561وتار

یەکێتی لەبەردەم پرسیارێکی مێژوویدا

3/30/2020 5:55:00 PM
مەریوان شەریف


یاری کردنی بە ژیان و ئایندەی خەڵک ئەو وەڵامە نیە کە خەڵک لەو دۆخە ترسناک و هەستیارەدا لە یەکێتی چاوەڕوان دەکات، خەڵک چاوەڕوان دەکا یەکێتیش وەک لایەنەکانی دیکە شان بداتە بەر داواکاریەکانی خەڵک و نەشێک بێت لە چارەسەری نەک قوڵکردنەوە کێشەکان و دروست کردنی قەیرانێک کە زیاتر خەڵک ماندوو بکات تەنها لە پێناو کەسانێکی کە هێز و هەبوونی خۆیان لە لاوازکردنی حکومەت و تاڵترکردنی ژیانی خەڵکی دەبینەوە.

یەکێتی کە لایەنێکی سەرەکی پێکهێنەری حکومەتە بە هاوبەشی لەگەڵ پارتی و گۆڕان،ناکرێ لە کاتی ئاساییدا برابەش بێت و وەک حاکمی نیوەی هەرێمی کوردستان هەڵسوکەوت بکا و خۆی بە خاوەنی هەموو دەسکەوتەکانی حکومەت دابنێ،بەڵام کە خەڵک و حکومەت رووبەڕووی دۆخێکی ئەوەرتە و لەناکاو دەبنەوە خۆی لە بەرپسیارێتیەکەی بدزێتەوە،وەک ئێستا دەیکا لە دەست کردن بە هەڵمەتی راگەیاندن لە دژی حکومەت و هاندانی خەڵک بۆ شکاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و پابەند نەبوون بە رێنومایی و بڕیارەکانی حکومەت کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتە بەر.

بەر لە یەکێتی هێزی دیکە کارتی موچەی فەرمانبەران و هەژاری و بێکاری خەلکی کردە کەرستەی ختوکەدانی عاتیفەی خەڵک بە تایبەتی لە شاری سلێمانی کە زۆرینەی دەنگدەرانی بەسەر بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی دابەش بووە ئەوە کارتانەیان لە جارێک زیاتر لەبەرامبەر یەکتری تاقیان کردۆتەوە و ئەنجامەکەشی بە کوشتدانی ژمارەیەک منداڵ و هەرزەکاری هەژاربووە و کۆتایەکەشی شکستی ئەو هەوڵانە و سووتانی ئەو کاراتانە بووە،کە نەتواندراوە لە رێگەیان نە حکومەت بروخێندرێ و نە دەسەڵات وەربگرن.

ژمارەیەک لە سەرکردەی یەکێتی کە ئێستا بڕیار بەدەستی ئەو حیزبەن لەوەش زیاتر رۆیشتن و رێکەوتنی ژێربەژێر و چوونە پاڵ هێزە نەیارەکانی هەرێمی کوردستانیان تاقی کردەوە و تەنها لە پێناو هەلوەشاندنەوەی قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان شاری کەرکوک و نیوەی خاکی باشوری کوردستانیان رادەستی داگیرکەران کردەوە،ئەوەی لە دەستیان هات و توانیان کردیان بەڵام ئەنجامەکە بە دۆڕانی ئەوان و سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵکی کوردستان کۆتایی هات.

بۆیە پێویست ناکا سەرانی یەکێتی هەمان ئەو رێگا و رێکارانەی نزیکەی شەست ساڵە لە دژی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان دەگیرێنە بەر و هەوڵی لەناوبردنی دەدەن جارێکی دیکە تاقیان نەکاتەوە،ئەوجارەیان باشترە ئەو رێگایە بگرێتە بەر کە خەڵک لێی چاوەڕوان دەکەن و دۆخەکە دەیخوازێ ئەویش هاریکاری و هەماهەنگی بێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە هەستیار و ترسناکە،لایەنی کەم بۆ ئەوەی کە حکومەت و خەڵکی کوردستان سەرکەوتن رووی ئەوەیان هەبێت خۆیان بەبەشێک لەو دەسکەوتە و حکومەتە بناسێنن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن