ئاوڕدانهوهیهك لەسەردەمی دابڕان! (٣- ٣)
6/25/2026 9:48:00 PM
د. یوسف محەمەد
دواجار پڕۆژەی دەستورمان گەڕاندەوە بۆ پەرلەمان؛ شەرعییەتمان بە تەمدید نەدا؛
هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێممان گەڕاندەوە بۆناو پەرلەمان. بەڵام چۆن!؟
پێنجەم: رێگای سەختی راستکردنەوەی چەوتییەکان (٢٠١٤- ٢٠١٨)
پێش دەستبەکار بونمان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە سەرەتای ئایاری
٢٠١٤ دا، قەیرانی دارایی و ئابوری لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد بو. پێشتر لە دو
مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ەوە بەهۆی بەهەدەردانی زۆری بودجەی هەرێم، کورتهێنانی دارایی
دەستی پێکرد. دواتریش بەهۆی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێی بۆرییەوە، بەغدا لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٤ بەشە
بودجەی هەرێمی بڕی. واتە کە ئێمە لە سەرۆکایەتیی خولی چوارەمی پەرلەمان دەستبەکار
بوین ، چەند مانگێک بو قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێکردبو و، نزیکەی
مانگ و نیوێکیش موچەی موچەخۆران دوا کەوتبو. هەر لەگەڵ دەست بەکاربونیشمان شەڕی
داعـ.ش لە مانگی حوزەیرانی هەمان ساڵ سەریهەڵدا و دواتریش ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە
لە مانگی ئاب دا پەلاماری شەنگالیدا و، دەستی کرد بە جێنۆسایدی کوردانی ئێزیدی و
نزیکیش بوەوە لە شاری هەولێر. هەمو ئەمانەش چ قەیرانی دارایی و ئابوریی هەرێم، چ جێنۆسایدی
خوشک و برایانی ئێزیدی، چ جەنگی دژی تیرۆریستان ئەرکی ئێمەیان لە پەرلەمانی
کوردستان قورستر کرد. ئەمانە بونە سەرباری ئەرکە رۆتینییەکانی تری پەرلەمان و ئەو
کێشە قووڵانەشی لە خولەکانی پێشوەوە بۆمان بەجێ مابون.
سەرەڕای راگەیشتن و دەستوپەنجە نەرم کردن لەگەڵ قەیرانە قورسە تازەکانی هەرێم،
بە پێویستمان زانی کە نابێت کێشە چارەسەرنەکراوە بەجێماوەکانی پێشوش فەرامۆش بکەین.
بۆیە هەر لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٤ەوە دەستمان کرد بە هەنگاوی کرداری بۆ چارەسەری کێشەی
سەرۆکایەتیی هەرێم([1]).
سەرەتا لە پرسی گەڕاندنەوەی پڕۆژەی دەستوری هەرێمەوە دەستمان پێکرد، هیوامان
وابو هەر بە هەموارکردنی ئەو پڕۆژە دەستورەی پێشتر لە ٢٠٠٩ بە پەلەپڕوزکە و بەبێ
ئاگاداریی بەشێکی ئەندامانی تێپەڕی بو([2])، بتوانین کێشەی
درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی پێشو و هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ لە پەرلەمانەوە چارەسەر
بکەین. لەبەر ئەوە لە ١٦- ١٢- ٢٠١٤ دا خوێندنەوەی یەکەممان بۆ (پڕۆژە یاسای ئامادەکردنی
پڕۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان – عێراق بۆ راپرسی) کرد([3]). بەڵام بە هۆی
کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ دەستورێکی نوێ ئەنوسرێتەوە یان پرۆژە
دەستورەکەی پێشتر هەموار ئەکرێتەوە، پەسەندکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە کەوتە (١٣- ٤-
٢٠١٥)([4]) و دروست کردنی
لیژنە دەستورییەکەش کەوتە (٢٠- ٥- ٢٠١٥)([5]).
ئەمە لە کاتێکدا بو کە بیانوی درێژکردنەوەی دو ساڵ بۆ سەرۆکی پێشوی هەرێم لە
٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣، بریتی بو لە گەڕاندنەوەی دەستور بۆ پەرلەمانی کوردستان! بەڵام
ئەم پرسە نزیکەی شەش مانگ دانوستانی ویست تا بە کرداری پڕۆژەی دەستور بگەڕێنینەوە
بۆ ناو پەرلەمان. بەو شێوەیە سەرباری ئەوەی یەکێک لە ئامانجەکانمان بەدیهێنا لەوەی
پڕۆژەی دەستور بگەڕێنینەوە بۆ پەرلەمان بۆ چارەسەری ئەو چەوتییانەی تێیدا بون و چەسپاندنی
سیستمی پەرلەمانی تێیدا، بەڵام ئیتر زانیمان کە بە دەستور ناتوانین کێشەی سەرۆکایەتیی
هەرێم چارەسەر بکەین. چونکە لە ١٩ی ئابی ٢٠١٥، ماوەی درێژکراوەی سەرۆکی پێشوی هەرێم
تەواو ئەبو و نەدەتوانرا تا ئەو کاتە هەم لیژنە دەستورییەکە کارەکانی تەواو بکات و
هەمیش پڕۆژە دەستورییەکە بخرێتە راپرسیی گشتییەوە.
کێشەیەکی دیکە بریتی بو لەوەی بە هۆی تازەیی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی هەرێم
و قەیرانی دارایی و جەنگی دژی تیرۆر، نەدەتوانرا بەر لەو وادەیە هەڵبژاردنی گشتی بۆ
سەرۆکی هەرێم ئەنجام بدرێت. هەر بۆیەش چەند کۆبونەوەیەکی چڕمان لەگەڵ فراکسیۆنەکانی
پەرلەمان رێکخست. لەسەرتادا داوامان لێکردن کە پێکەوە مەتبەخێک دروست بکەن بۆ گەیشتن
بە سازان لەسەر ئەو پرسە. بەڵام فراکسیۆنی پارتی رەتیان کردەوە بەشداری لەو مەتبەخە
بکەن. کاک نەوشیروانیش لە دوا سەردانی بۆ لای کاک مەسعود پێشنیاری بۆ کردبو کە ئەگەر
رازی بن بە هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، ئەوا لە پەرلەمانەوە ئامادەن دەنگ بە
کاک مەسعود بدەن بۆ هەڵبژاردنی وەک سەرۆکی هەرێم، بەڵام کاک مەسعود ئەو پێشنیارەشی
رەتکردەوە. لەبەر ئەوە داوامان لە هەمو فراکسیۆنەکان کرد کە پڕۆژەی خۆیان بۆ چۆنییەتی
چارەسەر قەیرانی سەرۆکایەتیی هەرێم دوای تەواو بونی ماوەدرێژکراوەکەی بخەنە رو. لە
ئەنجامدا چوار پڕۆژە یاسا بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم پێشکەش کران کە بەسەر
یەکەوە لە لایەن ٥٧ ئەندامی پەرلەمانەوە واژۆ کرابون (واتە زیاتر لە نیوەی ئەندامانی
پەرلەمان).
ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی دو پڕۆژە یاسایان بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی
پێشکەش کرد بو کە یەکێکیان لە لایەن د. رێواز فایەقەوە ئامادە کرا بو و دوەمیشیان
پڕۆژەی فراکسیۆنەکەیان بو.
فراکسیۆنی گۆڕانیش پرۆژەیەک، پرۆژەی چوارەمیش هیی هەر سێ فراکسیۆنی کۆمەڵ و
یەکگرتو و بزوتنەوەی ئیسلامی بو([6]).
پرۆژەی گۆڕان بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، هەڵێنجراوی سێ نمونەی هەمواری
یاساکە بو کە بەندە ئامادەم کردبو و دابوم بە کاک نەوشیروان.
ئەوە بو، لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٥ دا، سەرەڕای گوشارەکانی پارتی و بایکۆتکردنی
دانیشتنی پەرلەمان لە لایەن فراکسیۆنەکەیانەوە، خوێندنەوەی یەکەممان بۆ ئەو چوار پڕۆژە
یاسایە کرد. پارتی نە ئەو کات و نە دواتریش هیچ پڕۆژەیەکیان بۆ چۆنییەتی چارەسەری
قەیرانی سەرۆکایەتیی هەرێم پێشکەش نەکرد. دیار بو لە هەوڵی ئەوە بون کە ئێمەش ماوەی
سەرۆکایەتیی هەرێم درێژ بکەینەوە یان لانی کەم بێدەنگ بین لە بەردەوامبونی دوای تەواوبونی
ماوەکەی کە ئێمە بەوە رازی نەبوین، چونکە لە لایەکەوە لەگەڵ پرنسیپە سیاسییەکانمان
نەدەگونجا، لە هەمان کاتیشدا، ئەگەر ئێمە بۆ ماوەی یەک مانگیش بە درێژکردنەوەی ماوەی
سەرۆکایەتیی هەرێم رازی بوینایە، ئەوا بیانومان ئەدایە دەست ئەوانی تر لە ئایندەدا
بێ ترس و کێشە، ماوەی هەر دەسەڵاتێک بیانەوێ، درێژ بکەنەوە.
لەو کاتەوە تا کۆتا دانیشتنی پێنج قۆڵیش کە لە سلێمانی لە ٨- ١٠- ٢٠١٥ دا بەڕێوەچو،
پارتی هیچ پڕۆژەیەکی بۆ چۆنیەتیی چارەسەری قەیرانی سەرۆکایەتیی هەرێم پێشکەش نەکرد،
نەک هەر ئەوە بەڵکو هەر دو بژاردەکەی چوار لایەنەکەی تریان رەتکردەوە کە بۆ
دانوستان پێشکەشی پارتییان کرد بو. دەرەنجامیش پارتی بڕیاری دا لە ١٢ی ئۆکتۆبەری
٢٠١٥ رێمان لێبگرێت بۆ چونە هەولێر و رێ لە وەزیرەکانی گۆڕانیش بگیرێت کە بچنە سەر
کارەکانیان. لەو کاتەدا کە تازە سەرەتای نەخۆشییەکەی دەرکەوت بو، کاک نەوشیروان چەند
رۆژێک بو بۆ چارەسەر سەفەری دەرەوەی وڵاتی کردبو.
رەنگە پارتی زانیبێتی کە هەڵوێستی لایەنەکانی تر توند نابێت بۆیە بە ئاسانی
پەنای بۆ رێگری کردنمان برد، هەر واش بو. یەکێتی کە لە بری پڕۆژەیەک دو پڕۆژەیان بۆ
هەمواری یاسای سەرۆکایەتی پێشکەش کردبو، بە قودرەتی قادر بون بە ناوبژیکار لە نێوان
گۆڕان و پارتی، رۆشتنە ئەو ئەنجومەنەشەوە کە کاک مەسعود بۆ (ریفراندۆم)ی دروست
کرد، دواتریش لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٧ دا لەگەڵ یەکگرتو بەشدارییان لە کاراکردنەوەی
پەرلەماندا کرد!
ئاخر خۆ ئێمە لەسەر کاری نایاسایی رێگریمان لێنەکرا بو تا ئاوا خۆیان نەبان
بکەن، بەڵکو لەبەر فەرامۆش نەکردنی پڕۆژەکانی ئەوان و خۆمان و لایەنەکانی تر لە دو
خولی پەرلەماندا، لەبەر هەوڵدانمان بۆ راستکردنەوەی ئەو چەوتییانەی ئەوان لە خولەکانی
پێشو بەشدار بوبون لە تێپەڕاندنی، پارتی رێی لێگرتین. هەڵبەت هەڵوێستی مامۆستا عەلی
باپیر و کۆمەڵی دادگەری و کاک فەخرەدین قادر (سکرتێری پێشوتری پەرلەمان) و ئەندامانی
فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان جێی تەقدیر و بیرهێنانەوەیە کە تا دوای ریفراندۆمیش
هاوهەڵوێستییان لەگەڵ ئێمە و گۆڕان پاراست، هەر ئەمەش بویە هۆی زیادبونی دەنگ و
کورسییان لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨ی پەرلەمانی کوردستان. بە هەمان شێوە پێویستە باس لە هەڵوێستی
جوامێرانەی هەمو هاوڕێییانم لە فراکسیۆنی ئەو کاتی گۆڕان و هەندێک لە پەڕلەمانتارانی
فراکسیۆنەکانی تریش بکەین کە بە شێوەی جیاجیا بەرەنگاری ئەو فشارانە بوونەوە کە لەسەریان
هەبو، لەوانە ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی و بەشێکی فراکسیۆنی یەکگرتو بەتایبەت بەڕێزان:
ئەبوبەکر هەڵەدنی و گۆران ئازاد، فراکسیۆنی ئازادی: بەڕێز عەبدولرەحمان فارس (ئەبوکاروان)،
فراکسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی: خوالێخۆشبو د. شوان قەڵادزەیی ، فراکسیۆنی رۆڵەکانی
دو رووبار: د. سرود سەلیم مەتی یوسف، بە هەمان شێوە هاوڕێ و هاوکارانم لە نوسینگەکەمان
و بەڕێوەبەری ئەوکاتی سەنتەری لێکۆڵینەوەی پەرلەمان.
مێژو ئەوانە ئەینوسنەوە کە لەکاتی پێویست دا بە باوەڕێکی بتەو و ئیرادەیەکی
بەهێزەوە لەگەڵ پرنسیپ و بەڵێنەکانیاندا راستگۆ ئەبن.
سەرەنجام سەرباری هەمو ئەوانە، ئێمە رێگریمان کرد لە درێژکردنەوەی نایاسایی
سەرۆکایەتیی هەرێم و شەرعییەتی قانونیمان پێنەدا. هەر بۆیەش شکستی ریفراندۆم و
شانزەی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، کاک مەسعودی ناچار کرد بە هۆی فشاری ناوخۆیی و دەرەکییەوە
واز بهێنێت و پەرلەمان لە ٢٩- ١٠- ٢٠١٧ یاسای (دابەش کردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی
هەرێم بەسەر دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێم) ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٧ پەسەند بکات([7]). لە کاتی پەسەند کردنی ئەم یاسایە گۆڕان و کۆمەڵ بڕیاریاندا فراکسیۆنەکانیان
بۆ یەکەم جار لەدوای داخستنی لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ بنێرنەوە بۆ پەرلەمان و بەشدار
بن لە دەرکردنی ئەو یاسایە کە دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی سڕ دەکرد تا ئەنجامدانی
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دوای هەڵبژاردنی پڕ لە کێشەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٨، زانیاریمان
پێگەیشت کە سەرانی ئەوکاتی یەکێتی لەبیری زیندوکردنەوەی رێکەوتنی ستراتیژی لەگەڵ
پارتی و، دروستکردنەوەی هاوکێشەی سەرۆککۆمار بەرامبەر بە سەرۆکی هەرێم بون، بەشێوەیەک
لەبەرامبەر پاڵپشتیی پارتی لە کاندیدی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، یەکێتیش
پشتیوانی لە کاندیدی پارتی بکات بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کە بەپێی یاسای سەرۆکایەتیی
هەرێم و یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتیی هەرێم، هەر دەبو هەڵبژاردنی سەرۆکی
هەرێم لەناو خەڵکەوە بکرێت. زانیارییەکانی ناو خانەی راپەڕاندنی ئەوکاتی گۆڕان ئەوە
بو کە مەلا بەختیار (کە ئەوکات هەڵە نەبم لێپرسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی
یەکێتی بو) بەتەمای خۆکاندید کردن بو بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و پێی وابو بە رێکەوتن
لەگەڵ پارتی بە ئاسانی ئەتوانێت بگات بەو پۆستە. ئێمەش ئەمانزانی کە کارێکی لەو شێوەیە
جارێکی تر ئەمانگەڕێنێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم. هەر بۆیەش پڕۆژە یاسای هەڵپەساردنی
سەرۆکایەتیی هەرێممان ئامادە کرد و، لەڕێی خانەی راپەڕاندنی گۆڕانەوە نێردرا بۆ
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان. دواجاریش یاساکە لە (١١- ٧- ٢٠١٨) دا لە
لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کرا([8]). یاساکە بەشێوەیەک
بو کە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەساڵی ٢٠١٨ دا لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی
کوردستان ئەنجام نەدرێت، بەڵکو هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم و دابەشکردنی
دەسەڵاتەکانی بەردەوام بێت تا لە خولی پێنجەمی پەرلەمان چارەنوسی یەکلا ئەکرێتەوە.
لەو کاتەدا وا دەرئەکەوت کە پارتی لە دۆخێکی ئیحراجیدا بون کە لەو کاتەی
کاک مەسعود لە پۆستی سەرۆکی هەرێم نەماوە، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم لەناو خەڵکەوە
بکرێت. هەر بۆیە دەنگیان بە یاساکەدا و لەمپەریان لەبەردەمی دروست نەکرد. ئەمەش
راستیی ئەو بوچونەی پێشومانی دەرخست کە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و پڕۆژەی دەستوری
هەرێم بە باڵای کاک مەسعود دا دورابون نەک وەک پێویستییەکی هەرێم و دامەزراوە دەستورییەکانی!
یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و دواتریش هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە
ئەوەی سەلماند کە پڕۆژە یاساکانی هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٥ هیچ
کێشەیەکیان نەبو و بە کرداری ئەیانتوانی چارەسەری قەیرانی کۆتایی هاتنی ماوەی درێژکراوەی
سەرۆکی هەرێم بکەن. باشە ئەگەر ئاساییە سەرۆکایەتیی هەرێم هەر نەبێت، یان ئەگەر هەبێت
لەناو پەرلەمانەوە سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردرێت، ئەی بۆچی پارتی رێگریی لە ئێمە کرد و
پەرلەمانی بۆ ماوەی دو ساڵ داخست!؟
بەداخەوە پێشکەشکردنی ئەو پرۆژە یاسایە و پەسەندکردنی لە پەرلەمانی
کوردستانەوە، کرایە بەشێک لەکێشە ناوخۆییەکانی ئەو کاتی گۆڕان و، تۆمەتی ناڕاست و
بێبنەمای زۆرمان بۆ دروست کرا. بەڵام ئێمە ئەمانزانی چی ئەکەین بۆیە ئاوڕمان لێنەدایەوە.
هەڵبەت باس لە کۆمەڵێک دانیشتنی نهێنی ئەکرێت کە گوایە لەو کاتەدا لەنێوان
هەندێک لە کارەکتەرەکانی گۆڕان و پارتی کراون، بەندە و دکتۆر بەهار مەحمود (کە ئەو
کات جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان
بو) کە پێکەوە ئەو پرۆژە یاسایەمان ئامادە کرد بو، دور و نزیک ئاگاداری هیچ کۆبونەوە
و گفتوگۆیەکی لەو شێوەیە نەبوین. هەروەها بۆ برەودان بەو تۆمەتانە باسیان لەوە دەکرد
کە یاسای درێژ کردنەوەی یاسای تیرۆریش لە لایەن بەندەوە ئامادە کراوە کە قسەیەکی
ناڕاست و بێ بنەما بو و بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری دەرکردنی ئەو یاسایە نەبوم.
یاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و دواتر گۆڕینی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم
لەناو خەڵکەوە بۆناو پەرلەمان، گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی بو لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی
کوردستان، چونکە جگە لەوەی ئەوە یەکێک بو لە داخوازییەکانی پێشومان، لە هەمان کاتیشدا
هەنگاوێکی گرنگ بو بە ئاڕاستەی راستکردنەوەی لاسەنگیی هێز لە هەرێمی کوردستان.
چونکە پێشتر پارتی بە زۆرینەی سادەی دەنگی ناو خەڵک دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم
و هەمو ئەو دەزگا و ئەنجومەنانەی سەر بەو دامەزراوەیە بون بۆ خۆیی قۆرخ کرد بون، بە
سەنگی خۆشی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەکانی پەرلەمان و حکومەتیشی
لەگەڵ ئەوانی تردا بەش ئەکرد. هەڵبەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەتوانرا باشتر سود
لەو یاسایە وەربگیرێت، بۆ نمونە بۆ هەمواری تەواوەتیی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، ئەمەشمان
بەشێوەی جیاجیا بە ئەندامانی وەفدی دانوستانی گۆڕان وت. بەڵام وادیار بو کە ئەولەوییەتی
ئەوان پۆستەکان بو نەک پرسە یاسایی و دەستورییەکان، بەتایبەت کە زۆرینەیان کاندید
بون بۆ ئەو پۆستانەی وەریانگرت!
دواجار سەرباری ئەو هەمو سەختییەی دوچاری بوینەوە، سەرباری ئەو هەمو قەیرانەی
روبەروی بوینەوە، سەرباری ئەوەی هەندێک جار بە تەنیا ماینەوە، بەڵام لە کۆتایی دا
هەر توانیمان بەشێک لەو چەوتییانەی لە خولەکانی پێشوەوە بۆمان بەجێمابو راست بکەینەوە:
1.پڕۆژەی دەستورمان
گەڕاندەوە بۆ پەرلەمان و، بە یاسایەک زەرورەتی سازان لەسەریمان چەسپاند؛
2.شەرعییەتمان بە
تەمدید و درێژکردنەوەی هیچ دەسەڵاتێک نەدا و، بەشێوەیەکی ئاشتییانە و بەبێ ئەوەی
خوێنی یەک کەس بڕژێت ئەو پڕۆسەیەمان راگرت و، دواتریش لە داوای ژمارە (٢٤٨- فیدڕاڵی-
٢٠٢٢)دا لە دادگای باڵای فیدراڵی، نادەستوری بونی هەر درێژکردنەوەیەکی ماوەی دامەزراوە
هەڵبێژردراوەکانمان سەلماند و راگرت([9]).
ئێمەش ئەمانتوانی بیانوی تێکنەچونی دۆخەکە، لەپێناوی بەرژەوەندیی تایبەتیماندا،
لەو پڕۆسەیەدا کورت بهێنین و پەردەپۆشی بکەین! بەڵام ئەوە لەگەڵ باوەڕ و پرنسیپەکانی
ئێمە نەدەگونجا؛
3.هەڵبژاردنی سەرۆکی
هەرێممان گەڕاندەوە بۆناو پەرلەمان و، ئەمەش رێگای خۆش کردوە لاسەنگیی هاوکێشەی هێزی
هەرێم راست بکرێتەوە؛
4.پەیوەندیی ناتەندروستی
نێوان پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێممان راگرت و، ئێستا یەکەمیان پەیوەستە
بە هاوکێشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەوەی دوەمیش بە هاوکێشەی هەڵبژاردنی
پەرلەمانی کوردستان.
ئەم سەردەمە:
- سەردەمی دەستپێکردنی
دابڕان بو لەگەڵ ئەم شێوازە ناتەندروستەی حوکمڕانیی دەسەڵاتگەرانەی حیزبییانەی هەرێم.
- سەردەمی دەستپێکردنی
دابڕان بو لەگەڵ ئەو ململانێ خوێناوی و بێزراوانەی هەرێم کە ریشەکەی بۆ ناکۆکیی لەمێژینەی
ناو کورد ئەگەڕێتەوە.
- دەستپێکی ئەزمونکردنی
ململانێی سیاسیی ئاشتیانە و خەباتی مەدەنی بو بۆ حوکمڕانییەکی باشتر و سەردەمیانە،
کە دواجار هەر ئەبێ بە مەنزڵ بگات. چونکە هەر ئەو رێگایە سەرئەکەوێ، جا ئەگەر سەختیش
بێ و ماوەیەکی درێژیش بخایەنێ.
پەراوێزەکان:
[1] . درێژە بە روداوەکانی ئەم قۆناغە نادەم، چونکە پێشتر لە چەند
بابەت و چاوپێکەوتنێکدا بە وردی باسم کردوە. هەر بۆیەش بۆ زانیاریی زیاتر سەبارەت
بە روداو و پێشهات و پڕۆژە یاساکانی سەرۆکایەتیی هەرێم لە دانیشتنی ٢٣ی حوزەیرانی
٢٠١٥ بۆ دانیشتنی ١٩ی ئاب و دواتریش رێگری لێکردنمان لە ١٢ی ئۆکتۆبەری هەمان ساڵ بڕوانە:
دامەزراوەی میدیایی درەو، پەرلەمانی کوردستان – دیوی پشتەوەی ململانێ و ناکۆکییەکان،
چاپخانەی پاندا، سلێمانی، ٢٠٢٥، لا لا ١١- ٤٧.
یان بڕوانە خەرمانی درەو لەم دو لینکە:
https://www.facebook.com/story.php?story_fbid=1074954350667903&id=100044600432073&mibextid=wwXIfr&rdid=U7wlPX6hOEdR9ofg&share_url=https%3A%2F%2Fwww.facebook.com%2Fshare%2Fv%2F1QqSC3VH4f%2F%3Fmibextid%3DwwXIfr
https://drawmedia.net/.../18277-d-iwsf-mhemed-beshi-iekem...
[2] . هەر لەبەر ئەوەش کەسایەتییەکی وەک د. نوری تاڵەبانی لە ئەندامەتیی
لیژنەکە کشایەوە.
[3] . ئەم پڕۆژە یاسایە لە بنچینەدا لە لەیەن فراکسیۆنی یەکێتییەوە
پێشکەش کرا بو، بەڵام دواتر دوای هەندێک دەسکاری کرایە پڕۆژەی زۆرینەوی فراکسیۆنەکانی
ناو پەرلەمان و، لە لایەن سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان و ٥٨ ئەندامی پەرلەمان
واژۆ کرا بو. بڕوانە دەقی پڕۆژەکە لە بەڵگەنامەی ژمارە (٤) لەم لینکە:
https://mass.org.iq/wp-content/uploads/2026/06/بەڵگەنامەی-٤-پڕۆژەی-ئامادە-کردنی-دەستور-بۆ-راپرسی.pdf
[4] . بڕوانە دەقی یاساکە لەم لینکە:
https://www.parliament.krd/media/1985/یاساى-ژمارە-4-ى-ساڵى-2015-یاساى-ئامادەکردنى-پرۆژەى-دەستورى-کوردستان-ـ-عێراق-بۆ-راپرسی.pdf
[5] . بڕوانە بڕیاری ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٥ی پەڕڵەمان لەم لینکە:
https://www.parliament.krd/media/13747/بریاری-ژمارە-4ی-سالی-2015.pdf
[6] . بۆ بینینی هەر چوار پڕۆژە یاساکە بڕوانە: دامەزراوەی میدیایی
درەو، سەرچاوەی پێشو، لا لا ٢٧٨- ٣١٣.
[7] . بۆ خوێندنەوەی دەقی یاساکە بڕوانە ئەم لینکە:
https://www.parliament.krd/media/1924/یاساى-ژماره-2-ى-ساڵى-2017-ى-یاساى-دابه-شكردنى-ده-سه-ڵاته-كانى-سه-رۆكایه-تى-هه-رێم-به-سه-ر-دامه-زراوه-ده-ستوورییه-كانى-هه-رێم.pdf
[8] . بۆ خوێندنەوەی یاساکە بڕوانە ئەم لینکە:
https://www.parliament.krd/media/1816/یاساى-ژماره-10-ى-ساڵى-2018ى-یاساى-هه-ڵپه-ساردنى-دامه-زراوه-ى-سه-رۆكایه-تى-هه-رێمى-كوردستان-عێراق.pdf
[9] . بڕوانە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لەم لینکەوە:
https://www.iraqfsc.iq/krarid/233_fed_2022.pdf