دیموکراسی، درۆ گەورەکەی عەلمانییەت!!
4/18/2019 9:57:00 PM
گۆران عوسمان
گەورەترین دیموکراسی، لە جیهاندا پێشاندانێ هەڵبژاردنێکی پاک و بێ خەوشە، لە پاش ئەوەش پابەندبوونە بە ئەنجامی هەڵبژادنەکەوە، لەوەش گەورەتر ئەوەیە، لایەنی براوە بەتەنها کابینەی حکومەتەکەی پێکبهێنێت لەماوەیەکی کورتدا.
پڕۆتۆکۆل، لای ئێمە، بۆتە مۆتەکەی نەبونی هەرێمێکی موئەسەسیی سیستماتیک، دیفاکتۆ، بیانویەکی بەرژەوەندخوازانەی لایەنەکانە بۆ مانەوەی خۆیان.
حزبایەتی و جێبەجێکردنی ئەجێندای حزب، هەموو ماناکان و پەیڕەوکردنی دیموکراسی لە گۆڕناوە، ئۆتۆکراتی، بە ئاشکرا دەسەڵاتی بەسەر هەموو جومگەکانی بەڕێوەبردندا گرتووە.
بەرهەڵستکار، لەهەرێمدا بۆتە یاریزانێکی بێ ئەزموون و هیچ لەبارانەبوو، تەنانەت بۆتە قێزەونترین ماناکان و بنەماکانی دیموکراسی، چونکە ژێربەژێر پەیوەندییەکی ناتەندوستی دروستکردوە لەگەڵ دەسەڵاتدا، یاخود خاترگرتن و شەخسەنەکردن، ئەوناوەی لێسەندۆتەوە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بۆتە بەشێک لە دەسەڵات!
جێگری سەرۆکی حکومەت، دەڵێت: هیچ لایەنێک ناتوانێ بەتەنها حوکمڕانی هەموو هەرێم بکات، بەڵام بیری چووە بەهەردوو حزبی زلهێزیش هیچیان پێناکرێت! ئەگەر ئەم قسەیە بەشێک نەبێ لە شکستی حوکمڕانی، خۆ بەشێکە لە دوو ئیدارەیی! یاخود پێمانناڵێن، چەندین ساڵە چیتان پێشکەشی دیموکراسی کردووە، کە لەسایەی ئەم دروشمە درۆزنەتاندا، نەتان توانیوە نەحوکمێکی تەندروست ببەخشنە هەرێم، نە چەساپاندنی دیموکراسییەتی ڕاستەقینە!
گەمەکردن بە نەتیجەی هەڵبژاردن و کردنە پێوەری کورسی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت، هەرێم لە نەخشەڕێگای نەک دیموکراسی دوردەخاتەوە، بگرە داننانە بە شڵۆقی دیموکراسیدا، مەبدەئییەتی دیموکراسی، تەسلیمبوونە بە حوکمی زۆرینە.
داڕشتنی و خولانەوە لە بازنەی پێکهێنانی حکومەتی تەوافوقیدا، بە بیانووی دیفاکتۆ وە، ئەزمونێکی خراپی بیست و حەوت ساڵ حوکمڕانیتانە، ناکرێ دوای ئەو هەمووساڵە بڵێین دیموکراسیی درۆگەورەکەی عەلمانیەتە! سەرەڕای ئەمانەش هێشتا ناتوانن ڕێکبکەون، تەنها لەبەرخاتری دابەشکردنی پۆستێکی هیچ لەبارانەبوو!