگەکە کە تيرۆريستانی حەماس لە زۆربەی ناوچەکان چالاک بوون، زۆربەی هاوکارييەکانيان لەبار هەڵگرەکان یان لە کۆگاکان دەدزی، یاخود هاوکارييەکان دەدران بە کۆمەڵێک بازرگانی سەر بە حەماس، پاشان بە نرخی زۆر گران بە خەڵکی دەفڕۆشرانەوە. بۆ نموونە چادرێک بە خۆڕایی دەهات، حەماس بە هەزار دۆلار دەيفڕۆشتەوە. (لەو بازرگانييە قێزەونە گروپی ميسری سەر بە سوپا و هەواڵگری زۆربەی کات بەشدارن).

 

 پاش لاوازبوونی حەماس و لەدەستدانی زۆربەی ناوچەکانی غەززە، گروپ و مافيای تر سەری هەڵدا، بۆ نموونە عەشایەرەکان، یان بازرگانی تر کە سەر بە حەماس نيين، بەشێکيان تەنانەت تەنسيقيان لەگەڵ ئيسرائيل هەیە، بە تايبەت لەگەڵ عەرەبەکانی ٤٨. ئەمانيش هاوشانی حەماس لە سنووری دەسەڵاتی خۆیان دەستيان کرد بە دزين و قۆرخکردنی هاوکارييەکان. لە ئێستادا چەندين گروپی مافيا و دزی هەیە، یەکێکيان حەماسە. سێ-چوار گروپی چەکداری تر هەن سەر بە ئيسرائيلن و دژی حەماسن، بۆ نموونە ئەوەی پێی دەڵێن گروپەکەی ئەبو شەباب، کە بە هاوکاری سوپای ئيسرائيل ناوچەی ڕەفەحی کۆنتڕۆڵکردووە، ئەوانيش هەر هاوکارييەکان دەدزن و بە گران دەيفڕۆشنەوە.

 

 لە قۆناغی ئێستادا، جگە لە گروپەکان و حەماس و عەشایەرەکان و بازرگانەکان، خەڵکی عەواميش پەلاماری هاوکارييەکان دەدات و دەيبەن. واتە، لە ئێستادا دۆخیک هەیە لە غەززە کە هەمووان دزی لە هەمووان دەکەن، مانەوە بۆ بە هێزترينە. فەوزا و بێ سيستەمييەکی گەورە هەیە، ئەخلاق و بەهای کۆمەڵایەتی و دينی و یاسایی لە غەززە، هاوشێوەی گەرەک و باڵەخانەکان وێران بووە. زۆرينە دزی دەکەن بۆ ئەوەی بمێننەوە، هەفتانە خەڵک لەسەر چەند کيلۆیەک ئارد یان بڕێک پارەی کەم دەکووژرێت.

 

٣. ناردنی پارە بۆ ناو غەززە. وا ديارە هاوکارييەکانی هەریمی کوردستان ئەم ڕێگەیە بەکاردەهێنێت. ئەمەش بەچەند ڕێگایەک دەکرێت، بۆ نموونە لە ڕێگەی کۆمپانياکانی وەک ويسترن يونيۆن و مەنی گرام لەناوخۆی هەرێم یان لە دەرەوە، کە لقيان ماوە لە هەندێک شوێنی غەززە. یاخود ئەوەی پێی دەڵێن نووسينگەی حەواڵەکردنی پارە، واتە لە هەرێم یان لە دەرەوە پارە دەدرێت بە دوکانێکی حەواڵە، کە لقی لە غەززە هەبێت، پاشان کەسەکە یان گروپەکە لە غەززە ئەو پارەیە وەردەگرێت.  

 

ئەم دوکان و نووسينگانەش، زۆربەی، هی گروپ و بازرگانە تاوانبارەکان و حەماس و عەشایەرەکانە. بۆ نموونە ئەگەر ١٠٠ دۆلار بنێريت بۆ غەززە، دەکرێت ٣٠ دۆلار تەنيا عمولەت لێ بسەنن، هەندێک کات زیاتريش. کاتێک ئەو ٧٠ دۆلارەش وەردەگريت، ئەوا بە دراوی شێکل دەتدەنێ، بەهای شێکل لە غەززە هەر مافيا و دزەکان دياری دەکەن، بۆ نموونە ئەگەر ١٠٠ دۆلار بەرانبەر بە ٣٠٠ شێکل بێت بە فەرمی، ئەوا لە غەززە بۆ ١٠٠ دۆلار ٢٠٠ شێکل وەردەگريت. پاشان ئەو بڕە پارەیەش دەبێت بدەيتە چەند کيلۆ ئاردێک و چەند شمەکێکی سادە، کە هەر هی گروپە مافيا و دزەکانە، یەکێکيان حەماسە. 

 

٤. ناردنی پارە بە سيستەمی ديجيتاڵی، واتە بە پلاتفۆرم و ئاپەکان کە ئۆنلاينن، یان دراوی ئەليکترۆنی... لەمەشدا ديسانەوە تاڵانييەکی گەورە دەکرێت. ئەگەر بتەوێت ئەو پارەیە لە غەززە بکەيتەوە بە کاش، ئەوا زۆر کەمترت دەدەنێ، ئەگەر بتەوێت هەر بە ئۆنلاين شمەکێک بکڕيت، ئەوا پێويستە پارەیەکی زیاتر بدەيت. بۆ نموونە ئەگەر یەک کيلۆ گۆشت بە ٤٠ دۆلار بێت بە کاش، ئەوا بە دراوی ئەليکترۆنی یان بە ئۆنلاين، دەبێت ٦٠ دۆلار بدەيت. 

 

٥. ميتۆدێکی تری هاوکاری بريتييە لە هاوکارييەکانی دەزگای مرۆیی غەززە کە هی ئەمريکا و ئيسرائيلە. ئەمە لە هەمووی باشترە لە ڕووی ئەوەی کە کەمتر تاڵانی تیا دەکرێت و بە خۆڕاییە، هاوکات گروپە مافياکان و تيرۆريستەکانی پاشماوەی حەماس ناتوانن بە ئاسانی بازرگانی پێوە بکەن. هەر بۆیە زۆرترين دژایەتی دەکرێت لە لایەن تيرۆريستانی حەماس و ئيسلامی سياسی و بوقەکانيانەوە، هاوکات لە لایەن گروپە مافياکانی تر کە دژی حەماسن. بەڵام ئەم ميتۆدەش جارێ ناتوانێت زۆرينەی خەڵکی غەززە تێربکات. هەر وەها هەڵدانی هاوکارييەکان بە فڕۆکە هەر چەند زۆر سنووردار و کەمە، بەڵام مەجالی بازرگانی و فڕۆشتنەوەی بە نرخیکی گران کەمترە. 

 

ئەم تاوان و  تاڵانی و دزی و سپی کردنەوەی پارەیە بەم شێوە سەير وسەمەرەیە لە لایەن بازرگان و گروپە غەززەییەکان خۆیانەوە ئەنجامدەدرێت، بازرگانەکانی جەنگ کە حەماس و ئيسلامييەکان یەکێکن لە ديارترينيان، هۆکاری سەرەکی ئەو دۆخەن. لە دوو ساڵی ڕابوردوو، لەوانەیە باشترين پڕۆژە و بزنس لە جيهاندا بابەتی هاوکاريکردن و کۆکردنەوەی کۆمەک بێت بۆ غەززە. بە دەيان چالاکوان و مافيا و کەسایەتی... بە ناوی هاوکاريکردنی غەززە بوونە بە مليۆنێر. 

 

سەرچاوەکانی ناو غەززە ئاماژە بەوە دەکەن، کە بە دەيان مليۆن دۆلار لە وڵاتانی وەک مۆريتانيا و ئەندەنۆسيا و ماليزيا کۆکراوەتەوە و زۆربەی لە لایەن تيرۆريستەکانی حەماس و ئيخوانەکانەوە دزراوە پێش ئەوەی بگاتە غەززە. هەر بۆیە ئيسلامييەکان زۆريان پێباشە ئەو جەنگە بۆ دوو ساڵی تريش بەردەوام بێت، ئيتر گرنگ نييە ١٠٠ هەزار غەززەی تر بکووژرێت و ٢٠٠ هەزاری تر بريندار و کەم ئەندام بێت، گرنگ ئەوەیە ئەو بزنسە بێ وێنەیە و ئەو بانگەشە و گەمە حيزبی و ئايدۆلۆژييە بەردەوام بێت. چی لەوە باشترە بە دەيان مليۆن دۆلار بدزيت و خەڵکيش پێت بڵێت موجاهيد و هاوخەمی ئەهلی غەززە؟ 

 

ئەگەر ئيسلامييەکان بەڕاستی خەمی غەززەیانە، بۆچی داوا ناکەن لە حەماس پاساوەکانی ئيسرائيل ببڕێت و چەک دانێت و بارمتەکان ئازاد بکات؟ ئەو چەکە هەبێت یا نا، چ سوودێکی هەیە تازە؟ غەززە کاولکرا و داگيرکرا، چەکەکە دابنێن، لایەنی کەم کاولکاری و ئاوارەیی و کووژراوەکان کەمتر دەبێت. یاخود ئەگەر بەڕاستی دەيانەوێت گەمارۆدانی غەززە لاببەن، بۆچی رۆژانە خۆپێشاندان ناکەن بۆ فشار لە تورکيا و ئێران و قەتەر کە جەنگ رابگەيەنن دژی ئيسرائيل و غەززە رزگار بکەن؟ چونکە تەنيا ئەو سێ دەوڵەتە دەبێت ئەو داواکارييەیان ئاڕاستە بکرێت، ئەوانی تر، سعوودييە و ميسر و ئيماڕات و ئوردن... بە قسەی ئيسلامييەکان زايۆنين، ناکرێت داوا لە زايۆنی بکرێت جەنگی ئيسرائيل بکات. پاشان ئەو دەوڵەتانە هەرگيز بانگەشەی جيهاد و دژایەتی و سڕينەوەی ئيسرائيليان نەکردووە، ئەوا ئەردۆگان و ئێران و قەتەرن بوونە بە خەليفە و سوڵتانی مسوڵمانانن و دەيانەوێت قودس ئازاد بکەن!

 

ئەوەی لە سەرەوە باسکرا، وەڵامە بۆ پرسياری ئایا بۆچی بە سەدان مليۆن دۆلار ٢ مليۆن مرۆڤ تێر ناکات؟ بۆچی لە هەموو جيهانەوە هاوکاری کۆدەکرێتەوە کەچی ئەو دوو مليۆنە هەر برسين؟ بۆچی لە کوردستانەوە بە مليۆنان دۆلار دەنێرنە غەززە، کەچی بە پێی ڤيديۆکانی خۆیان، ئەو هەموو پارەیە تەنيا بەشی ئەو ديمەنانە دەکات کە دەبينرێن ( چەند خێزانێک لەبەردەم کامێرا دادەنرێن شکۆ و کەرامەتيان دەشکێنرێت بۆ ئەوەی ژەمێکی خواردنيان پێ بدرێت) ئایا ٢٠-٣٠ دەفتەر دۆلار هەر ئەوەندە دەکات؟ ئەگەر پاساوەکە گرانی نرخی شمەکە، کێ بەشدارە لەو گرانييە؟ هەر گروپەکانی ناو غەززە کە یەکێکيان حەماسە. ئەگەر ئيسرائيل ڕێگە نادات هاوکارييەکان بچنە ژوورەوە، کەواتە بۆچی بەردەوام بە درێژایی نزيکەی دوو ساڵ بێ وەستان هەر هاوکاری و پارە کۆ دەکرێتەوە؟

 

بە کورتی، ئەگەر هەموو جيهانيش هاوکاری بنێرێت بۆ غەززە، ئەوا هەر قوورسە مەسەلەی قەيرانی خواردن و گرانی چارەسەر بێت. چونکە دەيان کەسایەتی و گروپی ناو غەززە، لە حەماس و دژەکانی، بەرژەوەندييان لەوەیە نرخی شمەک زۆر گران بێت، نرخی عمولەی ئاڵوگۆری پارە و ناردنی پارە زۆر گران بێت. واتە کڕۆکی کێشەکە لە سنوور داخستن و کەمی خواردن و ئەم شتانە نييە، کێشەکە لەوەیە بەشێکی خەڵکی غەززە، ئەوانەی چەک و ئابووری و خەڵکيان هەیە، ژیان و پێگە و ئامانجيان لەسەر ئەو دۆخە بەندە کە لە غەززە هەیە. چارەسەرکردنی ئەو قەيرانە، دژی بەرژەوەندی ئەوانە. واتە کڕۆکی کێشەکە ئەخلاقیيە نەک سياسی. بۆ نموونە حەماس و ئيسلامی سياسی  بۆ ئەوەی هەناسە بدات، پێويستە مناڵی فەڵەستينی بکووژرێت، غەززە کاولبکرێت و برسێتی هەبێت. ئایا لەم دوو ساڵە، ئەگەر کاولکاری و کووشتاری غەززە نەبوایە، ئيسلامی سياسی چی هەبوو بۆ وتن؟ چ چالاکيەکی دەکرد؟

 

سەبارەت بە ئيسرائيل، بە دڵنياییەوە ئەو دۆخەی پێخۆشە، لەوەدا تاوانبارە کە لەوانەیە بتوانێت سنوورێک بۆ ئەو گروپە مافيانە دانێت، بەڵام تەماشاکەرە زۆربەی کات، بە ئەرکی خۆی نازانێت. کاتێک نوخبەکانی غەززە خۆیان دز و تاوانبار بن و کۆمەڵگە و شاری خۆیان وێران بکەن، ئيسرائيل بە دڵنياییەوە هەر تەماشا دەکات و تەنانەت زیاتر هانيان دەدات.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن