1174وتار

نهێنیە گەورەکەی پشت دەرکردنی بریاری ٦۸۸

4/5/2019 4:35:00 PM
گەیلان شێخ عومەر


بڕیاری ژمارە ٦۸۸ی ئەنجومەنی ئاسایش خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی خەباتی سیاسی و چەکداری گەلی کورد بەگشتی و باشوری کوردستان بەتایبەتی. گەلی کوردستان ساڵانێکی دوورو درێژە خەبات دەکات لەپێناو مافی ڕەوای خۆی و پاراستنی نیشتیمانەکەی و لەم ڕێگەیدا قوربانی ئێجگارمەزنی داوە.


ئەم خەبات و قوربانیدانەی گەلی کورد بۆ ڕۆژانی خۆی کەم بایەخ نەبووە، بەڵام ئەوەی دۆخی ئەم تێکۆشانەی بردە قۆناغێکی نوێی سەردەم و دۆزی گەلی کودستانی بە شێوەیەکی گەورە بە جیهان ناساند بڕیاری ژمارە ٦۸۸ی ئەنجومەنی ئاسایش بوو کە لە رۆژی (٥)ی نیسانی ساڵی ۱۹۹۱ دەرچوو. 


گرنگی ئەم بڕیارە لەوەدابوو دۆزی ڕەوای گەلی کوردی لە بابەتێکی داخراوی ناوخۆی وڵات گۆڕی بۆ بابەتێکی نێودەوڵەتی و جێگای گرینگیپێدانی. پێشتر ئەگەرچی گەلی کورد لە باشوری کوردستان بەدرێژایی نزیکەی سەدەیەک بەردەوام بوو لە شەڕو بەرگریکردن لە بوونی خۆی لەگەڵ حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی بەغدا، کەچی نەتەوە یەکگرتوەکان ئامادە نەبوو بەهیچ جۆرێک گوێ بگرێت لە داواکاریە ڕەواکانی گەلی کوردو هەوڵی چارەسەری ئەم دۆزە ڕەوایە بدات، ئەویش بە بیانوی هەبوونی دەقێک لە بڕگەی حەوتی مادەی دووی میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان کە دەڵێت "نەتەوە یەکگرتوەکان بۆی نیە بەبێ ڕەزامەندی وڵاتێک هەوڵی چارەسەری کێشە ناوخۆکانی ئەم وڵاتە بدات، چونکە وڵاتان خاوەن سەروەری تەواوی سیاسی خۆیانن و هەوڵدان بەبێ ڕەزامەندیش بە دەست خستنە ناو کاروباری وڵاتان هەژمار دەکرێت".


ئەم یاساو شێوە بیرکردنەوەی ئەندامانی نەتەوە یەکگرتوەکان لە بەرژەوەندی سەرجەم سیستمە تۆتالیتاریەکانی جیهاندا بوو، بەجۆرێک رێگەی خۆش دەکرد کە دیکتاتۆرەکان بۆ بێدەنگ کردن و ڕووبەڕووبوونەوەی هاوڵاتیانی خۆیان کە داوای ئازادی دەکەن هەموو جۆرە چەک و ئامرازێکی توندو ترسناک بەکاربهێنن. وەک ئەوەی بە درێژایی نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو بینیمان، کە چۆن هەریەک لە حکومەتەکانی بەغداو تاران و ئەنقەرەو شام بە دڕندەترین شێوەو بەبەرچاوی هەموو جیهانەوە کەوتنە وێزەو گیانی گەلی کورد لە کوردستان، کە تەنها داوای ئازادی و مافی ژیانیان دەکرد.


هۆکاری دیارو بەرچاو بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش ئەو کۆڕەوە میلۆنیە بوو کە خەڵکی هەرێم دوای ڕاپەرینە مەزنەکەی ئازار لە ترسی گەڕانەوەی سوپای دڕندەی حیزبی بەعس ئەنجامیداو بەرەو سنورەکانی رۆژهەڵات و باکوری کوردستان رۆیشتن، ئەو کۆچە زۆرەی خەڵک لە سەرەتای وەرزی بەهار بوو بە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی و تێیدا هەزاران کەس لە سەرماو نەبوونی خۆراک و چارەسەری پزیشکی گیانی لەدەستدا.
هەندێک لە شارەزایان وای بۆدەچن کە لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لە پشت هاندانی دانیشتوانی هەرێم بوونە بۆ ئەنجامدانی ئەم کۆڕەوە ملیۆنیە، کە ئامانج لێی جوڵاندنی سۆزی نێودەوڵەتی بوە تاکو ئەنجومەنی ئاسایش ناچار بکەن بڕیارێکی لەو شێوە گرنگە دەربکات. ئەوەی تاکو ئێستا زانراوە هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نیە تا ڕاستی ئەم بۆچوونە بسەلمێنێت.


بیرکردنەوەی ئێمە بۆ زانینی نهێنی دەرکردنی ئەو بڕیارە دوورتر دەڕوا، بەجۆرێک دەکرێت بڵێین کۆڕەو هۆکارێکی گرنگ بووە بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە، بەڵام کۆڕەو بە تەنها هەموو هۆکارەکەی نەبووە. تێڕوانینی دوورتر ئەوەیە بڵێین هۆکارە سەرەکیەکەی دەرکردنی ئەم بڕیارە تێکچوونی بڵانسی هێزی نێودەوڵەتی و هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران بوو، چونکە تا ئەو کات جیهان دابەشی سەر دوو جەمسەری سەرەکی کرابوو، لەوکاتەدا سەروەری سیاسی وڵاتان تا ئاستی ڕەها سەیر دەکراو بۆ هیچ یەکێک  لەو دوو جەمسەرە جیهانیە نەبوو کە بەئاسانی دەست بخاتە ناو کاروباری وڵاتانی جەمسەری بەرامبەرەکەی خۆی، چونکە دەبووە هۆی دروستبونی ئاژاوەو تا ئاستی شەڕو پێکدادانیش دەڕۆیشت.


وڵاتانی رۆژئاوا بەتایبەت وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەتی بە دەرفەتێکی گونجاو زانی تاکو بە بەهانەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دەستبخاتە ناو کاروباری وڵاتانی جیهان بە تایبەت ئەو وڵاتانەی مەترسییان لێدەکرا بۆسەر ئاسایشی جیهانی یاخود ئەو وڵاتانەی ئاستەنگ بوون لەبەردەم بڵاوبوونەوەی دیموکراسیەت و جێبەجێکردنی بەرنامەی سیاسی و ئابووری رۆژئاواییەکان.


ئەگەر ئەوە هۆکارە سەرەکیەکەی نەبێت خۆ زۆرجار گەلی کورد دوچاری کۆمەڵکوژی و نەهامەتی خراپتر لە کۆڕەو بۆتەوە، ئەی بۆ هیچ یەک لە وڵاتانی رۆژئاوا  ئەوکات قسەیەکی خێریان بۆ کورد نەدەکرد؟؟!!. ئینجا دەرکردنی بڕیاری ٦۸۸ هەر تەنها بۆ گەلی باشوری کوردستان گرنگ نەبوو، بەڵکو ئەنجومەنی ئاسایش وەک بنەمایەک سەیری کرد بۆ دەرکردنی چەند بڕیارێکی هاوشێوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی چەند ناوچەیەکیتر لە جیهاندا وەک بەڵکان و خواروی ئەفریکا. ئەگەرچی ئەنجومەنی ئاسایش بڕیارێکی لەو چەشنەی زۆر درەنگ دەرکرد دەرحەق بە خەبات و قوربانیدانی زیاتر لە سەدەیەکی گەلی کوردستان، بەڵام ئێمەی کورد دەبێت هەمیشە بە گرنگیەوە سەیری ئەو بڕیارە بکەین، چونکە هەر بڕیارەکە بۆخۆی مێژوویەکی نوێی خوڵقاند.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن