1003وتار

بزوتنەوەی گۆڕان نیوەی ڕێگاکەی بڕی !

5/11/2019 11:29:00 AM
گەیلان شێخ عومەر

لە مێژووی چارەگە سەدەیێکی  ململانێ توندی سیاسی و فکری نێوان لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان ، بزوتنەوەی گۆڕان ڕاستگۆترین لایەنی سیاسی بوە تاکو ئەم لەحزەیە ، بە تەواوی توانای کاریکردوە بۆ پیادەکردنی بەرنامەو ئەو بنەمایانەی لە پێناوی دامەزراوە .

چەسپاندن و جێگیرکردنی  بنەمای هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمان و کارکردن بۆ بونیاتنانی سیستمی پەڕلەمانی لە کوردستاندا کار و ئەرکی لە پێشینەی بزوتنەوەی گۆرا بوە و لەسەرجەم هەڵبژاردنەکانیشدا بە ڕوونی باسی کردوە .

لە کۆبونەوەی ئەمجارەی پەرلەمان بۆ شێوەی
هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ئەو ڕاستیە بۆ هەموو لایەک ئاشکرابوو کە بزوتنەوەی گۆڕان نیوەی ڕێگا سەختەکەی خەباتی مەدەنی بڕی و دەسکەوتی گەورەی سیاسی پێشکەشی هەرێمی کوردستان کرد و  جارێکیتر وەفاداری خۆی بە بەرنامەکەی پێشانی ڕای شتی دایەوە.
بۆ نیوە ڕێگاکەی تریش بزوتنەوەی گۆڕان پێوستی بە زۆرێک لە لایەنە سیاسیەکان هەیە تا پێکەوە دەستورێکی باش و سەردەمیانە لە فۆرمی سیستمی پەڕلەمانی بکەنە دیاری خەڵکی هەرێم بە جۆرێک ئەم هەرێمە بەرەو ئارامی سیاسی و بە دامەزراوەیی کردنی دامودەزگاکان و رێکخستنی هێزی پێشمەرگە لەیەک سوپای نیشتیمانی و دادی کۆمەڵایەتی ئابوری ببات .

بزوتنەوەی گۆران بە سیاسەت و دونیا بینی خۆی سیحری ململانێی ناشرینی سیاسی لەم وڵاتە بە جۆرێک تێکشکاند کە ئیتر نە حیزبی چەکدار بە تەنها خاوەن بڕیاری سیاسیە و نە حیزبی مەدەنیش تەنها کاری بێدەنگی و سەرلەقاندنە .

ئەوەی بۆ ئەو قۆناغەی ئێستا پێویستە ئەوەیە،  ئەو هێزو لایەن و کەسایەتیانەی باوەڕیان بە خەباتی مەدەنی هەیە  بەمەبەستی پێشکەوتنی هەرێم باشتروایە  پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی بزوتنەوەی گۆڕان بکەن تاکو پێکەوە بتوانن ژیانێکی شایستە و سەربڵندانە بۆ تاکی هەرێم دروست بکەن کە مافێکی ئاسای و یاسایی خۆیانە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن