601وتار

بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵوێست و ئامانج

2/1/2019 2:49:00 PM
گۆران عوسمان

تاکە هێزێک لە کایەی سیاسیی هەرێم ئێستاشی لەگەڵدابێت ئەولەویەت و نەخشەی سیاسیی دامەزراندن و پڕۆژەو سیاسەتە گشتییەکەی، بەرژەوەندیی هاووڵاتیان بێت و کاریکردبێت بۆ بە سیستماتیک کردنی پێگەی هەرێم لە ڕووی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگ و پەروەردەوە، تەنها گۆڕانە.

 


ساڵ بەساڵ، لەو ڕۆژەوەی خۆی ڕاگەیاندووە، هەڵوێست و پڕۆژەو بەرنامەکانی بە پێی بەرژەوەندیی هاووڵاتیان داڕێژراوە، هەرچەند هەڵوێستەکە توندتربووبێ، باجەکەشی قورستربووە، ئەمەش سەلمێنەری زیندوویەتی و ئامانجە گشتییەکەیە.

 


پەیوەندییە ناوخۆییەکانی لەگەڵ هێزەکانی دی، لەچوارچێوەی کاریی پێکەوەییە، هیچ بەرژەوەندییەکی شەخسی و حزبی نەبووە، ئێ خۆناکرێ بزوتنەوەکە، ئەلتەرناتیڤی کاریی پێکەوەیی نەبێت! ڕاستە تێگەشتن لەم کاریی پێکەوەییە لای هاووڵاتیان تۆزێک قورسە، بەڵام چارەسەری ئەو دۆخە چەقبەستووە دەکات و دەکرێ چاومان لە ئایندەی خۆمان بێت کە لەم بارودۆخەدا ئەم ڕێگەیە، چارەسەرە.

 


تاکە هێزە تائێستاش پەیوەندیی ژێربەژێرو سەفەقاتی تایبەتی نییە لەگەڵ دەوڵەتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا، ئەوەی هەیە ڕوون و ئاشکرایە.
چاوخشاندن بە هەڵوێست و ئامانجی گشتی بزوتنەوەکە، پێماندەڵێت، گۆڕان پێوستە باشترین ڕێگا دیاریبکات بۆ باشترکردنی ژیانی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری هاووڵاتیان، تاکە بەدیلیش پێداگرییە لە ستراتیجی گشتی و بەرنامە ڕوون و داڕێژراوەکانی بزووتنەوەکە.


بۆ ئێستا، دەبێت هاووڵاتیان ڕوونکردنەوەیان پێبدرێت کە گۆڕان لە پێشتر و ئێستاو داهاتوودا چی ویستووەو دەیەوێت چی بکات؟ دەبێت بەشداریکردنی لە کابینەی نوێدا بەجوانی وەک دەستکەوت بۆ خەڵکی ڕوون بێت، ساڵ بەساڵ ئەوکارانەی لە حکومەتدا لەلایەن بزوتنەوەکەوە جێبەجێکراوەو بکرێتە دەستکەوت.


دواجار دەبێت هاووڵاتیان بەرچاویان ڕوون بێت، ئەو بزوتنەوەیەی نەوشیروان مستەفا ڕابەرایەتی دەکرد، ئێستاش هەمان بزوتنەوەیە، بەڵام بەدەست ڕوخساری دیکەوەیە، بەڵێنیشیان بە ڕەوانشاد داوە درێژەپێدەری ئەو بەرنامەیەن، دەکرێت، خەڵکی پرسیاری ئەوەبکەن و پێمان بڵێن، بزووتنەوەکە لەکام بەرنامەو پڕۆژەی پێشووی پەشیمانبۆتەوە؟ بەڵێ، نایبینین، چونکە ئەوە گۆڕانە داوای گۆڕانکاریی دەکات، ئێ ناکرێ خودی بزوتنەوەکە خۆی لەناوخۆیدا دژی گۆڕانکاری بێت!


ئەوەی جێگەی گلەیییە لای هاووڵاتیان ئەوەیە، گوایە گۆڕان بە ئەجێندای پارتی و یەکێتی، ڕازییە و چۆتە ژێرباری کارکردن لەگەڵیان، پرسیارەکە ئەوەیە، گەر کاری پێکەوەیی نەکات، بەدیل چییە؟ گەر نەوشیروان مستەفاتان خۆش دەوێت و دەڵێن ئێمە نەوشیروانیزمین، ئێ خۆ ڕەوانشاد خودی خۆی ڕازیبوو بە بەشداریی کردن لە حکومەتدا.

 


گۆڕان چیتر بکات لەوەزیاتر؟ ئۆپۆزسیۆن بوو، کاریشیکرد، دواجار هاووڵاتیان هەر ڕەتیانکردەوە! دەنگتان بە زۆرینە نەدایەوە، چاوەڕێی کارو بەرنامەی چڕو پڕۆژەی دیکەو هەڵوێستی زیاتر دەبین، تا ئامانجە گشتییەکە بەدی بێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن