947وتار

پیاو یان ئافرەت كامیان مامۆستای سەركەوتوون؟

11/8/2019 9:14:00 PM
بەڕێز عەباس

مامۆستای سەركەوتوو كاریگەر بەردەوام لە هزرو دونیابینی ئەو خوێندكارانەی دەمێنێتەوە كە ڕۆژێك لە ڕۆژان وانەی پێوتونەتەوە، هەندێك پەیجی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بەتایبەتی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك زۆرجار لەسەر دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی یان سیاسی یان پەروەردەیی لەسەر كوردستان ڕاپرسی دەكەن، ئەم ڕاپرسیەو جۆری وەڵامەكان گرنگەو دەكرێت لە ڕێگەیەوە كۆمەڵگەی پێبخوێنیتەوەو تەنانەت لێكۆڵینەوەشی لەسەر بكەیت.

 لە ماوەی پێشوودا پەیجێكی ناسراو لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ڕاپرسییەكی ئەنجامدابوو ژمارەیەكی زۆر بەشداریان كردبوو كە یازدە هەزار لایك‌و هەڤدە هەزار كۆمێنتی بۆ چووبوو پرسیاری كردبوو، پرسیارەكەش ئەمەبوو “خەڵاتی باشترین مامۆستا دەدەی بە كام مامۆستا؟” لە وەڵامدا ئەوەی مایەی سەرنج‌و تێبینی بوو بۆ ئێمە ئەوەبوو زۆرێك لە وەڵامەكان كە دەتوانین بڵێین زیاد لە سەتا هەشتای ئەوانەی بەشدارییان كردبوو، ناوی مامۆستای پیاویان هەڵبژاردبوو، تەنانەت ئەوانەشی ئافرەت بوون بەشێكی گرنگیان ئەو مامۆستا پیاوانەیان هەڵبژاردبوو كە ڕۆژێك لە ڕۆژان وانەی پێوتونەتەوەو كاریگەری دروستكردووە! دەبێت ئەوە ڕوون بكەینەوە ئەم نووسینەی ئێمە بە دوورە لە ڕوانگەیەكی نێرسالارانەو پیاوانەوە، بەڵكو دیدگایەكی مرۆییانەیەو سەرنجدانە لە دیاردەیەك كە لە كایەی پەروەردەو فێركردندا هەستی پێدەكرێت.

لە ژیانی خوێندنی خۆمان‌و زۆرینەی هاوڕێكانمان گەر بۆ ساتێك بیربكەینەوەو بگەڕێینەوە بۆ یادەوەری ئەو مامۆستایانەی كاریگەرییان هەبووە لەسەرمان زۆرینەی مامۆستای پیاوبوون وەك لە مامۆستای ئافرەت! لە ڕاستیدا كە مامۆستای پیاو سەركەوتترە لە ئافرەت ئێمە پێمانوایە ئەمە ناگەڕێتەوە بۆ سروشتی ئافرەت كە هەندێك بۆچوون پێیانوایە ئافرەت توانای نییە! بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ ژینگە كۆمەڵایەتیی‌و ئابووری‌و سیاسییەی كە ئافرەتی تێدا دەژی‌و پەروەردە دەكرێت‌و كە تیایدا قوربانییە، وەك فەیلەسوفی ئافرەتی ناسراوی فەڕەنسی “سیمۆن دیبۆڤوار” لە كتێبە بەناوبانگەكەیدا بەناوی “ڕەگەزی دووەم” دەڵێت: “ئافرەت بە ئافرەتی لە دایك نابێت، بەڵكو دەكرێت بە ئافرەت!”.

 لەو ژمارە زۆرەی مامۆستای پیاویش كە هەیە ژمارەیەكی كەمیان مومارەسەی ڕاستەقینەی تەواوی مامۆستایەتی دەكەن! ئەویش ئەوانەن تا ڕادەیەك لە ژینگەیەكی كۆمەڵایەتیی‌و ئابووریی مەعریفی دروستدا پەوەردەكراون‌و خۆیان پێگەیاندووە نەوەك سیستەم دروستیانی كردبێت، دەبیێت بپرسین ئایا ئافرەت ئەو ژینگە جیاوازانەی بۆ فەراهەمكراوە، وەك بۆ هەندێك لە مامۆستا پیاوەكان فەراهەمكراوە؟

بەشێك لەو كەسایەتییە سیاسیی‌و كۆمەڵایەتیی‌و ئەكادیمیانەی قۆناغەكانی خوێندنیان تەواو كردووە بە هەردوو ڕەگەزەوە، یاداشت‌و بیرەوەرییەكانی خۆیان نووسیوەتەوە لە باسی ئەو مامۆستایانەی كاریگەرییان هەبووەو پێیان باشبووە زۆرینەیان ناوی مامۆستا پیاوەكان دەهێنن‌و ستایشیان دەكەن‌و كەمترینیان ناوی مامۆستای ئافرەت دەهێنن! ئەگەر سەرنجیش بدەین لەو خولانەی هەم بۆ فێربوونی زمان‌و هەمیش بۆ بەهێزكردنی وانەكان لە پشووی هاویناندا دەكرێنەوەو پەیمانگاكان ئەو مامۆستایانە وەردەگرن‌و كە ناودارن‌و ناسراون‌و بەتوانان دیسانەوە زۆرینەیان لە مامۆستا پیاوەكان پێكدێت‌و مامۆستای ئافرەت بەرێژەیەكی بەرچاو كەمە! لە خوێندنگاشدا وانەكانی پۆلی دوازدە لەبەرئەوەی جیاوازترە لە قۆناغەكانی تری خوێندن ئەو مامۆستایانە وەری دەگرن‌و وانە دەڵێنەوە كە پیاون‌و مامۆستای ئافرەت زۆر كەمە! لەناو لیژنەكاندا لە قوتابخانەدا مامۆستای ئافرەت دەیەوێت كەمترین بەرپرسیاری وەربگرێت‌و دەیەوێت لە كەمترین لیژنەدا ئەندام بێت‌و زۆربەی لیژنە گرنگ‌و هەستیارو پەروەردەییەكان مامۆستا پیاوەكان وەریدەگرن وەك لە مامۆستا ئافرەتەكان!      

لە دونیای ئێمەدا واباوەو دەوترێت كە ئافرەت بەهۆی ئەوەی نەرم‌و نیانترو لێبوردەترە باشترە بۆ مامۆستایەتی تەنانەت هەندێك لەوانەی باس لە مەسەلەی ئافرەت‌و بە بەرگریكاری ئافرەت‌و كەسی فیمینیست دەناسرێن هەمان بۆچوونیان هەیەو بەرگری لێدەكەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە لە واقیعدا پێچەوانە دەكەوێتەوە، كەم نین ژمارەی ئەو ئافرەتە مامۆستایانەی كە خوێندكارەكانی دەناڵێنن بە دەستییەوە، ئەو میهرەبانی‌و سۆزەی ئافرەتی پێدەناسرێتەوە مومارەسەی ناكات! ،”ئێمە وەك سەرەتاش ئاماژەمانپێكرد باسی واقیعی مامۆستای ئافرەت دەكەین لە كوردستاندا نەوەك سروشتی ئافرەت”، مامۆستای ئافرەت ئەوەندە بیری لە ئەركی ماڵەوەیە ئەوەندە بیری لای قوتابخانەكەی نییە! “كۆمەڵگەو فۆرمی ژیانی خێزانداری ئەركێكی زۆری خستۆتە سەر ئافرەت” ، ئەمەش وایكردووە كاریگەری نەرێنی دروست بكات لە ژیانی مامۆستایەتی ئافرەتدا.. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن