611وتار

چۆن دەبینە هەرێمێكی بەرهەمهێن؟

9/21/2019 6:53:00 PM
بابان بریزی


هەرێمی باشوری کوردستان ساڵانێكە بەهۆی جەنگە یەک لەدوا یەکەکان و ئابڵوقەی ئابوری و هەڵەی ڕامیارییە ئابورییە بەرکارەکانەوە; لە هەرێمێكی بەرهەمهێن و خۆبژێوەوە گۆڕدراوە بۆ هەرێمێكی هاوردەکەری بەرخۆر,شوێنەواری ئەم گۆڕدرانە نەرێنییەش بەسەر سەراپای کایەکانی ژیانەوە دیارەو ئابوری کوردستان و تەندروستی هاوڵاتیانیش بەهۆیەوە کەوتونەتە بەردەم مەترسییەکی ترسناك, بێگومان دەرهێنانی کوردستان لەئەم تەنگاوییە کارێكی نەکردە نییە,بەڵكو ئەگەر ویست ودڵسۆزی و لێگەڕین هەبن , گەشتن بە ئابورییەکی بەرهەمهێن و خۆبژێو وهەناردەکەریش ئاستەم نییە,بەڵام ئەمە ویست و ئیرادەیەکی بەهێزی دەوێ;  کە ئامانجی بێ لەڕیشەوە ئەم بارە ناهەموار و نالەبارە ئاوەژو بکاتەوە,هەنگاوی یەکەمی ئەو هەوڵەش دەبێت لە ڕامیاری بازرگانییەوە دەست پێبکرێ ,  ئینجا ڕامیاری نرخ وبەرهەمهێنان و کشتوکاڵ, بەشێوەیەکی بەرودوا, چونکە هەتا ڕامیارییەکی بازرگانی  بەهێزو گونجاو و سەردەمی و پراگماتیکی بونی نەبێ ,ناتوانرێ ڕامیارییەکانی نرخ و بەرهەمهێنان یان پیشەسازی و کشتوکاڵی ببرێتە واری جێبەجێكردنەوە!

 ئەگەرچی زۆر بە وردی و زانستییانە و بە شێوازێكی زۆر سەردەمییانەش داڕێژرابێتن, بۆیە دەبێت لە کابینەی نۆیەمدا , کە کابینەیەکی کوالیشن ی سێ هێزە سەرەکییەکەی هەرێمە بە پلەی یەکەم و کابینەی دوای شکست و ململانێیەکی سەخت و قوڵی هەرێمی و عێراقی و ناوخۆییشە ,هەروەها بەوپێیەی لایەنی پێكهێنەری سەرەکی کابینەکەش دروشمی سەروەختی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەت و ئێستاشی " کوردستانێكی بەهێزە"  دەبێت بزانێت کە کوردستانێكی بەهێز چۆنچۆنی دروست دەکرێت و میکانیزمەکانی گەشتن بە کوردستانێكی بەهێز چین, کە دەگوترێ بەهێز لێرەدا مەبەست بەهێزییە لە ڕوی ئابورییەوە,بەواتایەکی تر پشت بەخۆ بەستنە, بۆ ئەمەش دیسان دەسپێكی کارکردن هەردەبێت ڕامیاری بازرگانی بێت و لە ناو وەزارەتی بازرگانییەوە هەنگاوی  یەکەمی کاروانێكی دورودرێژ و سەخت هەڵبگیرێت, بۆ ئەمەش هاوئاهەنگی و  پێكەوە کارکردنی وەزارەتەکانی بازرگانی و پلاندانان و کشتوکاڵ مەرجی سەرکەوتنی ئەو هەوڵانە دەبن کە دەدرێن بۆ لە ڕیشەوە گۆڕینی ستراکچەری ئابوری کوردستان.

بۆیە پێویستە سەرەتا ئامرازەکانی ڕامیاری بازرگانی دەرەکی هەموار بکرێنەوە یان ڕۆتینات و بیرۆکراسی ماندوکەریان تێدا نەهێڵرێن و بەوردی بە هاوئاهەنگی لە گەڵ ڕامیارییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی دارایی و پلانداناندا ئاراستە بکرێن , هەتا بتوانرێ لە قۆناغی یەکەمدا زەمینەیەکی ئابوری ئەوتۆ بێتە ئارا کە کشتیاران و پیشەکاران و بەرهەمهێنەرانی ناوخۆیی بتوانن ڕكەبەرایەتی بەرهەمگەلێكی بێگانان بکەن کە ساڵانێكە بڕستی لە ئابوری کوردستان بڕیوە و ناهێڵێ هیچ بەرهەمهێنێكی کوردستان لە هیچکام لە سێكتەرەکانی بەرهەمهێناندا سەرکەوتو بن, بۆیە دەبێت بۆ ئاڵنگاری ئەم کۆسپە سەرەکی و بنچینەییە , وە بۆ وەسەرپێكەوتنی ئابوری کوردستان ,لەم کابینەیەدا هاوئاهەنگی تەواو و ژوری هابەشی کارکردن لە نێوان وەزارەتەکانی بازرگانی و دارایی و کشتوکاڵ و پلانداناندا بێتە دروستکردن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن