تێگه‌یشتن لە کۆدەنگی و کۆکردنەوەی ھێز
6/20/2021 6:31:00 PM
مەریوان شەریف
هێز ئه‌و فاكته‌ره‌یه له‌گه‌ڵ دروستبوونی كۆمه‌ڵه سه‌ره‌تاییه‌كانی مرۆڤدا هاتووەته كایه‌وه و به‌رده‌وام مرۆڤ له هه‌وڵی به ده‌ستهێنانیدا بووە.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ تیۆری په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی لای هۆبز، مرۆڤ له دۆخی سروشتییدا له شه‌ڕی بەردەوامدایە له‌گه‌ڵ یه‌كتر، بۆیە جه‌نگ و ململانێ پێویستی به هێز هه‌یه، له‌و دۆخه‌شدا هیچ ده‌سه‌ڵاتێك نییه هه‌مووان كۆبكاته‌وه، ئه‌و پێی وایه ده‌بێ هێز له‌لای ده‌وڵه‌ت كۆبكرێته‌وه كۆتایی به دۆخی فه‌وزا بهێنرێت و به پێی یاسا و ده‌ستوور رێكبخرێت له چوارچێوه‌ی په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تییدا، كه له ئەمڕۆدا پێی دەگوترێت دەستوور.
له دنیای ئه‌مڕۆدا هێز ئه‌و چه‌مكه‌یه كه ده‌وڵه‌تان هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن له په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كاندا و فره ڕه‌هه‌ند و سه‌رچاوه‌یه. دۆخی ده‌وڵه‌ت بوون، كه جۆرێك له هێز و باڵا ده‌ستی فه‌راهه‌م ده‌كات، چه‌ندین جۆر هێز ده‌خاته ژێر ده‌ستی ئه‌كته‌رێكی ده‌وڵه‌تی، كورد كه هێشتا ئه‌كته‌رێكی نا ده‌وڵه‌تییه به‌رده‌وام له به‌ركه‌وتندا بووه له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی تر و تاكه گرفتیشی په‌رتبوونی هێزه‌كه‌ی بووه.
له دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق و به‌تایبه‌ت له ساڵی 2005 به‌دواوه، به تێگه‌یشتن له واقیعی نوێی عێراق و ناوچه‌كه، كورد هه‌وڵیدا پێگه‌ی خۆی به‌هێز بكات له رێگه‌ی په‌ره‌پێدانی فاكته‌ره ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كانی هێزه‌وه، نێچیرڤان بارزانی كه ئه‌وكات له پۆستی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستاندابوو، واقیعبینانه له هه‌وڵی به‌هێزكردنی پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا بوو، له چه‌ندین ڕه‌هه‌ندی جیاوازه‌وه له پێشكه‌شكردنی مۆدێلێكی نوێی حوكمڕانی و بونیادنانی ژێرخانێكی ئابووری پته‌و و سود وه‌رگرتن له سامانه سروشتیه‌كانی كوردستان و دروستكردنی په‌یوه‌ندییه دبلۆماسیه‌كان و بره‌ودان به به‌ها سیاسییه‌كان، هه‌رێمی كوردستانی برده قۆناغێكی تر و كردیه ئه‌كته‌رێكی نێوده‌وڵه‌تی و له‌مه‌شدا هه‌رێمی كوردستان بووه خاوه‌نی هێز به هه‌ردوو شێوازی (هێزی ره‌ق و نه‌رمه هێز)، به‌ڵام واقیعی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان شێوازێكی دیكه‌یه و هێشتا گرفته مێژووییه‌كه، كه دابه‌شبوون و په‌رتی هێزی ناوخۆییه به‌رده‌وامه كه زیانی زۆری له بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كوردستان داوه و وزه‌یه‌كی زۆری به هه‌ده‌رداوه.
نابێ ئه‌و راستیه له‌به‌رچاو نه‌گرین كه دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی ئه‌و دۆخه سروشتیه‌یه، كه فه‌یله‌سوفی ئینگلیزی تۆماس هۆبز له كتێبی لڤیسیاندا باسی ده‌كات و كه دابه‌شبوونی هێزه‌كان شه‌ڕی هه‌مووانه دژی هه‌مووان.
نێچیرڤان بارزانی كه ئێستا له پێگه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندایه زۆر باش له‌و راستییه تێگه‌یشتووه كه ئێستا كاتی كۆكردنه‌وه و یه‌كگرتنی سه‌رجه‌م (میكرۆ هێزه‌كانه)، ناكرێت چیتر ڕێگا به په‌رتبوونی هێز بدرێت و ده‌بێت بچینه قۆناغێكی نوێ و ئه‌و قۆناغه‌ش ده‌بێت له رێگای په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه شه‌رعیه‌تی پێبدرێت، كه دانانی ده‌ستورێكی یه‌كانگیره له‌گه‌ڵ رێسا و بنه‌ما نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
بۆ ئه‌مه‌ش هه‌ر له سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرده چەترێک بۆ كۆكردنه‌وه‌ی هێزه‌كان، سه‌ره‌تاش له خاڵیكردنه‌وه‌ی بارگه گرژه‌كان ده‌ستی پێكرد، ئه‌مه‌ش كه له‌سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری هه‌میشه پێشوازی لێده‌كرێت، له‌سه‌ر ئاستی سیاسیش له كۆنفرانسی (یه‌كڕیزی و ده‌ستوور)دا كه له لەلایه‌ن زانكۆی كوردستان رێكخرابوو، رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان قسه‌ی دڵی هه‌مووانی كرد.