لەبارەی كەسێتی مامۆستاوە
4/29/2019 4:45:00 PM
بەڕێز عەباس
هەر هەنگاوێكی مامۆستا یان هەر وشەیەكی كە دەریدەبڕێت كاریگەری خۆی دەبێت، كەسایەتی مامۆستا ڕۆڵێكی گرنگی هەیەو وادەكات خوێندن لای فێرخواز خۆشەویست بكات یان بێزراوی بكات. جارێكیان مامۆستای خوێندنگایەك یەكێك لە فێرخوازەكانی عەینەكی لەچاو بووە لەبری ئەوەی بەناوی خۆیەوە بانگی بكات پێیدەڵێت “ئەبو عەینەك”، هاوڕێكانی دواتر بەوناوەوە بانگی دەكەن و فێرخوازەكەش وای لێدێت نەڕواتە بۆ خوێندنگا و هەست بەتەریقی و شكانەوەدەكات، گرنگە مامۆستا لە ڕوانگەو میزاجی خۆیەوە ڕستەكان دەرنەبڕێت، بەكارهێنانی هەندێ وشەو زارەوەی ناپەروەردەیی بەناوی سوعبەت و گاڵتەوگەپ كردنەوە لەگەڵ فێرخوازدا كاریگەری نەرێنی دروست دەكات و لەسەر كەسێتی مامۆستا دەكەوێت و دەبێتە نەنگی بۆی، لە كاتێكدا دونیایەك نوكتەو چیرۆك و بەسەرهاتی پێكەنیناوی هەن كە پەروەردەیین و شایانی گێڕانەوەن.
كەسێتی مامۆستاو چۆنێتی هەڵسوكەوتی لەگەڵ فێرخوازدا لەوانەیەو ئەگەری زۆرە ژیانی فێرخواز بە ئاڕاستەیەكی جیاوازدا بەرێت، دكتۆر محەمەد كەمال یەكێكە لە ئەكادیمی و پسۆڕە ناسراوەكانی فەلسەفەو مامۆستای زانكۆیە لە ئوسترالیا، لە گێڕانەوەی ژیان و یادداشتەكانی خۆیدا باس لە كەسێتی و هەڵسوكەوت و مامەڵەی پەروەردەییانەی مامۆستایەكی دەكات كەوای كردووە ڕێڕەوی ژیانی بگۆڕێت و كاریگەری لەسەر دروست بكات و بگات بەو كەسە بەناوبانگەی ئێستای!
شتێكی شاراوەو نەوتراومان نەوتوە كە دەڵێین كەسایەتی مامۆستا و هەڵسوكەوتی چەند كاریگەری هەیە لەسەر فێرخواز، زۆرجار كاتێك فێرخوازێك ئاگاداردەكرێتەوە لە هەڵەو كارێكی نا پەروەردەیی ڕاستەوخۆ بیری بۆ لای ئەو مامۆستایانە دەچێت كە كارو ڕەفتاری نا پەروەردەیی پیادە دەكەن و بە نموونە دەیهێنێتەوە! ئەمەش بەدواداچوون و چارەسەكردنی گرفت و كێشەكان دووهێندەیتر ئاڵۆز دەكەن. درەنگ چونە پۆلەوەو خۆئامادەنەكردن بۆ وانەو بەكارهێنانی زمان و هەڵسوكەوتی ناپەروەردەیی ...هتد لەو خاڵە گرنگانەن كە كاریگەری خراپ لەسەر كەسێتی مامۆستا دروستدەكەن و وێنایەكی نادروست لای فێرخواز دروست دەكەن.
كەسێتی مامۆستا دەبێت بەوشێوەیەبێت كە ڕۆماننوسی ناسراو”جەنگیز ئیتماتۆڤ” لە ڕۆمانی “یەكەمین مامۆستا” باسی دەكات، پاڵەوانی ڕۆمانەكە مامۆستایەكە بەناوی “دوێشن” لەگەڵ فێرخوازێكی بەناوی “ئاڵتینای”، دوێشن زۆر میهرەبانانە ڕەفتار دەكات لەگەڵ ئاڵتینای و فێرخوازەكانی، ئاڵتینای لە خێزانێكی دواكەوتوو و لە كۆمەڵگەیەكی دواكەوتووش بووەو دژی خوێندن و خوێندەواری بوون، دوێشن هەموو هەوڵێكی ئەوەبووە ئاڵتینای پێبگەیەنێت و ڕزگاری بكات و هەرواشی كرد لەگەڵیشیدا دوێشن وەك مامۆستایەك باجی زۆریدا! “دوێشن”ی مامۆستا لە شوێنێكدا دەڵێت” ئەگەر من بمتوانیایە چاكتر وانە بە منداڵەكان بڵێمەوە، ئەوە هیچ ئاواتێكی دیكەم نەدەبوو”، ئاڵتینای لە چەندین شوێندا بەمشێوەیە كەسایەتی مامۆستاكەی و كاریگەرییەكەی باس دەكات و هەڵیدەسەنگێنێت” چی دەبوو ئەگەر مامۆستا دوێشن برایەكی ڕاستەقینەم بوایە؟ چی دەبوو ئەگەر بمتوانایە خۆم بە گەردنیەوە هەڵبواسم؟ بە توندی لەئامێزم بگرتایە، چاوەكانم توند بنووقاندایەو نایابترین قسەی دنیام بە گوێیدا بچرپاندایە! ئەی پەروەردگار! دوێشن بكەرە برایەكی ڕاستەقینەی من” لە شوێنێكی تردا دەڵێت:” تا ئێستاش من ناتوانم چەند وشەیەك ببینمەوە كە بتوانن، ئەگەرچی تا ڕادەیەكیش بێت، ئەو كاریگەرییە دەربخەن كە مرۆڤێكی دلاوەرو خانەدان و ئازادیخوازی وەكو دوێشن، بەسەر منەوە هەیبوو”.
“نوبواكی نوتوهارا” نوسەرێكی یابانییە كتێبێكی هەیە بەناونیشانی “العرب وجهە نڤر یابانیە”، لەو كتێبەدا ئەزموونی چل ساڵەی خۆی دەگێڕێتەوە لە بەریككەوتنی لەگەڵ دونیای عەرەبیدا، لەباسی منداڵ و قوتابخانەو پەروەدەكردندا لە دونیای عەرەبیدا هێمای كەسێتی مامۆستایەكمان بۆ دەكات كە خەریكی سەركوتكردنی فێرخوازەكانیەتی وەك سەسوڕمان باسی دەكات بە بەراودا لەگەڵ وڵاتەكەی خۆیدا كە ژاپۆنە! وەك هەمووجار بەداخەوە لە ڕاستیدا ئەوەی “نوبواكی نوتوهارا” لە بارەی كەسێتی مامۆستاو پەروەردەوفێركردنەوە لە دونیای عەرەبیدا دەیڵێت نزیكیەكی زۆرو هاوشێوەی لە كوردستاندا دەبینینەوە!