حکومەتێکی لاواز
4/27/2020 10:03:00 AM
گۆران عوسمان
تا ئێستا نەمادیوە سیاسییەکی
کورد، وتەیەک، دروشمێکی گوتبێ، سەبارەت بە ژیانی خۆشگوزەرانی میللەت، ڕاست
دەرچووبێت! چونکە تا ئەم ساتە، کورد لە نەهامەتیدا دەژی و باجی دروشمە بێ
کردارەکانیان دەدات، کەواتە ئەمانە نە سیاسیین، نە نیشتیمانین، نە ئیدارین. سیاسیی
نین، چونکە دەسەکانیان کەشفە، هیچ سیاسەتێکی ڕاستیان پێشکەش نەکردووە، جێگەبگرێ،
ڕیفراندۆم بەنموونە. نیشتیمانیش نین، چونکە هیچ باکیان بە هاووڵاتیان نییە، ناخۆشی
و بارودۆخی خراپی خەڵک ویژدانیان نا هەژێنێ، چونکە نیشتیمانیان تەنها لەبەر بوونی
خۆیان و بەرژەوەندییەکانیان خۆش دەوێ. ئیداری نیین، چونکە بە تێکڕا بەرچاویان ڕوون
نییە، خوێندنەوەیان بۆ هیچ بارودۆخێک نییە، نازانن پلان دانان چییە، هتد..، کەواتە
بازرگانێکی چاوچنۆکن و لە ژینگەیەکی لەباردا پارە پەیدا دەکەن. دەڵێن: بەغدا بەپێی
یاسا ناتوانێ مووچەی هەرێم نەنێرێ، جەنابتان بە چ یاسایەک نیومووچەتان سەپاند
بەسەر خەڵکی خۆتاندا؟ کێ دەستی گرتبوون ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا جێبەجێ بکەن؟
بۆچی بۆ خۆتان و خەڵکی
ناخەنەڕوو، حیکمەتی ڕادەسنەکردنی نەوت چیبووە؟ ئێوە بەڵێنی حکومەتێکی بەهێز و
چاکسازتان دا، بەڵام پێچەوانەکەی جێبەجێ دەکەن، چاکسازیی پەیوەندی بە نەناردنی
مووچەوە چییە؟ بۆ ئامادەن هەموو نەوت بدەن بە بەغدا، بەڵام چەند ساڵە خەڵک و
لایەنەکانی دیکە دەڵێن: نەوت با شەفاف بێت، ئامادەنەبوون، وابکەن؟! هاووڵاتیان
خاتری کوردبوونێکی خراپ، باشترە لە بێگانەیەکی باش، جێبەجێ دەکەن، بۆ ئێوە لە
بێگانە پەرستنی خۆتان ناکەون؟ کاتێ بارودۆخ بڕێک باش دەبێ، لا لە هیچ لایەک
ناکەنەوە، پێتان وایە خۆتان خولقاندوتانە، تەنها خۆتان بە خاوەنی دەزانن، بەڵام لە
نەهامەتییا چاوەڕێی چڵە پوشێکن! حکومەتەکەتان تا خەوەنی ئەو ڕوئیا حزبی و دوو
ئیدارەییە بێت، بەهیچ شێوەیەک بەهێز نابێت، بەڵکو ئەگەری لەناوچوونی هەیە، چونکە
توانای بیرکردنەوەی حزبی و بنەماڵەیی زاڵە بەسەریدا !