914وتار

یەکێتی مامۆستایان خەریکی چییە!؟

11/1/2019 1:49:00 PM
بەڕێز عەباس

پێش ئەوەی ئێمە ئەو پرسیارە بکەین دروست وابوو یەکێتی مامۆستایان لە خۆیان بکردایەو خۆیان هەڵبسەنگاندایە، بۆ ئەوەی پێگەو سەنگی خۆیان بزانن و بۆیان دەربکەوێت ئایا بوونیان بەو شێوەی ئێستا پێویستە! یەکێتی مامۆستایان ڕێکخراوێکە زۆرترین ڕەخنەی لەسەرەو گلەو گازندەی زۆریشی لێدەکرێت ئەویش بەهۆی ئەوەی ڕۆڵی ڕاستەقینەی ڕێکخراوەیی خۆی نابینێت.

 بەداخەوە هەندێک وەک نووسینگەی کڕین و فرۆشتن لە یەکێتی مامۆستا دەڕوانن و پێناسەی دەکەن، چونکە تەنها لە بابەتی خانوبەرەو ئوتومبێل ئەم ڕێکخراوە خۆیمان پێپیشان دەدات! بەپێی داتاکانی خۆیان سەدو چل هەزار مامۆستا هەیە، ئەندام بوون لەم ڕێکخراوە کەمی کردوەو دابەزیوە بۆ هەشتاو سێ هەزار ئەندام! ئەو ژمارەشی دەبن بە ئەندام و ناسنامە نوێ دەکەنەوە لەبەرئەوەنییە ڕێکخراوەکەیان لاگرنگ و چالاک و کاریگەربێت، بەڵکو تەنها ناچارییەو لەبەرئەوەیە خانو یان ئوتومبێلیان بەربکەوێت، چونکە ئەندام بوون خاڵی لەسەرە، گەر سەرنج بدەین مامۆستا ئەوکات ناسنامە نوێ دەکاتەوە گەر یەکێتی مامۆستایان دەست بە دابەشکردنی خانوو یان ئوتومبێل بکات دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین لەکاتی ئاساییدا بەشێکی گرنگی مامۆستا نابێت بە ئەندام، چونکە هەست دەکات یەکێتی مامۆستایان کاریگەری نییەو بە بەریگارو بەدەستهێنەری مافەکانی خۆی نازانێت! چ خانوویەکیش مامۆستا سودێکی ئەوتۆی لێنابینێت و لە ناچاریدا وەریدەگرێت، چونکە خانویەک نزیک شەش دەفتەر دۆلاری تێدەچێت لە هەندێک شوێن زیاد لەشەش دەفتەرو کەسیش نازانێت کۆمپانیا چۆن دروستیان دەکات و مامۆستا تەمەنی زێڕینی خۆی بە دانەوەی قەرزەوە بەسەردەبات و تراژیدیاکە ئەوەیە بەمشێوەیە دەڵێََن ژێرخانی پەروەردە دروست دەکرێت! یان لە هەندێک ناوچە مامۆستا وەرەقەی ئەو خانوەی وەریگرتوە دەفرۆشێت بە حەفتا گەڵا، واتە مامۆستا سودمەند دەبێت تا کۆتایی ژیانی بە حەفتا گەڵا!

 ئەوە هەموو کارو چالاکییە گرنگەکەی یەکێتی مامۆستایانە بۆ مامۆستا! وەک مژدانە ڕایدەگەیەنن بەوەی لەگەڵ کۆمپانیا ڕێک کەوتون بۆئەوەی مامۆستا گەشت بکەن بە قیست ، ئاخر ئەوە رەوایەو چ لۆژیکێکە بەقیست گەشت بکەیت! گەشتکردن بەقیست دەبێت؟ مرۆڤ گەشت دەکات بۆ ئەوەی کاتێکی خۆش بەسەربەرێت، نەوەک بڕوات و بێتەوە بیری لە چۆنێتی دانەوەی پارەی گەشتەکە بکات! بەم کارانەی یەکێتی مامۆستایان تێدەگەین دونیابینی و ڕوئیایان بۆ پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن نییە! ئەو پرۆژە پەروەردەییانەی کە پێشکەش دەکرێن بەشێکی گرنگیان لە دەرەوەی یەکێتی مامۆستایانەو نەمانبینیو نەمانبیست و نەمانخوێندەوە یەکێتیی مامۆستایان پرۆژەیەکی پەروەردەیی و فێرکاری سترایژی هەبێت و وەزارەتی پەروەردەکاری لەسەر بکات!  ڕێکخراوێک نەتوانێت یاسا بەسەرخۆیدا جێبەجێ بکات چاوەڕوانی ئەوەی لێناکرێت شتێک بۆ ئەندامەکانی یان پرۆسەی پەروەردەوفێرکردن بکات، چەندین ساڵە ئەم ڕێکخراوە کۆنگرەی نەبەستوەو بەسەرچووە ڕێک ڕەنگدانەوەی حیزبەیەتی بەسەر ئەم ڕێکخراوەوە ڕوون و ئاشکرا دیارە، ساڵانی پێشتر جۆرە ناکۆکییەک هەبوە لەنێوان حیزبەکان و ئەم ڕێکخراوەش نەیتوانیوە بە ئاسانی هەڵبژاردن بکات، چەند جارێکە بڕیاری بەستنی کۆنگرە و هەڵبژاردنی مامۆستایان دوادەخرێت لە سەرەتای ئەمساڵ بڕیاردرا لە مانگی حوزەیران هەڵبژاردن بکرێت و کرنگرە ببەسترێت و بەڵام نەکرا! دواینجار ئەوەبوو 15ی نیسانی ئەمساڵ بڕیاریاندا لەتشرینی یەکەم بکرێت، لە 4 /8 ئەمساڵ مەکتەبی تەنفیزی یەکێتیی مامۆستایان بڕیاریدا 31ی 10 واتە دوێنێ پێنچ شەممە هەڵبژاردن ئەنجامبدرایەو دیسانەوە نەکرا و بە بێ دەنگی تێپەڕی! چەند ساڵێکە سەرۆک و جێگرەکەی خەریکی ئاڵوگۆڕکردنی پۆستەکانیانن شەش مانگ بۆ ئەو و شەش مانگ بۆ ئەم! ئەم ڕێکخراوە ئەوەی ڕۆڵبێت نییەتی لە هوشیارکردنەوەی مامۆستایان و کردنەوەی خول بۆیان لانی کەم ڕێکخراو و سەندیکاکانی تر کەم تا زۆر خول و سیمینارو کۆڕو بۆ ئەندامەکانیان ساز دەکەن و یەکێتی مامۆستایان ئەمانەشیان نییە! هەموو ئینجازاتی ئەم ڕێکخراوە ئەوەیە سەردانی نەخۆش دەکەن و جاری وا هەیە لە کاتی نەخۆشیدا هاوکاریەکی سادەی مامۆستا دەکەن، ئەگەر نەشی فرۆشنەوە پێی!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن