504وتار

چانسێکی بەهێز

9/3/2022 7:09:00 PM
تەنیا کوردی

سەرمایەی "دیموکراسی و ئەزموونکردن" گەورەترین زەخیرەی مقاوەمەیە کە ناهێڵی کۆمەڵگە بکەوێت؛ هەرێمی کوردستان لە ٢٠١٤ لە لوتکەی دیموکراسییەت و ئاوەدانی خۆیدا بوو کاتێک داعش هێرشی بۆ هێناین، تیرۆیستانی داعش تەنیا لەڕووی مەیدانەوە نەهاتن، بەڵکوو لەڕووی ئایدۆلۆژیەشەوە هێرشیان کردە سەر کۆمەڵگەی کوردستانی کە ئیمکانیاتێکی تەکنۆلۆژی و سەربازی و مێدیایی تەواویان لەبەردەست بوو، بەڵام هەرێمی کوردستان لە ھەردوو جەنگی مەیدانی و شەڕی فکری دژ بە داعش سەرکەوت، چونکە:

یەکەم: دیموکراسیەتی هەرێمی کوردستان لە ژێرخانی ئاوەدانی و ئەزمونکردنێکی دەوڵەمەندەوە مقاوەمەی شەڕی تیرۆری کرد.

دووەم: سەدان ھەزار پڕۆژە لە ھەرێم جێبەجێ کرابوون و ئەم ئاوەدانییە سەرچاوەیەکی بەھێزی خەڵک بوو لەوەی بەرگری لە دەسکەوتەکانیان بکەن.

سێیەم: مۆدێلی حوکمڕانی دیموکراسی زەخیرەی بەهێزی خەڵکی کوردستان بوو  دژی داعش کە لەڕووی فکرەوە شەڕی داعش بکەن و  پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگە بن  لە شکاندنی ئەفسانەی داعش دا.

چوارەم: بەبەراورد بە ناوچەکە خەڵکی کوردستان لە خۆشترین رۆژانی ژیانکردن و ئازادی حوکمڕانیەکی دیموکراسی بوون.

ئێستا کۆمەڵگەی دەوڵی چاوی لەسەر ھەرێمە، تاکە زەخیرەی بەهێزکردنی پێگەی هەرێم، بریتییە لە بەهێزکردنی "کوردستانێکی بەهێز و دیموکراسی"، لە یەکێک لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە باسی هەرێم و عێراقدا هەوڵەکانی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بەرز نرخێندرا لە بەهێزکردنی پێگەی دیموکراسی هەرێم و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان و نەھێشتنی گرژی سیاسی.

باوەڕی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەسەر دیموکراسیەت وایە:

-بەرهەمی دیموکراسی فێربوونە، فێربوون لە زانستەوە تا گرەنتیکردنی جیلی داهاتوو کە ھاوڵاتیانی کوردستان ھەمیشە لە ئەمانێکی زیاتر بۆ خۆشگوزەرانیدا بژین.

-تاکە گرەنتی راستەقینە بۆ بەهیزکردنی دیموکراسی بەردەوامیدانە بە ئاوادانی و سەقامگیری سیاسی و کۆدەنگی کە زەخیرەی بەرگریی ھەرێمە لەو ڤێرژنەی کە پێویستە بەردەوام لە ناوچەکە ئەبدەیتی ھەبێت و باشترین نمونەی پێشکەوتی حوکمڕانی بێت لە جیھانی ئێستا دا.

ئەم ھێڵە گشتی و تایبەتیانەی کە بۆ ھەرێمێکی دیموکراسی گەشەکردوو لە ئێستادا بە پێوەری کۆمەڵگەی دەوڵی و باوەڕی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان  پێویستن:

-کوردستانێکی بەهێز و دیموکراسی.
-یەکگرتنەوەی تەواوی هێزی پیشمەرگە.
-فراوانکردنی مەودای ئازدی.
-یەکگرتووی و یەکگۆتاری ھێزە سیاسییەکان.
-راگرتنی ھاوسەنگی دیپلۆماسی  لە ناوچەکە.

ھەرخۆی دیموکراسیەت لە عێراق و ناوچەکە پێویستی بە بەرپاککردنی شۆڕشێکی لۆژیکی هەیە، لە رێگەی زانست و ئازادی و فێربوون و ئەم شۆڕشە فکرییە لە هەرێمدا بناغەی بەهێزی هەیە و سەرۆکێکی بەهێز نێچیرڤان بارزانی بۆ گەشەی دیموکراسیەت و ئازادی و پێشکەوتنی کوردستان و پاراستنی قەوارەی ھەرێم لە ناوچەکەدا بەردەوام لە داھێناندایە.

کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر و دڵخۆش لە کوردستان ھەمیشە بە دیموکراسی و ئازادی لە چوارچێوەی لۆژیکدا گەشە دەکات، یەکێک لە داهێنەرەکانی زانستی دەرونزانی لە سەردەمی نوێدا شۆن ئارکۆر کە قازانجی دڵخۆشی داهێنا و دەڵێت، بەختەوەری گەورەترین کاریگەری لەسەر سەرکەوتن هەیە، وەهایش خۆشگوزەرانی کۆمەڵگە گەورەترین کاریگەری لەسەر مقاوەمەی کۆمەڵگە هەیە بۆ دروستکردنی خۆشەویستی بۆ خاک و بەرگریکردن لە سەروەرییەکان و دەسکەوتەکان، گەشبینی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دووربینی لە داڕشتنی نەخشەی ئاوەدانی بۆ ھەرێم، وای کرد دیموکراسیەت و ئازادی و ئاوەدانی بەیەکە لە حوکمڕانی ھەرێم دا گەشە بکەن.

دیموکراسی لە هەموو بوارێکی سیاسی و ئابووری و فێربووندا گرینگە، هەتا لە بازرگانی لودفيج فون ميزس دەڵێ، بازاڕ سیستەمێکی دیموکراتییە لەوەی تا بچوکترین بەهای دراوێکیش تا حەدی قرش و فلس، مافی دەنگدانی هەیە.

سەرۆک نێچیرڤان لە ڕووی مەلەفی وزەوە بۆ داھاتووی ھەرێم گەورەترین کاری ئەنجام دا لەو عێراقەی کە دەیانویست بچوکترین یەکەی دراویش لە قوتی ھەرێم بگرنەوە، بەڵام نێچیرڤان بارزانی  چی کرد؟

- نەوت و وزەی خۆماڵی کرد.

-بناغەیەری ئابووریی بەھێزی لەگەڵ ئاوەدانی ھەرێم و مەڵتی کەڵچەری بەیەکەوە گرێداو وەک یەک پاکێج شۆڕشێکی بۆ پێشخستنی ھەرێم لە ناوچەکەدا بەرپا کرد.
-بە دیپلۆماسیەتێکی ھاوسەنگ و سۆفت پاوەر  بەردەوام ھێزی بەخشیە پێگەی ھەرێم لە ناوچەکەدا.

کورد لە سەردەمی شاردا بە رێگەی دیموکراسیەت ئینتقامی لە رژێمی پێشووی سەدام کردەوە، ئێستایش گرینگە بەرێگەی بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی لە مەودای ئازادی بەرەو مۆدێڵێکی سەرکەوتوو تر بچین، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ گەیشتن بەو مۆدێڵە دیموکراسییە گەورەترین جوهدی کردووە لە یەکەم رۆژی لە کابینەکان وەک سەرۆکی حکوومەت تا ئێستای وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان.

مەرج نییە بە تەنیا سندوقی دەنگدان دیموکراسیەت کامل بکات، بەڵکوو وەک جان جاک رۆسۆ دەڵێ، هۆشیاری خەڵک ئەولەویەتی یەکەمە بۆ بەهێزکردنی پێگەی دیموکراسی.

لە ئێستادا تەنیا بەرێگەی دیوکراسی و بەهێزکردنی مەودای ئازادی و رەخساندنی دەرفەتی یەکسان و بەهێزکردنی پێگەی ئابووری و زیادکردنی خۆشەویستی خەڵک بۆ تێگەیشتن لە هەبوونی خۆیاندا دەتوانین جیلی نوێ بۆ داهاتوویەکی گەشتر لە کوردستان ئامادە بکەین.

دەتوانین سیستەمی هەرێمی کوردستان دەوڵەمەند بکەین لەڕووی ئەو دیموکراسیەتەی لە پێکەوژیانی سیاسی و ئاینی و پێکەوەگرێدانی فەرهەنگییەوە هەیە،  چونکە هەبوونی دیموکراتیەت بەبێ ئازادی لە چوارچێوەی لۆژیکدا وەک اوكتافيو باز دەڵێ وەهمە، بۆیە ئەگەر بۆ نەکەوتن و بەهێزکردنی کوردستانێکی بەهێز و دیموکراسی زیاتر ئامادە بین، باشترین ئینتقام بۆ ئەو ستەمەی لە مێژوو لێمان کراوە و ئەو ترسەیشی کە لە ناوچەکەدا لەسەرمان هەیە، لەگەڵ گەیشتن بە داهاتوویەکی گرەنتی کراو ھەوڵدانە بۆ گەیشتن بە کوردستانێکی بەھێز و دیموکراسی ئەمە چانسی خەڵکە کە ئینتقام لە ستەم و زۆرداری ناوچەکە بکاتەوە، خەباتێکی نوێی ھاوچەرخە کە دژی ھەر تاکڕۆیەک لە ناوچەکە کە بیەوێ دەستکەوتەکانی ھەرێم لەبارببات، یان ئازادی بخنکێت.
چانسی بەھێزیش بۆ داھاتوو و ژیانەوە، پێشەنگبوون و بەردەوامی لە ئاوەدانی ھەر بریتییە لە کوردستانێکی بەھێز و دیموکراسی.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن