415وتار

چیرۆکی سەرکەوتنی گەلێک

10/3/2022 6:43:00 PM
تەنیا کوردی

((ئەمڕۆ رای گشتی کوردستان،  نێچیرڤان بارزانی بۆ مێژوو پێناسە دەکات، بە سەرۆکێک بۆ خولقاندنی ئاشتی، ھێزێک بۆ کۆدەنگی نێو ماڵی کوردستان و ھیوایەک بۆ کوردستانێکی بەھێز و گەشە کردوو)).

لە گوتاری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە مەڕاسیمی پێنج ساڵەی کۆچی دوایی مام جەلال، دوو رێککەوتنی ئاشتی لە دوو قۆناغی گرینگ بۆ سەرکەوتنی کوردستان خرایە ڕوو:

یەکەم، قۆناغی شاخ، رێککەوتنی نێوان سەرکردەی زیندوو ئیدریس بارزانی و مام جەلال، ١٩٨٦.
دووەم، قۆناغی شار، رێککەوتنی نێوان سەرۆک بارزانی و سەرۆک تاڵەبانی لە واشنتن ساڵی ١٩٩٨.

لە قۆناغی ئێستایشدا سەرۆک نێچیرڤان دەخوازێت بۆ قیادەکردنی قۆناغەکە رێککەوتنێکی نوێ لە نێوان پارتی و یەکێتی ھەبێت و لەگەڵ ھەموو ھێزەکانی دیکە بە ئامانجی کوردستانێکی گەش و پڕ لە چیرۆکی سەرکەوتن بۆ داھاتوو.

مێژوو دەڵێت، ھەر قۆناغێکی حوکمڕانی کاراکتەرێکی گەورەی  خۆی ھەیە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی کاراکتەرێک لە ھەر قۆناغێکدا چیرۆکێکی گەورەتری بۆ سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان پێیە. خەمی سەرۆک بۆ سەرکەوتنی کوردستان بە ئەنازەیەکە، ھەمیشە دەرفەت بۆ ھەموو ھێزە سیاسییەکان دەخولقێنێت و لە کۆدەنگی ھەموواندا ھێز دەبەخشێتە کوردستان، بۆ ئەوەی کوردستانێکی بەھێز محەلی لە ھاوکێشەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا ھەبێت و لە ئێستادا روومان لە سبەینێیەکی رۆشنتر بێت بۆ کوردستان.

سەرۆک دەرفەت دەخولقێنێت لە:
-راستکردنەوەی پرۆسەی سیاسی.
-گەڕانەوە بۆ ئامانجە گەورەکەی کوردستان.
-دروستکردنی پردی متمانەکردن بە یەکتر.
-بیرھێنانەوەی رۆژانی سەختی خەبات بۆ وانە وەرگرتن لێی تا لە جیاتی سڕینەوەی یەکتر بەدوای خەونە گەورەکە بگەڕێین کە بەھێزکردنی ھەرێمی کوردستانە.

خەمی سەرۆک خەمێکە:
-ئازاری قوڵی مێژووی گەلێکی ستەملێکراوی کوردستانی ھەڵگرتووە، بۆیە ھەمیشە رێگایەک دەدۆزێتەوە بۆ گرەنتی کردنی داھاتووی ھەرێمی کوردستان.
-خەمێکە دەیەوێ چیرۆکی ئەمڕۆ لە دوێنێ گەورەتر بێت بۆ سەرکەوتن و بەیانییەکی پڕ لە ھیوا بۆ کوردستان ھەبێت.

لە دیدی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دروستبوونی بۆشایی گەورە لەنێو ریزی ھێزە کوردستانییەکان بەمانای لاوازبوونی داھاتووی کوردستان دێت، ئەو لە ئێستادا گرەنتی سبەینێی دەوێ، ھەموو رۆژێک دەیەوێ زیاتر کارکردن بۆ ھێزی پێکەوەبون ھەبێ، چونکە چیرۆکی سەرکەوتن لە ئەمڕۆدا گرینگە تا بەیانی لەبەردەم ھەر ئەگەرێکی ناوچەکەدا بونێکی بەھێزمان ھەبێت.
ئەمڕۆ مێژوو رووداوێکی نوێ بۆ بەیانی تۆمار دەکات کە ھەر کاتێک باس لە ئاشتی کوردان بکرێت، ناوی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە قۆناغی ئەمڕۆ و سبەینێدا لە لوتکەی بەرپاکردنی شۆڕشێک بۆ ئاشتەوایی دێنێت.
ئەمڕۆ رای گشتی نێچیرڤان بارزانی پێناسە دەکات، بە سەرۆکێک بۆ خولقاندنی ئاشتی، ھێزێک بۆ کۆدەنگی نێو ماڵی کوردستان و ھیوایەک بۆ کوردستانێکی بەھێز و گەشە کردوو.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن