358وتار

کورد موتیعی حیزبە !!

3/11/2021 10:09:00 PM
گەیلان شێخ عومەر

 

"هیچ میلەتێک نیە لە دونیادا هاوشێوەی کورد موتیعی حیزب و سەرکردەکانی بێت" .
ئەو ناونیشانەی سەرەوە ڕستەی نوسینێکی  کاک عارف قوربانیە ،  ئەو کەسێکی دیاری ناو کایەی سیاسی و میدیای هەرێمی کوردستانە ڕاستە ئەو به‌رێزە تەنها لە ڕێگەی نوسینەکانیەوە دەناسم بەڵام بەو نوسینەی کۆمەڵێک شت هاتنەوە زەینم حەزمکرد بیانخەمە ڕوو .

بەڵێ هیچ میلەتێکم نەدیتوە لە دونیادا هاوشێوەی کورد گوێڕایەڵ و بەر ئەمری سەڕۆکی حیزب و سەرکردەی سیاسی بێت بێ گوێدانە باش و خراپی فەرمانەکانیان .

بە شێوەیێکی گشتی گەلی کورد گەلێکی نا ئازا نیە ، بەڵام زۆربەی جار کەسی نا سیاسی و ترسنۆکی هەڵبژاردوە بۆ سەرکردایەتی کردنی خۆی .

ترس وەک سیفەتێکی زاتی ئاسایە لە مڕوڤدا هەبێت و بۆ هەندێکجاریش پێویستە ، بەڵام ترسنۆکی بۆ سەرکردەی سەربازی و سیاسی و پێشەوای کردنی گەلێک نابێت ، بەڵکو هەموو گەلێک پێویستی بە سەرکردەی سەربازی نەترسی و سیاسی ژیر و ورد بین هەیە .

ئەوە حاڵی مێژووی نزیکەی سەد ساڵی پێشەواو سەرکردەی سەربازی و سیاسی کورد بوە .

لە کۆماری کوردستان زۆرێک لە سەرکردەی باڵای سەربازی ئامادە نەبون بە یەک فیشەک پارێزگاری لە تاکە کۆماری کورد بکەن ، سەرۆک کۆمارەکەشی وەک سیاسیێک دوای داگیرکردنی پایتەختی کۆمار لە لایەن دوژمنکانیەوە سەردانی تاران دەکات بە مەبەستی مانی خۆی داوا لە بابولعالی دەکات فەرمانی لێبوردنی بۆ دەربچوێنێت کە پۆستی سەڕۆک کۆماری کوردستانی بەڕێوەبردوە !!!
شانس لەوەدا بوو شێوەی دادگایی کردن و لە دار دانەکەی بەو شێوەیە ئەنجامدرا ، تەواوی ئەو هەڵە و کەموکوڕیانەی پێشەوای کۆماری‌ کوردستانی پاک کردەوە ئەگەرنا نەدەکرا شانازی پێوە بکەین   .

لە بزاوی چەکداری‌ گەلی کورد ناسراو بە ( شۆرشی ئەیلول) ، دوای نزیکەی دوو دەیە لە قوربانیدانی سەخت و باوەڕ بونی خەڵک بە لیدەرو سەرکردەی سیاسی و سەربازی ئەو بزاوە ، ئەو ڕۆژەی سەرانی ئەو بزاوە بەبێ دەستکەوت بڕیاری ئاشبەتاڵیان دا هێشتا زۆرێک لە خەڵک لە بەرەی پێشەوەی بەرگریدا بون کە کە لیدەر و زۆرێک لە سیاسیە دیارەکانی بە سەلامەتی خۆیان و خێزانەکانیان لە قوڵایی خاکی ئێران نیشتەجێکران !!

لە دەیەی هەشتای سەدەی ڕبردوو لە گەرمەی شەڕی نێوان دەولەتی ئێران و ئیراق جارێکیتر سەرانی سیاسی و عەسکەری بزاوی چەکداری گەلی کورد لە ژێر ناوی (شۆرشی نوێ و شۆڕشی ئەیلول)، جاڕی شەڕی سەرتاسەریان دا لە دژی حیزبی بەعس . خەڵکی کوردستان  متمانەی بەو سەرۆک و لیدەرەکان کردو دیسان هەڵیان بژاردن بۆ پێشەوایەتی کردن .

لە ئەنجامی شەڕی دەیەی هەشتا سەدان هەزار لە تاکی کورد بە زیندەبەچاڵ و کیمیاباران و ئەنفالکردن کوژرا و بریندار و پەککەوتە و دەربەدەر و ئاوارە و بزر بوون ، بەگشتی تێکڕای گەلی کورد ڕوبەڕوی جینۆسایدی جەستەیی و فکری و دەرونی بویەوە لە لایەن دوژمنەوە سەرەڕای خاپوری وڵات  . ئەوەی سەیر بوو  ئەو لیدەر و سەڕۆکە سیاسیانەی کە  پێشەوایەتی خەڵکیان کرد هیچ جۆرە زیانێکی مادی و مەعنەویان نەکرد و دوبارە بەخۆشی و ئارامیەوە لەو دیو سنور دەستیانکردەوە بە ژیانی ئاسایی خۆیان و سەرەڕای دەسکەوتی باشی مادی بۆ خۆیان کەچی گەلیان لەناو جەهەنەمی وڵات بەجێ هێشت بۆ سیاسەتی بێ بەزەیانەی دوژمن .

لە ڕاپەرینی بەهاری ١٩٩١ بەهۆی دۆخی گۆڕاوی بڵانسی هێز لە ناوچەکە ، خەڵکی هەرێم ڕاپەرینی لە دژی حیزبی بەعس ئەنجامدا و تەواوی خاکی کوردستانیان ئازاد کرد .  سیاسیەکانی سەرانی بزاوی چەکداری (شۆرشی نوێ و ئەیلولیان )، کردە پێشەوا بۆ ڕابەرایەتی کردنی خۆیان . کە ئەوان بون بە پێشەوا سەرەڕای دەستکەوتنی زۆری کەرستەو چەکی قورسی ڕژیم یەک مانگ نەیان توانی خەڵک و خاکی هەرێم لە دوژمن بپارێزن ، ئەگەر بڕیاری ژمارە (٦٨٨)ی ئەنجومەنی ئاسایش نەبوایە ئێستا شتێک نەدەبیسترا بەناوی قەوارەی هەرێمی کوردستان .

هەر بە خواست و فەرمایشی ئەو سەرکردانە خەڵکی هەرێم سندوقی دەنگدانیان پڕکرد لە یەکەم هەڵبژاردنی گشتی ، هەر هەمان ئەو سەرکردانەش ڕێژەی ئەو دەنگدانەیان کردە بنەمای پێشاندانی هێز و توانای خۆیان بۆ هەڵایساندنی شەڕی ناوخۆ . سەرانی ئەو دوو ڕەوتە وەک پاداشت دانەوەی خەڵک بۆ هەڵبژاردنیان  لە شەڕی ناوخۆ گیانی نزیکەی سی هەزار تاکی هەرێمیان کێشا . ئەوەی بێ زیان و سەلامەت و بێ ئازار و ناخۆشی لەو شەڕە ماڵوێرانەدا لێی دەرچوو تەنها خودی سەرکردەی سیاسی و پێشەواکان بوون .

دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لە ساڵی ٢٠٠٣   حاکمی ئەوسای ئەمریکا لە عێراق سوپای دەوڵەتی عێراقی بە فەرمی هەڵوەشاندەوە کەچی سەرکردە سیاسیەکانی کورد هەوڵی جدیاندا بۆ سەر لەنوێ دامەزراندنەوەی ئەو سوپایەی کە بەدرێژای تەمەنی مەرگ هێنەر بوە بۆ گەلی کورد ، ئینجا داوایان لە گەلی کورد کرد دەنگ بە دەستوری هەمیشەی عێراق بدەن لە ساڵی ٢٠٠٥ ، زۆربەی کورد دەنگی بە دەستورێکدا کە سەرانی کورد هەر بەپێی ئەو دەستورە نیوەی خاکی کوردستانیان خستە گەمەی یانەسیب و ئایندەیێکی نادیار  هەر بەپێی ئەو دەستورە دانیان پێدانا کە ئەو نیوەیە لە خاک تەواو کوردستانی نیە و کێشەی لەسەرە لە نێوان کورد و عەرەب !!!

سەرکردەکان لە ساڵی ٢٠١٧ موژدەیان دا  بە خەڵکی کوردستان کە لە ئێراق جیا دەبینەوە فەرموون دەنگ بە بەڵێ بدەن ، دوای دەنگدانی زۆرینەی خەڵکی هەرێم بۆ سەربەخۆیی  بەشێک لە سەرکردە سیاسیەکانی هەرێم نیوەی خاکی هەرێمیان بێ شەڕ و کێشە تەسلیمی دوژمن و نایار کرد ، بەشەکەی تریش لە سەرکردەی سیاسی کورد فەرمویان ئێمە ڕیفراندۆمان بۆ جیابونەوە لە بەغدا و سەربەخۆی کوردستان ئەنجام نەداوە و ئەو مەبەستەشمان نەبوە وە ڕازین کە دادگای باڵای ئێراق بە فەرمی ئەنجامی ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنێتەوە .
هێشتا خوێنی قوربانیەکانی ڕیفراندۆم وشک نەببویەوە هەردوک بەش لە سەرکردە سیاسیەکانی کورد لە بەغدا کەوتنە شەڕێکی توندی سیاسی بۆ پچکوڕاندنی پۆستێکی زیاتر بۆ خۆیان .

بەڕاستی گەلێکی موتیعە !!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن