یەکێتی لە وەهمی رۆژانی رابردوودایە
3/19/2019 3:21:00 PM
گەیلان شێخ عومەر
هەموو ئەوکەسانەی شارەزان لە مێژووی سیاسی و چەکداری نیو سەدەی رابردووی هەرێمی کوردستان، دان بەوەدا دەنێن، کە یەکێتی هەر لەسەرەتای دروستبونیەوە تاکو راپەڕینی ئاداری ساڵی 1991 کاریگەرترین لایەنی سیاسی و چەکداری بووە لە هەرێمی کوردستان .
ئەوەش بۆ ئەو توانا بەهێزە دەگەڕێتەوە کە کادیرو سەرکردەکانی لە بوارەکانی سیاسی و گیانفیداکاریدا هەیانبووە .
هەر هەمان ئەو شارەزایانەو خەڵکی هەرێمی کوردستانیش لایان روونە کە قۆناغی دوای راپەڕین سەرەتایەک بوو بۆ کەمبوونەوەی ئەو رۆڵە گەورەیەی یەکێتی کە هەیبوو لە پێشوودا .
هۆکارەکانیش زۆرن بەڵام دیارترینیان ئەوە بوو کە یەکێتی هەر بە عەقڵیەت و نەفەسی شۆڕشگێری شاخەوە دەستی کرد بە بەڕێوەبردنی شارو دام و دەزگاکانی حکومەت، بێ ئاگا لەوەی کە کەرەستەکانی ئەم دوو قۆناغە تەواو لێک جیاوازن .
هۆکارێکیتری گرنگی پاشەکشەی یەکێتی ئەوە بوو رێگەی نەدا بەو هێزە فکریە مەعریفیە گرنگەی کە لەناوخۆیدا هەبوو کاریان دەکرد بۆ گۆڕانکاری ریشەیی لەناو حیزبدا بەمەبەستی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی پایەکانی ئەساسی سیاسەتی یەکێتی بە جۆرێک کە بشێت بۆ قۆناغی نوێ و بگونجێت لەگەڵ سیاسەتی هەرێمەکەو نێودەوڵەتیدا .
هەر ئەو هۆکارانەش بوون وایکرد کە یەکێتی بە چەندین قۆناغی شکست و بچوکبوونەوەدا بڕوات تا گەیشتۆتە ئەمڕۆ .
ئەگەر سەیری بیۆگرافیای یەکێتی بکەین لە دوای راپەڕینەوە تاکو ئێستا بەڕوونی قۆناغەکانی بچوکبوونەوەی ئەم حیزبە دیارە، لە ساڵانی سەرەتای راپەرین تەنانەت لە شاری دهۆک و تەواوی ناوچەی بادینان یەکێتی خاوەن پێگەی جەماوەری گەورەو کاریگەربوو، کەچی دواتر تەواو ناوچەی بادینانی بەجێهێشت و پارێزگای هەولێر بوو بە دواسنوری بەرەو بادینان .
ئینجا زۆری نەبرد یەکێتی پارێزگای هەولێریشی بەجێ هێشت و پارێزگای سلێمانی بوو بە ناوەندی هەرەگەورە بۆ پێگەی جەماوەریو سیاسی ئەو حیزبە .
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2009 بۆ پەرلەمانی کوردستان جارێکیتر ئەو حیزبە لە پارێزگای سلێمانیش بوو بە حیزبی دووەم لە دوای بزوتنەوەی گۆڕان .
یەکێتی لە ئێستادا لە تاکە شوێنێکی کوردستان کە تاکە حیزبی گەورەی کوردی بێت شاری کەرکوکە، ئەویش بە هەبوونی کۆمەڵێک کێشەو گرفتی ناوخۆوە .
ئەگەر ئەو کێشەو گرفتانە چارەسەر نەکات ئەوا بەدڵنیاییەوە لەوێش بەدەردی شارەکانیتری کوردستان دەچێت.
کێشەی سەرەکی ئێستای یەکێتی ئەوەیە توانای بڕیاردانی لاواز بووە هەربۆیە ناتوانێت لەگەل هێزو لایەنە سیاسیەکان بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بە کۆنکرێتی رێکبکەوێت یان ئەگەر رێکیشبکەوێت ناتوانێت پابەندی رێککەوتنەکان بێت وەک بینیمان لە ساڵانی رابردوو چوار رێککەوتنی سیاسی و ئیداری لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامداو کەچی نەیتوانی پابەندیان بێت .
هۆکاری لاوازبوونی توانای بڕیاردانی یەکێتی دەگەڕێتەوە بۆ دوو خاڵی سەرەکی، یەکەم سەرەڕای بچوکبوونەوەی پێگەی جوگرافی و سیاسی و جەماوەری یەکێتی بە بەراورد لەگەڵ رابردوو کەچی کوتلەو تاقمە جیاوازەکانی ناو یەکێتی ئێستا بە گەورەتر لە جاران دژایەتی یەکتر دەکەن بەمەبەستی پاراستنی پێگەو دەستکەوتەکانی تایبەتی خۆیان، لە پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم بە روونی ئەوە بەدیار کەوت .
دووەم سەرانی کۆی کوتلەکانی ناو یەکێتی لە وەهمی رۆژانی رابردوودا دەژین، ئەو رۆژانەی کە یەکێتی تاقە حیزبی دیارو گەورەی مەیدانی خەباتی چەکداری و سیاسی هەرێمی کوردستان بوو، هەربۆیە لە ئێستادا کاتێک یەکێتی لەسەر مێزی گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ تەنها بۆی هەیە باس لە سەدابیستی پۆستەکانی حکومەت بکات بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن لەلایەکیتریش بیری هەر لای رۆژانی پڕ سەروەری و زێڕینی رابردووی خۆیەتی بەمەش سەرکردەکانی دەکەونە ئیشکالیەتی گەورەو خراپی باری دەروونی و نەتوانن لەکاتی پێویست بڕیاری گونجاوو بەسود بۆ حیزبەکەیان بدەن .
ناشبێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە یەکێتی بەو سەرکردایەتی و سیاسەتەی ئێستا هەیەتی لەوە زیاتری پێناکرێت بۆ رۆڵبینینێکی گەورەترو رێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانیتر بەمەبەستی بەڕێوەبردنی وڵات بە شەراکەتێکی فعلی، جابا چەند پۆستێکی زیاتر لە بەرکەوتەو پشکی خۆیشی پێبدرێت لە حکومەت، چونکە کێشەکە هەر تەنها پۆست نیە، بەڵگەش بۆ ئەوە ئەگەر کێشەی یەکێتی هەر پۆست بوایە ئەوا یەکێتی ساڵانێکی زۆرە خاوەنی کۆمەڵێک پۆستی دیارو گرنگە لە بەغداو لە هەولێر کەچی بەردەوامیش هەر لە پاشەکشەدابووە لەچاو رابردوو .
باشترین رێگەچارەش بۆ یەکێتی ئەوەیە خۆی لەو وەهمەی رابردوو دەربازبکات و بە پێی بەرکەوتەی هەڵبژاردن و قەبارەی جەماوەری خۆی لە ئێستادا داواکاری هەبێت و پێڕابکێشێت.