771وتار

چەند هەڵەیێکی کوشندەی سیاسیەکانی کوردستان و تاکە دەرفەتێک بۆ ئایندەی هەرێم !!

8/17/2021 9:04:00 AM
گەیلان شێخ عومەر



ئەوانەی لە مێژوو بێ ئاگان هەمیشە هەڵەکان دوبارە دەکەنەوە !!

بەشێک لە هۆکارەکانی تێکچونی دیمۆگرافیا و دۆخی کۆمەڵایەتی و  و ژێرخانی ئابوری هەرێم  و زیادبونی ڕێژەی بێکاری و کۆچی  گەنج بۆ دەرەوە و پاشکەوتنی هەرێمی کوردستان چین ؟؟ !!

 کەڵەکە بوی کێشەو گرفتەکانی ئێستای هەرێم  بەرئەنجامی بریاری سیاسی چەند قۆناغێکی مێژووین . ئەگەر هۆکاری دیاری دەرەکیش هەبوبێت ئەوە بێ گومان هۆکارە ناوخۆکان ڕۆڵی هەرە سەرەکیان هەبوە لەو دۆخەی ئێستا .

چەند هەڵەیێکی کوشندەی سیاسیەکان کە هەرێمی کوردستانیان بەو ڕۆژە گەیاند .

١- لە ساڵی (١٩٦١)، دەکرا سیاسیەکانی بڕیار بەدەستی ئەو سا ڕێگریانکردبا لە دروستبونی حەرەکەی چەکداری کورد  کە ناسراوە بە شۆرشی ئەیلول ، بۆ ؟ چونکە کورد لە مێژ نەبوو وەک نەتەوە لە دەستوری عێراق دانی پێدانرابوو ئەوش ڕوداوێکی  زۆر گرینگ بوو لە مێژووی گەلی کورد . پێویست بوو سیاسیەکانی کورد زیاتر کاریان لەسەر دوو تەوەر کردبا ، یەکەم هەرچۆنێک بوایە بەردەوام بان لە گفتوگۆ و کاری دبلۆماسیانە لە گەل بەغدا بۆ زیاتر پێشوەچونی دۆخ و دۆزی کورد بە ئاشتیانە ، دووەم دەبوا سیاسیەکانی کورد لە کوردستان زیاتر کاریان لەسەر وشیار کردنەوەی تاک کورد کردبا لە ڕێگەی بەرەو پێش بردنی حیزبی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی .

ئەنجامی بڕیاری هەڵەی سیاسیەکان بۆ دەستپێکردنی حەرەکەیێکی چەکداری  ئینشقاق و دروستبونی دووبەرەی جەلالی و مەلایی بوو کە تاکو ئێستاش گەلی کورد باجی ئەو دابەش بونە دەدات ، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی حەرەکەی کورد لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە  !!!

عێراقی ئەوسا  زنجیرەیێک کودەتا و گۆڕانی سیستمی حیزبی و سیاسی گرینگی بەخۆیەوە بینی ، سەرانی سیاسی ئەوسای کورد تەنها دەبوا بینەری ڕوداوەکان بوانە و لەهەر ڕوداوێک سودیان لێوەرگرتبا بۆ دۆزی کورد .

٢- لە ئۆتۆنۆمی ساڵی (١٩٧٤)، سەرکردایەتی سیاسی ئەوسای کورد دەبوا وشیارتر بان و بەر لەوەی شای ئێران بزوتنەوەی کورد بە عێراق بفرۆشێت ،  سەرکردایەتی سیاسی کورد شای ئێرانی بە عێراق فڕۆشتبایە و بەهەر جۆرێک با لەگەل بەغدای ناوەند ڕێکەوتنی کردبا و دەستی شای ئێرانی لە گەمەکردن بە موقەدەراتی گەلی کورد  بڕیبوایە . ئەو هەنگاوە گەلی کوردی دەپاراست لە کۆچ و لە ئاوارەیی و لە لەناوچونی دەسەڵاتی کوردی لە کوردستان . ڕێگری دەکرد لە لێشاوی گەورەی ترحیل و تعریبی ناوچە کوردیەکان .

کاتێک سەرکردایەتی سیاسی ئەوسای کورد نەیتوانی ئەو بڕیارە سیاسیە گرینگە بدات ، ئەنجامەکەی دەرکەوت کە گەلی کورد دوچارە چ بەڵا و کارەساتێکی گەورە بوو دوای ئاشبەتاڵ !!

٣- لە شەڕی هەشت ساڵەی عێراق لە گەل ئێران (١٩٨٠-١٩٨٨)، سەرەڕای ناکۆکیەکانی نێوان هەردووک حیزبی پارتی و یەکێتی دەبوا پێکەوە مفاوەزاتیان لەگەل بەغدا کردبا بۆ ئەوەی بتوانن پێکەوە هەرێمی کوردستان لە ئاگری شەڕی گەورە و قوڕسی هەشت ساڵە نێوان عێراق و ئێران بپارێزن(دەرفەتی لەباریش بۆ ئەو کارە هەبوو) . کە دواتر دەرکەوت بە هۆی ئەنجامی ئەو شەڕە  ژێرخانی ئابوری و ئاوەدانی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان تەواو داروخا .

ئەگەر هەردووک حیزبی پارتی و یەکێتی مفاوەزات و ڕێکەوتنیشیان نەکرد لەگەل بەغدا ، نەدەبوا بە هیچ جۆرێک وابەبێ زەمانەت و نەبونی لێکدانەوە بۆ ئایندە  یارمەتی ئێرانیەکانیان  دابوا و نەدەبوا پەلکێشی سوپای ئێرانی بکەن بۆناو قوڵایی خاکی عێراق ولێدان لە ژێرخانی ئابوری و نەفتی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییدا ئەنجامی هاوکاریکردنی  پارتی و یەکێتی بۆ سوپای ئێران دەرکەوت کە چ زیانێکی گەورەی لە خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان دا ، وەک عەمەلیەی ئەنفال و تێکدانی هەزاران گوند و ئاوایی کوردستان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و بادینان و بالیسان و جافایەتی و ئەنفالکردنی بارزانیەکان و کاولکردنی ناوچەی باڵەکایەتی و دەیان کارەساتی تر ...!!!

٤- لە دوای ڕاپەرینی بەهاری ساڵی (١٩٩١) ، سەرکردایەتی سیاسی کورد سودی وەرنەگرت لە کارەسات و ڕوداوەکانی ڕابردوو . بڕیاریدا چەک و پارە هەر لە دەستی حیزب بمێنێتەوە و تەحەکومی پێوە بکات .
سەرکردایەتی سیاسی ئامادە نەبوو قەوارەی تازە دروستبوی هەرێمی کوردستان  بە گەورە و بە دەسکەوتێکی گرینگی مێژووی سەیربکات کە دەرەنجامی  خوێنی هەزاران قوربانی و ماڵوێرانی میلەتێکە .

دوبارە سەرکردایەتی سیاسی کورد لە جیاتی ئەوەی بڕیار بدەن بە پاڵپشتی ڕۆژئاوا و وڵاتانی ئەوروپا کوردستانی وێرانکراو ئاوەدان بکەنەوە و ژێرخانێکی تۆکمە بۆ وڵات دابنێن ،  کەچی کوردستانی وێرانکراویان جارێکیتر کردەوە مەیدانی خراپکاری و بڕیاری شەڕی ناوخۆیاندا ئەویش لەسەر بنەمای  کەونە قین و  داوای موڵکایەتی بۆ ریزە دوکانێک  .

ئەنجامی ئەو بڕیارە هەڵەی سەرانی سیاسی کورد بەکوشتدانی هەزاران گەنجی ئەو هەرێمەو چاندنی تۆوی ڕق و دوبەرەکی و بە فیڕۆدانی سامانی زۆری نیشتیمان و ئاوارە بونی خەڵکی ناوخۆ وکۆچی هەزاران کەس و  خانەوادەی هەرێم بۆ هەندەران و شوێن پێ قایمکردنی زیاتری دوژمن و بێگانە بوو لە هەرێمی کوردستان .

٥- سەرکردایەتی سیاسی کورد نەیتوانی سودی باش لە ڕوخانی ڕژێمی بەعس وەربگرێت ، کار و خەمی سەرەکی کەسە سیاسیەکانی کورد لە بەغدا  وەرگرتنی پۆستی باڵا و پۆستی زۆر بوو لە حکومەتی بەغدا بۆ حیزبەکانی خۆیان و بۆ بەرژەوەندی تایبەت .

نەچاودێری لەسەر ئەو کەسانە هەبوو کە پۆستیان لە بەغدا پێدەدرا و نە لێپرسینەوەشیان لەگەل دەکرا لەسەر خڕاپ بەکارهێنانی پۆست و دەسەڵاتەکانیان .
سەرکردایەتی سیاسی کورد تەنانەت نەیان توانی ئەو مادە و بڕگە دەستوریانەش جێبەجێ بکەن کە پەیوەست بون بە کەرکوک و شوێنە جێناکۆکەکان !!

ئەنجامی ئەو شێوە کارکردنەی سەرکردایەتی کورد لە بەغدا بە فیڕۆدانی گرینگترین کات و کارتی مێژووی کورد لە پرۆسەی ڕوخانی ڕژێمی بەعس  و بەفیڕۆ ڕۆیشتنی هەموو ئەو قوربانیە مەزنەی گەلی کورد کە دەکرا لە ڕێی دەستور و حکومەتی بەغدا قەرەبوو بکرێتەوە .

٦- لە ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ساڵی(٢٠١٧)، سەرکردایەتی سیاسی کورد لە لایێک  هەڵەی کرد لە هەڵبژاردنی تەوقیتی ڕیفراندۆم و لە لایێکیتریش سیاسیەکان و ڕاوێژکارانی سەرۆکی پارتی (ڕاستگۆ  نەبوون) لە گەل سەرۆکی پارتی .

ناکرێت بڵێین سەرۆکی پارتی لە پڕۆسەی ریفراندۆم  هەڵەی نەبوو ، ئێستا باسی دەکەین ئەو لە چیدا هەڵە بوو  .
ڕاستیەک هەیە کەدەبێ هەموومان بیزانین ، بەڵێ وایە زۆرینەی زۆری خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ریفراندۆم دەنگی بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆیی کوردستان و جیابونەوەی لە بەغدا ، بەڵام رێفراندۆمەکە هەر زیاتر بە ناوی بەرێز مەسعود بارزانیەوە ناوی دەرکرد و ناسراو ئەنجامدرا . هەر بۆیە ئەو دەبوا زیاتر و وردتر لێکدانەوەی بۆ ئەنجامەکانی ریفراندۆم کردبا .

بەر لە هەر شتێک هەڵەی بەرێز بارزانی لەوەدا بوو ناو ماڵی سیاسی کوردستان لە دۆخێکی ئێجگار خڕاپدا بوو دەبوا پێش هەموو شتێک ئەو دۆخە خڕاپەی چاک کردبایەوە هەرچۆنێک بوایە .
هەڵەیێکی تری گەورەی  بەرێز بارزانی حیساب نەکردن بوو بۆ خواستی وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا و بریتانیا و فەرەنسا و ئێران کە داوای ئەنجام نەدان و دواخستنی ریفراندۆمیان دەکرد .

زۆربەی ئەو سیاسیانەی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە بەڵێنی پشتیوانیان دابوو بە سەرۆکی پارتی و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بوون ، ئەو کەسانە زیاتر بازرگانی سیاسی و کەسی کەم سەنگ و بێزراوی ناو خەڵک و کەسی کڵۆڵ بوون لە سیاسەتی ئیقلیمی و جیهانی .  ئەوان کەسی سیاسی و سیاسەت مەداری دڵسۆزی خاک و خەڵکی هەرێم نەبوون .  
هەر زوش  ماهیەتی ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە بەدیار کەوت ، دوای خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەر و لە دەستدانی نیوەی خاکی هەرێم و شەهید بونی دەیان ڕۆڵەی کورد و ئاوارەبونی  سەدان کەس ، ئەوەی ساغ و سەلامەت و بێ بەڵا دەرچوون  ئەندامانی ئەنجومەنە باڵای ریفراندۆم بوون ، نە کەسمان لێیان دیت تا مردن لە کەرکوک بەرگری بکات نە کەسمان دیت لە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم دوای ئەو کارەساتە سەری خۆی هەڵبگرێ و بە یەکجاری دەسبەرداری سیاسەت بێت !!

ڕاوێژکارەکانی سەرۆکی پارتی (ڕاوێژکاری سەربازی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و پیشەسازی و قانونی  ) ڕاستگۆ نەبوون  لەگەل سەرۆکەکەیان .  یان گێل و بێ ئاگا و ناشارەزا بوون یان جورئەتی راستی گوتنیان نەبوە بەرامبەر بە سەڕۆکی پارتی .
هیچ کامێک لەو ڕاوێژکارانە ڕاپۆرتێکی زانستی تێروتەسەلی پێشکەش نەکرد لە ئەگەری سەرنەکەوتنی ریفراندۆم کە دوخی هەرێم چی لێدێت و چۆن دەبێ خۆی بۆ ئامادە بکەین !!

فەزاحەت و کارەساتی گەورە شکەستی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم بوو .
فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێم   نزیکەی دە ساڵ لە چەندین پایتەخی وڵاتانی گرینگی جیهان کاری دەکرد بە بودجە و پاڵپشتی مادی و مەعنەوی ساڵانەی زۆرەوە ، کەچی نەیتوانی لۆبی بکات بۆ ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان . نەیتوانی هیچ وڵاتێک ڕازی بکات بۆ پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان  . ئینجا لە هەمووشی خڕاپتر ئەوە بوو قەناعەتی بە سەرۆکی پارتی و کۆمەڵە کەسێکی سیاسی هێنابوو  کە حەفتا وڵات پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ سەربەخۆیی !!

لە دوا سەفەری سەڕۆکی پارتی بۆ یەکێتی ئەوروپا بۆ گفتوگۆکردن لە بارەی ریفراندۆم لام وابوو بە گەڕانەوەی بۆ هەرێم یەکەم کاری لە کار لادان و سزادانی بەرپرسانی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوەی هەرێم دەبێت کە نەیانتوانی لە هەموو ئەوروپا دوو سێ کەسی سیاسی گرینگ و دەسەڵاتدار ئامادەی کۆبونەوەکانی سەڕۆکی  هەرێم بکەن  تا لە نزیکەوە گوێ لە خواستی خەڵکی هەرێمی کوردستان بگرن  !!!

٧-  دوا خاڵی ئەو نوسینە بۆ سەڕۆکی پارتیە.
زۆربەی زۆری ئەو هەڵە سیاسیانەی لە سەرەوە باسمانکردن بە هۆی بریارەکانی بەرێز  مسعود بارزانی و بەرێز جەلال تاڵەبانی ڕوویانداوە و ئەوان تێیدا بەرپرسیارن .

زۆرێک لە ئێمە سەرەڕای ئاوەرە بوون  و دەربەدەری و کیمیاباران و لە دەستدانی خۆشەویستانمان کەچی یەک ڕۆژ خۆشیمان نەدیت لە ژێر سایەی حوکمی ئەو دوو بەرێزە لە ماوەی سی ساڵی حکومڕانی کردنیان .

ئەوەی خێر و خۆشی ئەم وڵاتە بوو دابەشی سەرخۆیان و دەوروبەرەکانی خۆیان کرد و  نانێکیشیان بۆ چەند کەسێک فڕێداوە و   تەواو !!

بەڵام ڕاستیێک هەیە و ناتوانین نکۆڵی لێبکەین ئەویش ئەوەیە بەرێز مسعود بارزانی لە ئێستادا کەسی هەرە دیاری سیاسی هەرێمی کوردستانە کە حیسابی گەورەی بۆ دەکرێت.
ڕۆڵی بەرێز مسعود بارزانی دووجاری تر گەورەتر بوو دوای کۆچی دوای بەڕێزان نەوشیروان مستەفا و جەلال تاڵەبانی .

 ئێستا ئەو تاکە سواری بێ ڕکابەری مەیدانی سیاسی هەرێمی کوردستانە ، بەڵام کام مەیدان ؟ مەیدانێک کە لەبەردەم گۆڕانکارێکی گەورەی سیاسی و سەربازی نا ڕوونی ئیقلیمی و  عێراقی دایە !!

لە لایێکیتر کۆمەڵێک گرفتی گەورەی ناوخۆ مەیدانیان لێی گرتوە ، گرفتی خاک ، گرفتی نەتەوە ،  گرفتی زمان ، گرفتی داهات و ژیانی خەڵک ، گرفتی نەبونی دەستور ، گرفتی نەبونی عەدالەت و نەبونی یەکسانی !!!

بەرێز مسعود بارزانی لە ئێستادا کەسێکی خاوەن ئەزموونە ، ئەو ئەزمونی گەورەی وەرگرتوە لە ڕوداوەکانی کۆماری مەهاباد و شۆرشی ئەیلول و گوڵان و شۆرشی نوێ و ڕاپەڕین و سی ساڵ حکومڕانی خۆماڵی و شەڕی داعش و ریفراندۆم و ڕوداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەر .

لە ئێستادا چی مەتلوبە لە بەرێز مسعود بارزانی ؟؟!!

لە ئێستادا ئەمریکا خەریکی پێداچونەوەی سیاسەت و تەواجودی خۆیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت لە عێراق ، تورکیا خەریکی بەرنامە و خۆئامادەکردنە بۆ قۆناغی نوێی ناوچەکە و زەحفی زیاتر ، ئێران هێشتا کۆمەڵێک کارتی هەیە کە دەتوانێ بۆ مانەوەی خۆی مساوەمەی لەسەر بکات ، عێراق و ئۆردن و مسر کوتلەیێکی ئابوری و سەربازی دروستدەکەن ، عێراق خۆی ئامادە دەکات بۆ دوای نەمانی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵات .

هەموو ئەمانە ئەگەر ڕوبدەن بۆ هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیێکی سیاسی باش نابن .

بۆ سارێژی بەشێک لە برین و بریاری هەڵەی سیاسی لە ڕابردو ، لە ئێستادا مەتلوب لە بەرێز بارزانی ئەوەیە کە دوور لە بیری تەسکی حیزبایەتی هەنگاو بنێت .  بەهەر جۆرێک بێت یەکدەنگێکی سیاسی پتەو دروست بکات کە بتوانن لەبەرامبەر ڕوودانی هەر ئەگەر و  ڕوداوێک کە لە سەرەوە باسمانکرد گەلی هەرێمی کوردستان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بکات . (بەڵام ئەو کارە بە ئەنجومەنێکی بازرگانی چاوچنۆکی وەک ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم ئەنجام نادرێت) .

وە هەوڵبدات بە زوترین کات هێزی پێشمەرگە بکاتە هێزێکی نیشتیمانی دور بێت لە دەستی حیزب و فەرماندەی شکەستخواردو .

ئەو بەشە نوسینەی من لە خۆشەویستی من نیە بۆ بەرێز مسعود بارزانی  ، بەڵکو لە نیگەرانی قووڵ و خوێندنەوەی خۆمە بۆ ئایندەی هەرێمی کوردستان .   ئەگەر چارەیێک نەکرێت ئەوا دور نابینرێت  دۆخی ئێمەی کورد خڕاپتر بێت لە دۆخی ئەفگانەکان ، چونکە ئەوەی ئەوڕۆ دەبێتە جێنشینی حکومەتەکەی ئەشرەف غەنی لە کابول هەر تاقم و گروپێکی ئەفگانە نەوەک کەسێکی بێگانە .

بەڵام ئەگەر دۆخی قەوارەی هەرێم تێکبچێت ڕوون نیە و  نازانین کە جێنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان تورک یان فارس یان عەرەب دەبێت !!!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن