857وتار

بارزانیەکانی قوشتەپە و ئەنفالکراوەکانی بادینان

4/15/2023 12:03:00 PM
فازڵ کوردی


لەسەرەتای ١٩٨٠ بەعس بارزانیەکانی لە کۆمەڵگەی زۆرەملێی قوشتەپە کۆکردەوە، لە بارودۆخێکی زۆر ناهەموار بوون، پیاوەکان خەریکی کرێکاری بوون لە هەولێر، ژنەکانیش بە دەست ڕەنگینی خۆیان خەریکی فرۆشتنی کاڵای دەستکردی ڕستن و چنین بوون!
ئەو کات کاری کۆنتراکتەریم دەکرد، بەیانیان چەندین کریکاری بارزانیم دەبرد بۆسەرئیش ئەگەر پێویستیم بە ٤ کریکار بوایە ٨ کریکارم دەبرد تەنها بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەم!

جێگای وەبیرهێنانەوەیە بەڕۆژی ڕووناک بەعس دەوری کۆمەڵگای قوشتەپەی گرت زیاتر لە ٨٠٠٠ بارزانی گرت و پاشان زیندە بەچاڵی کردن لە بیابانەکانی نێوان عیراق و سعودیە.

لە کۆتایی ١٩٨٠ بەعس هەڵمەتی بەدناوەی ئەنفالی کرد، بادینیەکانی هێنا بۆ کۆمەڵگای گێژنیکان و بەرحوشتر و گردەچاڵ لە دەوروبەری هەولێر، دەوریان گیرابوو و قەدەغە بوو هیچ کەسێک یارمەتیان بدا یان سەردانیان بکا! تەنها پسوولەی پارێزگار و بەڕێوەبەرە گشتیەکان مافی ئەوەیان هەبوو کە بچنە ناو کۆمەڵگاکە! بەڵام جوامێری خەڵکی هەولێر بێ وێنە بوو بەشێوەیەک لە شێوەکان دەستی یارمەتیان بۆ درێژکردن.
منیش یەکێک بووم لەوانەی کە دەستی یارمەتیم بۆ درێژ کردن، چۆن؟؟

مامم (مەجید کاکۆ) شوفێری تایبەتی بەڕێوەبەری ئەشغاڵ و ئیسکانی هەولێر بوو بەناوی (ئەندازیار اسماعیل دەهام)، هەمیش ناسیاری خۆمان بوون چونکە کاتی خۆی باوکی ئاغای ئەو گوندە بوو کە باوکم لێی دەژیا، باوکم نۆبەتداری (دەهام ئاغا)ی باوکی اسماعیل دهام بوو، نۆبەتداری و چەکداریەکەی خۆپاراستن بوو لەبەر ئەوی باوکم دوژمندار بوو!

ڕۆژێکیان بە هێمنی خۆم خزاندە ناو ئوتەمبێلەکەی ئەندازیار اسماعیل دهام، مامم مەجید بۆ نانی نیوەڕۆ لەبەر دەرگا وەستاندبووی! نووسراوێکی (الی من یهمە الامر)م دۆزیەوە لەسەر کاغەزێکی سەوزی تەنک چاپکرابوو بۆ چوونە ناو هەرسێ کۆمەڵگای گێژنیکان و بەرحوشتر و گردەچاڵ! بەدەستکاریەکی زۆر زانا ناوی خۆم خستە سەر نووسراوەکە!

داوام لە (مام دەروێش) شوفێری هۆبەی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەددین و ڕزگار بوو لە کوشتن و تیرۆرکردنی لەلایەن پاسەوانەکانی ئیبراهیم زەنگەنەی پاریزگاری هەولێر، کە خۆشم یەکێک بووم لە ڕزگاربووەکانی دەستی ڕەشی ئیبراهیم زەنگەنە، بەتایبەتی براکەی! لەگەڵ مام دەروێش ڕێککەوتین کە بەیانیان زوو پاش نوێژی بەیانی بە پیکابی زانکۆ هەوڵ بدەین هەندێ پێویستی و کەلوپەل بۆ ئاوارەکان ببەین! مام دەروێش بەبێ دوودڵی ئامادەبوو، من دەستم بە کڕینی نەعلی لاستیک و ئیسفەنج و هەندێ قاپ و قاچاغ کرد، مام دەروێش هەمووی بردە ماڵەکەی خۆی لە گوندی شاوێس! بە پیکابی زانکۆ و نووسراوە دەستکاریەکەی ئەندازیار اسماعیل دەهام توانیمان بەپێی پێویست هاوکاریەکان بگەیەنین بە خەڵکی لێقەوماوی بادینان لەهەرسێ کۆمەڵگا زۆرەملێکە.



*سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاری کوردستان
www.kurdistanaid.org

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن