382وتار

دۆخی ئێستای هەرێم و ئەوروپای ساڵی ١٩٩٠

12/13/2020 9:08:00 PM
گەیلان شێخ عومەر


له دوا ساتی هەناسەدانی دەوڵەتی یەکێتی سۆڤیەتی مەزن بە تایبەت لە ساڵی(١٩٩٠)ی سەدەی ڕابردوو، دۆخی هەریەک لە وڵاتانی
ئەڵمانیایی ڕۆژهەڵات، بوڵگاریا، چکسلۆڤاکیا، رومانیا، کە لە دوای جەنگی جیهانی دوەمەوە لەژێر هەژموون و سێبەری یەکێتی سۆڤیەدا بوون دوچاری پشێوی و قەیرانێکی مەزن هاتن .

بەجۆرێک خەڵکی هەریەک لەم  وڵاتانە لەناکاو بینیان کە ژێرخانی ئابوری وڵاتەکەیان داتەپیوە ، بودجەی گشتی وڵات بە ڕێژەیێکی سەرسوڕهێنەر کورتی هێنا ، قەرزێکی گەورە کەوتۆتە سەر دەوڵەت ، کارگەو دەستگای بەرهەمهێنان لەبەر کۆن و بێ کەڵکی توانای بەهەمهێنانیان نەما، نە متمانە و نە خەبەرێک ما لە سیستمی بانکی کە ئەوەش نیگەرانی و ترسی لای خەڵک هێندەی تر زیاد کرد .

دۆخی ناوخۆی هەریەک لەم وڵاتانە بە جۆرێک تێکچوو کە پێشتر وێنەی نەبینرا بوو. هەموو هۆکاری دروستبونی ئەو دۆخەش دەگەڕایەوە بۆ خڕاپ بەرێوەبردنی وڵات لە چەند دەیەی پێشتر و بڵاوبونەوەی (گەندەڵی بێدەنگ)،  لە ڕووی سیاسی و کارگێری و ئابوریەوە  .

بۆ نمونە لە وڵاتی چکسلۆڤاکیا بە جۆرێک دۆخەکە تەقیەوە و ئاشکرا بوو کە تەنها لە چل و حەوت دامەزراوەی گەورەی پیشەسازی و بەرهەمهێنان کە خاوەن حەوت ملیۆن کرێکار و فەرمانبەر بوو ، کەچی دەرکەوت لەو ژمارەیە لە سەدا چلی موچەخۆری کرێکار و لە سەدا شەستی فەرمانبەری موچەخۆر زیادە و بەبێ ئەوەی دەوڵەت پێویستی پێیان هەبێت  .

لە وڵاتی پۆڵۆنیا و وڵاتی هەنگاریا دۆخەکە لەوەش خراپتر  ڕۆیشت تا کار گەیشتە ئەوەی فەرمانبەرانی باڵای حکومەت و وەزیرەکان و بەرێوبەرە گشتیەکان بە پێی ئەو  بریارەی کە خۆیان دەریان چواندبوو دەستیان کرد بە فرۆشتنی موڵک و ماڵی دەوڵەت و تەواوی دامەزراوەکانی حکومی بۆ بەرهەمهێنان و پیشەسازی لەگەل شوێنە گشتیەکان، ئەویش بە پارەیێکی هێندە کەم کە تەواوی داهاتی فرۆشتنەکە نەیدەتوانی باری لاسەنگی حکومەت ڕاست بکاتەوە .

لە هەمووش سەیرتر ئەوە بوو کە تەواوی مڵک و ماڵ و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی حکومی تەنها لە لایەن فەرمانبەرانی پلە باڵای حکومەت و وەزیرەکان و بەرێوبەرەگشتیەکان
کڕدرانەوە و بۆ شاردنەوە و بزرکردنی ئەو کارەشیان هەمویان بەناوی کەسە نزیکەکان و هاوڕێ و چەند کۆمپانیایێک کرد .

بە یاسا ڕێگادرا وەبەرهێنی بیانی وەبەرهێنان بکات لەناو وڵاتدا بەپێی ویست و قازانجی خۆی ، بۆی هەبوو هێزی کار لەدەرەوە بهێنێت یان بە موچەیێکی ئێجگار کەم کاربداتە کرێکاری ناوخۆی وڵات . ئەوەش وایکرد هاوڵاتی ڕقی لە زێد و لە هاوڵاتیبوونی خۆی ببێتەوە.

لەو دۆخە خراپ و ناهەموارەدا دروشمێکی باو لەناو کۆمەڵگادا سەری هەڵدا و خەڵک دەیگوتەوە ،" پارەیێک بۆ خۆت کۆبکەرەوە و کارت بە کەس نەبێت ".

ئیتر بەو جۆرە ئەو خەڵکەی ساڵانێک لەژێر حوکمی خۆسەپێن و زۆرداری کۆمۆنیستەکان ژیانیان گوزەراند جارێکیتر‌ کەوتنەوە ژێر بێ رەحم و بێ بەزەیی فەرمانبەرانی پلە باڵای حکومەت و وەزیرەکان و بەرێوبەرەگشتیە قۆرغکارە چاوچنۆکەکان !!

ڕەنگە خوێنەر بپرسێت ئەوە زۆر لە دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان دەچێت ،  ئەی چۆن دواتر خەڵکی ئەم وڵاتانە توانیان جارێکیتر ئەو دۆخە خڕاپە تێبپەڕێنن و هەستنەوە سەر پێی خۆیان و وڵاتەکەیان بەرەو پێش ببەن ؟!!
ئایا ئەزموون و ڕێگا چارەیێک هەیە ئێمەش بتوانین بۆ دەربازبوون لەو دۆخە خراپە سودی لێببینین ؟؟!!  

بەڵێ بۆ چارەسەرکردن و دەرباز بوون لە دۆخی خراپ و قەیراناوی هەرێمی کوردستان لێکۆلینەوەی زانستی و ئەزموونی باشی کردەیی وڵاتان هەیە کە دەتوانین بیانخەینە بەردید و دەستی کەسانی پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی سود لێوەرگرتنیان ئەگەر بیانهەوێت و گوێڕایەڵ بن  !!!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن