900وتار

لە نامەكەی بایدنەوە .. پێگەی هەرێمی كوردستان لە سیاسەتی ئەمریكادا

4/3/2022 9:56:00 AM
مەریوان شەریف

لە دوو دەیەی رابردوودا پرسیارێك هەمیشە لەلایەن توێژەران و ئەوانەی گرنگی بە پیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا دەدەن دووبارەكراوەتەوە كورد چی پێگەیەكی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا هەیە؟ واشنتۆن و هەولێر هاوبەش و هاوپەیمانی ستراتیژین یاخود پەیوەندییەكان لە چوارچێوەی چەند پرس و بەرژەوەندییەكی كاتی و تاكتیكیدایە؟

دەكرێت بە وردبوونەوە لە ناوەرۆك و پەیامی كۆتا نامەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێگە و بایەخی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا شیبكەینەوە، پێدانی نامەكەش بە نێچیرڤان بارزانی پشتیوانیە لە نەهج و روئیا و پەیامەكانی ئەو وەك كاراكتەرێكی سیاسی گرنگ لە ناوچەكەدا، كە لە هەموو ئەگەر و پێشهاتەكاندا دەریچەیەكی دیبلۆماسی گرنگ دەبینێتەوە و هاوسەنگی لەناوچەكەشدا دەپارێزێت.

هەرچەندە لە ماوەی رابردوودا ئەمریكا بەردەوام جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە هاوبەشی و پاراستنی كوردستانێكی بەهێز كردۆتەوە. لە شەڕ دژی رێكخراوی تیرۆرستی داعش ئەم هەڵوێستەی ئەمریكامان بە كردەوە بینی، بەڵام ئەم پرسیارانە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئەفغانستان لێرەش چەندبارە بوونەوە.

جەنگی روسیا و ئۆكرانیا و هاتنە پێشەوەی دۆخێكی نوێی جیهانی و هەڵوێستی وڵاتانی كەنداو وایكردووە خوێندنەوەی هەڵە بۆ سیاسەتی ئەمریكا بكرێت لەوەی لە ئێستادا ئەو وڵاتە سەرقاڵی گەمارۆكانی سەر روسیا و دابینكردنی ئاساسایشی جیهانی وزەیە لەلایەك و بەڕێوەچوونی گفتوگۆكانی تایبەت بە رێككەوتنی ئەتۆمی ئێران لەلایەكی دیكە، هەر بۆیە ئیدارەی بایدن دڵنیایی دایە هاوپەیمانە دەوڵەتی و نادەوڵەتیەكانی لەنێویشیاندا هەرێمی كوردستان، كە ماتیۆ تولەر باڵوێزی ئەمریكا نامەیەكی دڵنیایی بایدنی گەیاندە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان.

لە ناوەرۆكی نامەكەیدا بایدن جەختی لەوە كردۆتەوە، كە هه‌رێمى كوردستان هاوبه‌شێكى ‏گرنگى ئه‌مه‌ريكايه‌ و پابه‌نديى به‌رده‌وام و دوورمه‌وداى وڵاته‌كه‌ى به‌ ئارامى و ‏سه‌قامگيريى هه‌رێمى كوردستانه‌وە ده‌ربڕيووه‌.‏ ئەم ناوەرۆك و دەربڕینە لە نامەكەدا جەختكردنەوەیە لەوەی هەرێمی كوردستان هاوبەشێكی ستراتیژی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا، ئەوەش رەتدەكاتەوە كە ئەمریكا كۆتایی بەبوونی خۆی لە ناوچەكە بهێنی یاخود ئەگەر نیازێكیشی هەبووبێت لێی پاشگەز بۆتەوە.

نامەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە پشتیوانی بۆ هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە دووپات كردۆتەوە، پەیامێكی روونە كە هەرێمی كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ستراتیژی ئەمریكادا هاوبەش و هاوپەیمانێكی گرنگە. هەروەك پەیامیشە بۆ ناوخۆی عێراق و كۆتاییهێنان بە گوشارە سیاسیەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان لە بابەتی پێكهێنانی حكومەت و مەلەفی نەوت و غازدا، كاتێك بە ئاشكرا ئاماژە بەوە دەكات " ئه‌مه‌ريكا ‏هەرێمی کوردستانێکی ‏ئارام، سەقامگیر و گەشاوە وەک بەشێکی سەرەکی بۆ ‏عيراقێکی سەقامگیر ‏و گەشاوە ده‌بينێت" هێشتاش هەرێمی كوردستان خاڵی گەشی عێراقە دەكرێت لە بەغدا چاو لە هەرێمی كوردستان بكرێت.

ناوهێنانی راستەوخۆی پێشمەرگەش خاڵێكی دیكەیە كە دەكرێت خوێندنەوەی بۆ بكەین، بەوەی هێزی پێشمەرگە تاكە هێزی جێگای بڕوایە بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و میلیشیاكان، كە پێویستە باشتر پڕچەك بكرێت لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسیە ئەمنییە نوێیەكانی هاوشێوەی بۆردومان و درۆنەكان.

راستە نامەكە درایە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڵام پەیامیشی بۆ هاوپەیمانە ناوچەییەكانی دیكەی ئەمریكا تێدابوو، بەوەی واشنتۆن پشتیان تێناكات ئەگەرچی سەرقاڵی چەندین قەیرانی جیهانی گەورە و رێككەوتنی ئەتۆمییە لەگەڵ ئێران، رێگا نادات بەرژەوەندییەكانی خۆی و هاوپەیمانەكانی بكەونە بەر مەترسییەوە.

لە كۆتاییدا دەكرێت بڵێین نامەكەی بایدن و پەیامەكانی فرە رەهەندن و دڵنیاكەرەوەن كە هەرێمی كوردستان پێگەیەكی ستراتیژی هەیە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا، ئیدارەی بایدن كە ئێستا سەرقاڵی قەیرانی شەڕی نێوان روسیا و ئۆكرانیا و لێكەوتەكانیەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەراستیش دانوستانەكانی كە دانوستانەكانی چەكی ئەتۆمی ئێران بەڕێوەدەچێت، بەو مانایە نایەت كە ئەمریكا پشت لە هاوپەیمانەكانی دەكات و ئەگەر گۆڕانكارییە جیهانی ناوچەییەكانیش هەرچۆنێكبێت هێشتا جێگای بایەخی ئەمریكا و ئیدارەكەی بایدنە، بەرچاو رۆشنییەكیشە بۆ هەرێمی كوردستان، كە ڕۆڵی زیاتر لە عێراق ببینێت و جێگای خۆشی لە نەخشە و بازاڕی جیهانی وزەدا بكاتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن