پێشینە و پاشەکەوت..
4/10/2019 8:02:00 PM
گۆران عوسمان
سەرەڕای ئەوەی هەرێم پارەیەکی زۆری لە بەغداوە بۆ دێ، هەروەها داهاتی فرۆشی نەوتی هەیە، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ، بەڵام دابەشکردنی مووچەی کردۆتە جەڵدە و ڕۆژانە بۆتە بابەتی گەرمی ڕاگەیاندنەکان، بەڵام حکومەتی عێراقی مووچەی هەموو هێزەکەی بە تاقێ دابەش دەکات.
هەرێم مووچەی وەزارەتێکی وەک پێشمەرگە بەچەند ڕۆژێک دابەش دەکات، ڕوونە گەر دابەشکاری بوودجە نەبێت لەنێوان دوو هێزەکەدا، وەزارەتێک چەندڕۆژێکی بۆچییە تا مووچەکەی پێ بدرێ؟!
هەرێم، هێندە بێ باک و جەسور و بێوەفاو چاونەترسە بەرامبەر بە مووچەخۆرەکانی، سڵ لە هیچ ترسێک بەرامبەریان ناکاتەوە، پێداگری و پێ لێڕاکێشانی گەشتۆتە ئاستێک، منەتی بەهیچ موچەخۆرێک نەماوە، چونکە بندیواری هێندەزۆرە، ڕەنگە بڵێ کێ ناتوانێ پابەندبێ، کەسمان هەیە جێگەتان بگرێتەوە!
هێشتا مووچەیەکی بێ پاشەکەوتی دابەشکردووە، کە مافێکی یاسایی خۆیەتی، بڕیاری ئاسایبوونەوەی دەوامیان بەسەردا جێەجێ دەکات، لەکاتێکدا لەمانگی چواردا موچەی مانگی یەک دابەش دەکات، ئەویش بەوحاڵە.
نە وەزیرێک، نە پەرلەمانتاران هەڵوێستێکی توندیان هەیە، بگرە بوێرێشیان نییە گفتوگۆی لەبارەوە بکەن، با واز لە بەڕێوەبەرە گشتییە داردەستە حزبەکان بهێنین، کە هەر زوو بەزوو بڕیارەکە جێبەجێ دەکەن، بەڵام ناپرسن لە یاسای زانستی بەڕێوەبردندا هاتووە، ئەرک بەرامبەر بە مافە.
جگە لەو ئەرکە نادادپەروەرانە و قورسکرنی باری لاریان دووبارە، دێت داوای پێشینەکانی دەکاتەوە، دەشیەوێت بەیەک گوژمە وەریگرێتەوە، بەڵام بیری چۆتەوە هێشتا بە ملیۆنان دۆلاری مووچەخۆران قەرزدارە! هێشتا بڕیاری دانەوەی قەرزی مووچەخۆرانی نەداوە، داوای قەرزەکانی خۆی دەکات!
دواجار گەر گشت موچەخۆران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و پەرلەمانتاران، بێ هەڵوێستبن لە بەرامبەر بڕیارە نادادییەکانی حکومەت، هەروەک چۆن بە یاسا مووچەیان کردە پاشەکەوت، بەهەمانشێوە دووبارە بەیاسا سزاکانی خۆیان بەسەر مووچەخۆراندا دەسەپێنن، دەبێت داوابکرێت، پێشینە وەرگرتنەوە، هاوتابکرێت لەگەڵ وەرگرتنەوەی پاشەکەوتدا، چۆن بڕیار دەدەن بۆ وەرگرتنەوەی پێشینە، بەهەمانشێوە بڕیاریش هەبێت بۆ وەرگرتنەوەی پاشەکەوتەکان.