عێراق و كوردستان خاكەكەی بوورەیە!
5/7/2019 4:28:00 PM
بەڕێز عەباس
ئەو دۆخەی كوردستان و عێراقی پێدا تێپەڕدەبێت، دۆخێكی زۆر تایبەتەو بەداخەوە تەنانەت لە نائومێدیش دەرچووە، بریا نائومێدبووینایە چونكە نا ئومێدیش هێندە خراپ نییە وەك دەوترێت لەپشت هەر نائومێدییەكەوە ئومێدو هیوایەك هەیە، هەموو ئەو گەلانەی پێشكەوتوون و یان بە جۆرێك لە جۆرەكان ئازادبوون و رزگاریان بووە پێشتر نائومێدبوون و بە دوای ئومێدو هیوادا گەڕاون، عێراق و كوردستان لەزۆر كایەدا لەیەك دەچن و هیچیان هی ئەوەنین مرۆڤ ئاواتەخوازبێت لەم پارچەیان رزگاری بێت و كۆچ بكات بۆ ئەوەی لەویتریان بژێت و هەست بە ئاسوودەیی و مانای راستەقینەی ژیان بكات!
سیاسی و سەركردە عێراقی و كوردییەكان خەریكی بەرهەمهێنانی عەقڵی تازەو دونیای تازە نین، بەڵكو بە بەردەوام و هەمیشە خەریكی خۆ بەرهەمهێنانەوەن، سەركردەو سیاسیی گرنگ ئەوەیە كارێك بكات لەوەی پێشخۆی نەچێت و هەنگاوێك بچێتە پێشەوە، بەڵام ئەوانەی لای ئێمە بە كوردو عەرەبەوە بڕیاریانداوە مێژوو و رابردوو تەڵاق نەدەن، نەوەك هەرئەوە بەڵكو بە عەشقەوە باوەشیان بۆ كردۆتەوەو رابردوو وەك بارێكی گرنگ و پیرۆز بەردەوام لە كۆڵی خۆیانیان ناوەو بەسەرشانیانەوەیە!
لە عێراق و كوردستان رۆژ لە دوای رۆژ دەمارگیری خێڵایەتی و مەزهەبی لە پەرەسەندندایەو پەیوەندییە كەسییەكان وڵات بەڕێوەدەبات و دامەزراوەكان بە رادەیەكی مەترسیدار پەكیان كەوتووەو بەشێوەی ناڕاستەوخۆ لەكارخراون! سەركردەو سیاسییە عێراقی و كوردییەكان توانای دەستكاریكردن و گۆڕانكارییان نییە لە داب و نەریت و بەها ناشرینییەكانی ناو كۆمەڵگای عێراقی و كوردی، روونە كە ئەم توانایەش نەبوو نیشتیمان و وڵات دەبێتە قوربانی و رۆژ لەدوای رۆژ كێشە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەكان روو لە زیادبوون دەكەن و پەرەدەسێنن.
ئەو چیرۆك و رووداوە سەیرو سەمەرانەی كە لە كوردستان و عێراقدا روودەدەن لە دونیادا نموونەی كەمە، ئێمە تەنها لەڕووی زەمەنەوە لەگەڵ وڵاتانی دیكەدا وەك یەكین، ئەگینا لەڕووی ژیارو شارستانییەت و جۆری ژیانەوە زیاد لە چەندین سەدە لەپاشەوەین، كۆمیدیاكەش ئەوەیە بەشێكی گرنگ و سیاسییەكان پێیان وایە گرفت و كێشەیەكی ئەوتۆمان نییە!
تاكی عێراقی و كوردی لەڕووی سایكۆلۆجییەوە نەخۆشەو بە دەیان ساڵیتر كاری لەسەربكرێت، ئەوجار ئەگەر بەشێكی كەم لە گرفتە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكان چارەسەربكرێت! عێراق و كوردستان بووە بەو زەوییەی هیچی لێ ناڕوێت و هیچ بەرهەمێكی لێ سەوز نابێت و هەمیشە بە زەردی دەمێنێتەوە، سەركردە لەدوای سەركردە هەر چاوەڕێین ئەم زەوییە كە ناوی كوردستان و عێراقە بەرهەمێكی لێ شین بێت كەچی لەو سەرەوە بەخۆمان دەزانین لە وەهمدا ژیاوین و دەژین! عێراق و كوردستان لەو كارەكتەرەی كتێبەكەی “ساموێل بێكت” “ لە چاوەڕوانی گۆدۆدا” دەچێت هەمیشە لە چاوەڕوانی گۆدۆیەكدا دەژین كەچی لەڕاستیدا ئەو گۆدۆیە هەرنەهات رزگارمان بكات!
جێگای مەترسییە ئەو بۆچوونە خەریكە دەبێت بە ئەمری واقیع بەوەی قەدەری ئێمە هەروایە كە دواكەوتووبین و بەردەوام لە جەنگ و نەهامەتیدا بژین و شایانی ئەوەبین بۆ ئەبەد ستەمكار فەرمانڕەواییمان بكات بە بیانووی ئەوەی ژینگەكەمان وا دەخوازێت، پێشكەوتن و چوونە ناو دونیای نوێوە وەكو خەون و ئەفسانەی لێهاتووە، سەرۆك كۆماری عێراق بەوە دەناسرایەوە كەسێكی لیبراڵ و دیموكراسی خوازەو پەروەردەی رۆژئاوایە، كەچی تازە بە تازە بەشداری فیستیڤاڵی خێڵەكان دەكات!
“بوورە” بە واتای زەوییەك دێت، كە ناكێڵدرێ و بەرهەمی تێدا شین نابێ. چیرۆك و رووداوە جۆراو جۆرەكانی كوردستان و عێراق پێمان دەڵێن ئێمە لە ناوچەیەكدا دەژین كە “بوورە”یە، شوێنێكە گەشەكردن تێیدا وەستاوە، مەرگ و ژیانی مەرگدۆستی هەمیشە نزیكە لێمانەوە، تاكە میللەتین لە دونیادا تاكەكانی رۆژانە ئاواتی گەڕانەوەن بۆ رابردوو، چونكە پێیان وایە ڕابردوویان لە ئێستادا باشتربووە!