560وتار

یادەوەرییەک لەگەڵ کاک نەوشیروان لە ڕاپەڕیندا

3/11/2021 10:15:00 AM
فازڵ کوردی

 لە ڕۆژی ڕزگار کردنی هەولێر لە بەعس، هێزی ڕاوڕووت دەستیان بە تاڵان کردن کرد! لەگەڵ هونەرمەندێکی گۆرانی بێژ (جەعفەر بەرزنجی) کارمەندی چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە بوو بڕیارمان دا بە پاراستنی ئەو چاپخانەیە لە تاڵان کە کەوتبوە گەڕەکی خۆمان لە (ئازادی)، بەدەم ڕێگاوە کۆمەڵە گەنجێکی تریش لە گەڕەکەکەی پشت ئازادی ئەوکات ئەو گەڕەکە پێی دەگوترا گەڕەکی (مەنتکان) بیرۆکەکەیان پێباش بوو بەشدار بوون لە گەڵمان بۆ پاراستنی ئەو شوێنە، توانیمان بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک بیپارێزین بەڵام پاشان هێزێکی چەکدار هاتن شوێنەکەیان تاڵان کرد!!
هەر لەم ڕۆژانەبوو و لەسەروبەندی ڕزگار کردنی کەرکوک بە چەند ڕۆژێک کاک نەوشیروان هات بۆ هەولێر بۆ داڕشتنی بەرنامەی ڕزگار کردنی کەرکوک و سەرپەرشتی هێزەکان، لە پاڵ ئەمانە کۆبوونوەیەکی ڕێکخست بۆ گەنجان لە (مرکز الرعایە العلمیە) لەسەر ڕێگای سەرەکی نێوان هەولێر و کەرکوک لە تەنیشت سەرۆکایەتی زانکۆی سەلاحەددین، بەیەکەوە لەگەڵ ئەو کۆمەڵە گەنجە کە چاپخانەمان پاراست چوین بۆ بەشدار بوون لە کۆبوونەوەکە، بینیمان کۆمەڵێک قەلەم و بەندێک کاغەزی سپی لەگەڵ خۆێ هێنا بوو.

مەبەست لەم کۆبوونەوەیە تیشک خستنە سەر گرنگی ئازادکردنی کەرکوک لەلایەنی ئابووری! لەلایەکی تریش ئامادەکردنی کارمەندی تەکنۆکرات بوو بۆ دەست بەکاربوون لە کۆمپانیای نەوتی باکوور هاوشانی کارمەندە کۆنەکان کە هەموویان سەر بە ڕژێمی بەعس بوون! بەڵام فەرمانی دابوو کە بەهیچ جۆرێک نابێ کارمەندە کۆنەکان هەراسان بکرێن یان دەربکرێن بۆ ئەوەی ڕاهێنان بە گەنجی تەکنۆکراتی تازە پێگەیشتوو بکەن تا لە دوا ڕۆژ ببن بە جێگرەوەیان.
ڕووی کردە گەنجە ئامادەبووەکان، ووتی هەریەک لە ئێوە وەرن کاغەزێک و قەلەمێک هەڵگرن بۆ نووسینەوەی سیڤیەکانتان "ئێمەش بەسەرسوڕمانەوە ووتمان سیڤی چیە و چۆن دەنووسرێتەوە"؟ ئینجا دەستی کرد بە شیکردنەوە و چۆنیەتی نووسینەوەی سیڤی بەگشتی پاشان سەرپەرشتی یەکە یەکەی کردین تاوەکوو کۆمەڵیک سیڤی دەستکەوت لە هەموو بوارەکان! من یەکێک بوو لەو کەسانەی کاندیدی کردم بۆ کارکردن لە کۆمپانیای نەوتی کەرکوک، بەڵام کارەکە سەری نەگرت چونکە ڕژێم زۆر زوو کەرکوکی داگیرکردەوە.

ئەم یادەوریە مێژووییە هەرگیز لە یاد ناکەم چونکە وەک ووتم فێری سیڤی نووسینەوەی کردم، لەهەمان کات بیری قووڵی دوورمەودای ئەم پیاوە بۆ ئابووری سەربەخۆ، کاک نەوشیروان لەلایەک پەرۆشی کۆکردنەوەی سیڤی بوو لەهەمان کات لایەن هەبوو پەرۆشی کۆکردنەوەی جاش بوو! هەر هەمان سیڤیم بەکارهێنا بۆ کارکردن لە نەتەوە یەکگرتوەکان.

کاک نەوشیروان نەک بەتەنها من، بەڵکو سەدان گەنجی وەک منی پێگەیاند! ڕوحی شاد بێ.

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن