1050وتار

هەرێمی كوردستان .. نمونەیەكی تر بۆ چاولێكردن

8/13/2022 6:20:00 PM
مەریوان شەریف

عێراقی نوێ كە لەدوای ساڵی 2003 لەسەر بنەماكانی (شەراكەت و تەوافوق و تەوازوون) دامەزرا ، ئەم بنەمایانە هەر لەسەرەتاوە ویستی بەشێك لە لایەنەكانی عێراقی نوێ نەبوو ، بەڵام رازیبوون لەسەری شێوازێكی ناچاری بوو هەربۆیە لە چەندین وێستگەدا پشتكرایە ئەو بنەمایانە و دەرهاویشتەكانیشی عێراقیان بە ئەمڕۆ گەیاند.

ئەو ئاڵۆزییەی كە ئێستا عێراقی گرتۆتەوە و دیمەنی ئاڵۆزییەكەش لە ئەنجامی ململانێی نێوماڵی شیعەیە لەسەر گرتنە دەستی دەسەڵاتە كە بێگومان بەدەرنیە لە كاریگەرییە دەرەكیەكان و هەوڵی داڕشتنەوەی سیستەمی سیاسی بۆ دوای ئەم قۆناغە و باڵادەستبوونی لایەنێك و فەرامۆشكردنی لایەنەكانی دیكە ، ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت نزیكەی 19 ساڵ حكومڕانی عێراقی نوێ و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان ، نەیتوانی گۆڕانكاری لە دونیابینی سیاسی و كۆمەڵایەتی دروستبكات و هێشتا رەتكردنەوە زاڵە بەسەر سەرجەم ئاستەكاندا ، ئەمەش چۆن لە رابردوودا بووەهۆكاری چەندین كارەسات و قەیران لەعێراقدا.

هەربۆیە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی ئاراستەی لایەنە سیاسیەكانی عێراق كرد كەبێنە هەرێمی كوردستان و كێشەكان بەگفتوگۆ چارەسەربكەن ، چونكە بەبێ گفتوگۆ و یەكتری قبوڵكردن ناتوانرێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنرێت.

تابلۆی گشتی عێراق ئەوەی لێ بەدیدەكرێت كە ململانێكان، ئەگەری زۆرە لێکەوتەی سیاسیی کاریگەریان لەسەر پرۆسەی سیاسی و سیسته‌می حوکـمڕانی لە عێراقدا لێ بکەوێتەوە و داواكاری هەڵبژاردنی پێشوەختە سەربكێشێت بۆ داواكاری هەمواری دەستور و گۆڕانكاری لە سیستەمی سیاسیدا ئەمەش گۆڕانكارییەكە بەتامی كودەتا. هەڵبژاردنی پێش وەخت یاخود هەرگۆڕانگارییەك لە عێراق رووبدات كاریگەری لەسەر هەرێم كوردستان دەبێت و لە لایەنە كوردستانیەكان دەخوازێت ناكۆكیە سیاسیەكان وەلابنێن.

هەربۆیە لە دوا دەستپێشخەریشدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لایەنە سیاسیەكانی بانگهێشی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان كرد، قۆناغەكەش لە لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دەخوازێت ناكۆكیە سیاسیەكان وەلابنرێت و ئەگەر و پێشهاتەكانی كوردستان و عێراق لەبەرچاوبگرن ، هەرێمی كوردستان بە پاكێجێكی ئامادەكراوەوە بچێتە ناو قۆناغی داهاتووی عێراق كە رەنگە بۆ كەڤەركردنی كێشەكانی ناو ماڵی شیعەی عێراق ، كێشەكان هەناردەی ناوماڵی كوردی بكرێت.

زۆر گرنگە لایەنە سیاسیەكان بەوردی پەیامەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بخوێننەوە و لە كۆبوونەوەی داهاتوویاندا بگه‌نه‌ لێكگه‌يشتنێكی كۆتایی بۆ دياريكردنى كاتى هه‌ڵبژاردن و چاره‌سه‌ركردنى هەروەك جەختی لەوە كردۆتەوە " دواکه‌وتنی هه‌ڵبژاردن زیان به‌ ناو و پێگه‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌گه‌یه‌نێ".
ئەمەش ئەو پەیامەیە كە پێویستە هەرێمی كوردستان مۆدێلێكی جوانتر پێشكەش بكات و جارێكیتر ببێتەوە بەنمونەی داهاتووی عێراق و چاوی لێ بكرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن