پەرلەمانەکەی پارتی!
5/7/2020 10:22:00 PM
گۆران عوسمان
پارتی بە هەموو حزبەکانی وت: چیم بوێ لە پەرلەمان ئەیکەم، بۆیە باشتروایە گوێڕایەڵی سەرۆکی حکومەت بن.
ئەوەی تا ئێستا بینیومە لە دونیادا، تەنها لە پەرلەمانی تورکیاو هەرێم، کار لەسەر ئەم پارێزبەندییە کراوە! ئۆردوگان پارێزبەندی تەنها لە کوردەکان وەردەگرێت، پارتیش نەیارەکانی!
ئیتر پێمناڵێن کونسوڵخانە و سەفارەت و دیموکراسی چ کارەن لەم هەرێمە؟! گومان هەیە ئەم نوێنەرانە نەبوبێتن بە پارتی! بۆیە هیچ هەڵوێست و کردانەوەیەکی ناشرینی ئەم دەسەڵاتە و بەتایبەت پارتی، نایان جوڵێنێت هیچ جووکە و نوزەیەکیان لێوە نایەت.
ئێستا پێمانبڵێن، پەرلەمان چ کارەیە؟ پەرلەمانێک پەرلەمانتارەکانی زاتی ئەوەنەکەن تێیدا گوزەربکەن کە نەتوانن بەرگری یاخود دژی پەرلەمانتاری خۆیان بوەستنەوە و بیانەوێ پەرلەمان ببێتە بارەگایەکی حزبی زۆرینە! کەوایە پەرلەمان بۆ هەبێ؟
ئایا ئێستا چ ئومێدێکتان بە پەرلەمان ماوە تا بتانەوێ یاسایەکی تێدا دەربکرێ تا پارتی ڕازی نەبێ؟ بەهەمووتانەوە جگە لە پارتی دەتوانن لە پەرلەمان چیبکەن، جگەلەوەی وەک هەڵوێستێک نەچنەوە پەرلەمان و ناچاریان بکەن، واز لە مەهزەلەکانیان بێنن.
ئێوە ئیدی لەمە بەدوا مەچنەوە پەرلەمان و با پارتی و دواکەوتووانی خۆیان چی دەکەن با بیکەن، باشترین بژاردەتان بۆ وەستاندنیان تەنها ئەم هەڵوێستەیە و هیچی تر، پێیان بڵێن فەرموو پەرلەمان بۆخۆتان، چونکە پەرلەمانێک ئەندامەکانی نەتوانن بەدواداچوون بکەن و ڕەخنە بگرن و حکومەت حسابیان بۆ نەکات، کەواتە پەرلەمان جگە لەوەی بۆتە بارەگایەکی حزبی پارتی، هیچی تر نییە.
بابزانین و ببینین چ پەرلەمانتارێکی دی دەتوانێ لەسەر سەرۆکی حکومەت بەڵگە بڵاوکاتەوە تا پارتی پارێزبەندی لەسەر هەڵگرێ؟ یاخود پارتی خاتری هاوپەیمانەکانیش دەگرێت؟
خەتەرناکترین دۆسێ لەم مەهزەلەیەدا کە پارتی بەڕێوەی دەبات، ئەوەیە وا لەخەڵکی هەرێم دەکات، سێ ساڵی دیکە کەس لە نەیارەکانی نەچن بۆ هەڵبژاردن! دەڵێن پەرلەمان فشەیە، پارتی چی بوێت ئەیکات، ئەوکاتیش خۆی زۆرینە دەبێت، بێگومان چی بوێت دەیکات!ن