48 کوردستان

موونا قەهوەچی خەمی کاراکردنەوەی پەرلەمانیەتی

02:47 - 06/10/2026

زەمەن_هەواڵ

 

 مونا نەبی قەهوەچی رایگەیاند: پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانیە.

 مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، دەڵێت: هیچ ناکۆکییەکی سیاسی و هیچ بەرژەوەندییەکی حزبی نابێت، ببێتە هۆی دواکەوتنی کاراکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان؛ جەختیش دەکاتەوە "پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، پاراستنی مێژوو و دەستکەوتەکانی گەلە؛ ئەمەش بەرپرسیارێتیی هەموومانە".

مونا قەهوەچی ئاماژەی بەوەشداوە، کە هەنگاوەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێم، بەردەوامکردنی پرۆسەی سیاسی و دڵنیابوون لە بەردەوامیی کارکردنی دامەزراوە دەستورییەکان.
هاوکات کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم بە پێویستییەکی دەستووری و نیشتمانی بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی ناوبردووە.

قەهوەچی جەختیشی کردووەتەوە،  کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی دەیەم، تەنیا ئەرکی حکوومەت یان یەک لایەن نییە؛ بەڵکو بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەموو ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەیە، کە لە پەرلەمان نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکەن؛ بۆ ئەم هەنگاوە داوا دەکات لایەنە سیاسییەکان بە هەڵوێستێکی بەرپرسیارانە، گفتوگۆ و رێککەوتنی سیاسیبکەن؛ بۆ ئەوەی دامەزراوەکانی هەرێم بە شێوەیەکی یاسایی و کارا بەردەوامی بە کار و ئەرکەکانیان بدەن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن