گۆڕان لە نێوان خەمی گشتی و بەرژەوەندی تایبەتدا.
3/29/2019 10:09:00 PM
كاردۆ محەمەد
گۆڕان ؛وەك ڕەوتێكی سیاسی و مۆدێلێكی جیاوازی كاركردن سیاسی و ڕێكخراوەیی بە تێڕوانین و ڕێبازێكی نوێ هاتە مەیدان، لە ڕەوتی كاركردنی دا لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەكانی، ڕووبەڕووی گەلێك ئاستەنگ و لەمپەر بۆتەوە.
مێژووش سەلماندوویەتی و پێمان دەڵێت، بزووتنەوەی سیاسی لە ڕەوتی خەباتكردنی دا لە پێناوی چاكسازی و گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و سیاسیدا ناتوانێت بۆ جێبەجێكردنی كارنامە و گەیشتن بە ئامانجە باڵاكانی بە ڕاستەڕێیەكی ڕاست و هەمان تاكتیك بڕوات.
هەروەك چۆن لە كاتی سەركەوتن بەسەر چیادا،نابێت قەدبڕ سەركەویت، بەڵكو دەبێت بە ڕێچكە و گەوە گەوە بۆی بڕۆیت.
گۆڕان لە ناوچەیەكی جوگرافی ئاڵۆز و لە ناو كلتورێكی تایبەت ولە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا سیاسەت دەكات، سەرەڕای گەشەكردن و پاشەكشێكردن و هەڵەو هەڵوێستە پۆزەتیف و پڕ سەروەرییەكانی، شوناس و پێگەی خۆی پاراستووە ،تا ئێستاش لە ململانێیەكی سەختدایە و ڕوناكی مۆمەكەی جێگەی ئومێدی بەشێكی زۆری ئەو چین و توێژەكانی كوردستانە كە بەرژەوەندی خۆیان لە بەرنامە و كارنامەكەیدا دەبیننەوە، بێگومان ،ئەمەش بێ گرێ و گرفت نییە .
گۆڕان، وەك هێزێكی جیاواز لە خودی خۆیدا لە مەنەلۆگ و لەگەڵ ئەوانی تریش لە دیالۆگدایە بۆ گەیشتن بە كۆڕا و بڕیاری دروست،لە بابەت پرسە هەستیار و چارەنووس سازەكان دا، ئەمەش بە بیركردەوە و هەڵسەنگاندنی دروست و زانستی، لەگەڵ هەڵسوڕاو و پەرۆشانی چاكسازی گۆڕانكاری لەسەرجەم جومگەو ئۆرگانەكانی گۆڕاندا دەبێت، هەنگاونان بۆ چوونە دەسەڵات هاوبەشبوون یان مانەوە بەئۆپۆزسیۆن، بە پابەندبوون بەو بنەمایانەی گۆڕانی بۆ دروستكراوەو لەسەری دامەزراوە، بەكار و هزری هاوبەشی هەڵسوڕاو لایەنگرانی خۆی و بەدامەزراوەییكردنی خۆی نەبێت. ناتوانێت جێگەی ئومێدی هەمووان بێت.
بەردەوامی لە نوێگەری و تازەكردنەوە و پابەندبوون بەو بڕیارانەی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی داویەتی كە دەبێت لە كۆنگرەدا دەستوری گۆڕان مشتوماڵ بكرێتەوەو لە كەشێكی لەبار و دیموكراسیدا نوێنەرانی هەڵبژێرێتەوە و ئۆرگانەكانی تازە بكاتەوە، ئەمەشیان ئەو داواكاری و ڕێگە ڕاستەیە بۆ ئەوانەی لە خەمی گشتی و گۆڕاندان، هیچ پاساوێكیش ڕەوایەتی نادات بە دواخستنی پرۆسەی تازەكردنەوە و یەكخستنی تواناكان و جێبەجێكردنی دەستورێك كە بە حزوری رەوانشاد نەوشیروان موستەفا كۆڕای لەسەر بووە، چونكە زۆر جار ڕۆژهەڵاتییەكان لە ترسی نەیاری دەرەكی داینەمۆی گۆڕانكاری ناوەكیان پەكخستووە، بێگومان ئەو كاتە زەفەریان پێبراوە،لە وشككردنی ڕەگەكانی گەشەكردنیان و سیسبوون و وەرینی گەڵا و گۆڵیان، بۆیە دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازان لەوە بە ئاگاتر و وشیارتربن كە ئەزموونی هێزە سونەتی و شكستخواردووەكان دووبارە بكەنەوە، دەبێت ئەمە خەمی گشتی و خەمی گۆڕانخوازان بێت.