تەماشاكەن چی بێدادییەكم بەرامبەر دەكرێت!
5/25/2022 8:50:00 PM
مەریوان شەریف
لە شانۆنامەی پرۆمیسیۆس
و ئەفسانەكانی گریكدا، پرۆمسیۆس ئاگر لە خوداكان دەبات بۆ مرۆڤ ئەوانیش لەسەر ئەم
كارە پرۆمسیۆس لەسەر كێوێك بە زنجیر كۆت و بەند دەكەن و هەڵۆیەك هەموو رۆژێك جگەری
دەخوات، كە بەردەوام دروست دەبێتەوە. هیراكلیس هەڵۆكە دەكوژێت و پرۆمسیۆس رزگار دەكات.
پرۆمسیۆس بەم
كارەی كە دژی خوداكان دەوەستێتەوە بەهاكان بونیاد دەنێت. بەها نەك تەنها لە پێناو
خۆتدا لە پێناو ژیان و لە پێناو مرۆڤدا، هەر بۆیە كاركردن لە پێناو مرۆڤدا پێی دەوترێت:
(پرۆمسیۆسی).
كاتێك مرۆڤ لە پێناوی
ئەوانی تردا كارێك ئەنجامدەدات لەسەرەتادا رەنگە خۆی خۆی بەو كارەی هۆشیار نەبێت،
بەڵام كاتێك كردەوەكانی دەبێتە بەهای هاوبەش لە نێوان خۆی و ئەوانی تردا ئەوسا هۆشیار
دەبێتەوە بەوەی چی ئەنجامداوە دواتر شانازییان پێوە دەكات، یاخود ئەگەر لە پاش ژیانی
خۆی بەهاكان بچنە سەر رێچكە ئەوا بە نەمری دەیهێڵێتەوە. گەلێكجاریش دەگونجێت مرۆڤ
كارێك ئەنجامبدات، كە رەنگە پەیوەندی بە ژیانی خۆیەوە نەبێت، بەڵكو دەشێت لە ئەنجامی
بینینی ستەمێكەوە بێت، كە لە كەسێكی دیكە دەكرێت. زۆرجار ستەمێك یاخود سوكایەتی بە
كەسانێك دەكرێت، بەڵام لای تۆ بەوشێوەیە وێنا دەكرێت، كە لەبەرامبەر تۆ ئەنجامدراوە،
كە رەنگە بەرژەوەندی هاوبەشیش نەبێت، هەروەك ئەوەی لەوانەیە پرۆمسیۆس هیچ پێویستی
بە ئاگر نەبووبێت، بەڵكو لە ئەنجامی چاوچنۆكی خوداكان ئاگری بۆ مرۆڤ دزیووە. مرۆڤ
بۆ ئەوەی پێكەوە بژی هاوسەنگی و لێك تێگەیشتن دروستبكات پێویستی بە بەهای هاوبەش هەیە
ئینجا ئەگەر ئەم بەهایانە دەرئەنجامی قوربانییەكی گەورەش بن.
دزینی ئاگر لەلایەن
پرۆمسیۆس و سزادانی لەلایەن خواكانەوە بەو جۆرەی لە ئەفسانەكانی گریكدا هەیە دەرخەری
چەند شتێكە، خوداكان زۆر چاوچنۆك بوون هەموو شتێكیان تەنها بۆ خۆیان ویستووە.
خوداكان لە مرۆڤ ترساون و نەیانویستووە مرۆڤ دەستی بگاتە شتە گرنگەكان ترسەكەشیان
لە ئاستێكی باڵادا بووە.
هۆكارەكان هەركامێك
لەوانەبێت بەر ئەنجامی ئەوەیە خوداكان خۆیان دركیان بەو راستییە كردووە كە ئەوان
خودا نین و دەسەڵاتی رەهایان نییە، بەڵكو چاوچنۆك و قۆرخكاربوون هۆكارەكەشی خۆپەرستی
و چاوچنۆكی و بێ دەسەڵاتیا بووە، كە دواتر دەگۆڕێت بۆ رقێكی زۆر گەورە و پەنا دەبەنە
بەر تۆڵەكردنەوە. ئەوەتا پرۆمسیۆس دەڵێت "ئاخ تەماشاكەن چی بێدادییەكم بەرامبەر
دەكرێت!" ئەم پەیامە بۆ مرۆڤە كە دەڵێت: ئێوە ئەم رقە قبوڵ مەكەن.
رق كە خۆ ژەهراویكردن
و دەردانی بێ دەسەڵاتییەكی درێژخایەنە لە ناو دەفرێكی داخراودا، لەوێدا مەترسیەكەی
پەیدا دەبێت كاتێك سەرقاپی ئەو دەفرە دەكرێتەوە و دەڕژێتە نێو روباری ژیانەوە ئەوكاتیش
هەڵوەدابوون بە دوای ئارەزوو خاوەنداریەتی و دەسەڵات دەبێتە جەوهەری هەموو شتێك، هەرخۆی
رق پڕە لە ئیرەیی، بەڵام ئیرەیش بەو شتانە دەبرێت كە نییە. لێرەدا ئەو تەنها داوای
ئەو شتانە ناكات كە نییەتی، بەڵكو داوای هەموو شتێك دەكات و دەشیەوێت هەمووان ستایشی
بكەن.
هۆكاری سەرهەڵدانی
رق بەگوێرەی كات و شوێن و كەسەكان دەگۆڕێت، بەڵام هەمیشە سەرچاوەكەی لە دەرونێكی
لاواز و نەخۆشەوەیە كە سەرەتا رقە بەرامبەر بەخود دواتر دەگۆڕێت بەرامبەر بە هەمووان
یاخود بە ژیان و دەیەوێت دەستبخاتە نێو ژیان و بوونی هەمووانەوە و پاشان چێژ وەرگرتنە
لە ئازارچەشتنی رق لێهەڵگیراو، دواجار ئەمە سەردەكێشێت بۆ ئەوەی هەمووان رق لێهەڵگیراون،
دوای كارەساتیش رق خاوەنەكەی لەناو دەبات. هەروەك رقی زۆری نازیزم خۆی لەناوبرد.
لە دۆخی سروشتیدا
ئەگەر رق هاوەڵی مرۆڤ بێت وەك ئەوەی هۆبز باسی دەكات، یاخود ئەوە بێت كە لای رۆسۆ
لە دەرئەنجامی تێكچونی سروشتەوە پەیدا دەبێت لە هەردوو بارەكەدا دەبێت رق چارەسەر
بكرێت ئەویش لە رێگای دامەزراوە و یاساوە، لێرەدا باسی لایەنە تەندروستیەكەی ناكەم
كە بێگومان كەسی رق هەڵگر دەرونێكی نەخۆشی هەیە.
مەترسی ئێمە لەوەدایە
حەسودی و رق زۆر باش دەتوانن خۆیان حەشار بدەن هەتا ئەو كاتەی دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێ
كەمێك سەر قاپی دەفرەكەیان لابدەن رق وەك ژەهرێك دەڕێژێتە سێڵاوی ژیانەوە قەترەیەك
لەو ژەهرە كوشندەیەش بەسە بۆ لەناوبردنی ژیان.
بۆ ئەوەی نەزمی
ژیانی كۆمەڵگە تێك نەچێت دەبێت بەها هاوبەشەكان دەرفەتی بەردەم دەرون نەخۆشان كەم
بكەنەوە و گەمارۆ بدرێن و بكرێنە دەرەوەی ئەو جۆگەلەی ژیانی لێوە سەرچاوە دەگرێت،
ئەوسا هاوشێوەی فیلمە خەیاڵییەكان مەخلوقە شەڕانگێزەكە كەسەر بەم هەسارەیە نییە خۆی
لەناو دەبات بەبێ ئەوەی ژیانی كەس بشێوێنێت.