تاپۆ ڕەشەکەم دەفرۆشم..
9/25/2020 9:36:00 AM
گۆران عوسمان
سەرەتا دەبێت هەموومان
گومان لەو ڕێژەیەی بکەین، کەدەڵێ: 93 %دەنگی
بە بەڵێ داوە، چونکە هێندە خەڵک هۆشیار نییە، تا داوای مافی خۆی بکات و بییەوەی لەڕێگەی
هەڵبژاردنەوە ئەومافە زەوتکراوانەی وەربگرێتەوە!
گەروایە، بۆ لەکاتی
هەڵبژاردنی ناوخۆیی هەرێمدا، لەگەڵ ئەو گلەییەی زۆرەی هاوڵاتیان هەیانە لەم دەسەڵاتدارە
نادیموکراسی و نادادە، ناتوانن گۆڕانکاریی بکەن و نەهێڵن جارێکی دی ئەم دوو دەسەڵاتە،
کە هێز و پارەیان لەلایە دووبارە حکومدار بکەن؟!
سەربەخۆیی مافێکی
شەرعی و یاساییە، پێویسی بە دەنگدان نییە، بەڵکو پێویستی بە ڕێ خۆشکردن و زەمینەسازیی یاسایی و ئیداریی و کۆمەڵایەتی
و بەنیشتمانیکردنی دامودەزگاکانی هەرێم هەیە، ئەمە وەک ئامادەسازیی ناوخویی، دواتر
بتوانرێ پشتگیری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ فەراهەم بکرێ، نەک موزایەدەو و خەڵک مەشغوڵکردن
و خۆدەوڵەمەندکردن.
هەرێم بەم حاڵەی
ئێستایەوە، چی چنییەوە لەو ڕیفراندۆمە درۆزنانەیەی کردی؟ هەمووان بینیمان نیوەی
خاکی هەرێمی پێ لەدەستدا، پشتگیری کوردی لەناوچەکە لەڕووی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوە
هەڵوەشاندەوە.
شەرمە چەندین ساڵ
سیاسەت بکەیت، بەڵام نەتوانی بڕیارێکی سیاسییانەی
وا بدەی، باشییەکەی گەوەتربێت، لە هەڵەی، لە ئێستاش ئەوەندەیتر نەزانانەتر بیربکەیتەوە و بڵێی: کورد تاپۆی ڕەشی سەربەخۆیی
لە باخەڵدایە!
مرۆڤ لەکاتی تەنگانەدا
دەست دەکات بە باخەڵیداو پارەکانی بۆ خۆشگوزەرانی خۆی بەکاردێنێ، بەڵام ئەم تاپۆڕەشە
کورد ناوێرێ بەکاری بهێنێ، چونکە بێگومان زیانی زۆرترە لە قازانج!
هەرێم لەگەڵ ئەوەی
دابەش بووە بۆ دوو زۆنگ، ئیدارەدانەکەشیان وەک پێویست نییە، ناتوانن بڕیارەکانی یەکدی
لەدژی یەک جێبەجێ بکەن، حکومەت بڕیار دەردەکات، لایەنی جێبەجێکار توانای جێبەجێکردنی
نییە، دادگا بڕیار دەدات، حزب پابەندنابێ پێوەی، ئیتر چۆن شانازیی بە تاپۆی ڕەشێکی
شوومەوە دەکەیت؟
لە هەولێر هەر زەوییەو
داگیر دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتدار و حزبەوە، بەهەمانشێوە لەسلێمانیش، کۆمپانیاو حزب
و دەسەڵاتدار بوونەتە خاوەنی هەموو شتێک، هاووڵاتیان و فەرمانەرانیش ڕووت و هەژار
لەونێوەندەدا ماونەتەوە، لەباتی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی و نەهێشتنی نا عەدالەتی
کۆمەڵایەتی، سەرەڕای ئەوەش دێن، مووچەی یاسایی فەرمانبەران بەتۆپزی دەبڕن، دەتانەوێ
خەڵکی شانازیی بە ڕیفراندۆمەوە بکات!
چۆن ئێوە بوونەتە
بەڵا و هاووڵاتیانتان گیرۆدەی نەهامەتیکردووە و ئامادەن لەپێناو بەرژەوەندیی خۆتاندا
هەموو هەرێم هەڕاج و تاڵان فرۆش بکەن، هاووڵاتیش مافی خۆیەتی ئەو تاپۆڕەشە شوومەی
ئێوە شانازی پێوە دەکەن، بیفرۆشێ!