466وتار

ڕاڤەکردنی هۆکاری هاڕەکردنی بەهای لیرەی تورکی

12/2/2021 6:14:00 PM
بابان بریزی

ئەو پێنج هۆکارەی کە ئەبن بەهۆی دابەزینی بەهای دراوی نیشتیمانی لە وڵاتێکدا چین؟
 هەڵبەتە هەمومان دەزانین کە بەرزیی بەهای دراوی نیشتیمانی یەکێکە لە پێنوێنەکانی پەرەسەندنی ئابوری وڵاتان و پەرەپێدانی ئابورییەکانیشیان، وە هەروەها پەرەسەندنی ئابوری و پەرەپێدانی ئابوریشیان پەیوەستە پێیەوە.
زۆر هۆکار هەن کە دەبنە هۆی  نزمبونەوەی بەهای دراو ، لە گرنگترینیان ئەمانەن:-

 ١/  ڕودانی هەڵاوسانی ئابوری.
٢/ لاسەنگیی تەرازوی پێدان.
٣/نزمی نرخی سو.
٤/  بونی داکشانەوەی ئابوری .
٥/هۆکاری ڕامیاری، وەکو ناسەقامگیری.

ئێستا یەکە یەکە ڕاڤەی ئەو هۆکارانە و کاریگەرییان لە سەر نرخی ئاڵووێڕی دراوەکان دەکەین، بە تایبەتی ئێمە لێرەدا تیشك دەخەینە سەر نزمبونەوەی بەهای دراوی نیشتیمانی یاخود ناوخۆیی.

یەکەم / هەڵاوسان:-

 هەڵاوسان واتا بەرزبونەوەی بەردەوامی نرخی شمەك و کارگوارییەکان و دابەزینی  بەردەوامی بەهای دراو لە کاتێکی دیاریکراودا، کە کاتەکە کورت نەبێت، ئەمەش دەرئەنجامی گەورە بونی قەبارەی خواستی هەموەکییە لە بەرامبەر کەمکردنی خستنەڕوی هەموەکی، یاخود وەکخۆی مانەوەیدا.
هەرکاتێك هەڵاوسان ڕو بدات هێزی شتکڕینی دراو کەم دەکات ، ئەمەش دەبێتە هۆکاری دابەزینی بەهای دراوە نیشتیمانییەکە.

دووەم/  لاسەنگیی تەرازوی پێدان:-

 تەرازوی پێدان ، تۆمارێکە کورتەی هەمو ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی- دارایی- نەختینەیی، تێدا تۆمار کراوە کە لەنێوان وڵاتێك و جیهانی دەرەوەیدا  ئەنجامدراوە لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە زۆر جار ساڵێکە، ئینجا هەر کاتێ ئەو تەرازووە لاسەنگ بو ، واتا بڕی هاوردەی شمەك و کارگوزاری زیاتر بو لە بڕی ناردەنییان، واتا دراوی گرانبەها ، وەکو دۆلار زیاد لە پێویست ڕۆشتووەتە دەرەوە، لەم کاتەشدا هاوسەنگی نێوان دراوی نیشتیمانی  و دۆلار لە ناوخۆدا تێکدەچێ و  بڕی دۆلار کەمتر دەبێت لە دراوی نیشتیمانی ، ئەمەش وادەکات خواس لە سەر دۆلار زیاتر ببێ بەهۆی کەمی ڕێژەکەیەوە، ئەمەش وا دەکات ڕێژەی ئەو یەکانە لە دراوی نیشتیمانی کە وەکو نرخێك بۆ بەدەستهێنانی یەکەیەك لە دۆلار پێویست بووە پێشتر زیاد بکەن، واتا دراوی نیشتیمانی دەشکێت.

سێیەم/ نزمی نرخی سو:-
 هەرکاتێك ڕامیاری نەختینەیی ورد و زانستییانە ، واتا ئابورییانە دانەڕێژرا، ئەوکاتە   بە دروستی کار بە پێناوی نرخی سو ناکرێت ،وەکو پێناوێکی بنچینەیی ناو ڕامیاریی نەختینەیی کە یەکێکە لە هەرە ڕامیارییە ئابورییەگرنگەکان بۆ کۆنترۆڵکردن و نەهێشتنی گرفتە ئابورییەکانی ،وەکو هەڵاوسان و داکشانەوەش، ئینجا هەرکات نرخی سو نزم بو ئارەزوی سنورەکی بەکاربردن زیاتر دەبێت و پاشەکەوتکردن و قەرزپێدان لە ناوخۆدا کەم دەبێتەوە، بەمەش ڕێژەی دەستاودەستکردنی پارەی نیشتیمانی لە ناوخۆدا زیاتر دەبێت و بڕی دراو بە هۆی خێرایی دەستاو دەستکردنەکەوە چەندجار بەرزتر دەبێتەوە لە ئەندازەی شمەک و کارگوزارییەکان، چونکە ئەگەر دراوێ لە ڕۆژێکدا دە دەست بکات واتە،  وەکو  ئەوە وایە  بو بێتە دە دراو، ئینجا هەرکاتێ  لێشاوی دراو زیاتر بو لە لێشاوی شمەك ئەوە هەڵاوسان دروست دەبێت و بەهای دراوی نیشتیمانی دادەبەزێ.
هەروەها بە بارێکیتریشدا نزمی نرخی سو دەبێتە هۆکاری کەمبونەوەی  هاتنی لێشاوی دۆلار  لەشێوەی قەرزی دەرەکیدا، کە دۆلاریش کەم بویەوە ، خودکارانە واتا بڕی دراوی نیشتیمانی لە بەرامبەریدا زیاترە، هەربۆیە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی نزمبونەوەی بەهای دراوی نیشتیمانی لە بەرامبەر دۆلاردا.

چوارەم / داکشانەوەی ئابوری:-

 داکشانەوە بەو بارە ئابورییە دەوترێت کە تێیدا قەبارەی  خستنەڕو پترە لە قەبارەی خواست،   ئەمەش دەبێتە هۆی نەفرۆشتنی شمەك و کارگوزارییەکان، نەفرۆشتنی ئەوانیش ئەبێتە هۆی کەڵەکەبونی بەرهەم و زیانلێکەوتن بە کارگەکان و کێڵگەکان،  ئەمەش وا دەکات هەمو یەکەکانیان یان بەشێک لە یەکەکانیان دابخەن ، بە داخستنیشیان  ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی لە ماوەی داهاتودا کەم دەکات و وڵات پێویستی بە هاودەکردنە بە پێچەوانەی قۆناغی بەر لە دروستبونی داکشانەوەکەوە کە وڵات  هەناردەکار بووە، واتە لە قۆناغی دوای داکشانەوەدا ، داکشانەوەکە  دەبێتە هۆی دروستکردنی لاسەنگی،چونکە بۆ پڕکردنەوەی خواست  پێویست بە هاوردە دەکات لە دەرەوە،  چونکە ماوەیەک بووە  بەرهەمداریی کارگەو کێڵگەکان کەمیکردووە،  بە هۆی داخستنیانەوە  لە ئەنجامی داکشانەوەکەی پێشود، ئینجا هەر کات هاوردە زیاد بو ، واتە دۆلار دەچێتە دەرەوە، هەرکاتێكش دۆلار ڕۆشتە دەرەوە باڵانسی نێوان دۆلار و دراوی نیشتیمانی تێکدەچێت و دراوی نیشتیمانی لە بەرامبەریدا زیاتر دەبێ، هەر بۆیە بۆ کڕینی دۆلار دەبێ دراوی نیشتیمانیی زیاتر لەجاران ، وەکو نرخێك بۆ بەدەستهێنانی بدەیت. ئەمەش هۆکارێکی تری دابەزینی بەهای دراوی نیشتیمانییە ، کە بەهۆکاری دروستبونی داکشانەوەی ئابورییەوە دروست بووە لە ماوەیەکی درێژدا.

پێنجەم / ناجێگیری و ناسەقامگیری ڕامیاری:-
 یەکێك لە هەرە هۆکارە کاریگەرە نائابورییەکانی پشتی ڕودانی زۆرێك لە گرفت و ڕوداوە ئابورییە دژوارەکان، هۆکاری ڕامیارییە.

زۆرجار خراپکارگێڕیدانی وڵات ناسەقامگیری ڕامیاری دروست دەکات، ناسەقامگیرییە ڕامیارییەکە شڵەژان و تێکچونی ڕەوشی ئەولەهی لێدەکەوێتەوە و سەردەکێشێ بۆ جەنگ و شەڕی درێژخایەن و بەردەوام ، جەنگ و شەڕی بەردەوام ، پارەدارکردن و پارە بۆتەرخانکردنی  بێئەژماری  پێویستە و زۆرجار بە هۆیەوە هەڵاوسان دروست دەبێت، کە هەڵاوسان ڕێك  دەکاتە خۆرەی بەهای دراوی نیشتیمانی و هاڕەکردنی، هەروەها جەنگەکان وا دەکەن دڵنیایی بەرهەمهێنان و سەلامەتی کارگەو کێڵگەکان  کەم ببنەوە،چونکە وەبەرهێن و بەرهەمهێنیش ترسنۆکن لە ڕەوشی وادا هەم وەبەرهێنانی نیشتیمانی کەم دەکات هەم وەبەرهێنانی  ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی  بیانی، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبونەوەی بەرهەمی  ناوخۆیی و نیشتیمانی و کەمبونەوەی هەناردە و کەمبونەوەی داهات ، ئەوانەش هۆکارن بۆ دابەزینی بەهای دراوی نیشتیمانی.

+لەساڵانی ڕابردودا دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب  ئاردۆگان ئەنگێزەی  دیکتاتۆریی  ڕۆشتە کەلەیەوە و بو بە حاکمی ڕەهای تورکیا، بێئاگایانە و ناشارەزایانە چەندینجار دەستێوەردانی لە ڕەنگڕێژکردنی ڕامیاری نەختینەییدا کردووە و دەستیوەردابووە ناو کاروباری بانکی ناوەندییەوە، هەربۆیە  لەڕێی هۆکاری خراپ مامەڵەکردن بەنرخی سووەوە ڕێژەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانیی کەمکردەوە و بەو هۆیەشەوە بەرهەمی نیشتیمانیی کەمیکردو  هەناردە و  داهاتیش دایان لە کزی و لاسەنگیی تەرازوی پێدان و کورتهێنانی بۆدجەی بەدوادا هات و  بون بە هۆکاری  دابەزینی بەهای لیرەی تورکی.

+ ئەوە هەر باسی خەرجییە سەربازییە بێشومارەکانی ناکرێ  لە عێراق و  ناوخۆیی و سوریاشدا ، کە هەڵاوسان و دواتر دابەزینی بەهای لێرەشیان لێکەوتووەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن