بەرنامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان و خەڵک هەر لە شوێن خۆیانن ئەوە ئێمەین لەوێ نەبوین!!
10/13/2021 10:10:00 AM
گەیلان شێخ عومەر
ئەنجامی دواهەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەری خست هاوکێشەکە نەگۆڕاوە ، ئەوەی گۆڕاوە ڕێژەی دەنگەکانە کە زۆر کەمی کردوە ئەوەش تەنها یەک مانای هەیە ئەویش وشیاری ئەو دەنگدەرە بەرێزەیە کە باوەڕی تەواوی بە بەرنامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە و لە هیچ کەسێک قبوڵ ناکات لاڕێ بێت.
دەرکەوت بەرنامەکەی بزوتنەوەی گۆڕان و پشتیوانی خەڵک هەر لە شوێنی خۆیان پێکەوە ماون و وەفادارن بە بیرو بۆچونی داڕێژراوی بەرێز نەوشیروان موستەفا ، بەڵام ئەوە ئێمەین لەوێ نەبوین .
دەرکەوت ئەو دەنگدرە بەرێزەی کە ساڵانێکە لەسەر ئەرک و ماندبونی خۆی پشتیوانی لە پڕۆژەی چاکسازی و گۆڕانخوازی دەکات لە هەرێمی کوردستان مەڕ نیە لە لایە کەسێکەوە ئاڕاسته بکرێت بۆ ڕێگایێکی پێچەوانە ، چونکە خودی دەنگدەر خاوەن ڕوئیا و دونیا بینی خۆیەتی و لێکدانەوەی باشی هەیە بۆ ڕوداو و پێشهاتەکان .
ئەو خەسڵەتانەی ئەندامانی بزوتنەوەی گۆڕانی پێ ناسراون بوێری و یاخیبونە بەرامبەر هەر دەسەڵات و هێزێک کە ویستی خۆسەپاندن و ستەمکاری هەبێت .
دەبێ سەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بیری خۆیان بخەنەوە کە دەنگدەری بزوتنەوەی گۆڕان جیایە لە دەنگدەری تەواوی حیزب و لایەنەکانیتر ئەو دەنگدەرە نە ڕامدەکرێت و نە دەستەمۆ ، ئەوکاتە دەنگی لێ بەرز نابێتەوە کە بزانێت کۆی سیاسەت و هەنگاوەکان لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکە و بۆ هێنانە کایەی زیاتری دادگەری و یەکسانیە .
هەر ئەوەش بوو کە بزوتنەوەی گۆڕانی لە پێناودا دامەزراوە .
کەواتە هاکێشەکە نەگۆڕاوە و وەک خۆیەتی ، بۆ ئاشتکردنەوە و ڕابەرایەتی کردنی سەر لەنوێ و ئومێد دان بە هەزاران دەنگی نوێی ناڕازی ئەوە بڕیاربەدەستانی بزوتنەوەی گۆڕانن دەبێ دان بەهەڵەکانیاندا بنێن و بگەڕێنەوە ناو ئاپۆڕای پشتیوانانی بزوتنەوەی گۆڕانخوازی کە هێشتا وەفاداران بەو بەرنامەیە و وەک شاخ سەر بەرزانە وەستاون .