چاوەڕێی وەڵامێکی توندی ئەنجومەنی ئاسایش بن
4/19/2021 9:13:00 PM
تەنیا کوردی
لە دوای پرۆسەی ئازادی لە عێراقی فیدڕاڵ، دوای راپۆرتەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم کاتدا کە ستیڤان دیموسترا دوو راپۆرتی لە بارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، سنووری ماددەی ١٤٠، پێشکەس کرد و نەخشەڕێگای چارەسەریی دوورمەودای دانا، بەڵام ئیدی نەتەوەیەکگرتووەکان چاوی لە ناوچە کوردستانییەکان داخست و ھەنگاوەکانی چارەسەری لەم ناوچانە سڕکران.
ئەمڕۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە فەرمی داوایەکی یاسایی ئاراستەکردن کە رۆڵی زیاتر بدرێ بە نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و دەسەڵاتی زیاتری پێبدرێت و ڕۆڵی زیاتری هەبێت لە نێوەندگیریی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەتی جێبەجێکردنی ماددەی (140)ى دەستوور و کێشەی نەوت و دابەشکردنی داھات.
لەم خاڵەدا راشکاوانە سەرۆکی ھەرێم داوا دەکات کە دەسەڵاتی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراقدا پلاسخارت بەشێوەیەک بێت مەلەفە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا حەسم بکات.
نامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان روانگەیەکی نێودەوڵەتی ھەیە کاتێ پشتگیری لە داواکارییەکەی حکوومەتی فیدراڵى عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات بۆ زیاترکردنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و دڵنیابوون لەوەی کە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بە باشی و دوور لە پێشێلکاری بەڕێوە بچێت.
نێچیرڤان بارزانی دەیەوێ بە پاڵپشتی ئەورووپاو تایبەت سەرۆکی فەرەنسا ماکرۆن لە عێراقدا ئاشتەوایی سیاسیی دروست بکات، بۆ ئەم مەبەستەش دەستپێشخەری کردووە بۆیان، لەم نامەیەشدا ئەگەر دیقەتی ورد بدرێ کە داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە ھەم بۆ عێراق و ھەمیش داوا دەکات لە دەقی پرۆژەبڕیاری نوێی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا دەربارەی عێراق، پشتگیریی فەرمیی ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان حکوومەتی فیدراڵى عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی بودجە و دانوستان لەسەر تەواوى پرسە ھەڵپەسێردراوەکان. ئەمە رێک نامەکە روانگەیەکی ستانداردی نێودەوڵەتی ھەیە کە چاوەڕوانکراوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەڵامێکی ئەرێنی و جیددی ھەبێ لەسەر ئەم نامەیەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ھاوکات شەرعیەتدان بە چارەکردنی کێشەکان لە یوئێندا کەیسی چارەسەری نێوان ھەرێم و بەغدا زیندوو دەکرێتەوە و ھۆشداری توندی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەدوادادێ بۆ یەکلاکردنی ھەندێ پڕسی ھەستیار کە دەمێکە دەبوو یوئێن ئەم ڕۆڵەی ھەبووا.
ئەم ھەنگاوانەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێمان دەڵێ، خولقێنەری ھێزی نەرم لە ناوچەکەدا لە جەولەی دیپلۆماسی و دەولی ناوەستێ، تا بەتەواوەتی لە نێو ھاوکێشەی ناوچاکەدا بە ستراتیژیەتێکی جیھانی ستاندارد پێگەی ھەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی کۆمەڵگەی دەولی بەھێز دەکاتەوە و، ئەم ھاوکێشەیە پێچەوانە دەکاتەوە کە مەترسی سڕینەوە لەسەر قەوارەی ھەرێم ھەبوو، دەیگۆڕێت بۆ ھەرێمێکی کاریگەر و سەقامگیر لە گەشەی دیپلۆماسی و حساب بۆکراو لە ھەندێ پێشھاتی نوێی ناوچەکە دا.