ئاوڕدانەوە لەسەردەمی دابڕان! (٢- ٣)
6/25/2026 12:23:00 PM
د. یوسف محەمەد
سێیەم: چیرۆکی دوا دیداری مام جەلال و کاک نەوشیروان
هەمو ئەوانەی نزیکی هەر یەکە لە رەوانشادان مام جەلال و کاک نەوشیروان بون ئەزانن کە لە کۆتاییەکانی تەمەنی هەردوکیان زۆر لێک نزیک بون و پەیوەندییەکانیان ئاسایی بوبوەوە، نەک هەر ئەوە بەڵکو کەوتبونە سەر سکەی کاری هاوبەش و پێکەوەیی.
دەرەنجامی ئەوەش لە لێکتێگەیشتنی دەباشان لە ٢٤- ٩- ٢٠١٢ بەڕونی دەرئەکەوێت. هەمو ئەو قسانەی کە لەدوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال کراون و ئەکرێن کە گوایە ئەوەی لە دەباشان روی دا نە رێککەوتن بو نە لێکگەیشتن بەڵکو تەنها گفتوگۆیەکی ئاسایی بوە راست نین، چونکە پێش کۆبونەوەکە رێکەوتن لەسەر دەرەنجامی کۆبونەوەکە کرابو. پاشنیوەڕۆی ڕۆژی ٢٣ی ٩ واتە رۆژێک پێش کۆبونەوەکەی دەباشان، لەسەر راسپاردەی کاک نەوشیروان، رەحمەتی کاک قادری حاجی عەلی و دکتۆر شاهۆ سەعید (کە ئەو کاتە وتەبێژی گۆڕان بو) و بەندە، پێکەوە رەشنوسی راگەیەنراوی کۆبونەوەکەمان ئامادە کرد بۆ ئەوەی بنێردرێت بۆ مام جەلال. لەسەر کۆمپیوتەرەکەی بەندە لە ژوری توێژینەوەی سیاسی رەشنوسێکی کورتمان ئامادە کرد کە پەیوەندیدار بو بە کاری هاوبەشی نێوان هەر دولا بەتایبەت لەبواری گەڕاندنەوەی دەستور بۆ پەرلەمان و هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم. رەشنوسەکە نێردرا بۆ مام جەلال و، ئەویش وتبوی جا ئەوە داواکاریی ئێمەشە و رازین. هەڵبەت پێش کۆبونەوەی دەباشان، مام جەلال و کاک نەوشیروان جارێک دور لە چاوی میدیا کۆبونەوە، ئەو کۆبونەوەیە تا رادەیەکی زۆر بەستەڵەکی پەیوەندیی نێوانیانی تواندبوەوە.
هەر بۆیەش لە هەواڵی لێکتێگەیشتنی دەباشان بە دەق ئەمە هاتوە: (ههروهها له كۆبونهوهكهدا چهندین بابهتی پهیوهست به ههرێمی كوردستانیش بیروڕایان لهبارهوه ئاڵوگۆڕكرا، بهتایبهت مهسهلهی دهستوری كوردستان و گهڕاندنهوهی بۆ پهرلهمان و ههمواركردنی، كه ههردولا لهسهر گهڕاندنهوهو ههمواركردنی هاوڕابون، به شێوهیهك كه تهوافوقی ههمو لایهنهكانی لهسهر بێت و سیستمی سیاسی كوردستان لهگهڵ بنهمای سیستمی سیاسی عیراق، كه له دهستوری عیراقدا پهسهندكراوه بگونجێنرێن و بكرێن به سیستمی پهرلهمانی.)([1])
هەر لەسەر هەمان ئاڕاستە، رۆژی ٣- ١٢- ٢٠١٢، جارێکی تر مام جەلال و کاک نەوشیروان لە ماڵی کاک نەوشیروان لە گردی عەلی ناجی کۆبونەوە([2])، هەر دو بەڕێزان کاک مولازم عومەر و دکتۆر بەرهەم ساڵح لە بەشێکی کۆبونەوەکەدا بەشدار بون. ئەوە دوا دیداری ئەو دو زاتە و تەنانەت وابزانم دوا دیداری مام جەلال بو لە سلێمانی پێش نەخۆش کەوتنی. چونکە مام جەلال دوای کۆتایی هاتنی ئەو کۆبونەوەیە راستەوخۆ لەڕێی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە گەڕایەوە بەغدا، بەداخەوە ئیتر بە سەلامەتی نەگەڕایەوە سلێمانی. شتێکی وا لەو کۆبونەوەیە بڵاو نەبۆتەوە، دوای کۆبونەوەیەکی گشتی، ئیتر مام جەلال و کاک نەوشیروان دوبەدو پێکەوە کۆ بوبونەوە.
بۆ رۆژی دواتر چەند کەسێک کاک نەوشیروانمان بینی (هێندەی لەبیرم بێت کاک هۆشیار عەبدوڵا بەڕێوەبەری ئەو کاتی کەناڵی KNN و کاک ئارامی شێخ محەمەد رێکخەری ئەوکاتی ژوری هەڵبژاردنی گۆڕان لەوێ بون). کاک نەوشیروان زۆر رازی بو لە کۆبونەوەکە، لە کاتی جیاوازیش کە کاک مولازم عومەر و دکتۆر بەرهەمم بینیوە ئەوانیش ئەیانوت مام جەلال زۆر دڵخۆش بوە بەو کۆبونەوەیە.
لەو بینینەدا کاک نەوشیروان باسی کۆبونەوەکەی بۆکردین. وتی مام جەلال وتویەتی ئەگەر چەکتان ئەوێ با بۆتان بنێرم، سوپاسی کرد بو و وتبوی ئێمە هێزێکی مەدەنین چەکمان ناوێت؛ مام جەلال وتبوی ئەگەر پارەتان پێویستە با بۆتان بنێرم، لە وەڵامی ئەمەشدا سوپاسی کردبو، بەڵام پێی وتبو نێچیروان بارزانی (کە ئەو کاتە سەرۆکی حکومەت بو) بودجەی حیزبەکانی بڕیوە و ئەڵێ مام جەلال وتویەتی بیبڕن. مام جەلال وتبوی ئەوە راست نییە بەڵام مادەم بە ناوی منەوە وتویەتی ئەوە پێی ئەڵێم بیگەڕێنێتەوە. دواتر کاک نەوشیروان پێی وت بو با پێکەوە چاکسازی لە سیستمی حوکمڕانیی هەرێم دا بکەین، پڕۆژەی دەستور و یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم هەموار بکەین و لاسەنگیی هێز لە کوردستان راست بکەینەوە.
مام جەلال زۆر پەسنی ئەو داواکارییەی کاک نەوشیروانی دابو و پێکەوە رێککەوتبون کە هەنگاوی کرداری لەو روەوە بگرنەبەر. مام جەلال هەندێک گلەییشی لە کاک مەسعود کرد بو لەو کێشانەی بۆی دروست کرد بو (ئەو کات سەروبەندی هەوڵی کاک مەسعود و سەدر بو بۆ لابردنی نوری مالکیی سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق). کاک نەوشیروان پێی وابو مام جەلال ئەم جارە جدییە لە بابەتی هەمواری دەستور و یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، هۆکارەکەشی باس کرد.
لە ئەنجامی لێکتێگەیشتن و رێکەوتنی نێوان مام جەلال و کاک نەوشیروان؛ گۆڕان و یەکێتی لەسەر پرسی سیستمی حوکمڕانیی هەرێم، مام جەلال بە کاک نەوشیروانی وت بو کە من سەرقاڵم بە کاروباری عێراق و سەرۆکایەتیی کۆمارەوە، کاک ئەرسەلان (کە ئەو کاتە سەرۆکی پەرلەمان بو) ئەنێرمە لات، بزانە بۆ ئەو هەنگاوە چی پێویستە، پێی بڵێ بیکات.
بەداخەوە دو هەفتە دوای ئەو دوا دانیشتنی نێوانیان، مام جەلال لە ١٧- ١٢- ٢٠١٢ لە بەغدا نەخۆش کەوت و ئیتر دوای ئەوەش سەرکردەکانی ئەو کاتی ناو یەکێتی خۆیان بوارد لە جێبەجێ کردنی لێکتێگەیشتنی دەباشان و، لێکتێگەیشتنەکانی نێوان مام جەلال و کاک نەوشیروان.
چوارەم: سەردانی دکتۆر ئەرسەلان بایز بۆ لای کاک نەوشیروان
مام جەلال بەو شێوەیەی لەگەڵ کاک نەوشیروان رێککەوت بو، د. ئەرسەلانی نارد بۆ لای کاک نەوشیروان. بۆ رۆژی دواتر کاک نەوشیروانم بینی، وتی: "ئەوە د. ئەرسەلان بایز ئیشەکەی پێناکرێت".
کاک نەوشیروان وتی، پێم وتوە دکتۆر ئەرسەلان ئەوە ئێمە لەگەڵ مام جەلال رێککەوتوین بۆ گەڕاندنەوەی پڕۆژەی دەستوری هەرێم بۆ پەرلەمان و هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، ئێمە ٢٣ پەرلەمانتارمان ماوە (ئەو کات گۆڕان دو پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکەی لەسەر داواکردنی کڕینی شوقەکانی پەرلەمان دەرکردبو)، لەگەڵ ٢٩ پەرلەمانتارەکەی خۆتان حسابیان بکە و هێزەکانی تری ئۆپۆزسیۆنیش هاوکار دەبن، بڕۆ دەستور بگەڕێنەرەوە بۆ پەرلەمان و یاسای سەرۆکایەتی هەموار بکە گەورەترین شانازی بۆ ژیانی خۆت تۆمار ئەکەیت. لە وەڵامی کاک نەوشیرواندا د. ئەرسەلان وتبوی ناتوانێت ئەوە بکات چونکە راستە ئەو سەرۆکی پەرلەمانە بەڵام ئەو یەک ئەندامە لە دەستەی سەرۆکایەتی و پارتی دو ئەندامی هەیە.
-ئیتر کاک نەوشیروان وتی کە بەو شێوەیە ناتوانرێت لەم خولەدا ئەو کارە بکرێت.
- وتم: کاک نەوشیروان وانییە ئەو وەک سەرۆکی پەرلەمان ئەتوانێت.
- بە سەرسوڕمانەوە پرسیی چۆن؟
- بۆم باس کرد کە ئەگەر پارتی و ئەو دو ئەندامەکەی تری دەستەی سەرۆکایەتی رازی نەبون، ئەو ئەتوانێت بەپێی( مادەی ٦/ بڕگەی١)ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو کاتی پەرلەمان بە دانیشتنی نائاسایی بیکات.
- وتی دە باشە جوابی بۆ ئەنێرم بێت لەگەڵی دابنیشن و ئەوەی لەگەڵ باس بکەن.
لەسەر راسپاردەی کاک نەوشیروان دوور لە چاوی میدیا لەگەڵ د. ئەرسەلان بایز لەماڵی رەحمەتی حاکم روشدی عەزیز کۆبوینەوە. وەفدی ئەوان بریتی بون لە (د. ئەرسەلان بایز، د. یوسف گۆران، کاک عەبدولباست کە پێشتر وەزیری بازرگانیی عێراق بو)، وەفدی ئێمەش بریتی بون لە (کاک محەمەد تۆفیق رەحیم، حاکم روشدی عەزیز و بەندە).
لە کۆبونەوەکەدا د. ئەرسەلان بایز قسەکانی بەو شێوەیەی لای کاک نەوشیروان کردبونی کردنیەوە، بەندەش ئەو مادەیەی پەیڕەوی ئەو کاتی پەرلەمانم چاپ کردبو کە باسی کۆبونەوەی نائاسایی پەرلەمانی ئەکرد، بۆم باس کردن چۆن سەرۆکی پەرلەمان ئەتوانێ بیکا.
د. یوسف گۆران و کاک عەبدولباست سەیری مادەکەیان کرد و وتیان راستە بەم شێوەیە ئەکرێت، دکتۆر ئەرسەلان خۆشی سەیری لاپەڕە چاپکراوەکەی کرد.
لە درێژەدا وتم ئێمە نامانەوێت ئەرکەکە لەسەر تۆ قورستر بێت، ئەکرێت ژمارەی یاسایی (چواریەکی) پەرلەمانتاران داوای دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان بکەن و جەنابت هەر سەرۆکایەتیی دانیشتنەکە بکەیت. دوای ماوەیەک تێڕامان وتی، باشە ئەچمەوە لە پەرلەمان کۆبونەوەیەک بە فراکسیۆنەکان ئەکەم. دواتر وتی، بەڵام ئەگەر ئەمە بکەین هەمو شت لەگەڵ پارتی تێک ئەچێت، دوای تۆزێک وتی، "تازە ئەو لەگەڵ براکانی و خزمەکانی پێکەوە لە شوێنێک خانویان دروست کردوە!"
دوای کۆبونەوەکە لەگەڵ کاک محەمەد تۆفیق رۆشتین بۆ ماڵی کاک نەوشیروان. لێی پرسین چی بو؟
باسی کۆبونەوە و قسەکانی د. ئەرسەلانمان بۆ کرد. رای هەر دوکمان ئەوە بو کە نایکات!
هەرواش بو، د. ئەرسەلان نەک هەر رێکەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی نێوان مام جەلال و کاک نەوشیروان و یەکێتی و گۆڕانی ئەو کاتی نادیدە گرت، بەڵکو ئەو پڕۆژە یاسایانەیشی بەلاوە نا کە ئەندامانی پەرلەمان پێشکەشیان کرد بو. لە یەکێکیاندا کە لە ١٨- ١- ٢٠١٢ دا پێشکەش کرابو بۆ گێڕانەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمان و، واژۆی ٦٠ پەرلەمانتاری فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمان لە پەرلەمانتارانی هەر سێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن، یەکێتی، شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی و هەندێک لە پێکهاتەکانیشی لەسەر بو، واتە زیاتر لە نیوەی پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان([3]). لە دوەمیشیاندا کە لە ١٠- ١٢- ٢٠١٢ (واتە دوای هەفتەیەک لە دوا دانیشتنی مام جەلال و کاک نەوشیروان) بە واژۆی ٥٢ پەرلەمانتار پێشکەش کرا بو، پڕۆژە یاسایەک پێشکەش کرا بو بۆ تەشریعی یاسایەکی نوێ بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم([4]).
بەڵام سەرۆکایەتیی ئەو کاتی پەرلەمانی کوردستان بەپێچەوانەی مادەی (٧١)ی پەیڕەوی ئەو کاتی پەرلەمان ئەو پرۆژانەی بە تەواوی فەرامۆش کرد کە وەک وتمان لە لایەن زیاتر لە نیوەی ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشکەش کرا بون و، لە بری ئەوە، دیسانەوە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، پرۆژە یاسایەک کە بە واژۆی ١٥ پەرلەمانتار لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٣ پێشکەشی پەرلەمان کرا بو بۆ درێژ کردنەوەی ماوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم([5])، هەر لەو رۆژەدا وەریان گرت و هەر لە هەمان رۆژدا خستیانە بەرنامەی کاری پەرلەمان و خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کرد و هەر ئەو رۆژەش پەسەندیان کرد!
ئەوەتا دکتۆر ئەرسەلان بایز لەو دیمانەیەی خەندان خۆی ئەڵێت کە "من دەورم هەبو کە سەرۆکی هەرێم ... دو ساڵی بۆ نوێ بکرێتەوە!".
بەو شێوەیە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی پێش خولەکەی ئێمە، نەک هەر هیچ یەکێک لەو کێشانەی پەیوەندییان بە سیستمی سیاسی و حوکمڕانیی هەرێمەوە هەبو چارەسەر نەکران، بەڵکو کێشەیەکی گەورەتریشان وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو بۆ خولەکەی ئێمە بەجێهێشت بو، کە ئەویش بریتی بو لە درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکی هەرێمی ئەو کات بو بۆ ماوەی ٢ ساڵ! لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٣ هیچ کێشەیەک نەبو، نە قەیرانی دارایی و نە شەڕی داعـ.ش هەبو و ئەتوانرا هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ئەیلولی ئەو ساڵەدا ئەنجام بدرێت.
راستە ئێمە داوای سیستمی پەرلەمانیمان ئەکرد، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم هاوشێوەی ٢٠٠٩ بکرایە، ئەو کات بەکاوەخۆ لە خولی چوارەم دا کارمان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم و گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ئەکرد لە ناو پەرلەمانەوە نەک بە دەنگدانی گشتی. هەرچەند ئەمە زۆر سەخت بو، بەڵام دواجار هەندێکیمان هەر کرد.
[1] . بڕوانە سایتی سبەی لەم لینکەوە:
https://archive.sbeiy.com/Detail.aspx?id=11806&LinkID=4
هەروەها بڕوانە: رۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە (٥٨٨٨)، سێشەممە، ٢٥- ٩- ٢٠١٢، لا لا ١-٢.
[2] . بڕوانە هەواڵی کۆبونەوەکە لەم دو لینکەوە:
https://www.knnc.net/Details1.aspx?jimare=25660
کۆبوونەوەی نێوان مام جەلال و نەوشیروان مستەفا:
https://youtu.be/hFc9KUW0I_A?si=r8O-R80GFu-jQyDc
هەروەها بڕوانە: رۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە (٥٩٤٤)، سێشەممە، ٤- ١٢- ٢٠١٢، لا لا ١-٣.
[3] . بەپێی بەدواداچونم هەندێک لە بەرپرسانی مەکتەبی سیاسیی ئەو کات (لەناویشیاندا د. ئەرسەلان بایز)، فشاریان لە پەرلەمانتارەکانی یەکێتی کردبو بۆ ئەوەی واژۆی خۆیان لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە بکشێننەوە، بەڵام هەندێکیان رەتیان کردبوەوە. بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە (١) لە کۆمێنتی 1.
[4] . بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە (٢) لە کۆمێنتی 2.
[5] . بڕوانە بەڵگەنامەی ژمارە (٣) لە کۆمێنتی 3.